هیچ ئاگربەستێک لە جوگرافیادا نییە: ئەوەی بۆ کورد دێتە سەر شەقامەکان لە شەڕ قووڵترە

ئەگەر نەتوانین بوونی سەربازیمان بگۆڕین بۆ قەوارەیەکی یاسایی سەقامگیر، هەر دەستکەوتێکمان هەبێت بە بڕیارێکی سیاسی دەتوانێ نکۆڵیی لێبکرێت.
سمکۆ عەبدولعەزیز
هەرێمەکەمان لە ئاشتیدا ناژیت، بەڵکو لە ململانێی دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵاتدایە. ئەوەی پێی دەگوترێ هێورکردنەوە یان ڕێککەوتن، جگە لە ناوبڕێکی کورت لە نێوان دوو قۆناغی شەڕدا، هیچی دیکە نییە. شەڕ نەوەستاوە، بەڵکوو لە بەرەکانی شەڕەوە گواستراوەتەوە بۆ ناو ژوورە تاریکەکانی بڕیاردان، لە دەنگی تۆپ و تفەنگەوە بۆتە دەق و نووسین و لە بەرەنگاربوونەوەی ڕووبەڕووەوە بەرەو سیاسەتی خشکە و ژێربەژێر ڕۆیشتووە.
ئەوەی لە سووریا دەگوزەرێت، تێگەیشتنێکی مێژوویی نییە، بەڵکوو هەنگاوی حیسابکراوە بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە کوردییەکان بۆ ژێر دەستی ناوەندێک کە هەتا ئێستاش بە هەمان عەقڵیەتی ڕابردوو بیردەکاتەوە. دەوڵەت بە ناوی یاساوە دەگەڕێتەوە بەبێ ئەوەی کە بە فەرمی دان بە مافە نەتەوەییەکانماندا بنێت. دامەزراوەکان دەڕووخێن، ڕۆڵەکان دەگۆڕدرێن و نیشانەکان لادەبرێن. نە هێرش هەیە نە بۆردومان، بەڵکوو چۆڵکردنی بەرە بەرە هەیە. ئەمەش لە تۆپ و تانک مەترسیدارترە، چونکە پێش ئەوەی لێی بدات، ناسنامەکەی لە ناو دڵیدا دەتوێنێتەوە.
تورکیا هەرگیز جەوهەری هەڵوێستی خۆی نەگۆڕیوە. ڕەنگە زمانی خۆی نەرم بکاتەوە یان باسی ئاشتی بکات، بەڵام دەستبەرداری ئامانجی سەرەکیی خۆی نەبووە؛ کە ئەویش ڕێگریکردنە لە هەر قەوارەیەکی سیاسی کوردی کەوا خاوەن بڕیار و ئیرادەی خۆ بێت. بۆ ئەنقەرە مەسەلەکە تەنها ئەمنییەتی نییە، بەڵکو بابەتی مان و نەمانە. بۆیە هەر هەنگاوێکی سیاسی کەوا لایەنی نەتەوەیی کورد لاواز نەکات، بە هەموو قیمەتێک لەلایەن تورکیاوە دژایەتی دەکرێت.
لە عێراقیش ململانێی نێوان ئەنقەرە و بەغدا لەسەر پەکەکە تەنها کێشەیەکی دیپلۆماسی نییە. شەڕێکە بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە کێ بڕیار لەسەر خاک و سەروەری باشووری کوردستان دەدات. هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە کەوتۆتە نێوان بەرداشی گوشارە هەرێمییەکان، لە کاتێکدا زلهێزەکان تەنیا تەماشا دەکەن و بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەپارێزن.
ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە پشتیوانیی وڵاتانی دەرەوە بۆ کورد هەرگیز بۆ مافەکانی نەبووە، بەڵکوو بۆ ئەو ئەرکە بووە کە کورد ئەنجامیداوە. کاتێک ئەرکی سەربازی کۆتایی هاتبێت، پشتیوانی سیاسییش سست بووە. ئەمە وانەیەکە کە پێویستە زۆر باش لێی تێبگەین: هیچ کەسێک ناتوانێت مافەکانی کورد زامن بکات، ئەگەر کورد بۆخۆی لە دەستوور و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکاندا جێگیری نەکات.
قۆناغی ئێستا، قۆناغی داگیرکردنی نەرمە. شەڕێکی گەرم لەئارادا نییە، بەڵام دوبارە داڕشتنەوەی دەسەڵات هەیە. دەیانهەوێ هێزی مەیدانی کورد بکەنە هێزێکی بێ ڕەهەندی سیاسی. داوا لە کورد دەکەن تێکەڵ بە دەوڵەتە سەردەستەکانیان ببن، بەڵام بەبێ ئەوەی کە پێگە یاساییەکەیان ڕوون بێت.
ئەگەر کورد ئەم ئاڵۆزییە قبووڵ بکات، دەبن بە قوربانیی توانەوەی هەنگاو بە هەنگاو. یەکسەر لە سێدارە نادرێن، بەڵکوو دەبنە ژمارەیەک کارگێڕی لە ناو دەوڵەتێکی ناوەندگەرادا، ئەمەش وادەکات ناسنامەیان لە یاسای گشتیدا کەمڕەنگ بێت.
گەورەترین هەڵە ئەوەیە کە لەم کاتەدا درێژە بە دابەشبوونی ناوخۆیی بدرێت. کاتێک دەنگی کورد دابەش ببێت، بە ئاسانی قووت دەدرێت. تەبایی بەو مانایە نییە کە هەموومان ببینە یەکڕەنگ، بەڵکوو بە مانای ڕێککەوتنە لەسەر بنەما پیرۆزەکان: دانپێدانانی دەستووری، خۆبەڕێوەبەری، پاراستنی زمان و کولتوور و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەروەت و سامان.
ئەو ململانێیەی کە دادێت، پەیوەندی بە چەک و تفەنگەوە نییە، بەڵکو لەسەر پێناسەکردنە. ئایا کورد پێکهاتەیەکی ڕەسەنە یان گەلێکی خاوەن ماف و خاکە؟ جیاوازی ئەم دوو وشەیە هەموو مێژووی ئێمە دەگرێتەوە.
ئەگەر نەتوانین بوونی سەربازیمان بگۆڕین بۆ قەوارەیەکی یاسایی سەقامگیر، هەر دەستکەوتێکمان هەبێت بە بڕیارێکی سیاسی دەتوانێ نکۆڵیی لێبکرێت. مێژوو پڕە لەو گەلانەی کە ئازایانە شەڕیان کرد بەڵام لەسەر مێزی دانوستان هەموو شتێکیان دۆڕاند.
ئەم ئارامییە کۆتایی کێشەکە نییە، بەڵکوو ماوەیەکی کورتە بۆ ڕێکخستنی هەمیشەیی. کورد دەبێ بزانێ کە خولی داهاتوو، دەستووری و ئابووری و ئەمنی پێکەوە دەبێت.
یان دەبینە یاریزانێکی سەرەکی لە نەخشەی نوێی دەڤەرەکەدا، یان ئەوانیش بە شێوەیەک ئێمە دەخەنە ناو پڕۆژەکانیانەوە کە ڕەنگدانەوەی کێشە ڕاستەقینەکانمان نەبێت.
ئەمە سەردەمی ڕاوەستان نییە، ئەمە سەردەمی بڕیاری سیاسی بوێرانەیە.
هەرکەسێک بە دەستی خۆی جێگای خۆی لە دەستووردا نەنووسێت، لە پەراوێزی مێژوودا دەنووسرێت.