حەسەکە.. 1411 مامۆستا کە بەهۆی هەڵوێستە سیاسییەکانیانەوە دوورخرابوونەوە، دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان

ئەم هەنگاوە بە هەماهەنگییەکی نزیک لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و پارێزگاری حەسەکە، گیراوەتەبەر.
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و فێرکردنی حەسەکە بڕیارێکی گرینگی بڵاوکردەوە کە کاریگەریی لەسەر سیستەمی خوێندنی پارێزگاکە دەبێت. بەو بڕیارە نوێیە، 1411 مامۆستا کە لە ماوەی پێشوودا بەهۆی بۆچوون و هەڵوێستە سیاسییەکانیانەوە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، جارێکی دیکە مافی گەڕانەوەیان بۆ پیشەکەیان بەدەستهێناوە.
ئەم هەنگاوە بە هەماهەنگییەکی نزیک لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی حەسەکە و نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە، بۆ ئاساییکردنەوەی بواری پەروەردە گیراوەتەبەر. لەئەنجامی ئەم هەماهەنگییە لیژنە پسپۆرەکان ڕێککەوتن و گرێبەستی فەرمی نوێیان لەگەڵ ئەو مامۆستایانە واژۆ کرد.
د.عەدنان بەری، بەڕێوەبەری پەروەردەی حەسەکە، لەبارەی وردەکاری ئەم بڕیارەقە لێدوانێکی دا و ڕایگەیاند، لیژنەی تایبەت و یاساییان بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەبارەی داواکارییەکانی مامۆستایانی لەکاردەرکراو دامەزراندووە. دکتۆر بەری ئاماژەی بەوەدا کە ئەو لیژنانە بە وردی و بە پێی پێوەرە یاساییەکان لێکۆڵینەویان لە فایلەکانی سەرجەم ئەو مامۆستایانەی پەروەردە کردووە کە بە هۆکاری ئایدیۆلۆژی و سیاسی لە پیشەکەیان دوورخراونەتەوە.
دوای هەڵسەنگاندنی فایلەکان و پشتڕاستکردنەوەی مەرجە یاساییەکان، بڕیاری کۆتایی درا و پڕۆسەی واژۆکردنی گرێبەستی نوێ لەگەڵ 1411 مامۆستا بە سەرکەوتوویی تەواو بوو. ئەم ستافە وانەبێژانە بەم نزیکانە وانەوتنەوە بە خوێندکاران لە قوتابخانەکانی پارێزگاکە دەستپێدەکەن.
شایانی بیرهێنانەوەیە کە لە ساڵانی ڕابردوو و لە سەردەمی دەسەڵاتی ڕژێمی دیمەشقدا، سەدان مامۆستا و فەرمانبەر لە پارێزگای حەسەکە تەنیا بە هۆی داخوازی ئازادی، بۆچوونی ئۆپۆزسیۆن یان هەڵوێستی نەتەوەیی، لە کارەکانیان دوورخرانەوە و لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەش کران.