دیار دێرسیم و هۆزان دینۆ لە نێوان سیمبولی نەتەوەیی و دەنگی نیشتمانپەروەریدا

دیار دێرسیم و هۆزان دینۆ لە نێوان سیمبولی نەتەوەیی و دەنگی نیشتمانپەروەریدا

دیار دێرسیم پێویستە لەوە تێبگات کە هیچ ئایدۆلۆژیایەک لە ئاڵای کوردستان و یەکیەتیی نەتەوەیی کورد بەرزتر و پیرۆزتر نییە.

هونەر و مۆسیقای کوردی هەرگیز تەنها بۆ خۆشی و بەسەربردنی کات نەبووە. بەڵکوو هەمیشە مەیدانێک بووە بۆ پاراستنی زمان و شوناس و بەها نەتەوەییەکان. هونەرمەندانی کورد، لەا کاتەی کە کورد لە هەموو مافە سەرەتاییەکانی بێبەش کراون، وەک باڵیۆز لە پێناو دۆزی گەلەکەیاندا ڕاپەڕیون. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا هەڵوێستی بەشێک لە هونەرمەندان مشتومڕی قووڵ و ڕەخنەی توندی بیروڕای گشتیی بەدوای خۆیدا هێناوە. یەکێک لەو مشتومڕانە لەسەر هەڵوێستی دیار دێرسیمە سەبارەت بە ئاڵای کوردستان و لە لایەکی دیکەشەوە هەڵوێستی شەرەفمەندانە و ڕوونی “هۆزان دینۆ”یە.

گەورەترین ڕەخنە کە ئەمڕۆ ئاڕاستەی دیار دێرسیم دەکرێت، هەڵوێستی بەرامبەر بە هێما نەتەوەییەکان و بەتایبەتی “ئاڵای ڕەنگینی کوردستان”ـە. بۆ زۆرێک لە کوردەکان ئاڵا تەنیا پارچە قوماشێک نییە؛ بەڵکوو شوناس و ناسنامە و شەرەف و کەرامەت و خوێنی شەهیدان و ئیرادەی سیاسی هەر چوار پارچەی کوردستانە. لە زۆر چالاکی و کۆنسێرت و بەرنامەدا، بەرزنەکردنەوەی ئاڵای کوردستان یان دوورکەوتنەوە لە سێبەری ئاڵای ڕەنگین کوردستان لەلایەن دیار دێرسیمەوە، برینێکی قووڵ لە هۆشمەندیی نەتەوەیی گوێگرانیدا دروست دەکات. هونەرمەندێک کە ساڵانێکە گۆرانی شۆڕشگێڕانە و نەتەوەیی گوتووە، کاتێک باس لە بەرگریکردن لە پیرۆزترین ڕەمزی گەلەکەی دەکرێت، ناتوانێ لە ژێر کاریگەریی سیاسەتی تەسکی ئیدئۆلۆژیکی یان حزبایەتیدا بێت. ئەم هەڵوێستە تەنها کەمکردنەوەی بەهای ئاڵایەکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو بێحورمەتی کردنە بە یادی ئەو هەزاران جەنگاوەرە کە لەژێر ئەو ئاڵایەدا و لەپێناو ئەو ئاڵایەدا گیانی خۆیان بەخت کردووە.

کاتێک هەڵوێستی دیار دێرسیم بەرامبەر بە ئاڵای ڕەنگینی کوردستان لەبەرچاو دەگرین، ئەمە ناتوانرێت تەنها بە “هەڵوێستی تاکەکەسی هونەرمەندێک” هەژمار بکرێت. ئەم هەڵوێستە دەرئەنجام و بەرهەمی ڕاستەوخۆی ئەو هێڵە ئیدئۆلۆژیکەیە کەوا لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە دامەزراندووە. مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لەم لادان و دوورکەوتنەوەیە لە سیمبولە نەتەوەییەکان، پێویستە سەیری پارادایمی بڵاوکراوە و بیرۆکەکانی ئەو تەڤگەرە بکات.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بەتایبەتی دوای ساڵانی 1990 و بە تیۆری “نەتەوەی دیموکراتیک”، ڕەخنەی لە چەمکی نەتەوەپەروەریی کلاسیکی کوردی (کوردپەروەری) گرت و بە “دواکەوتوویی فیۆداڵی یانیش بۆرژوازی” ناوی برد. ئەم ئایدۆلۆژیایە لە ژێر پەردەی ئانتی ـ ناسیۆنالیزمدا وردە وردە دژایەتی داواکارییە بنەڕەتییەکانی سەربەخۆیی و دەوڵەتداریی بۆ کوردستان دەکرد. لەبری دەوڵەتێکی سەربەخۆ، پڕۆژەی وەک “کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک” و “پێکەوەژیان لەگەڵ گەلانی باڵادەست” پەرەی پێدرا. ئەم ڕێبازە لەلایەن زۆرێک لە ڕۆشنبیران و ڕەخنەگرانی کوردەوە بە “ئایدۆلۆژیایەک کە وزە و شۆڕشی کورد لە ناو سنووری دەوڵەتانی مەوجوودا دەتوێنێتەوە”، وەک هەڵوێست و هەوڵێکی “دژە کورد” یان “دژە نەتەوەیی” پێناسە دەکرێت.

