سەردانی ئیمرالی؛ دەنگۆیەکی میدیایی یان کۆبوونەوەیەک کەوا بە ئەنقەست شاردراوە؟

سەردانی ئیمرالی؛ دەنگۆیەکی میدیایی یان کۆبوونەوەیەک کەوا بە ئەنقەست شاردراوە؟

هەواڵی دیداری مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ ئۆجەلان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە میدیاکانی تورکیادا بڵاوکرایەوە و بووە بابەتی گفتوگۆ.

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر ڕایگەیاند کە ئەوان لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوەیان نەکردووە و ئەگەری کۆبوونەوەی لەو شێوەیە هێشتا پێکنەهاتووە.

لە ڕێکەوتی 12ی ئایاردا، پێگەی “دارکا مازی” هەواڵێکی بەناونیشانی “ئایا مەزڵوم عیبدی چووەتە ئیمرالی؟ ئایا ئەگەری سەردانی ئەنقەرە و لێدوانەکانی سەبارەت بە تورکیا ڕاستن؟”، بڵاوکردەوە. هەرچەندە ئەم هەواڵە لە میدیا کوردییەکاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان باسی لێوە نەکرا، بەڵام مشتومڕی میدیاکانی تورکیای بەدوای خۆیدا هێنا.

لە هەواڵەکەی “دارکا مازی”دا کە لەسەر بنەمای سەرچاوەی باوەڕپێکراو و گرنگ بوو، باس لەوە کرابوو کە مەزلوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد سەردانی ئیمرالییان کردووە و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەتەوە.

هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە پێی ئەجێندای سیاسی خۆیان ئەم هەواڵەیان شرۆڤە کرد و هەندێکی تریش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گۆیا ئەو هەواڵە ڕاست نییە.

ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئایاری 2026، ئیلهام ئیحمەد، هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەریی خۆسەر، لە ڕێگەی ئەکاونتی “X”ی خۆیەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

ئیلهام ئەحمەد لە لێدوانەکەیدا دەڵێ: “لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵێک بڵاوبووەتەوە کە لە ئیمرالی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبووینەوە و دیدارێکمان هەبووە”.

هەروەها دەڵێ: “ئێمە بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین کە ئەم هەواڵە بە هیچ شێوەیەک ڕاست نییە، هیچ کۆبوونەوەیەک نەکراوە و ئەگەری کۆبوونەوەش نییە”.

هەواڵی دیداری مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ ئۆجەلان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە میدیاکانی تورکیادا بڵاوکرایەوە و بووە بابەتی گفتوگۆ.

شایانی باسە پێگەی “دارکا مازی” لە بابەتێکی دیکەدا بە وردی باسی لە سەردانەکەی مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بۆ ئیمرالی کردوە و هۆکارەکانی بە نهێنی هێشتنەوەی ئەو کۆبوونەوەیەی ئاشکرا کردووە، کە لەم لینکەی خوارەوە دەتوانن خوێنەری بن.

ڕوونکردنەوەی زیاتری دارکا مازی سەبارەت بە مانشیتی “ئایا مەزڵووم عەبدی ڕۆیشتۆتە ئیمرالی؟”

Share