دوای پێکدادانەکانی ڕۆژئاڤا، کورد بە دڵشکاوی و تووڕەییەکی گەورەوە بەدوای بەرپرسیارانی ئەو شکستەدا دەگەڕێت.
لە ڕۆژئاڤا ماوەی 14 ساڵە هەوڵ دەدەن لەسەر بنەمای ویتەوتی وەک برایەتی گەلان، دیموکراسی، ژنولۆژی و ڕزگارکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تابلۆیەک دروست بکەن، هاوکات ناسنامەی کورد پشتگوێ خرا. لە کۆتاییدا ئەوانەی پێیان دەگوترا برا، تەرمی ڕۆڵەکانی کوردیان لە باڵەخانەکانەوە فڕێ دایە خوارەوە، ماڵەکانی ئێمەیان تاڵان کرد، گۆڕستانەکانمانیان تێکدا و لوولەی چەکەکانیان بەرەو هاوسەنگەرە کوردەکانیان سووڕاندەوە و شەهیدیان کردن.
لەو کارەساتەی کە ڕوویدا، کورد “برایەتی گەلان بە بەرپرسیار دەزانێت. ئەوان بە تابووتێک مردنی برایەتی گەلانیان ڕاگەیاند. بەڵام دیسانیش کەسانێکی وەک ئاڵدار خەلیل و ساڵح موسلیم و کادیرەکانی پەکەکە، هێشتا هەر دەڵێن، “هێڵی برایەتی گەلان ڕاست بوو، ئێمە درێژە بەو خەتە دەدەین”.
هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ئایا کورد هێشتا هەر دەڵێت “بژی برایەتی گەلان”، یان دەڵێ: “برایەتی گەلان مردووە”؟
نا، نە هەردووکی:
چونکە پرسی کورد، مافە نەتەوەییەکانیەتی. مافی نەتەوەیی و برایەتی گەلان دوو شتی لێکجیان. ناکرێ شوێنەکانیان بگۆڕدرێت.
مافە نەتەوەییەکان پرسێکی سیاسییە کە لە دەوڵەت، دەسەڵات، سیستەمی حکومەت، یاسا، سەروەری و پرۆتۆکۆل پێکدێت. بەڵام برایەتی گەلان هەڵوێستێکی ئەخلاقییە، خواستێکە، نەک چەمکێکی سیاسی لە زانستی سیاسیدا. یاسا بە گەلان ناڵێت برا بن. بۆ ئەو گەلانەی کە مافە نەتەوەییەکانیان ەوت کراوە، قەوارەیەکی سیاسی لە پێش هەموو شتێکەوەیە، پاشان برایەتی.
بەڵام چەمکی برایەتی نێوان گەلان هەمیشە وەک ڕوانگەیەک بەتایبەتی لەلایەن حزبە چەپەکانەوە بەکارهێنراوە بۆ ئەوەی نکۆڵی لە مافی گەلانی دیکە بکەن، دواتر بەیەکتریان بە قڕکردن بدەن.
نموونەی هەرە ڕوون یوگۆسلاڤیایە.
ئایدۆلۆژیای فەرمی یوگۆسلاڤیا بریتی بوو لە: “Bratstvo e zhdnstvo” – برایەتی و یەکیەتی. سربەکان، کرواتیەکان، بۆسنییەکان، سلۆڤینییەکان و مەقدۆنیەکان وەک “گەلانی برا” ناسێنران. بەڵام تەنها بەلگراد بڕیاردەر بوو. ئەوانی تر برا بچووکەکان بوون کە دەبوو گوێڕایەڵی برا گەورەکە بن. لە ئەنجامدا لە ساڵانی 1990دا براکان یەکتریان خوارد و بە سەدان هەزار کەس مردن.
لە یەکێتی سۆڤیەتدا دروشمی “نارۆدۆڤ دروژبا”، واتە دۆستایەتی گەلان بەکارهێنرا. ڕووسەکان، ئۆکراینییەکان، جۆرجیاییەکان، ئەرمەنییەکان، ئازەربایجانییەکان و گەلانی ئاسیای ناوەڕاست “گەلانی برای یەکسان” بوون. ئەوان دابڕانیان بە “جیابوونەوە” دەزانی. دیسان ئەوانیش یەکتریان قڕکرد.
گەلانی باڵادەست ئێستا هەوڵ دەدەن دەستەواژەی فریودەرانەی برایەتی گەلان بەسەر کورددا بسەپێنن. ئەمەش لە ڕێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە دەکرێت. پارادایمی ئۆجەلان بۆ “نەتەوەی دیموکراتیک” دەبێتە هۆی نەمانی کورد وەک نەتەوە و تێکەڵبوونیان لەگەڵ دەولەتانی داگیرکەر و قبووڵکردنی ژێردەستەیی کورد و بە ڕوانگەکانی وەک “دیموکراسی، برایەتی گەلان و ژنۆلۆژی”یەوە سەرقاڵ دەکرێن. ئۆجەلان بە پارادایمەکەیەوە، ڕەوایەتی بە بێ دەوڵەتبوونی کورد دەدات و کوردستان لە کورد دەسێنێتەوە.
ساڵەهایە کاتێک کە لە سەرکردەکانی ڕۆژئاڤا پرسیار دەکرا کە “چیتان دەوێت؟”، لەبری داخوازی ڕاشکاوانەی وەک “فیدراڵیزم، ئۆتۆنۆمی، سەربەخۆیی و هتد”، داواکاری ناسیاسییان پێشکەش دەکرد و لە ئەنجامدا هیچ دەستکەوتێکی سیاسی بەدی نەهات.
برایەتی گەلان هەڵە نییە؛ لە ڕووی ئەخلاقییەوە پێویستە کە ڕێز لە مافی گەلانی دیکە بگیرێت. ئەگەر ئێمە هەمان ماف و دەسەڵاتی گەلانی ترمان هەبێت و ئەگەر ناسنامەیەکی هاوبەش لە نێوانماندا هەبێت کە سیستەمی نێودەوڵەتی گەرەنتیی بکات، ئەوکات ئێمەش دەتوانین بڵێین بەڵێ ئێمە براین. بەڵام ئەگەر هیچ ماف یان قەوارەیەکمان نەبێت، ئەوکات ئێمە برا نین، ئێمە تەنها دەربەدەر و پەنابەرین.
کورد کێشەی لەگەڵ گەلانی دیکەدا نییە. هەرێمی کوردستان نموونەیەکی باشە بۆ ئەمە. سوریانی و ئاشووری و تورکمان لە هەولێر و دهۆک لە هەر وڵاتێکی دیکەی ڕۆژهەڵات ناوەڕاست مافی زیاتریان هەیە. ئەوان لە ئازادی و ئارامی و ئاسایشدا دەژین.
ئەوە برایەتی گەلان نییە کە مردووە، بەڵکوو ئەوەی کر مردووە، پارادایمەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە. دروشمی کورد نابێت “برایەتی گەلان” بێت، بەڵکوو دروشمی کورد دەبێ “یەکگرتوویی کورد، مافە نەتەوەییەکانی کورد و سەروەریی لەسەر خاکی کوردستان” بێت.