نەوەی ئێمە یەک بە یەک کۆچ دەکەن ە دەڕۆن. هەندێک ماڵئاوایی دەکەن و هەندێکی تریش بەبێ ماڵئاوایی و بە بێدەنگی بەجێمان دەهێڵن. ئەو کەسانە، کەسایەتییەکانی ئێمە، هەڤاڵ و هاوڕێ و ئۆگران و ڕێبەرانی ئێمە بوون. لە ناو ژیانێکی پڕ لە ئاڵۆزیدا، زۆر شتیان بینیبوو و ئەزموونیان کردبوو، کەوتبوون و هەستابوونەوە، بەرخۆدانیان کرد و تێکۆشان بۆ ئەوەی لە خەباتی ئازادیی گەلەکەیاندا، بەردێکیان لەسەر بەردێک دانابێت.
کەواتە ئاوات و هیوا و داواکاریم بۆ هەموومان ئەوەیە کە هەموو کەسێک ئەزموونەکانی خۆی و ڕابردووی خۆی و بیرەوەرییەکانی خۆی بنووسێتەوە. ئەو نووسینە دەبێتە مێژوو بۆ گەلەکەمان. ئەم نووسینە دەبێتە مەعریفە بۆ نەوەی داهاتوو. ئەم نووسینە دەبێتە مۆم و وردە وردە ئەو تاریکییە ڕووناک دەکاتەوە کە ئێستا تێیدا دەژین. لە ڕێگەی ئەم نووسینەوە ئێمە و نەوەی داهاتوو پێکەوە فێر دەبین کە خەباتی گەل بۆ ئازادی چۆن بەڕێوەچووە و لەسەر چ بنەمایەک دەستی پێکردبوو.
من باوەڕم وایە کە نەوەی نوێ هەرگیز ئێمە ناناسێتەوە. چونکە کاتێک پەکەکە شەڕێکی دەستپێکرد کە لە بەرژەوەندی گەلدا نەبوو، دەیانویست نەوەی ئێمە و نەوەی پێش ئێمە، وەک ترسنۆک و بەزیو نیشان بدەن و پیشانیشیان دا. بەڵام ڕاستییەکەی بەوشێوەیە نییە.
چەندین قارەمان و مرۆڤی ئازا و ڕێبەر و سەرۆک لەناو نەوەی ئێمەدا سەریان هەڵداوە، هەندێکیان لە رێگای بەرخۆدان و خەبات و تیکۆشاندا گیانیان بەخت کرد و شەهید بوون، هەندێکی دیکەش هێشتا لە خەبات و بەرخۆدان بەردەوامن. هەندێکیش بێدەنگ بوون و لە ماڵەوە دانیشتوون، بەڵام هەمیشە دڵیان بۆ کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ لێدەدات. ئەوان درێغی ناکەن و هەر ئەرک و کار و بەرپرسیارێتییەک کە بکەوێتە سەر شانیان، ئامادەن ئەنجامی بدەن.
لەبەر ئەوەی کە بە دەستپێکردنی ئەو شەڕەی پەکەکە، کەوا لە بەرژەوەندیی گەلدا نەبوو، هەموو ئەو فەزیلەت و چاکە و جوانیانەی کە هەبوون لەناوی برد. لەناوی برد بۆ ئەوەی کە نەوەی نوێ ئەوان و دیرۆکەکەیان نەناسێت. ئەمەش سەرلێشێواوی و تێنەگەیشتن لە کۆمەڵگەی خۆی بەدوادا هات. زۆربەی ئەو گەنجانەی لەگەڵ پەکەکە گەورە بوون، مێژووی گەلەکەیان ناناسن و نایزانن. هیچ زانیارییەکایان لە سەر خەبات و بەرخۆدانی باوک و مامی و خاڵ و پوور و کاک و ئامۆزا و باپیرە گەورەکانیان نیە.
بەمەش پەکەکە نەوەیەکی نوێی بە پێی پێوەرەکانی خۆی خوڵقاند و ئەم نەوەیەش نایهەوێت ئێمە بناسێت و تەنانەت دەرفەتی ئەوەشمان پێنادەن کە ئێمە خۆمانیان پێ بناسێنین. جگە لە دوو ڕستە، هیچ قسەیەکی دیکەیان پی نییە. “بۆچی ڕاتکرد، وەرەوە وڵاتەکەت؟ گەلەکەت بەجێهێشت و ڕاتکرد و ئێستاش لە ئەوروپادا بەدوای خۆشگوزەرانیی خۆتەوەیت”.
بەڵێ، بەڵام ڕاستییەکەی بەوشێوەیە نییە. بۆ ئەوەی کە تۆ ئەو ڕاستییە بێنیتە زمان و گەلی لێتێبگەیەنیت، دەبێ ئەو نەوەیەی کە پەکەکە خوڵقندوویەتی، نەمێنێ و ئەمەش ساڵانێکی زۆری دەوێت.
هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە من دەڵێم زۆر گرنگە ئەو تاک و کەسایەتیانەی نەوەی ئێمە دەبێ هەریەکەیان ئەزموونی خۆیان و مێژووی خەباتی بەرخۆدان و کارەکانیان بنووسنەوە. هەوڵ بدەن کە لە ڕێگای ئەو نووسینانەوە، هەندێک هەڵە ڕاست بکەنەوە.