پەکەکە شەڕی ساڵانی نەوەدەکانی لەگەڵ حکوومەتی کوردستان چۆن دەستپێکرد؟

پەکەکە شەڕی ساڵانی نەوەدەکانی لەگەڵ حکوومەتی کوردستان چۆن دەستپێکرد؟

ئەو شەڕەی کە پەکەکە لە کۆتاییەکانی ساڵی 1992دا دەستیپێکرد دوایین شەڕ نەبوو کە بە کوردانی باشوری فرۆشت، شەڕفرۆشیەکانی ئەو حیزبەی “میحوەری مقاومەت”ی ئێران، لە دژی کورد و کوردستان لە ئێستاشدا بەردەوامییان هەیە.

لە پرۆسەی رزگاربوونی باشووری کوردستاندا زۆر رووداو روویانداوە کە یەکێکیان شەڕی ناخهەژێنی “کورد و کورد” بوو. شەڕێک کە پەکەکە هەر لەسەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە و لەکاتێکدا کە هێشتا خەڵکی باشووری پڕ بە سینگی خۆیان هەوای ئازادییان هەڵنەمژیبوو، بەسەر خەڵکەکەیدا سەپاند.

پەکەکە بە رق و قینێکی زۆرەوە لە رزگاربوونی هەرێمی کوردستان دەڕوانێ و هیچکات نەیتوانیوە سەرکەوتنی “باشووری کوردستان” هەزم بکات. هەربۆیەش یەکسەر دەستی بە سازکردنی ئاستەنگ کرد و ویستی ئەو سەرکەوتنە بەناوی خۆیەوە بێنێتە ئەژمار و دەست بەسەر دەسکەوتەکانی باشووردا بگرێت. پەکەکە وەکوو هێزێکی میوان لە باشوور نەجووڵایەوە و لە کۆتاییدا حکوومەتی ساوا و بێ ئەزموونی کوردستانی کردە ئامانج و ئاڵای شەڕی براکوژیی هەڵکرد.

بەڕاستی ئەو شەڕە چۆن دەستیپێکرد؟

سەرۆک بارزانی لەبەشی نۆیەمی کتێبەکەیدا بەناوی “بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخازی کورد ـ بەرگی پێنجەم” باس لە ئیستیفزازەکانی پەکەکە بەر لە دەسپێکردنی شەڕەکە دەکات و هەروەها باس لەوە دەکات کەوا چۆن پەکەکە مەترسیی بۆ سەر کوردستان دروست دەکرد و چۆناوچۆن بیانووی بۆ تورکیە ساز دەکرد تاوەکوو بەهۆی پەکەکەوە هەڕەشە لە کوردستانی تازە رزگاربوو بکات.

بارزانی نووسیویەتی: “لەکاتی خۆیدا تورکیە رەخنەیان لە ئێمە دەگرت و پێیان دەگوتین ئێوە مەجالێکی باشتان بە پەکەکە داوە، بەڵام ئەگەر ئێوە سنوورێک بۆ پەکەکە دانەنێن ئێمە بێکار دانانیشین. لەو کاتەدا تورکیە رازی ببوو کە پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە و چالاکیی سیاسی ئەنجام بدات، بەڵام رازی نەبوو کە چالاکیی سەربازیی لە تورکیە ئەنجام بدات”.

سەرۆک بارزانی و مام جەلال تاڵەبانی لە تەباخی 1992دا سەردانی ئاناکارایان کرد و لە کۆبوونەوەکاندا تورکیە راستەوخۆ پێی راگەیاندن کە ئەگەر ئێوە پێش بە پەکەکە نەگرن، ئێمەش بنکەی ئینجرلیک  بە رووی هێزە نیودەوڵەتیەکاندا دادەخەین کە بەپێی بڕیارێکی ئاسایشی نێودەوڵەتی، پارێزگاریی لە کوردستان دەکەن. تورکیە ئەوەی وەکوو هەڕەشە بەکارهێنا. چوونکە داخرانی ئینجرلیک بەو واتایە دەهات کە زەحمەت بوو ئیدی بڕیاری “ناوچەی دژەفڕین”ی تایبەت بە پاراستنی باشووری کوردستان، جێبەجێ بکرێت و بە کورتی دەبووە هۆی ئەوەی کە کوردانی باشوور جارێکی دیکە بکەونەوە بەر رەحمەتی هێرش و قەتڵوعامی رێژیمەکەی سەددام حوسێن.

سەرەڕای ئەوەش، هاوکات ئامریکاییەکان بە بارزانیان گوتبوو کە پێویستە حەساسیەتەکانی تورکیە لەبەرچاو بگرن، چوونکە پاراستنی باشووری کوردستان بە بێ ئینجرلیک زۆر زەحمەتە.

بارزانی لە کتێبەکەی خۆیدا بەمشێوەیە باس لەو هەوڵانە دەکات کە بۆ رازی کردنی پەکەکە دران:

“هەوڵێکی زۆر لەگەڵ پەکەکە درا تاوەکوو رەوشی باشووری کوردستان لەبەرچاو بگرن، چالاکی سەربازیی ئەنجام نەدەن و لە سنوورەکان دوور بکەونەوە. بەڵام پەکەکە بەهیچ شێوەیەک رازی نەبوو و گوێی بە هیچ شتێک نەدا”.

