پەکەکە لە سەرەمەرگیشدا دەست لە چەواشەکاری و ڕق و کینە بەرامبەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرنادات

پەکەکە لە سەرەمەرگیشدا دەست لە چەواشەکاری و ڕق و کینە بەرامبەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرنادات

پەکەکە لانیکەم 658 گوندی باشووری کوردستانی داگیر کردووە و کردوونی بە ناوچەی سەربازی و گۆڕەپانی جەنگ.

پەکەکەی هەڵوەشاوە چەند ڕۆژێکە دیسان ماشێنی درۆکانی خۆی خستۆتەوە کار و هەواڵی درۆیین و چەواشەکاری دژ بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزە ئەمنییەکانی بڵاو دەکاتەوە. پەکەکە کەوا ساڵانێکە بە سەدان گوندی هەرێمی کوردستان و پارێزگای دهۆکی داگیرکردووە، ناوەکانیانی گۆڕیوە و کردوونیەت بە مەیدانی جەنگ، ئەمڕۆکە هاتووە و دەڵێت: “هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، ڕێگری لە گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەکە بۆ سەر گوندەکانی خۆیان دەکەن”.

ڕۆژی شەممە 20ی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی ANFی سەر بە پەکەکە، هەواڵێکی لەژێر سەردێڕی “خەڵکی شیلادزێ هۆشدارییەکی کۆتایییان بە پەدەکە داوە کە ڕێگری لە گەڕانەوەیان بۆ گوندەکانیان دەکات”، بڵاوکردەوە.

لەم هەواڵەدا پەکەکە کە دوای فەرمانی “خاپۆی ئیمرالی و باخچەلی مامی” خۆی هەڵوەشاندەوە و ناوەکەی گۆڕی بۆ تەڤگەری ئاپۆیی، جارێکی دیکە ڕقی خۆی لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و خەڵکی ناوچەکە و بەتایبەت پارێزگای دهۆک پیشاندا. پەکەکە بەم هەوڵە پووچانەی دەیهەوێت شکستەکانی خۆی و ڕادەستکردنی ئەو ناوچانە بە دەولەتی تورک بشارێتەوە کە دەیان ساڵە لەژێر دەسەڵاتی خۆیدان و هاوکات خەڵکی ئەو گوندانەش فریو بدات کە پەکەکە خۆی دەیان ساڵە داگیری کردوون و کردوونی بە گۆڕەپانی جەنگ و دانیشتوانەکەی ئاوارە و دەربەدەر کردووە.

هەوڵەکانی پەکەکە، بەرنامەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانی دهۆک ڕاناگرێت

ڕێکخراوی پەکەکە ئیدیعای ئەوە دەکات کە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگری لە گەڕانەوەی خەڵک بۆ گوندەکانی خۆیان دەکەن.!!

بەڵام هەفتەی ڕابردوو ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە میانی سەردانێکی مەیدانیدا بۆ گوندەکانی پارێزگای دهۆک لە سنووری ئامێدی ڕایگەیاند کە لیژنەکان پێکهێنراون بۆ پاککردنەوەی ناوچەکە لە پاشماوەکانی جەنگ وەک مین و تەقەمەنی و ڕایگەیاند: دەستیان کردووە بە میکانیزمی گونجاو بۆ گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر گوندەکانیان، بۆ ئەوەی دواتر ئەو گوندانە دووبارە ئاوەدان بکرێنەوە و حکوومەتی هەرێمی بتوانێت خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دابین بکات.

پەکەکە وەک شێرپەنجە بەربووەتە گیانی هەرێمی کوردستان و زیانی بە هەموو شوێنێک گەیاندووە. لەو ڕۆژەوەی کە ئەم ڕێکخراوە دژە کوردە هاتۆتە ناو خاکی کوردستانەوە، شەڕی دژی حکومەتی هەرێم بە شەرەفمەندتر لە شەڕی دەوڵەتی تورک زانیوە. پەکەکە لەسەر ئەو بنەمایە گەریلاکانی خۆی ڕاهێناوە و بەڵکوو تەنانەت  لەناوبردنی ئەو بەشە ئازادکراوەی کوردستانی بە دۆزێکی ڕەوا و خەبات و تێکۆشان بۆ خۆی دێنێتەئەژمار.

پەکەکە لەوەتەی هاتۆتە ناو خاکی باشوورەوە، سەدان گوند و ناوچە دەوڵەمەندەکانی بە کشتوکاڵ و گەشتوگوزار داگیرکردوون و ناوی فێڵبازانەی وەک “هەرێمەکانی پاراستنی میدیا”ی لەسەر داناون و لەوێ بنکەی داناوە و باجیان لە هاووڵاتیان وەرگرتووە. هەروەها زیاتر لە 650 گوندی بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای دهۆک داگیرکردووە و کردوونی بە ناوچەی سەربازی، کە زیانێکی زۆری هەم بە هاووڵاتیانی ئەو گوندانە و هەم بە ئابووری وڵات گەیاندووە.

پەکەکە 658 گوندی باشووری کوردستانی داگیرکردووە

لانیکەم 658 گوندی باشووری کوردستان بەهۆی پەکەکەوە چۆڵکراون و دانیشتووانەکەی بەناچاری ئاوارە بوون. ئەو گوندانە دەکەونە سنووری پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی، بەڵام زۆربەیان سەر بە پارێزگای دهۆکن.

