مێژوو، بیرەوەری و پەکەکە

مێژوو، بیرەوەری و پەکەکە

خراپترین کار کە پەکەکە کردوویەتی ئەوەیە کە دوو نەوەی لە یەکتر دابڕیوە و وایکردووە ئامادەنەبن لە ئەزموونەکانی یەکتر فێر ببن.

✍️ بووبێ ئەسەر

هەموو نەتەوەیەک، هەموو گەلێک و هەموو پێکهاتەیەک لە سەر بنچکی خۆی دەڕوێت و گەشە دەکات. دەناسرێن و دەزانرێت کە لە کوێوە هاتوون و تا ئێستا چییان کردووە و بەرەو کوێ دەڕۆن. بۆیە هیچ میللەتێک نییە کە مێژووی نەبێت و  مێژوو، ڕابردووی گەلانە. هەر لەبەر ئەمەشە کاتێک نەتەوەیەک یان گەلێک، مێژووی خۆی نەناسێت، ئەو نەتەوە یان گەلە بە ئاسانی لەناو دەچێت، وەک دۆخی ئێستای باکووری کوردستان.

هەر بۆیە کورد بەو شێوەیەی کە دەیهەوێ، سەرکەوتوو نەبووە. چونکە گەلی کورد مێژووی خۆی نازانێت، نایخوێننەوە و هەندێک تەنانەت ناشیانهەوێت کە بیزانن و فێری ببن. بەڵام بێگومان هەندێکیش هەن کە مێژووی خۆیان دەزانن و لێی دەکۆڵنەوە، بەڵام ئەو کەسانە زۆر نین.

ئەگەر مرۆڤێک فێری مێژووی خۆی نەبێت، ئەوا لە داهاتوودا هەمان هەڵەکان دووبارە دەکاتەوە. هەر لەبەر ئەمەشە مێژوو گرنگە و پێویستە هەرکەسێک بە باشی فێری مێژووی خۆی و میللەتەکەی بێت. لە ڕێگەی ئەم فێربوونەوە، زۆر شت دەزانن و لەسەر بنەمای ئەم زانیاریانەش، کەمتر هەڵە دەکەن.

مرۆڤەکان لە ڕێگەی خوێندنەوەی مێژووەوە زانیاری لەسەر قارەمانەکانی گەلەکەیان و ئەو ڕێبەر و سەرکردانە دەناسن کە لە پێناو گەلەکەیاندا خەباتیان کردووە. بەم زانیارییە مرۆڤەکان لە ڕابردووی خۆیان دەرس وەردەگرن و فێر دەبن. هەروەها بە پێچەوانەشەوە، خۆفرۆشانی گەل، خیانەتکاران و سیخوڕانی ناو گەلیش دەناسرێنەوە. بۆیە زۆر گرنگە مرۆڤەکان بە باشی مێژووی خۆیان بزانن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دروست پەیکەری ئازادیی گەلەکەیان بنیات بنێن.

ئەوەی کە پەکەکە لێی دەترسێت، ڕێک ئەمەیە. هەر بۆیە نایهەوێت و ناهێڵێت کورد مێژووی خۆی بناسێت. پەکەکە مێژووی کوردەکانی باکووری کوردستان بەو شێوەیە بە خەڵکەکە دەناسێنێت کە لەوانەوە دەستی پێکردووە. بە واتایەکی تر نەوەیەکیان پەروەردە کردووە کە ئەمڕۆکە هیچ ئاگاییەک و زانیارییەکی لە مێژووی خۆی و گەلەکەی نیە.

لێرەوە هەڵە گەورەکە دەست پێدەکات و لەسەر بنەمای ئەم هەڵەیە ڕۆژبەڕۆژ هەڵەی زیاتر و زیاتر دەکرێت. مرۆڤ بۆ ئەوەی کە مێژووی خۆی، خەباتی گەلەکەی لە ڕابردوودا و بەسەرهاتەکانی خۆی و گەلەکەی بە باشی فێر ببێت، پێویستە هەموو کەس بینووسنەوە.

