لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەو قۆناخەی کە لە ساڵی 2011دا لەگەڵ بەهاری عەرەبی دەستیپێکرد، لە 29ی شوباتی 2026دا بە واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان سووریا و هەسەدە کۆتاییهات.
لە ڕێککەوتنی 29ی شوباتدا، هەموو سەرچاوە ژێرزەوینی و سەرزەوییەکان، پێکهاتە ئیداری- سەربازییەکان و دامەزراوە فەرمییەکانی ڕۆژئاڤا ڕادەستی ڕێژیمی سووریا کران. تەنیا شتێک کە ڕادەست نەکرا، دەسەڵاتی کادیران بوو، کە پەکەکە لە دوای خۆی بەجێیهێشتوە.
لەگەڵ بەهاری عەرەبیدا، پەکەکە ئەو کادیرانەی کە ساڵانێک بوو لە قەندیل و ئۆردوگای مەخموور و ناوچەکانی تری باشوور کۆی کردبوونەوە، ڕەوانەی ڕۆژئاڤای کردن. ئەم کادیرانە لە ڕۆژئاڤا دەستیان بەسەر هەموو دامودەزگاکانی وەک هەسەدە، پەیەدە، تەڤدەم و دامەزراوە نافەرمییەکانی وەک دارایی و ئیستیخباراتیدا گرت. ئەو کادیرانەی کە وەک ویترین پیشانی گەل درابوون، تاکە دەسەڵاتی ڕاستەقینەی بڕیاردان و جێبەجێکار بوون.
ناوە بەناوبانگەکانی وەک مەزڵووم عەبدی، ئیلهام ئیحمەد-ڕۆناهی عەفرین، فەوزە یوسف-زاخۆ زاگرۆس، ئاسیا عەبدوڵڵا-دیلان دێرک، سیپان حەمۆ-دەروەش عەفرین، حەسن کۆچەر، ئاڵدار خەلیل، ڕۆژهەڵات عەفرین، ئامینە ئۆسێ-مزگین دێرک، نەورۆز ئەحمەد، حەسن محەممەد، عەلی زوهات کۆبانێ، شەرڤین دێرک-هەدیا یووسف، پەروین یووسف، بەدران چیا کورد، تەنیا بەشێک لەو کادیرانەن.
لە ژێر ئەمانەشدا، هەتا ئاستی ڕێکخستنی تاخان، سیستەمێک دامەزرا کە لەلایەن کادیرەکانەوە بەڕێوەدەبرا.
لە شوێنگەلێکی وەک ڤێلا لوکسەکان و هۆتێل و هتد… کە لە ڕژێمی ئەسەد بەجێ مابوون، ژیانێکی لوکسیان بۆ خۆیان و بە جیا لە گەل دامەزراند.
لەگەڵ ڕێککەوتنی 29ی شوبات، ئەو سیستەمەی کە پشتی بە دەسەڵاتی کادیرەکان بەستبوو، هەڵوەشایەوە. گەڵ کە پێشتر بە بڕینی خۆراک و دەرکردن لە دامەزراوەکان و هێزی چەک دەترسێندران، ئێستا ئیدی ڕەخنە لە کادیرەکان دەگرن و ئەوانیان ناوێت. شەڕڤانە جەوانەکانی هەسەدە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. ئەوانەی لە دامەزراوەکاندا کاریان دەکرد، بە بیانووی جۆراوجۆر واز دەهێنن و دەڕۆن. جووڵەی پارە وەکوو پێشتر نەماوە. ژیانی لوکس، پارە، شۆفێر، ئۆتۆمبێل و گەشت بۆ دەرەوەی وڵات و بودجەی تایبەت ڕۆژبەڕۆژ کەم دەبنەوە.
لە ڕۆژئاڤا هەموو شتێک ڕادەست کراوە، بەڵام کادیرەکان نایانەوێت دەسەڵاتی خۆیان ڕادەست بکەن.
کادیرەکان ئەو خانوو، زەوی و موڵکانەی لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا بەدەستیان هێناوە بەناوی خۆیانەوە تاپۆی دەکەن. لەسەر ئەوەی کە تاپۆکان بەناوی کێیەوە بکەن، ململانێیەکی گەورە لەئارادایە.
دوای ئەوەی سیپان حەمۆ وەک بریکاری وەزیر لە سووریا دەستبەکاربوو، بەتایبەتی لەنێو کادیرە پیاوە بەتەمەنەکاندا ململانێ لەسەر ئەوە هەیە کە “کێ پۆستی فەرمی بەدەست دەهێنێت”.
لە لایەکی ترەوە کادیرەکان دەزانن ئەگەر دەسەڵاتیان بەسەر خەڵکدا بەتەواوەتی لەدەست بدەن، ئەوکات بەشیوەی تاکیش ناتوانن خۆیان بپارێزن. هەر بۆیە دەیانەوێت دەسەڵاتەکەیان بەسەر خەڵکدا سەرلەنوێ دابمەزرێننەوە.
هەربۆیە لە لایەکەوە هێشتا هەڕەشە لە خەڵک دەکەن و لە لایەکی ترەوە بۆ ئەوەی ڕای گشتی ئامادە بکەن، بەڵێنی وەک “ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی ئێوە ببنە فەرمانبەری فەرمیی دەوڵەت و هتد…” بە خەڵک دەدەن.
بۆ ڕاگرتنی جەماوەر، هەوڵ دەدەن کە ڕۆژەڤ چەواشە بکەن. کاتێک چەکیان بەدەستەوە بوو نەیانکرد، بەڵام ئێستا بەخەڵک دەڵێن “لەپێناو مافەکانی کورد وەک زمانی کوردی، کۆتا، یەپەژە و هتد..دا خەبات دەکەن”.
لە لایەکەوە بەشداریی لە هەڵبژاردندا ناکەن و ئەنەکەسە وەک دوژمن ڕادەگەیەنن، چونکە لە هەڵبژاردندا بەشداریی کردووە؛ لە لایەکی ترەوە کار بۆ ئەوە دەکەن کە ببنە فەرمانبەری فەرمیی دەوڵەت.
ئەو هەڵانەی کە بۆ 15 ساڵ لە ڕۆژئاڤادا کران، کوردیان ناچار بە قبووڵکردنی ڕێککەوتنی 29ی شوبات کرد. بەرپرسی سەرەکیی ئەوەش، پەکەکە و کادیرەکانی پەکەکەن لە ڕۆژئاڤادا. بە هۆی ئەم شکستەوە کە ڕوویداوە، تاقە یەک کادیری پەکەکە دەستی لەکار نەکێشاوەتەوە و یەک کادیری پەکەکەش ڕەخنەی لە خۆی نەگرتووە. هەنووکەش وەک ئەوەی سەرکەوتنێکیان بەدەست هێنابێت، هەوڵ دەدەن ڕۆژەڤەکە چەواشە بکەن.
دەسەڵاتی کادیرەکان لە ڕۆژئاڤا لەناو دەچێت، هەروەک چۆن پرۆسەی 15 ساڵی ڕابردوو لەناوچوو. لە ئێستا بەولاوەش هەتا بەمشێوەیە درێژەی هەبێت، بەرەو لەناوچوون دەڕوات.