دادگای کەرکووک نوێنەری جووتیارانی کوردی لە سەرگەڕان سزادا

نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان: “دادگە لەسەر سکاڵای سەربازەکە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان سزای داوم و سکاڵاکانی منی سڕ کردووە.”
دادگای تاوانی کەرکووک بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەحمەد حەموود عەتیە، بڕیاری کۆتایی لەسەر دوو سکاڵای جیاوازی دژی محەمەد ئەمین، نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان دەرکرد و بە کۆی دوو ملیۆن دینار سزای دا، بەپێی بڕیارەکانیش ئەگەر پێبژاردنەکە نەدات، رووبەڕووی زیندانیکردن دەبێتەوە.
بەگوێرەی دوو بەڵگەنامەی فەرمی دادگەی تاوانی کەرکووک کە واژۆی دادوەر ئەحمەد حەموود عەتیەیان لەسەرە و ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ی ئابی 2026 دەرچوون، دادگا لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بڕیاری سزادانی بۆ (محەمەد حەمید ئەمین) دەرکردووە.
لە بڕیاری یەکەمدا (ژمارە 1405) کە لەسەر سکاڵای سەربازێک بە ناوی (کەڕار شاکر) بووە، و لە بڕیاری دووەمدا (ژمارە 1404) کە لەسەر سکاڵای (وەزارەتی بەرگری) بووە، دادگە لە هەریەکیاندا محەمەد ئەمینی بە بڕی بڕی 1 ملیۆن دینار (کۆی گشتی 2 ملیۆن دینار) سزاداوە. ئەم بڕیارانەش پاڵپشت بە ماددەی 229 بڕگەی یەکەم لە یاسای سزادانی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو دەرکراون.
دادوەر لە بڕیارەکەیدا جەختی کردووەتەوە، لە ئەگەری نەدانی بڕی غەرامەکان، تۆمەتبار بۆ هەر بڕیارێکیان بۆ ماوەی 4 مانگ بە بەندیخانەی سادە (حبسا بصیطا) سزادەدرێت.
محەممەد ئەمین، نوێنەری جوتیارانی سەرگەڕان بە میدیاکانی باشووری کوردستانی راگەیاندووە: “دادگە لەسەر سکاڵای سەربازەکە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان سزای دام، ئەمەش لە کاتێکدایە کە من وەک لایەنی مەزڵووم دوو سکاڵای یاساییم لە دژیان تۆمار کردبوو، بەڵام دادگە سکاڵاکانی منی سڕ کردووە.”
محەممەد ئەمین لە سەرەتای رووداوەکەوە دوو سکاڵای یاسایی لە دژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان و سەربازێک بە ناوی “کەڕار” تۆمار کرد، بەڵام دادگا سکاڵاکانی ئەوی سڕ کردووە. لە بەرامبەردا، فەرماندە سەربازییەکە و سەربازەکە دوو سکاڵایان لە دژی ئەو جوتیارە تۆمار کردووە و تا ئێستا چەندین جار بانگی دادگا کراوە، بەبێ ئەوەی لایەنی دووەم جارێک لەبەردەم دادگا ئامادە بن، ئەمەش وای کردبوو دادوەر چەندین جار دانیشتنەکان دوا بخات.
رۆژی 17ی شوباتی 2025، لە گوندی شەناخە، محەممەد ئەمین لەسەر تراکتۆرەکەی سەرقاڵی کاری کشتوکاڵی بوو، لەو کاتەدا هێزێکی سوپای عێراق رێگرییان لێ کرد و سەربازێک بە شێوەیەکی نەشیاو بە ملپێچەکەی رایکێشا و سوکایەتی پێ کرد.