ئاو ڕێگەی خۆی دەدۆزێتەوە و سەرۆک و ڕێبەریش جێگەی خۆیان!!!

ئاو ڕێگەی خۆی دەدۆزێتەوە و سەرۆک و ڕێبەریش جێگەی خۆیان!!!

پارتە سیاسییەکانی ئێمە یان دەبێت یەکگرتوویی هاوبەش لەسەر هێڵە نەتەوەییەکان پێکبهێنن، یان ئیدی هەرکەسێک لە ماڵی خۆیدا بمێنێتەوە.

بووبێ ئەسەر

کاتێک لە وڵاتانی کۆلۆنیدا سیاسەت گیردەخوات، سیاسەتمەدارەکان ئەرکی خۆیان بەجێناگەیەنن، ئەوکاتە ڕۆشنبیران، نووسەران، مێژوونووسان، مامۆستایان و کەسانێک کە خۆیان وەکوو پێشکەشی بۆ میللەت دەبینن، پێکەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی وڵاتەکەیان لە ژێر ستەمی داگیرکەران ڕزگار بکەن. بە کاری سیاسی هەڵدەستن بۆ ئەوەی میللەت بێ ئەڵتەرناتیڤ نەمێنێتەوە.

لە باکوری کوردستانیشدا سیاسەت پێشی پێگیراوە و گیری خواردوە و تەنانەت هەنگاوێکیش پێشناکەوێت. هۆکاری ئەم گیرخواردنە، بۆ بەساڵاچووانی ئیدئۆلۆژیکی مۆدێلی ساڵانی 1970 دەگەڕێتەوە. ئەوان بۆخۆیان نەک هەر ئەم چەقبەستووییە نابینن، تەنانەت هەمیشە شانازی بەوە دەکەن کە سەرکەوتووش بوون. نە ئامادەن یەکڕیزیی ناوماڵی کورد پێکبهێنن، نە ڕێنوێنیی لاوەکان دەکەن و نە ئەرکە نەتەوەییەکانیان جێبەجێ دەکەن. هەروەها ڕەخنە لەو کەسانە دەگرن کە لەسەر ئەم دۆخە قسە دەکەن و دەنووسن و دەیانەوێت لە چاوی ڕای گشتیدا بێ کاریگەرییان بکەن. بەم شێوەیە توانیویانە لە هەندێک بواریشدا سەرکەوتوو بن و دەشبن.

کاتێک بارودۆخی سیاسی باکووری کوردستان دەگاتە ئەم قۆناغە، ئەوانی دیکە کە لە ئەساسدا کەسانی سیاسی نین، واتە ڕۆشنبیر و پیشەیی، هونەرمەند و هتد…، دەست دەدەنە دەستی یەکتر و دۆزی کورد هەڵدەگرن و هەوڵدەدەن چارەسەرێک بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی کورد بدۆزنەوە.

هەنووکە دۆخی باکوری کوردستانیش بەم شێوەیەیە. ئەو بەساڵاچووانەی کە گەیشتوونەتە سەرچاوەکان، هەموویان لە مۆدێلی کۆنن، نەخۆشن، لەخۆیان زیاتر کەسانی دیکەیان قبووڵ نییە، خەڵکی دیکە نابینن و گوێ بە پێشنیاری ڕۆشنبیران نادەن. کاتێک بتهەوێ ئەم دۆخە بۆ خەڵک ڕوون بکەیتەوە، ئەوا لێت دەبۆغزێن، ڕەخنەت لێدەگرن، بێزار دەبن و تەنانەت ئیدی قسەشت لەگەڵدا ناکەن. ئەو کارە دەکەن بۆ ئەوەی تۆ لەسەر بێدەنگی و بێباکییان هیچ نەڵێیت و هیچ نەنووسیت.

