لە ئاگربەستەوە بۆ دەستوور: کورد لە بەرامبەر ئەندازیاریی نوێی دەسەڵات؟

لە ئاگربەستەوە بۆ دەستوور: کورد لە بەرامبەر ئەندازیاریی نوێی دەسەڵات؟

هەرکەسێک چارەنووسی خۆی بە تاکێکەوە ببەستێتەوە، دەرفەت بە نەیارەکانی دەدات کە گەمە بە دۆزەکەی بکەن.

✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز

ناوچەکە بەرەو ئاشتی هەنگاو نانێت، بەڵکوو بەرەو سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی دەسەڵات لە ڕێگەی میتۆدی نەرمەوە دەڕوات. ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕوودەدات، هاوکات لەگەڵ گوشارەکانی تورکیا لە عێراق، زنجیرەیەک ڕووداوی جودا لەیەک نین، بەڵکوو یەک ڕێکارە کەوا ئامانجەکەی دووبارە کۆنترۆڵکردنەوەی پرسی کوردە لە چوارچێوەی سنووری دەوڵەتەکاندا، بە بێ ئەوەی کە وەکوو پرسی نەتەوەیەک و مافێکی ڕەوا دانی پێدا بنرێت.

شەڕ لە مەیدانەکە گواستراوەتەوە بۆ ناو دەقە نووسراوەکان. چیتر چەک و دەبابە ئامرازی سەرەکی نییە، بەڵکوو ڕێککەوتنی مژاوی و تێکەڵکردنی بەرە ـ بەرە و ڕادەستکردنی دۆسیە سیادییەکانە. ئەمە کاتی مەترسیی ڕاستەقینەیە چونکە حەوانەوەی نەرم وردە وردە ناسنامەکەی دەشارێتەوە بەبێ ئەوەی کاردانەوەی توندی بەدوادا بێت.

لە سووریا لەناوبردنی هێزە کوردییەکان بە شێوازی سیاسی لەژێر پەردەی هاوکاریدا بەڕێوەدەچێت. هێزەکان تێکەڵ دەکرێن، دەروازەکان دەگوازرێنەوە و شێوازی ئیدارەکردن دەگۆڕدرێ. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئەو دەقە دەستوورییە لە کوێیە کە لامەرکەزییەت و شوناس و زمان و سەرچاوەکان دەچەسپێنێت؟

بەبێ دەق، هەموو ڕێککەوتنەکان کاتین و دەکرێ بەلایەکدا بگۆڕدرێن

باسکردن لەوەی کە کات دەسکەوتەکان دەپارێزێت، وەهمێکی سیاسییە. کات لە پشت ئەو کەسەوەیە کە شەرعیەتی یاسایی هەبێت، نەک تەنها ئەوانەی لەسەر زەوی بەهێز بن. هەموو ئەزموونە ناوچەییەکان سەلماندوویانە کە ئەو هێزەی نەبیتە ماددەیەکی دەستووری، لە داهاتوودا دەبێتە کێشەیەکی ئەمنی.

لە عێراقدا فشارەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە لە زیادبووندایە، نەک تەنها وەک کێشەیەکی ئەمنی، بەڵکوو وەک دەرگایەک بۆ دووبارە داڕشتنەوەی یاساکانی سەروەری لە باکوور. ئامانج ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان نییە، بەڵکو ڕێککەوتنێکی ئەمنی درێژخایەنە بۆ ئەوەی کە خاک و دەرەتانی کورد کۆنترۆڵ بکەن و ڕێگری لە هەر مۆدێلێکی حوکمڕانی سەربەخۆ لە شنگال یان هەر شوێنێکی دیکەدا بکەن.

ئیدی تەنها پشت بەستن بە دەرەوە بەس نییە. پشتگیری نێودەوڵەتی وەزیفی بوو و بە بڕینی ئەو ئەرکە، وەبەرهێنانیش تێیدا کەم دەبێتەوە.

کەس لە بری کوردەکان، مافەکانیان بۆ نانووسێت. تاکە گەرەنتی ئەوەیە کە بابەتەکە بە گەرەنتیی ڕوون ببێتە دەقی پابەندکەر، نەک تەنها لێکتێگەیشتنێکی زارەکی.

