ئایا سەردانەکانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، لەپێناو ڕای گشتیدا دەکرێن؟

ئەو دەقەی کە شاندی دەم پارتی لە کۆبوونەوەکان دەیھێنێتە دەرەوە، لە لایەن دەوڵەتی تورک و ئۆجەلان و قەندیلەوە ئامادە دەکرێت ولایەنە ڕاستەقینەکانی پرۆسەکە ئاشکرا ناکەن.
لە رێکەوتی 24ی ئایاری 2026دا، شاندی دەم پارتی لە ئیمرالی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی پەکەکەی هەڵوەشاوە، کۆبووەوە. شاندەکە ڕۆژی دواتر ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە. لە بەیاننامەکەدا ئۆجەلان دیسانەوە نەتەوەپەروەریی کوردی کردۆتە ئامانج و پێداگریی خۆی لەسەر پرۆسەی ئەنتەگراسیۆن لەگەڵ تورکیا دووپاتکردۆتەوە.
پشتی پەردەی دیدارەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی پەکەکەی هەڵوەشاوە و شاندی دەم پارتی و قەندیل و دەوڵەتی تورک تا ئێستاش ڕوون نییە. کۆبوونەوەی پێشووی شاندی دەم پارتی لە 27ی ئازاری 2026 ئەنجامدرا، ئەمەش بەو مانایەیە کە کۆبوونەوەی ئۆجەلان و شاندی دەم پارتی ماوەی 58 ڕۆژ لەمەوبەر ئەنجامدراوە. عەقڵانی نیە کە لەو 58 ڕۆژەدا هیچ دیدارێک لە نێوان ئۆجەلان و دەوڵەتی تورک و قەندیل و شاندی دەم پارتیدا ڕووی نەدابێت. ئەمەش بەڵگەکانی سەلماندنی ئەو ڕاستییە بەهێزتر دەکات کە کۆبوونەوەکانی نێوان ئەو چوار لایەنە لە ڕای گشتی دەشاردرێنەوە.
وەک پێگەی “دارکا مازی” پێشتر ئەو هەواڵەمان بڵاوکردبووەوە کە ئۆجەلان لەگەڵ کەسانی وەک مەزڵووم عەبدی، ئیلهام ئەحمەد، دوران کاڵکان و هێلین ئومیت کۆبووەتەوە.
جگە لەوەش سەرچاوەکانی پەکەکە خۆیان ڕایانگەیاندووە کە لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکدا پەیوەندیی تەلەفۆنی هەیە.
کاتێک هەموو زانیاریەکان لەپاڵ یەکتر دادەنرێن، بە ڕوونی دەردەکەوێت کەوا سەردانەکانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، دوو مەبەستیان لەپشتە. یەکەم: بۆ ئەوەی وا دەرنەکەوێت کە ئەو حیزبە لە پرۆسەکە پەراوێز خراوە. دووهەم: بۆ ئەوەی ئەو بابەتانەی کە دەیانەوێت بیگەیەننە ڕای گشتی لەلایەن دامەزراوەیەکی فەرمیەوە ڕابگەیەندرێن. ئەو دەقەی کە شاندی دەم پارتی لە کۆبوونەوەکان دەیھێنێتە دەرەوە، لە لایەن دەوڵەتی تورک و ئۆجەلان و قەندیلەوە ئامادە دەکرێت، بە واتایەکی تر بە جۆرێک پەسند دەکرێت. بۆیە لە بنەڕەتدا ئەو لێدوانانەی شاندی دەم پارتی سەبارەت بە دیدارەکانیان لەگەڵ ئۆجەلان دەیاندەن، لایەنە ڕاستەقینەکانی پرۆسەکە ئاشکرا ناکەن.
بەڵام لە نێوان دێڕەکانی ئەو ڕاگەیاندراوانەی دەم پارتیدا کە سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی 24ی ئایاریان لەگەڵ ئۆجەلان بڵاویان کردۆتەوە، هەندێک پەیامی شاراوە هەن. ئۆجەلان بە پێچەوانەی بانگەشەی بەڕێوەبەریی پەکەکە لە قەندیل کەوا باس لە بە بنبەست گەیشتنی پرۆسەکە دەکەن، لە پەیامەکەیدا هیچ ئاماژەیەکی بە ڕاوەستانی پرۆسەکە نەکردووە و ڕەخنەی لە کەس نەگرتووە. لە بەیاننامەی دەم پارتیدا کە ئۆجەلان ڕۆڵی کەسێکی عەقڵانی دەگێڕێت، دیسانەوە نەتەوەپەروەری وەک سەرچاوەی هەموو کێشەکان خراوەتەڕوو، لە ڕاستیدا لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دیسانەوە نەتەوەپەروەریی کورد کراوەتە ئامانج.
ڕاگەیاندراوەکەی دەم پارتی سەبارەت بە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئۆجەلان، بەم شێوەیە:
“بۆ میدیاکان و ڕای گشتی؛
هەڵسەنگاندنەکانی ئۆجەلان، ڕێبەری گەلی کورد بەم شێوەیە بوون: ‘گۆڕینی ئەو کۆمەڵگەیانەی بارگاوین بە تووڕەییەکی زۆر، بێ بیرکردنەوەی مەزن و بەها ئەخلاقییە باڵاکان ئەستەمە. کۆمەڵگە لە هەموو ئاستەکانی ژیاندا لە رووی ئەخلاقی، سیاسی، یاسایی و ئابوورییەوە تووشی داخستن و گۆشەگیرییەکی قووڵ بووە؛ هەر لەبەر ئەمەشە لە سەرخستنی پرۆسەکەدا پێداگری دەکەین و پەلەمانە.