زۆربەی سیاسەتمەدارانی مۆدێلی حەفتاکان، زیاتر بیر لە بابەتی کەسی و بنەماڵەیی دەکەنەوە نەک پرسی کورد و کوردستانیبوون. هەر لەبەر ئەمەشە لە باکوری کوردستان یەکڕیزی و تەبایی لەناو ماڵی کورددا پێکنایەت. زۆربەی ئەو کەسانە یەکڕیزیی خۆیان لەناو یەک حیزبدا پێکهێناوە بۆ ئەوەی دەنگی خەڵکی ڕاست و دروست دەنگیان نەبیسترێت.

کاتێک بارودۆخی باکوری کوردستان دەگاتە ئەم قۆناغە، بێگومان بەشێک لە ڕۆشنبیران و چین و توێژە کۆمەڵایەتی و مەدەنی و پێشکەوتووەکانی کۆمەڵگە هەوڵدەدەن وێکڕا ئەم چەقبەستووییە چارەسەر بکەن بۆیە لێرەدا ململانێیەکی نوێ دەست پێدەکات، کە سیاسەتمەدارانی مۆدێلی کۆن و ئەوانەی دەیانەوێت بە پێی سەردەم نەتەوەکەیان ڕێکبخەن، لە هەمەبەر یەکتر ڕادەوەستن. تەنانەت هەندێک لە سەرۆک و بەڕێوەبەران، دژایەتی بزووتنەوە نوێیەکان دەکەن.

من گەیشتوومەتە ئەو باوەڕەی کە پارتە سیاسییەکانی ئێمە یان دەبێت یەکگرتوویی هاوبەش لەسەر هێڵە نەتەوەییەکان پێکبهێنن، یان ئیدی هەرکەسێک لە ماڵەکەی خۆیدا بمێنێتەوە. جۆگەکە گیراوە و بۆ ئەوەی ڕێگا بۆ ئاوەکە بکرێتەوە، هەندێک تاک و کەسایەتی و ڕۆشنبیرانی گەل، بە پاچ و پێمەڕە هەوڵدەدەن ڕێگا بۆ ئاوەکە بکەنەوە تا بڕوات، لەبەر ئەوەیە کە کۆمەڵگای ئێستای باکوری کوردستان لەپێشەوەی لایەنە سیاسییەکانە.

ئێستا هەندێک ئامادەکاری هەیە. هەندێک لە ڕۆشنبیران پاچ و پێمەرەیان هەڵگرتووە بۆ ئەوەی جۆگەکە خاوێن بکەنەوە تا ئاوەکە بڕوات. بەڵام چەندە سەرکەوتوو دەبن، لە ڕۆژانی داهاتوودا پێکەوە دەیبینین. کاتێک لایەنە سیاسییەکان و ئەوانەی خۆیان بە کوردستانی ناودەبەن لە ئاست بەرپرسیارێتی خۆیاندا ناجووڵێنەوە، بێگومان هەندێکیش دەردەکەون بۆ ئەوەی کاری سیاسییش بکەن.

بەڵام هێشتا بەشێک لە سەرۆک و بەڕێوەبەرانی حزبە سیاسی و کوردستانییەکانمان ئەمە نابینن و هەروەها لەو تاک و کەسایەتی و نووسەرانەش بێزار دەبن کە ئەمە ئاشکرا دەکەن. هاوڕێیەتی و دۆستایەتیشیان ڕۆژ بە ڕۆژ کەم دەبێتەوە، بەڵام تێناگەن کە ئەم دۆخە ناتوانێت بەردەوام بێت. یان دەبێ بە زووترین کات لەسەر هێڵە نەتەوەییەکان یەکڕیزی دروست بکەن، یان کەسانێکی دیکە لە باتی ئەوان ئەم کارە دەکەن.