کێ دەهۆڵی شەڕی دەکوتا؟

سەرکردایەتی ئەوکاتی کوردستان، دەستیان لە هەوڵدان بۆ رازی کردنی پەکەکە بەرنەدا. سەرەڕای ئەوەی کە پەکەکە بەردەوام دەهۆڵی شەڕی دەکوتا، بەڵام لە رێکەوتی 27ی ئەیلوولی 1992، مەکتەبی سیاسی پەدەکە و یەنەکە بە حزووری مام جەلال تاڵەبانی کۆبوونەوە و ئەم بڕیارانەیان پەسند کرد:

پارلمان و حکوومەتی کوردستان بە زووترین کات بانگهێشتی سەرجەم حیزبەکانی کوردستان بکات و مەترسیەکانی پەکەکە لەسەر هەرێمی کوردستان ئانالیز بکەن تا بەڵکوو رێگاچارەیەکی ئاشتیانە بدۆزرێتەوە.

نەوشیروان مستەفا ئەرکدار کرا کە سەردانی خواکورک بکات و لەگەڵ سەرکردایەتی پەکەکە کۆببێتەوە و پێیان رابگەیەنێت: رەفتارەکانی ئێوە ئیدی بوونەتە جێگای مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان.

دواتر لەسەر بانگهێشتنی پارلمان و حکوومەتی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لە بارەگای پارلمان ساز کرا کە ئەم لایەنانە تێیدا بەشدار بوون:

لە باشوور: پەدەکە، یەنەکە، حیزبی شێوعی، یەکگرتوو، زەحمەتکێشان و بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری.

لە رۆژهەڵات: حدکا، کۆمەڵە و یەکیەتی شۆڕشگێڕان.

لە باکوور: پەدەکە، یەکبوون، کاوە، ڤەژین و پارتیا رزگاری.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرجەم ئەم لایەنانە پشتگیری خۆیان بۆ هەوڵەکانی پارلمان و حکوومەتی کوردستان دەربڕی و نیگەرانیی خۆیان دەربارەی رەفتارەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان پیشاندا. هاوکات ئەو لایەنانە داوکار بوون کە رێگری لە سەرهەڵدانی شەڕی براکوژی بکرێت. سەرۆک بارزانی لە کتێبەکەی خۆیدا نووسیویەتی: “ئەوە داوکاریی ئێمەش بوو”.

نەوشیروان مستەفا لە بەرانبەر هاتنی عوسمان ئۆجەلاندا کێی وەکوو بارمتە لای پەکەکە دانا؟

لەژێر رۆشنایی کۆبوونەوەکوی ناو پارلمانی کوردستاندا، بڕیار درا کە شاندێک سەردانی پەکەکە بکات. ئەو ئەرکە بە “حدکا” و “کۆمەڵە” ئەسپێردرا.

بارزانی دەڵێت: “بەڵام بەداخەوە پەکەکە حیسابی بۆ هیچکەسێک نەدەکرد. دواتر بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردایەتی پەکەکە هەریەک لە محەممەد پێنجوینی و نەوشیروان مستەفا، سەردانی “مجێسر”ی نزیک “سیدەکان”یان کرد. بڕیار بوو پەکەکەش عوسمان ئۆجەلانی برای عەبدوڵا ئۆجەلان بنێرێتە ئەوێ، بەڵام مەرجی پەکەکە ئەوە بوو کە ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی کوردستان وەکوو بارمتە لەلای پەکەکە بن هەتا ئەوکاتەی کە عوسمان ئۆجەلان دەگەڕێتەوە”.

نەوشیروان مستەفا ئەو داواکاریەی پەکەکەی قبووڵ کرد و هەریەک لە “مام رۆستەم و حامیدی حاجی غالی و شێخ تارق”ی نێردرانە لای پەکەکە و دواتر عوسمان ئۆجەلان بەڕێ کەوت، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە “مجێسر” راوەستا و گەڕایەوە دواوە و کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدرا. هۆکاری گەڕانەوەکەی عوسمان ئۆجەلان نەزانرا بەڵام ئەوەی کە دەزانرا ئەوە بوو کە هەوڵەکانی نەوشیروان مستەفاش هیچ کاریگەرییەکان لەسەر هەڵسوکەوتی پەکەکە دانەنا.

