میللەتێک بە چ شتێکەوە بوونی هەیە؟؟؟

دەوڵەتی داگیرکەری تورک و پەکەکە پێکەوە کاریان کردووە و کار بۆ ئەوە دەکەن کە هیچ سیمبۆلێکی نەتەوەیی لەناو کورددا نەمێنێتەوە.
بووبێ ئەسەر
نەتەوەیەک دەتوانێت لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێت و بژیت کە خاوەندارێتی لە سیمبۆلە نەتەوەییەکانی خۆی بکات. کاتێک ئەم ستانداردە بوونی نەبێت، ئەو میللەتە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو لەناوچوون دەڕوات. بۆیە زۆر گرنگە ئەم سیمبۆلانە بپارێزرێن.
ئەمڕۆ بارودۆخی باکووری کوردستان بە جۆرێکە کە پاراستنی ئەو سیمبۆلانە وردە وردە خەریکە نامینێت. چونکە دەوڵەتی داگیرکەر و پەکەکە پێکەوە کاریان کردووە و کار بۆ ئەوە دەکەن کە هیچ سیمبۆلێکی نەتەوەیی لەناو کورددا نەمێنێتەوە. چونکە زۆر باش دەزانن کە کاتێک سیمبۆلەکان بوونیان نەمێنێ، ئەو نەتەوەیە وردە وردە بەرەو لەناوچوون دەڕوات.
ئەوانەی سیمبۆلە نەتەوەییەکان بەهێز دەکەن، لەسەر پێی خۆیان دەیانهێڵنەوە، دەنگبێژ و گۆرانیبێژ و نووسەر و فۆلکلۆری ئەو نەتەوەیەن. ئەوانەی ئەم سیمبۆلانەش دەپارێزن هەر ئەوانە بۆخۆیانن. بەڵام بە تەنیا ناتوانن ئەو کارە بکەن. چونکە ئەمڕۆکە هیچ کامیان ناتوانن بەم کارانەی خۆیان بژین. ئەگەر نەتوانن بژین، بەرهەمدار نابن. ئەگەر بەرهەمداریش نەبن، زمان و داب و نەریت و کلتوور و هزری نەتەوەیی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاواز دەبن.
کاتێک بەرهەمی نوێ دروست نەکرا زمان دەمرێ و کاتێک زمان مرد، میللەت و نەتەوەش دەمرن. هەر بۆیە ئەمڕۆ باکووری کوردستان لەسەر پردی سیڕاتە. یان دەکوێت و لە ئاگردا دەسوتێت یانیش لە سایەی هەوڵ و هێزەوە لە پردەکە دەپەڕێتەوە و دەژیت.
ئەمەش بەندە بە کڕینی ئەو بەرهەمانەی نووسەرانی کورد کە بە زمانی کوردی نووسراون. بەندە بە هاوکاری و پاڵپشتی هونەرمەندان و دەنگبێژ و گۆرانیبێژان و فۆلکلۆری کوردییەوە.
بەناوی نەتەوەیەکی سی ملیۆن کەسییەوە، ئەگەر نووسەران و هونەرمەندان نەتوانن بە ئاسوودەیی لەسەر ڕەنجی خۆیان بژین، دەبێ وەک نەتەوەیەک ڕاوەستەی لەسەر بکەین. وەک حزبە سیاسییەکان دەبێت ئەمە بخرێتە ناو بەرنامەکانیانەوە. بەڵام شایەتحاڵی ئەوە نەبووین هیچکام لە لایەنە سیاسییەکانمان ڕاوەستە لەسەر ئەم پرسە بکەن، بۆچوون و بۆچوونی خۆیان بۆ ڕای گشتی و هاوپەیمانەکانیان دەرببڕن. ئێمە بەرهەمەکانمان بە خۆڕایی بۆیان دەنێرین، بەڵام ئەوان خۆیان بە دوو دێڕەوە سەرقاڵ ناکەن لەسەریان…
ئەگەر هەریەک لە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان 10 کتێبی نووسەرانی کورد و 10 سی دیی هونەرمەندان و گۆرانیبێژەکانیان بکڕن، ئەمە دەبێتە هاوکاری و پاڵپشتییەکی باش بۆ ئەوان. جگە لەوەش ئەمە هەوڵێک دەبێت بۆ ئەوەی ئەندامەکانیان فێری کڕینی بەرهەمی نووسەر و هونەرمەندەکانی گەلەکەیان ببن.