یەکگرتوویی کورد چیتر دروشمێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکوو مەرجێکە بۆ دانوستان. پارچەپارچەبوون بەو مانایەیە کە هەر لایەنێکی ناوچەیی دەتوانێت بەشێک لە دژی بەشێکی دیکە بەکاربهێنێت. ئەوەی پێویستە ئەوەیە کە کەمترین خاڵە هاوبەشە نەتەوەییەکانن وەپێش ئایدۆلۆژیاکان بکەون: شاندێکی یەکگرتوو، گوتارێکی دەستووریی یەکگرتوو و بنەماکان دابەش نەکرێن.

ئەو گوتارە کە پێیوایە ئیدی چارەسەر لە ئایدۆلۆژیای سەردەمی نەتەوەییدا نەماوە، لە سروشتی دەوڵەت تێنەگەیشتووە. مەدەنییەت، نەتەوایەتی لەناو نابات، بەڵکو بە شێوەیەکی یاسایی ڕێکی دەخات. بەبێ دانپێدانانێکی ڕاشکاوانە بە ناسنامەی کورد، دیموکراسی دەبێتە ئیدارەکردنی خزمەتگوزارییەکان بەبێ ناوەڕۆکی سیاسی.

جگە لەوەش بەستنەوەی چارەنووسی پرسەکە بە کەسایەتی یان هێماکانەوە، داشکاندنێکی مەترسیدارە. مافەکان لەلایەن دامەزراوە و دەقەکانەوە دروست دەبن نەک تاکەکان. هەرکەسێک چارەنووسی خۆی بە تاکێکەوە ببەستێتەوە، دەرفەت بە نەیارەکانی دەدات کە گەمە بە دۆزەکەی بکەن.

هەروەها بڕوا بەوەی کە تەنها بە چەکدانان و لەناوبردنی چەک کێشەکە چارەسەر دەبێت، سادەکردنەوەیەکی هەڵەیە. جەوهەری ناڕازیبوونی دەوڵەتە ناوچەییەکان تەنیا چەک نییە، بەڵکو مۆدێلی حوکمڕانییە. بۆیە شەڕی ڕاستەقینە شەڕی شوناسە: ئایا کورد پێکهاتەیەکی ئیدارییە یان گەلێکە کە مافی یاسایی هەیە؟

قۆناغی ئێستا پێویستی بە گۆڕانە لە عەقڵیەتی بزووتنەوە بۆ عەقڵیەتی دەوڵەت: حوکمڕانییەکی شەفاف، ئیدارەیەکی یاسایی، سەروەری یاسا، هاوپەیمانی ناوخۆیی لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە و گۆڕینی هەر داواکارییەک بۆ مادەیەکی دەستووری. ئەمە بەختەوەری و خۆشگوزەرانی نییە، بەڵکو مەرجێکی مان و نەمانی سیاسییە.

ئەو ئاگربەستەی ئێستا، کۆتایی شەڕ نییە، بەڵکو پشوودانێکە بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی هاوسەنگییەکان. هەرکەسێک بە دیدێکی دەستووری یەکگرتووەوە نەچێتە ناو ئەم قۆناغەوە، خۆی دەبینێتەوە کە بۆتە بەشێک لەو ڕێککەوتنانەی کە گوزارش لە پرسە ڕاستەقینەکانی ئەوان ناکەن.

شەڕ ئیدی لەسەر زەوی نییە، بەڵکوو لە ناو دەقەکاندایە.

هەرکەسێک جێگای خۆی لە دەستوردا نەنووسێت، لە پەراوێزدا دەنوسرێت.

ئەمە کاتی بڕیارە:

یان گواستنەوەی هەبوونی کورد بۆ شەرعیەتێکی یاسایی،

یانیش قبووڵکردنی هێدی ـ هێدی توانەوە و حەوانەوەی کورد.

مێژوو هەرگیز دووجار دەرفەتێک بە کەس نادات.

Share