دۆخی شەڕی نێوان ئەمریکا ـ ئیسرائیل و ئێران

بابەتی ئێران پەیوەندیی بە ئاسایشی مرۆیی و نێودەوڵەتییەوە هەیە، چونکە دەوڵەتێک کە سپۆنسەری تیرۆر دەکات ئەگەر چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر جیهان دروست دەکات.
✍️ شەیخمۆس ئۆزەنگین
لە ساڵی 2026دا ململانێی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران گەیشتە قۆناغێکی مەترسیدار. بەگوێرەی سەرچاوەکانی وەک JINSA،ISW و Times of Israel، شەڕی سەرەکی لە مانگی شوباتدا و بە هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجە ئەتۆمی، مووشەکی و سەربازییەکانی ئێران، دەستیپێکردووە. لە ئەنجامدا ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران کوژرا و چەندین فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران کرانە ئامانج و زیانێکی بەرچاو بە ژێرخانی سەربازیی ئێرانیەکان کەوت.
لە ڕێکەوتی 17ی حوزەیراندا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان بۆ ڕاگرتنی شەڕ و کردنەوەی گەرووی هورمز واژۆ کرد. ئەم یادداشتە، ماوەی 60 ڕۆژی بۆ دانوستانی تەکنیکی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دیاری کرد. بەڵام ئاگربەستەکە بە ناسکی مایەوە: لە مانگی تەمموزدا هێرشەکان بۆ سەر کەشتیەکان و وەڵامدانەوەی ئەمریکا بە هێرشکردنە سەر ئامانجە ئێرانییەکان بەردەوام بوو. ژمارەی ئەو کەشتیانەی بەو گەرووە تێدەپەڕن کەمی کردووە و ئێران ناوبەناو پەلاماری دامەزراوەکانی ئەمریکا لە کەنداو دەدات.
هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کوردستان
یەکێک لە لایەنە هەرە ئازاربەخشەکانی ئەم پێکدادانە، کاریگەرییەکەی لەسەر گەلی کوردە. بەپێی زانیارییەکانی ڕووداو، هەنگاو و سەرچاوەکانی دیکە، لە سەرەتای شەڕەوە تا مانگی تەمووزی 2026، ئێران 913 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئاراستەی بنکە و کەمپ و ناوچەکانی حیزبەکان ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک (پەدەکە، کۆمەڵە، PAK) لە هەرێمی کوردستان کردووە. ژمارەکە لە زۆربەی ڕاپۆرتەکاندا 913 مووشەک و درۆن تێدەپەڕێنێت. لە ئنجامی ئەو هێرشانەدا بە دەیان کەس کوژراون و سەدان کەسیش برینداربوون. هێرشەکان تەنانەت دوای ئاگربەستەکەش بەردەوام بوون (لە مانگی حوزەیرانەوە زیاتر لە 50 هێرش ئەنجامدراون). ئەم هێرشانە خەڵکی سڤیل و پێشمەرگەی کورد دەکەنە ئامانج، هەرچەندە تا ئێستا هیچ هێرشێکی گەورە لەلایەن کوردەوە بۆ سەر خاکی ئێران ئەنجام نەدراوە. ئەمەش وەک سیاسەتی سەرکوتکردنی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران دەبیندرێت کە سوپای پاسداران بەکاری دەهێنێت. هاوکات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکدادان لەنێوان هێزە کوردییەکان و سوپای پاسداران بەردەوامە و زیانەکان لە هەردوولا بەدی دەکرێت.
ئێران دەوڵەتێکی تیرۆریستییە و سپۆنسەری تیرۆر دەکات
ئەمریکا لە ساڵی 1984ـەوە ئێرانی وەک “دەوڵەتی سپۆنسەری تیرۆر” دەستنیشان کردووە، هەروەها لە ساڵی 2019 بەملاوە، سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان کردوە. یەکێتی ئەورووپاش لە ساڵی 2026دا سوپای پاسدارانی ئێرانی بە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی و پشتیوانیکردن لە تیرۆر، خستە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە. هەروەها بەریتانیاش لە مانگی تەمموزدا هەنگاوی هاوشێوەی ناوە.