لەگەڵ سەرجەم هەوڵە ئاشتیخوازانەکانی سەرکردایەتی کوردستان لەسەر بابەتی پەکەکە، ئامادەکاریی سەربازییش کرا. ئەو ئامادەکاریەش بۆ ئەوە بوو کە ئەگەر پەکەکە گوێی بە هەوڵە ئاشتیخوازانەکان نەدا ئەوا لە رێگای هێزەوە سنوورێک بۆ ئەو حیزبە دیاری بکرێت. پلانەکەش بەمشێوەیە بوو:

1ـ فەرماندەیی و بەرێوەبردنی میحوەری خواکورک: حەمید ئەفەندی، مستەفا چاوڕەش و مامۆستا بەکر

2ـ فەرماندەیی و بەڕێوەبردنی میحوەری بادینان:  فازڵ میرانی و حەسەن کوێستانی

سەرۆک بارزانی لە کتێبەکەی خۆیدا بەمشێوە باس لە رووداوەکانی پاش هەوڵە ئاشتیخوازانەکان دەکات:

بەداخەوە، کەشوهەوایەکی وەها دروست بوو کە زیاتر بەرەو شەڕ دەڕۆیشت. دۆخەکە وەکوو بەرمیلێک بارووت بوو کە بە کەمترین ئاگر دەتەقیەوە. بەداخەوە لە ناوەڕاستی مانگی “چریا یەکەم”ی ساڵی 1992دا شەڕ روویدا. سەرەتا پێشمەرگەکان هیچ حیسابیان بۆ پەکەکە نەدەکرد و بە چاوێکی کەم سەیریان دەکردن، هەربۆیە زەربەی گەورەیان خوارد. بەڵام دواتر پلانی شەڕ دانران و کۆسرەت رەسوڵ راسپێردرا بۆ ئەوەی سەردانی خواکورک بکات. پاش دوو حەوتوو پەکەکە تێکشکا و رایگەیاند کە ئامادەن تەسلیم ببن.

دواتر رێکەوتن کرا و ئەم بڕیارانە پەسند کران:

1ـ پێویستە پەکەکە خواکورک بەجێ بهێڵێت و لە ناوچەی “زەلێ”ی سنووری ئێراندا بمێننەوە.

2ـ لە ناوچەی بادینانیشدا جگە لەو خاڵانەی کە بۆیان دیاری دەکرێت، نابێت لە هیچ شوێنێکی دیکەدا جێگیر ببن.

یەنەکە چۆناوچۆن ئەو دۆخەی بۆ رەش کردنی پەدەکە قۆستەوە؟

هەتا ئەوکاتەی پەکەکە هەڵوێستی تەسلیم بوونی راگەیاند، رەوشەکە لە بەرژەوەندیی سەرکردایەتی کوردستاندا دەچووەپێش. بەڵام ئەو بڕیارانەی کە دژ بە پەکەکە دەرکران، لەلایەن پەکەکەوە شکێنران و یەنەکەش رێکەوتنەکەی شکاند و بە بڕیارەکان پابەند نەبوو. یەنەکە دەیهەویست واپیشان بدات کە پەدەکە شەڕی پێخۆشە و ئاگری شەڕ خۆش دەکات.

پاش ئەو رووداوانە و لە رێکەوتی 29ی کانوونی یەکەمی ساڵی 1993دا عوسمان ئۆجەلان و سێ کەسی دیکە لە پەکەکە بەناوەکانی “وەیسی، سوعاد و یاسین”، سەردانی سەرۆک بارزانیان کرد. لە کۆبوونەوەکەدا پەشیمانبوونەوەی خۆیان و حیزبەکەیان لە دەستپێکردنی شەڕ دژ بە حکوومەتی کوردستان دەربڕی و هاوکات ئامادەیی خۆشیان بۆ هەرچەشنە هاوئاهانگیەک پیشاندا کە پەدەکە پێی گونجاو بێت. هەریەک لە “فازڵ میرانی، کەریم شنگالی و عزەددین بەرواری” لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادە بوون. لە کۆبوونەوەکەدا بەمشێوەیە وەڵامی پەکەکە درایەوە: “بەرلەوەی باس لە هەرچەشنە هاوئاهەنگییەک بکرێت، پێویستە رەفتارەکانتان بگۆڕن، ئەوسا ئێمە دەتوانین باس لە هاوئاهەنگی و رێککەوتن بکەین”.

بەڵام پاش تێپەڕینی ماوەیەک، پەکەکە دیسان ئیستیفزاز و شەڕفرۆشیی دژ بە خەڵک و حکوومەتی باشووری کوردستان دەستپێکردەوە.

پەکەکە لەوکاتەوە کە هاتۆتە ناو خاکی باشووری کوردستان، یەکەمجار لە رێگای رێژیمی سەددام و دواتریش بە هاوکاریی رێژیمی ئێران، بەردەوام ئاستەنگ و گرفتی بۆ کوردانی ئەو بەشەی نیشتمان دروست کردووە. پەکەکە بۆتە هۆکاری رشتنی خوێنی سەدان پێشمەرگەی کوردستان و خەڵکی سڤیل، بەسەدان کچ و منداڵی رفاندووە و باجی بەسەر گوندنشینەکاندا سەپاندووە، گوندەکانی باشووری کوردستانی کاول و وێران کردووە. ئەو شەڕەی کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 1992دا دەستیپێکرد دوایین شەڕ نەبوو کە بە کوردانی باشوری فرۆشت، شەڕفرۆشیەکانی ئەو حیزبە کە لەئێستادا بۆتە بەشێک لە “میحوەری مقاومەت”ی ئێران، لە دژی کورد و کوردستان هەروا بەردەوامییان هەیە.

Share