ڕاپۆرتێکی هەواڵگری گرینگ: پەکەکە لە 72 خاڵ کشاوەتەوە و سوپای تورک لەو شوێنانە جێگیر بووە

ڕاپۆرتێکی هەواڵگری گرینگ: پەکەکە لە 72 خاڵ کشاوەتەوە و سوپای تورک لەو شوێنانە جێگیر بووە

پەکەکە سەرجەم ئەو سەنگەر و ناوچانەی ژێر کۆنترۆڵی خۆی لە هەرێمی کوردستان، دڵخوازانە ڕادەستی هێزەکانی تورکیا کرد.

لە کاتێکدا گفتوگۆکان سەبارەت بە “عاسێ بوونی” پرۆسەی چارەسەری و چەکدانانی پەکەکە بەردەوامن، ڕاپۆرتێکی نوێی دەزگا هەواڵگرییەکان سەرنج دەخاتە سەر گۆڕانکارییەکی گەورەی سەربازی. بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە 72 خاڵی ستراتژیکی هەرێمی کوردستان کشاونەتەوە و سوپای تورکیا لەو شوێنانە جێگیر بووە.

بەپێی ڕاپۆرتە هەواڵێکی ڕۆژنامەی “نەفەس”، پەکەکە لە گرینگترین ناوچەکانی سەر سنووری باشوور و باکووری کوردستان کشاوەتەوە. لەو چوارچێوەیەدا گەریلا ناوچەکانی وەک گەلیی مەتینا بەرامبەر چەلیی جۆلەمێرگ، کاشورا، دەرار، هیرۆر، کێستە، بێشیلی، زەندورا، سەرارۆ، بێگۆڤا، گردی دلبەر، نێروە، ڕێکان، گەلیی دۆستکی، گرێ مامڕەش، زنجیرە چیاکانی مەتینا، نهێل، چیای کورەژار، چیای گاپنیرک، دەرگەلێ، میسکا، گۆلکا، بازێ، سپیندار، بەلاڤێ، زەنگل تەپە، هەفتەنین، شەرانش، ئامێدی، شیلادزێ، کانیماسی، دێرەلووک و ئاڤاشین-باسیان کە بە تەواوی چۆڵ کراون و بەگشتی 28 ناوچە لەخۆدەگرێت.

هەروەها ڕاپۆرتەکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە پەکەکە ئەو ناوچانەشی جێهێشتووە کە پێشتر وەک “ناوەندی فەرماندەیی بڕیارگەی پاراستنی گەل” و “هەرێمەکانی پاراستنی میدیا” بەکاردەهێنران. ئەو شوێنانەدا دەیان خاڵی هەرە عاسێ لە بەرزترین خاڵەکانی سەر چیای گارە وەک مەیرۆکێ، چەمرەبۆتکی، کانیا سار، بەرگارە، پیرز، سیانێ، گەلیی کافیا، ئێکمالێ، نەھلی، گوزێ، مەلکێ، دۆستەکا، گیسێ، مەزرنگانە، ناڤخۆش، دیفری، دوڤری، قولنگەھ، مامیشمش، چەلکا، سەدارێ، گەلیی ئۆھران، ئەرگەنێ، دەریی چەندی، گرێ رەشیت، بیێ، نەران، شکەفتیان، بلندباز، کەلەھا سەددام، خەرێ، سەرگەلێ، کانی مازێ، چەمانکێ، شیلیا، کارەبا، رەبەتکێ، ھەسنەکێ، کانیکا، بەرواری باڵا، گرێ بەھار و دەڤەرا چەمچۆیا ل قووڵایی گەلیی زاپ لەخۆدەگرێت. وەک لە ڕاپۆرتەکەدا ڕاگەیەندراوە، سەرجەم ئەو ناوچانە لە چەک و تەقەمەنی پاککراونەتەوە و ئەو چەکدارانەی تورکیا کە لە زنجیرە هێرشەکانی “پەنچە-کلیل”دا بەشدارییان کردووە، لەو شوێنانە جێگیر بوون.

پەیمانی شاراوەی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا

لە لایەکی دیکەوە ئەم پێشهاتانە بە ئاڵوگۆڕێکی نهێنی لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک دادەنرێت. ماڵپەڕی “دارکا مازی” پێشتر لە ڕاپۆرتێکی خۆیدا لە 29ی تەمموزی 2025، بە ناونیشانی “پەکەکە بە نهێنی چەک و تونێلەکانی ڕادەستی سوپای تورکیا دەکات” ڕایگەیاندبوو کە تونێلەکانی دەوروبەری مەتینا و زاپ ڕادەستی سوپای تورکیا کراون.

 لە ساڵی 2019 بەملاوە، لە ئەنجامی ئەو زنجیرە هێرشانەی کە تورکیا لەژێر ناوی “پەنجە” ئەنجامی داون، گرینگترین چیاکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیر کراون. پەکەکە کەوا لەساڵی 1992 بەملاوە لەو لووتکە و چیایانەدا جێگر ببوو، سەرەڕای داخوازی خەڵکی دەڤەرەکە و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کە “ئەو شوێنانە بە پێشمەرگەکانی کوردستان بسپێردرێن بۆ ئەوەی ئەرتەشی تورک نەتوانێ داگیریان بکات”، بەڵام بەداخەوە پەکەکە دڵخوازانە هەموو ئەو سەنگەر و ناوچانەی ژێر کۆنترۆڵی خۆی ڕادەستی هێزەکانی تورکیا کرد.

Share