چونکە زۆرێک لە سەرۆک و بەڕێوەبەرانی حیزبەکانی کوردستان خۆیان بە گەورە دەزانن کە چیتر ناتوانن دۆستە نزیکەکانیشان ببینن و بە ڕەخنەی هەڤاڵەکانیان بێزار دەبن. یان دەبێ ئەندامان تەنها چەپڵە بۆ سەرۆک و ڕێبەرەکانیان لێبدەن یان وردە وردە ڕەخنەیان لێبگرن و لە سایەی ئەو سەرۆک و ڕێبەرانەوە، خۆیان لە کۆمەڵگە دوور بخەنەوە. خۆی لە خۆیدا ماڵوێرانییە گەورەکەش هەر ئەمەیە.

حیزبێک کە ئارمانجەکەی ئازادیی کوردستان بێت و کەوتبێتە سەر ڕێگاکەش، بە بێ نووسەران، ڕۆشنبیران و ڕەخنەگرەکان، لە نیوەی ڕێگاکەدا دەچەقێت، هاوشیوەی دۆخی ئێستای ئەو حیزبە سیاسانەمان کە ئامادە نین هیچ ڕەخنەیەک قبووڵ بکەن.

هەندێک لە سەرۆک و بەڕێوەبەرانی حیزبەکانی کوردستان، بەمشیوەیە دەیانهەوێت ڕێگری لەو کەسانە بکەن کە ڕاستییەکان دەڵێن و دەینووسن. بۆ ئەوەی کە هەموو شتێک بەپێی ویست و حەزی ئەوان ڕووبدات، نە ڕێگا دەدەن کە قسەیان لەگەڵدا بکەیت و نە ئامادەن نووسینە ڕینیشاندەرەکانی تۆیش بخوێننەوە و لێی تێبگەن. بەڵام تێناگەن کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا ماڵوێرانییەکە کەوا لە کولتوری پەکەکەوە دێت و هاتووە. تێناگەن کە ئەوان ناتوانن بۆ هەتا هەتایە سەرۆک و ڕێبەر بن. ئێستا ئەمە بۆ ئەوان تەواو بووە، بەڵام بە چاوی خۆیان دەبینن سبەی چی ڕوودەدات.

پێویستە بزانرێت کە ئاو هەمیشە ڕێگەی خۆی دەدۆزێتەوە و بەردەوام دەبێت. ئاستەنگەکانی سەر ڕێگاکەی لادەدات، ڕێگایەکی نوێ بۆ خۆی دەکاتەوە. ئەو پیر و بەساڵاچووانەی کە بەری بگرن دەداتە قەراخ و دەڕوات…

ئێستا بارودۆخی باکوری کوردستانیش بەمجۆرەیە، ئەم بەربەستە لە سایەی ڕۆشنبیران و بەشەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە لادەبرێن، چونکە حزبە سیاسی و کوردستانییەکانی ئێمە بە سەرۆک و بەڕێوەبەرە مۆدێل کۆنەکانیانەوە، چیتر ناتوانن ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن. بۆیە لەمەودوا ڕۆشنبیرانی کورد بە گشتی دەچنە ناو کاری سیاسییەوە بۆ ئەوەی کە بە پێی خواستی گەل و میللەت سیاسەتێکی عەقڵانی دەستپێبکەن. هەنگاوەکان هەڵدەگیرێن و بەم شێوەیە، لە ماوەیەکی نە زۆر دووردا، فاتێحا لەسەر ڕۆحی زۆر کەس دەخوێنرێت.

بۆیە شتی بەپەلە و گرنگ ئەوەیە کە پارتە سیاسی و کوردستانییەکانمان بە زووترین کات یەکیەتی و یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد دابمەزرێنن بۆ ئەوەی سیاسەتمەداران و ڕۆشنبیران و کەسایەتییە مەدەنییەکان وێکڕا ببنە خاوەن ئاڵترناتیڤێکی نەتەوەیی کە ڕێگا لەبەردەم ئاوەکە بکاتەوە بۆ ئەوەی ئاوەکە جارێکی دیکە رەوان بێت.

Share