پێم وابێت هاوکێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هێشتا چاوەڕێی هەموو جۆرە پێشهاتێکیان لێدەکرێ. دەسەڵاتی وڵاتانی وەک ئێران و ئیسرائیل بەرەو تووندتربوون دەچێت و وادیارە تووندتریش دەبێ.
پەرەپێدانی نەتەوەپەرستی، لێکجیابوونەوە و گەورەکردنی مایکرۆ-نەتەوەییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا زیانی دەبێ. ئێمە کار لەسەر پرۆسەیەک دەکەین کە پەرەسەندنی مەترسیداری ناوچەکە رەچاو دەکات، رێگری لە تەشەنەسەندنیان دەکات و رێگە نادات ململانێکان بگەنە قۆناخی خوێناوی.
بێگومان زۆر گرنگە هەموو هەنگاوەکان بخرێنە سەر بنەمایەکی یاسایی تۆکمە. مانەوە لە دۆخی چاوەڕوانیدا تەنیا مەترسییەکان زیاد دەکات و کاتمان نییە بۆ لەدەستدان. بڕوام وایە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەم بەرپرسیارێتی و تێگەیشتنە مێژووییەوە دەجووڵێنەوە و پەرلەمانی تورکیاش بەم هەستیارییەوە کارەکان رادەپەڕێنێت.
داڕشتنی یاسایەکی چوارچێوەیی، دەکرێ ببێتە خانەی بنەڕەتی بۆ پرۆسەی بەدیموکراسیکردن. رێکخستنی یاسایی، ئێمە دەخاتە نێو قۆناخێکی ئەرێنیی راستەقینە و وا دەکات چەرخی دیموکراسی بسووڕێنێت. پرۆسەی بەدیموکراسیکردن پێویستییەکی سەرەکییە و سەرکەوتنی پرۆسەکەش لەم ئامانجە نزیکمان دەکاتەوە.
ئایا لە سیستمێکی دیموکراسیدا کارێکی گونجاوە بە چەکوش دەرگای بارەگای گشتیی پارتێکی سیاسی بشکێنرێ؟ ئەو رەفتارانەی بەرامبەر پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەکرێن و ئەو پێشهاتانەی دەگوزەرێن، ئەنجامی نەبوونی دیموکراسییەکی تەندرووست و سیاسەتێکی دێموکراسیانەن. ئەوەی کارەکانی گەیاندووەتە ئەم خاڵە، بێبەشبوونی کۆماری تورکیایە لە بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی. سەیرکردنی دیموکراسی وەک بابەتێکی قسەکردن، هەڵەیەکی کوشندەیە. هیچ بابەتێک هێندەی بەدیموکراسیکردنی تورکیا بەپەلە و گرنگ نییە.
ئێمە لەم وڵاتەدا هەوڵ دەدەین زەوینەی ئەم گۆڕانکارییە خۆش بکەین و دەرفەتەکانی فراوانتر بکەین. لە کاتی هەنگاونان بەرەو چارەسەری یاسایی لە ئیمراڵی، زۆر گرنگی بەوە دەدەین کە تورکیا بۆ وەرچەرخانێکی دیموکراسی و یاسایەکی سەردەمیانە ئامادە بکەین. ئەمەش وەک هەنگاوێک دەبینین بۆ چاککردنی کەموکوڕییەکانی دیموکراسی، چ لە نێوخۆی پارتەکان و چ لە نێوانیاندا. کۆتایی هەموو ئەم هەوڵانە، بەخشینی نێوەڕۆک و کولتوورێکی دیموکراسی دەبێت بە تورکیا، لەگەڵ دامەزراندنی سیستمێکی یاسایی تۆکمە بۆ پاراستنیان. لەسەر ئەم بنەمایە، داوا لە هەموو لایەک دەکەم هاوکاری پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی بکەن.
واتای راستەقینەی تێکەڵبوونی کورد لە کۆماری دیموکراسیدا لێرەدایە. ئێمە دەیان ساڵە هەوڵ دەدەین کڵۆمی پرسی کورد بکەینەوە. لایەنی تووندوتیژی کە لە پرسی کوردەوە سەرچاوەی گرتبوو، لە رێگەی سیستمی چارەسەرییەوە تێدەپەڕێندرێ. دەکرێت بەم پرۆسەیە بڵێین قۆناخی رێکخستنەوە، هاوچەرخکردن و مۆدێرنکردنی پێوەندییەکانی تورک و کورد.
پەیامی ئەو رۆشنبیر و ئەکادیمیستانە نێودەوڵەتییانەی پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی دەکەن، کراوەتە کتێب. لەم چوارچێوەیەدا دەمەوێ جەخت بکەمەوە کە ئامادەم بە وردترین شێوە هەڵسەنگاندن بۆ هەر جۆرە پێشنیاز، رەخنە و سەرنجێک بکەم. لەم قۆناخەدا کە تێیدا زیاتر لە هەر کاتێک پێویستیمان بە ئاشتی و دیموکراسییە، سوپاس و سڵاوی خۆم ئاراستەی هەموو ئەو لایەنانە دەکەم کە پشتگیرمان بوون’.
لەگەڵ رێزدا
25ی ئایاری 2026
شاندی ئیمراڵی”