لەو گوندانەی باشووری کوردستان 361 گوندیان لە سنووری پارێزگای دهۆکن و زۆربەیان لە دەڤەری ئامێدین. ئەگەر سەیری ڕێژەی سەدی بکەین، ڕووبەری دەڤەری ئامێدی 2716 كم2ـە، کە 70٪ی لە دەستی پەکەکەدایە.

لە دەڤەری زاخۆ نزیکەی 100 گوند لەلایەن پەکەکەوە داگیرکراون و دانیشتووانەکەی دەربەدەر بوون. لە ڕووی ڕێژەی سەدی ڕووبەری زاخۆ 1378 كم2ـە و 30%ی ئەم ڕووبەرە لەژێر دەستی گەریلاکانی پەکەکەدایە.

ئەگەر لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک باسی بکەین ئەوەمان دەست دەکەوێت: 34%ی پارێزگای دهۆک کە 6553 كم2 دەبێت، لەژێر دەستی گەریلاکانی پەکەکەدایە.

سەرەرای ئەو زیان و زوڵم و ستەمانەی کە پەکەکە بەسەر خەڵکی پارێزگای دهۆکیدا هێناوە، ئەمڕۆکە پەکەکە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری ناڕاست، هەوڵی شاردنەوەی شکستەکانی خۆی و ڕێبەرە بەندکراوەکەی دەدات، کە وازی لە کورد و کوردایەتی هێناوە و دەستی خستۆتە ناو دەست ڕەگەزپەرستانی وەک باخچەلییەوە.

پەکەکە لەم گوندانە چی دەکرد؟

لەدوای داگیرکردنی ئەو گوندانە، پەکەکە ڕێگەی بە حکومەتی هەرێم نەداوە کە ئاوەدانیان بکاتەوە و خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکات، هەرچەندە حکوومەتی باشووری کوردستان لە سەرەتای ساڵانی 1990ـەوە دەستی بە ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەو گوندانە کردبوو، بەڵام پەکەکە ئەو گوندانەی کاول کرد و دەستی بەسەریاندا گرت، حەشارگە و بنکەکانی خۆی لە دەوروبەری گوندەکان دانا، باجی لە هاووڵاتیان وەرگرت و بنکەی سەربازی و کەمپی مەشق و ڕاهێنانی بۆ چەکدارەکانی لە ناو ئەو گوندانەدا دروستکرد. هەروەها هاوکات لەژێر زەوینیشدا کۆگاکانی چەکی دروست کرد و بە کورتی، ئەم گوندانەی کردە ناوچەی سەربازی تەواو.

پەکەکە ئەم گوند و ناوچە داگیرکراوانەی لە دهۆک بەسەر 4 هەرێمدا دابەشکرد، ئەوانیش دەڤەرەکانی “هەفتەنین، مەتین، زاگرۆس، زاپ، هەروەها گارە و بەری گارە”، و لە هەر ناوچەیەک بنکە و گۆڕستان و نەخۆشخانەی تایبەت بە خۆی دروستکرد. هەروەها لەگەڵ ناوچە داگیرکراوەکانی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی ناوی “هەرێمەکانی پاراستنی میدیا”ی لەسەر دانان و لە شنگالیش ناوی هەرێمی خۆسەری بەکارهێنا.

پەکەکە جگە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، باجی لەسەر هاتوچۆی هاووڵاتیان و گواستنەوەی کەلوپەلەکان دانا. ئەگەر هاووڵاتیان و بازرگانان ئامادە نەبووایەن باج بە پەکەکە بدەن، ئەوا دەکوژران. پەکەکە ئەم ناوچەیەی وەک ڕێڕەوێک بۆ قاچاخچێتی نێوان عێراق و ئێران و تورکیا بەکارهێنا، بە واتایەکی تر ئەم ناوچەیەی وەک خاڵی ترانزێت بۆ بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان بەکارهێنا و ناوەند و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت ئینتەرپۆل ئەمەیان پشتڕاستکردۆتەوە.

چەکدارەکانی پەکەکە سەرەڕای ئەو زوڵم و ستەمانەی کە بەسەر هاوڵاتیانی ئەو گوندانەیان هێناوە، بە شێوەیەکی دڕندانە و بێ بەزەییانە ئەو گوندنشینانەی تەسفیە دەکرد کە داوای گوندەکانیان لە پەکەکە دەکردەوە و بەسەدان هاوڵاتی گوندەکانی ئامێدی و زاخۆ بەو شێوەیە گیانیان بەخت کرد.

ئەم لینکەی خوارەوە زانیاری تەواو و ناوی سەرجەم ئەو 658 گوندەی هەرێمی کوردستان و پارێزگای دهۆک لەخۆدەگرێت کە دەیان ساڵە پەکەکە داگیری کردوون و ڕێگەی بە دانیشووانەکەی نەداوە کە گوندەکانیان ئاوەدان بکەنەوە:

پەکەکە بە ئەنقەست ئابووری و گەشتوگوزاری باشووری کوردستانی کردۆتە ئامانج

Share