گەڕانی مەم ئارارات بۆ دادپەروەری و ئەو شتانەی کە نازانرێن

مەم ئارارات دەنگێکی خۆشە لە مۆسیقای کوردیدا و لەلای جیلی نوێ لایەنگری زۆرە. ئێمە زیاتر ئەو بە گۆرانییەکەی لەسەر جەمیلا دەناسین کە لە کاتی شەڕی خەندەقەکاندا لە سەلاجەیەکدا شاردرابۆوە، بە گۆرانییەکانی سەبارەت بە خۆشەویستی و منداڵ و مێرمنداڵی برسی، باشتر دەناسین. بەڵام لەم دواییانەدا بە لێدوانێک کە بڵاویکردەوە، بوو بە ڕۆژەڤی هەموو کورد. مەم گوتی: “من غوڵامی باوکی کەس نیم” و ڕایگەیاند کە مافەکانی خۆی دەوێت.

هەندێک ئەم قسانەیان وەک ئەوە وێنا کردووە کە تەنیا بۆ “پارە” گوتراون. بەڵام کێشەکە لە سەر پارە نییە؛ بەڵکوو پەیوەندیی بە هەوڵدانی پەکەکەوە هەیە بۆ ڕێگریکردن لە هەموو ئەو هێزانەی کە لە دەرەوەی سیستەمەکەی ئەو گەشە دەکەن و دیکتاتۆریەت بەسەر هونەردا زاڵ دەکەن.

پەکەکە مافیایەکی گەورەی لە ئەورووپا و باکووری کوردستان دروست کردووە، نەک تەنها لە بوارەکانی مۆسیقا و شانۆ و فیلمدا، بەڵکو لە زۆرێک لە سەندیکا و ڕێکخراوە پیشەییەکانیشدا، مشەخۆرییەکی گەورە بەڕێوە دەبات.

یەکێک لەو گرووپانەی کە لەپێناو ئەم دەستبەسەرداگرتنەدا کار دەکات، “کۆم میوزیک”ـە. ئەم گرووپە کە لە ساڵی 1997 لە لایەن پەکەکەوە دامەزراوە و هەوڵدەدات کە باڵادەستی ڕەها بەسەر هونەرمەندان چ لە ئەورووپا و چ لە باکووری کوردستان، بنیات بنێت. کۆم میوزیک دەست بەسەر بەرهەمی زۆرێک لە هونەرمەنداندا دەگرێت، ڕێگری لەو کۆنسێرتانە دەکات کە بە ڕێگاپێدانی شارەوانی ڕێکدەخرێن و بە ئاشکرا ئەو کەسانە وەک “دوژمنی بەهاکان و شەهیدان” ڕادەگەیەنێت، بەمەش ڕێگری لە ئافراندنی بەرهەمی هونەری دەکات. پەکەکە، هاوشێوەی سیاسەت، لە بواری چاند و هونەریشدا، وەکوو سیستەمی بەعس، باڵادەستی حیزبیی خۆی دەسەپێنێت.

لە ڕاستیدا مەم ئارارات تاکە کەس نییە کە لەم دەستبەسەرداگرتنەی پەکەکە عاسێ ماوە، هەرکەسێک کە ملکەجی فەرمانەکانی کۆم میوزیک نەبێت و بە شێوەیەکی سەربەخۆ مۆسیقا بەرهەم بهێنێت، وەک دوژمنی کۆم میوزیک ڕادەگەیەنرێت. بەڵام مەم ئارارات بوێرانە مامەڵەی کردووە و دەنگی خۆی بەرز کردۆتەوە.

مەم ئارارات بتێکی شکاند، بەڵام شکاندنی بتێک کارێکی زۆر مەترسیدارە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە هەندێکیان لە ترسی دەرئەنجامە نەرێنییەکان، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتگیریان لە مەم ئارارات کرد، هەندێکی دیکەش بە ئاشکرا دوژمنایەتی خۆی لە هەمبەر مەم نیشاندا.

یەکێک لەو کەسانەی بەشداری دۆزی مەم ئارارات بوو، شڤان پەروەرە. شڤان مافخوازیی مەم ئاراراتی لە دژی یەکدەستداری وەک کێشەی پارە پێناسە کرد و پشتیوانیی لە دامودەزگاکانی پەکەکە کرد. بەڵام بۆخۆی لەسەر مافی بەرهەمە هونەرییەکانی، دوژمنایەتییەکی توندی لەگەڵ پەکەکەدا هەبوو. ئەندامانی پەکەکە لەسەر شانۆ پەلاماریان دا، تەمبوورەکەیان شکاند و پێیان گوت شوان پارە ـ وەر. دواتر خێرخوازێک مافی گۆرانیەکانی کڕی و بە دیاری پێیبەخشی. ئاینوور دۆغان لە کۆنسێرتێکدا گۆرانییەکەی وتووە، شیڤانیش دوژمنایەتی خۆی بەرامبەر بەو نیشاندا. بەڵام ئێستا، ڕابردووی خۆی لەبیر کردووە و لە هەمبەر هونەرمەندێکی کورد کە داوای مافی خۆی دەکات، لە پاڵ هێرشبەرانی پەکەکەدا جێگە دەگرێت.

لێدوانەکەی مەم ئارارات، “من غوڵامی بابی کەس نیم”، کردەوەیەکی شۆڕشگێڕانەیە لە دژی سیاسەتی “تەسلیمبوونی زۆرەملێ”ی پەکەکەدا. پێویستە هونەرمەندان، ئەکتەرەکانی شانۆ و شانۆنامەنووسان، پزیشکان، نووسەران و مرۆڤە خاوەن ویژدانەکانی کورد لەدژی ئەم سیاسەتی تەسلیمبوونی زۆرەملێ و سیاسەتی هونەرمەندبوونی پارتیزانی، ڕابوەستن.

Share