هەر بۆیە من زۆر جار وتوومە و ئێستاش دووبارەی دەکەمەوە کە نەوەی ئێمە (1960-1980) دەبێ بنووسن و خەڵک تێبگەیەنن کەوا چۆناوچۆن خەباتیان بۆ ئازادی گەلەکەیان کردووە، لەو خەبات و تێکۆشانەدا ڕووبەڕووی چ ئاستەنگ و تەحەددایەک بوونەتەوە، دەبی ئەوانە بنووسن بۆ ئەوەی نەوەی داهاتوو هەمان ئەو هەڵانەی ئێمە دووبارە نەکاتەوە.

خراپترین کار کە پەکەکە کردوویەتی چییە؟ ئەمەیە کە دوو نەوەی لە یەکتری جیاکردۆتەوە و لێکتری نامۆ کردوون و وایکردووە ئامادەنەبن لە ڕابردوو، یان ئەزموونەکانی یەکتر فێر ببن. کاتێک ئەم فێربوونە، نەبێت. نەوەی داهاتوو لە بیرەوەری و ڕابردووی ئەوانەی پێش خۆیان، هیچ فێر نابن. ئەمە چی بەدوای خۆیدا دەهێنێت؟

ئەمەش مەترسییەکی گەورە دروست دەکات کە کۆمەڵگە لە ڕەگ و ڕیشە و بنچکی خۆی دادەبڕێت، واتە بنەچەی خۆی نەناسێتەوە. وەک ئەوەی کە ئێستا هەموو شتێک لەلایەن “پارتی دەم” (DEM)ـەوە ئەنجام دەدرێت و کەس نازانێت کە لە پشت پەردەوە چی ڕوودەدات.

ئەمەیە کە پەکەکە لەماوەی ئەم 30-40 ساڵەدا کردوویەتی و دەیکات. بۆیە پێویستە هەر کوردێکی نەوەی ئێمە (1960-1980)، دەست بدەنە قەڵەم یان لەبەردەم کۆمپیوتەرەکانیان دابنیشن و دەست بە نووسینی بیرەوەری و ئەزموونەکانی خۆیان بکەن. بنووسە چۆن و بە چ شێوەیەک لە سەردەمی خۆیاندا بۆ گەلەکەیان خەباتیان کردووە. بنووسن، چوونکە لە ئیستادا هەندێک کەس نایانهەوێت ئەو مێژووە بناسرێت. بنووسن بۆ ئەوەی ڕاستییەکانی ئێمە، ڕەنج و ماندووبوون و خزمەتەکانی ئێمە، واتە نەسڵی ئێمە بزانرێت.

نەوەی ئێمە یەک بە یەک کۆچ دەکەن ە دەڕۆن. هەندێک ماڵئاوایی دەکەن و هەندێکی تریش بەبێ ماڵئاوایی و بە بێدەنگی بەجێمان دەهێڵن. ئەو کەسانە، کەسایەتییەکانی ئێمە، هەڤاڵ و هاوڕێ و ئۆگران و ڕێبەرانی ئێمە بوون. لە ناو ژیانێکی پڕ لە ئاڵۆزیدا، زۆر شتیان بینیبوو و ئەزموونیان کردبوو، کەوتبوون و هەستابوونەوە، بەرخۆدانیان کرد و تێکۆشان بۆ ئەوەی لە خەباتی ئازادیی گەلەکەیاندا، بەردێکیان لەسەر بەردێک دانابێت.

کەواتە ئاوات و هیوا و داواکاریم بۆ هەموومان ئەوەیە کە هەموو کەسێک ئەزموونەکانی خۆی و ڕابردووی خۆی و بیرەوەرییەکانی خۆی بنووسێتەوە. ئەو نووسینە دەبێتە مێژوو بۆ گەلەکەمان. ئەم نووسینە دەبێتە مەعریفە بۆ نەوەی داهاتوو. ئەم نووسینە دەبێتە مۆم و وردە وردە ئەو تاریکییە ڕووناک دەکاتەوە کە ئێستا تێیدا دەژین. لە ڕێگەی ئەم نووسینەوە ئێمە و نەوەی داهاتوو پێکەوە فێر دەبین کە خەباتی گەل بۆ ئازادی چۆن بەڕێوەچووە و لەسەر چ بنەمایەک دەستی پێکردبوو.