ئێران لە ڕێگەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانەوە، پشتیوانی دارایی و سەربازی و مەشق و ڕاهێنان پێشکەش بە میلیشیاکانی وەک حزبوڵڵا (لوبنان)، حەماس و جیهادی ئیسلامی (فەلەستین)، حوسییەکان (یەمەن) و میلیشیا شیعەکان لە عێراق و سووریا دەکات. ئەم “دەوڵەتەی سپۆنسەری تیرۆر” ڕێگە بە ئێران دەدات بەبێ شەڕی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ناوچەکە دابنێت. پشتیوانی درێژخایەنی ئێران لەم گرووپانەی کە هێرش دەکەنە سەر خەڵکی مەدەنی لە ڕاپۆرتەکاندا بە تیرۆریزمی دەوڵەتی وەسف دەکرێت.
بۆچی ئەمریکا، ئیسرائیل و بەریتانیا هەوڵی ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران دەدەن؟
1ـ هەڕەشەی ئەتۆمی و سەربازی: ئامانجی سەرەکی وەستاندنی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێرانە. شەڕی 2026 زۆرێک لەو ئامانجانەی لاواز کردووە، بەڵام ڕووخانی تەواوەتی ڕێژیم پێویستی بە دەستێوەردانێکی سەربازیی بەرفراوان هەیە.
2ـ هەڕەشەی دەستێوەردانی ناوخۆیی: ئەزموونەکانی عێراق (2003) و ئەفغانستان نیشانی دەدەن کە لەشکرکێشی و بنیاتنانی دەوڵەت دەتوانێت تێچووی زۆری هەبێت و ناسەقامگیر بێت. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی پێیان باشە بە فشاری ئابووری و سەربازیی سنووردار و پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی کار بکەن.
3ـ بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکان: هەندێک دەوڵەت (بەتایبەت لە ئەوروپا) ترسیان لەوە هەیە کە هەرەسهێنانی ڕێژیم ببێتە هۆی ئاژاوە، کۆچکردن، بڵاوبوونەوەی چەک یان سەرهەڵدانی گرووپە توندڕەوەکان. دانوستان بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز (کە 20%ی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت) و بۆ وەستاندنی هێرشی پرۆکسییەکان، گرینگن.
4ـ ڕیالیزم و خۆراک: ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان ساڵانێک خۆیان ڕادەگرن. پشتیوانیکردنی ئێران بۆ تیرۆر ڕوونە، بەڵام گۆڕانکاری بە شێوەیەکی تەواو سەربازی وەک هەڕەشەیەکی گەورە سەیر دەکرێت! ئەمەریکا و ئیسرائیل دەیانهەوێت بە لێدانی ئامانجدار و گوشاری ئامانجدار ڕێژیم لاواز بکەن بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە ناوەوە ڕووبدات (وەک چۆن لە شەڕدا هیوایان دەخواست). بەڵام ئەمە ئاسان نییە.
پێشنیار بۆ چارەسەری
ئێران دەوڵەتێکە کە بە شێوەیەکی سیستماتیک پشتیوانی لە تیرۆر دەکات و سیاسەتی چەوساندنەوە لە دژی کورد پەیڕەو دەکات. بەڵام ڕووخاندنی ڕێژیمێک تەنیا پرسێکی سەربازی نییە؛ بەڵکوو پێویستی بە ستراتیژییەکی گشتگیری فشار، پشتیوانی ئۆپۆزسیۆن و هاودەنگی نێودەوڵەتی هەیە. کورد وەک نەتەوەیەک زۆرترین ئازار دەچێژێت وپێویستە لە هەر دانوستانێکدا دەنگی گەلی کورد ڕۆڵی هەبێت و ببیسترێت.
بۆ ئاشتییەکی بەردەوام، پێویستە پشتیوانی ئێران بۆ پرۆکسیەکانی ببڕدرێت و مافی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بپارێزرێت و بەرنامەی ئەتۆمی بە شێوەیەک کۆنترۆڵ بکرێت. ئەم پرسە تەنیا سیاسی نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بە ئاسایشی مرۆیی و نێودەوڵەتییەوە هەیە، چونکە دەوڵەتێک کە سپۆنسەری تیرۆر دەکات، ئەگەر چەکێکی وەک چەکی ئەتۆمی بەدەست دەهێنێت، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر جیهان دروست دەکات.
(حوزەیران ـ تەمووزی 2026)