دیار دێرسیم، وەک کەسایەتییەک کە لەناو ئەم ماشێنە ئایدیۆلۆژییەدا گەورە بووە، هونەر و هەڵوێستی خۆی بە پێی ئەو هێڵانە بنیات ناوە. هۆکاری ئەوەی کە دیار و هونەرمەندانی وەک ئەو لە سەر شانۆ و لە بۆنە و چالاکییەکاندا ئاڵای ڕەنگینی کوردستان بەکارناهێنن، لەبەر مۆزیکڤانی نییە؛ بەڵکوو بەهۆی داخوازی ئیدئۆلۆژیکی پەکەکەیە. بۆ ئەم ئایدۆلۆژیایە، ئاڵای ڕەنگینی کوردستان، تەنیا هێمای هەرێمی کوردستان (باشوور) یان هێمایەکی “نەتەوەپەروەریی کلاسیک”ـە کە بە پێی دیدگای سیاسی ئەوانەوە قبووڵکراو نییە. بەڵام ئەم ڕێبازە هەڵەیەکی مێژووییە. تەنانەت پێش ئەوەی هەرێمێکی فیدراڵی هەبێت، ئاڵای ڕەنگینی کوردستان، هێمای کۆماری کوردستان لە مەهاباد (1946) و خویبون (1927) بووە؛ بە واتایەکی تر شەرەف و کەرامەتی هاوبەشی هەموو کوردەکانە.

ئەم بازنانە لەبری هەڵکردنی ئەو ئاڵا و هێمایانەی کە چەندین سەدە کوردیان یەکگرتوو کردووە، ئاڵای حزبی و وێنەی تاکەکەسی (وێنەی ئۆجەلان) نمایش دەکەن. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی هونەر ببێتە ئامرازێک بۆ دابەشبوون و پارچەپارچەبوونی کۆمەڵگە، نەک ئامرازێک بۆ یەکێتی نەتەوەیی. کوردستان تەنها بە یەک ئایدۆلۆژیا یان ڕوانگەی سیاسیی تاکە یەک کەس پێناسە ناکرێت؛ بەڵکوو کوردستان لە ڕێگەی خواستی ئازادیی 50 ملیۆن کورد و سیمبولە نەتەوەییەکانیانەوە بوونی هەیە.

هەڵوێستی دیار دێرسیم لەم چوارچێوەیەدا دەریدەخات کە هونەر کاتێک خۆی ڕادەستی دۆگما سیاسییەکان بکات، دەتوانێ کەرامەتی نەتەوەیی خۆی لەدەست بدات. گەورەترین ڕەخنەی مێژوویی لە سەر ئەو و ئەو ئایدۆلۆژیایەی کە پێوەی گرێدراوە ئەمەیە: هیچ حیزبێک و هیچ ڕێبەرێک و هیچ فەلسەفەیەک ناتوانێ خۆی لە داخوازی سەربەخۆیی و ئاڵای ڕەنگینی کوردستان بە باڵاتر و پیرۆزتر بزانێت.

لە دیوەکەی تری ئەم هاوسەنگییە، هۆزان دینۆ وەک ئەستێرەیەکی گەردوونی و شەرەفێکی گەورە، وەستاوە. دینۆ، بە دەنگە قووڵەکەی، بە شیعرە پڕ لە حەسرەت و نیشتمانپەروەرانەکانی، نوێنەرایەتی ڕۆحی ڕاستەقینەی هونەری کوردی دەکات. جێگای دەستخۆشییە کە هۆزان دینۆ هەرگیز هونەرەکەی نەکردۆتە قوربانی بەرژەوەندی حزبێک یان ئایدۆلۆژیایەکی تەسک و هەمیشە وەک هونەرمەندێکی کوردستانی ماوەتەوە. دەنگی لە سترانی “چوو”، “ئۆی یارێ” تەنیا گۆرانی نییە، بەڵکوو هاواری دڵێکی برینداری نیشتمانە کە هەر چوار پارچەکە وەک یەک ڕۆح دەبینێت.

هەڵوێستی هۆزان دینۆ ئەوە دەردەخات کە مرۆڤ دەتوانێت هەم هونەرمەندێکی شۆڕشگێڕ بێت و هەم لەسەر خەتی وڵاتپارێزیی و نیشتمانپەروەریی ڕاستەقینەدا هەنگاو بنێت و هەمیش ڕێزێکی بێکۆتایی بۆ بەها نەتەوەییەکان و هێماکانی وەک ئاڵای کوردستان نیشان بدات. دینۆ فێرمان دەکات کە هونەری ڕاستەقینە ئەوەیە کە مرۆڤ خۆی لەهەموو جۆرە دژایەتی و ململانێیەکی ناوخۆی کورد بەدوور بگرێت و ببێتە دەنگی یەکێتی و یەکڕیزی.

پێویستە هونەرمەندانی کورد بزانن کە گەلی کورد ئەوانی تەنها لەبەر دەنگە خۆشەکەیان خۆش ناوێت؛ بەڵکوو بەهۆی هەڵوێست و دڵسۆزی و پابەندبوون و خاوەندارێتی کردنیان لە بەها نەتەوەییەکانەوە، ڕێزیان لێدەگرن. دیار دێرسیم پێویستە گوێ لەم ڕەخنەی هۆشمەندیی گشتیی کورد بگرێت و بزانێت هیچ ئایدۆلۆژیایەک لە ئاڵای کوردستان و یەکیەتیی نەتەوەیی بەرزتر نییە. هۆزان دینۆش وەک تاوەرێکی شەرەف و کەرامەت، هەردەم لە مێژووی هونەری کوردیدا بە درەوشاوەیی و زیندوویی و جێگای ستایش دەمێنێتەوە.

Share