من باوەڕم وایە کە نەوەی نوێ هەرگیز ئێمە ناناسێتەوە. چونکە کاتێک پەکەکە شەڕێکی دەستپێکرد کە لە بەرژەوەندی گەلدا نەبوو، دەیانویست نەوەی ئێمە و نەوەی پێش ئێمە، وەک ترسنۆک و بەزیو نیشان بدەن و پیشانیشیان دا. بەڵام ڕاستییەکەی بەوشێوەیە نییە.

چەندین قارەمان و مرۆڤی ئازا و ڕێبەر و سەرۆک لەناو نەوەی ئێمەدا سەریان هەڵداوە، هەندێکیان لە رێگای بەرخۆدان و خەبات و تیکۆشاندا گیانیان بەخت کرد و شەهید بوون، هەندێکی دیکەش هێشتا لە خەبات و بەرخۆدان بەردەوامن. هەندێکیش بێدەنگ بوون و لە ماڵەوە دانیشتوون، بەڵام هەمیشە دڵیان بۆ کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ لێدەدات. ئەوان درێغی ناکەن و هەر ئەرک و کار و بەرپرسیارێتییەک کە بکەوێتە سەر شانیان، ئامادەن ئەنجامی بدەن.

لەبەر ئەوەی کە بە دەستپێکردنی ئەو شەڕەی پەکەکە، کەوا لە بەرژەوەندیی گەلدا نەبوو، هەموو ئەو فەزیلەت و چاکە و جوانیانەی کە هەبوون لەناوی برد. لەناوی برد بۆ ئەوەی کە نەوەی نوێ ئەوان و دیرۆکەکەیان نەناسێت. ئەمەش سەرلێشێواوی و تێنەگەیشتن لە کۆمەڵگەی خۆی بەدوادا هات. زۆربەی ئەو گەنجانەی لەگەڵ پەکەکە گەورە بوون، مێژووی گەلەکەیان ناناسن و نایزانن. هیچ زانیارییەکایان لە سەر خەبات و بەرخۆدانی باوک و مامی و خاڵ و پوور و کاک و ئامۆزا و باپیرە گەورەکانیان نیە.

بەمەش پەکەکە نەوەیەکی نوێی بە پێی پێوەرەکانی خۆی خوڵقاند و ئەم نەوەیەش نایهەوێت ئێمە بناسێت و تەنانەت دەرفەتی ئەوەشمان پێنادەن کە ئێمە خۆمانیان پێ بناسێنین. جگە لە دوو ڕستە، هیچ قسەیەکی دیکەیان پی نییە. “بۆچی ڕاتکرد، وەرەوە وڵاتەکەت؟ گەلەکەت بەجێهێشت و ڕاتکرد و ئێستاش لە ئەوروپادا بەدوای خۆشگوزەرانیی خۆتەوەیت”.

بەڵێ، بەڵام ڕاستییەکەی بەوشێوەیە نییە. بۆ ئەوەی کە تۆ ئەو ڕاستییە بێنیتە زمان و گەلی لێتێبگەیەنیت، دەبێ ئەو نەوەیەی کە پەکەکە خوڵقندوویەتی، نەمێنێ و ئەمەش ساڵانێکی زۆری دەوێت.

هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە من دەڵێم زۆر گرنگە ئەو تاک و کەسایەتیانەی نەوەی ئێمە دەبێ هەریەکەیان ئەزموونی خۆیان و مێژووی خەباتی بەرخۆدان و کارەکانیان بنووسنەوە. هەوڵ بدەن کە لە ڕێگای ئەو نووسینانەوە، هەندێک هەڵە ڕاست بکەنەوە.

پوستێن ھەمان بەش