زمانی میدیایی پەکەکە لە نێوان دووڕوویی “برایەتی گەلان” و واقیعی تێکدانی قەوارەی هەرێمی کوردستان

ئەو خەونی حوشترانەیەی کە پەکەکە و نەیارانی کورد بۆ هەڵوەشانەوەی هەرێمی کوردستان لەسەری خۆیاندا هۆنیویانەتەوە، دەبێ لەگەڵ خۆیاندا بیبەنە ناو گۆڕ.
✍️ مەمەد مێردینی
کاتێک مرۆڤ سەیری دوایین هەواڵ و ڕاپۆرتەکانی تۆڕە میدیاییەکانی پەکەکە دەکات لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان، ڕووبەڕووی پارادۆکسێکی بنەڕەتی و فێڵبازییەکی ڕەوانبێژی دەبێتەوە. ئەم هەواڵانە بە شێوەیەک دەهوندرێنەوە کە گۆیا بیر لە لاوازکردنی پایەکانی هەرێم (نەوت، پێشمەرگە و دەروازە سنوورییەکان) لەلایەن بەغداوە دەکەنەوە. بەڵام لە بنەمای شیکردنەوەی ناوەڕۆکدا ئەوە ئاشکرا دەبێت کە ئەم بڵاوکردنەوەی هەواڵە تەنیا ستراتژییەکی داپۆشراوە و ئامانجە سەرەکییەکەی فریودانی ڕای گشتیی کورد و چەواشەکردنی ڕاستییە ستراتژیکەکانە. ئەگەر بارودۆخی ئەمڕۆی باشوور وەک شکست پێناسە بکرێت، ئەوە خۆی لە خۆیدا دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵە و کوردکوژی پەکەکەیە.
لێرەدا پرسیاری هەرە گەورە و ئاکادمیک سەرهەڵدەدەن کە ڕووخساری ئەم ڕەوانبێژییە ئاشکرا دەکەن: ئەگەر دۆخەکە بەوشێوەیەیە کە ئێوە دەیڵێن، ئایا ئەمە سیستمی “ئەنتەگراسیۆن” و “برایەتی گەلان” نییە کە ئێوە ساڵانێکە تیۆریزەی دەکەن؟ ئەگەر ئامانج لاوازکردنی سنوورە سیاسی و نەتەوەییەکانی کورد و ڕادەستکردنی دەسەڵاتە بە ناوەندەکانی وەک بەغدا، کەواتە بۆچی ئەمڕۆکە لەسەر ئەو ئەنجامە فرمێسکی تیمساحانە دەڕێژن؟ لیرەدا دووڕوویەکی بەرچاو هەیە: پەکەکە لە باکوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داوای “برایەتی گەلان” و پێکەوەژیان لەگەڵ تورک و عەرەب و فارس دەکات، بەڵام کاتێک باسەکە دێتە سەر باشووری کوردستان، ئەم برایەتییە هەڵدەوەشێتەوە و دەگۆڕدرێت بۆ دوژمنایەتیی هەرە توند لەهەمبەر دامەزراوە فەرمییەکانی کورد و کوردستان. ئەم دابەشبوونە ئایدیۆلۆژییە دەیسەلمێنێت کە فۆرموڵەی “برایەتی گەلان” تەنیا بۆ ڕەوایەتیدان بە تواندنەوەی ناسنامەی کوردی لە ناو دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا دروست کراوە.
بناخەی ئەم هێڵە ڕووخاوە ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ ستراتژیی هاوبەشی پەکەکە و دەوڵەتانی داگیرکەر (تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا) بۆ لەناوبردنی هەر جۆرە سەربەخۆبوون و قەوارەیەکی کوردی و کوردستانی. بەڵگەی ئەمەش لە فەرمیترین لێدوانەکانی سەرۆکی ئەم ڕێکخراوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا دەردەکەوێت، کە دەیان جار لە ئیمرالیەوە ڕایگەیاندووە: “دوا شەڕی من لە دژی بارزانییە”. ئەم لێدوانە، هاوکات لەگەڵ لێدوانەکانی پێشووی کە بە دەوڵەتی تورکی ڕاگەیاندبوو: “وەرن با پێکەوە ڕێگا نەدەین ئیسرائیلی دووهەم [هەرێمی کوردستان] دابمەرزێت”، ئەوە دەردەخات کە گەورەترین فۆبیای ئەم تەڤگەرە، دروستبوونی ناسنامەیەکی نەتەوەیی و دەوڵەتی کوردییە. لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتە ئیقلیمییەدا، پەکەکە ساڵانێکە سەنگەر و تونێلە هەرە عاسێیەکانی وەک زاپ، گارە و مەتینا بە نهێنی ڕادەستی سوپای تورک دەکات و گوندە سنوورییەکان چۆڵ دەکات، بۆ ئەوەی کە بە ئاسانی بتواندرێ قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان لاواز بکرێت.
بەڵام دەبێ هەم سەرکردایەتی پەکەکە و هەمیش چوار دەوڵەتە داگیرکەرەکەی کوردستان بە باشی لەو ڕاستییە مێژووییە تێبگەن کە: قەوارە و پێگەی یاسایی هەرێمی کوردستان، دەرئەنجامی ڕێککەوتنی سەر مێزەکان نییە و وەکوو دیارییش بە ئاسانی پێکنەهاتووە کەوا ئەمڕۆکە بەو سیاسەتە قێزەون و گەمە میدیاییانە بە ئاسانی لەناو بچێت. ئەم هەرێمە میراتی خوێنی بە هەزاران شەهید، ئەنفال، کیمیاباران و بەرخۆدانێکی سەد ساڵەیە. ئەو خەونی حوشترانەیەی کە پەکەکە و نەیارانی کورد بۆ هەڵوەشانەوەی هەرێمی کوردستان لەسەری خۆیاندا هۆنیویانەتەوە، دەبێ لەگەڵ خۆیاندا بیبەنە ناو گۆڕ. هەتا ئەڤینی پیرۆزی هێزی پێشمەرگە و ڕێبازی نەتەوەیی بارزانی لەسەر ئەم خاکە زیندوو بن، سیستمی فیدراڵی و سەروەری هەرێمی کوردستان وەک قەڵایەکی خۆڕاگر دەمێنێتەوە و هەموو پیلانەکان بۆ تێکدانی هەرێمی کوردستان، پووچەڵ دەکرێنەوە و تێکدەشکێندرێن.