نەبوونی زمانی کوردی لەسەر تابلۆی دادگای حەسەکە، گرژیی لێکەوتەوە

نەبوونی زمانی کوردی لەسەر تابلۆی دادگای حسەکە، گرژیی لێکەوتەوە

خۆپیشاندەران داواکارن کە زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی لە پاڵ زمانی عەرەبیدا لەسەر تابلۆکە بنووسرێت و مافە کولتووری و زمانییەکانی دانیشتوانی ناوچەکە بپارێزرێت.

شەوی ڕابردوو لە شاری حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، دوای ئەوەی تابلۆی نوێی بینای دادگاکە تەنها بە زمانی عەرەبی هەڵواسرا، شەپۆلێکی ناڕەزایی سەریهەڵدا و لە ئەنجامدا لەنێوان هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەکاندا گرژی دروستبوو. نەبوونی زمانی کوردی لەسەر نیشانەی دامەزراوەیەکی فەرمی پارێزگاکە وەک هۆکاری سەرەکی ئەم گرژییە دەستنیشان کرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە شوێنی ڕووداوەکەوە دەستکەوتوون، لەکاتی هەڵواسینی تابلۆکەدا، ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری بینای دادگا جێگیرکرابوون. هاوکات نیگەرانی و ناڕەزایی هاووڵاتیان و ئەو خۆپیشاندەرانەی کە لەوێ کۆبوونەتەوە گۆڕا بۆ پشێوی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوولا توندتر بوون.

خۆپیشاندەران کە دژایەتی ئەم بڕیارەیان کرد، ڕایانگەیاند کە پشتگوێخستننی زمانی کوردی لە ناوچەکەدا جێگای قبوڵکردن نییە. ئەوان داوایان کرد کە زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی لە پاڵ زمانی عەرەبیدا لەسەر تابلۆکە بنووسرێت و مافە کولتووری و زمانییەکانی دانیشتوانی ناوچەکە بپارێزرێت.

شایانی باسە کە ئەمە یەکەمجار نییە کە ئەم کێشەیە سەرهەڵبدات؛ لە سەرەتای مانگی ئایارەوە، بۆردی دادگای حەسەکە چەند جارێک لەلایەن هاووڵاتیانی توڕە گۆڕدراوە، هێنراوەتە خوارەوە یان شکێنراوە. چاودێرانی خۆجێی دەڵێن، تا داواکاری خۆپیشاندەران جێبەجێ نەکرێت و زمانی کوردی لەسەر تابلۆی دامەزراوە فەرمییەکان جێنەگرێت، ئەگەری بەردەوامبوونی ئاڵۆزییەکان هەمیشە هەیە.

Share