هەموومان دەزانین بەبێ پشتیوانی هیچ کارێک سەرکەوتوو نابێت. ئەگەر نووسەر و هونەرمەندێک لە قاڵبی خۆیدا بمێنێتەوە، گەشە ناکات. لەبیرمان نەچێت کە گەشەنەکردنیان بەو مانایە دێت کە زمان و هونەری کوردی وردە وردە لەناو دەچێت.
سەرنج بدەن ئەمڕۆ لە تورکیا لە نزیک دەریای ڕەش گەلێکی غەیرە تورک بە ناوی LAZ دەژین یان پێشتر دەژیان. بەڵام تورک چییان کرد، بە ئاوازەکانی ئەوان بە تورکی گۆرانییان گوت و ئەوانیش بەو ئاوازە بە تورکی سەما دەکەن یان فۆلکلۆری خۆیان پێشکەش دەکەن. دوای ماوەیەکی زۆر یان دوای سەدان ساڵ، ئێستا ئەو چاندە بۆتە کەلتوری تورکەکان.
من باوەڕم وایە لە ڕۆژان و ساڵانی داهاتوودا هەمان شت بەسەر کوردەکانیشدا دەهێنن. هەروەها بە مەقام و مێلۆدی کوردی و تێکستی تورکی مۆسیقای کوردیش دەکەنە هی خۆیان. کاتێک سەماکان بە پێی تێکستی تورکی ئەنجام بدرێن، ئیدی گۆرانی و هەڵپەڕکێی کوردیش دوای ماوەیەکی زۆر وەک لازەکان دەبێتە هی تورکەکان.
بۆیە گرنگە ئێمە بە گشتی خاوەندارێتی لە نووسەر و هونەرمەندی کورد بکەین. من شایەتحاڵی ئەوەم کە زۆرێک لە نووسەران و هونەرمەندانی کورد، لەبەر ئەوەی کە ناتوانن بەو ڕەنجەی خۆیان، خۆیان بژینێن، دەستبەردار دەبن و لە چێشتخانەکان یان لە فەرمانگەکانی دەوڵەتدا کار دەکەن. بەم شێوەیە زمان و هونەری کوردی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو مردن دەڕوات.
چارەسەر:
دەزانم دۆخی ئابوری پارتە سیاسییەکانمان باش نییە و ناتوانن پشتگیری هونەرمەند و نووسەرەکانیان بکەن، بەڵام بەداخەوە بەرهەمەکانیشیان ناکڕن و نافرۆشن. پێویستە ئەم کارە بکەن.
ئەوەی تریش ئەوەیە شۆو و ئاهەنگیان بۆ سازبکرێت و داهاتی ئەو شۆو و ئاهەنگانە دەبێ بۆ ئەو نووسەر و هونەرمەندانە بێت. بەڵام حیزبەکانی ئێمە ئەمەش ناکەن. چی دەکەن؟ پارەیان پێ کۆدەکەنەوە و لە ماتەمینی و ئاهەنگ و کۆبوونەوە و دیدارەکاندا بەبێ ئەنجام خەرجی دەکەن.
ئەگەر حیزب، شەخس، تاک و کەسایەتیەکانمان، خاوەندارێتی لە نووسەر و هونەرمەندەکانیان نەکەن، ڕۆژێک دێت کە تامەزرۆی گوێگرتن لە هونەرمەندێک دەبین کە بە زمانی کوردی گۆرانی بڵێت و دەبێ ئێمە بەدوای بەرهەمی نووسەرانی کوردماندا بگەڕین کە بابەتی گرنگیان هەبێت.
زۆربەمان، دەڵێین: مێژووی ئێمە لەلایەن داگیرکەرانەوە نووسراوە و دەنووسرێت. بەڵام ئەمڕۆکە ئەگەر هاوکاری و پشتیوانی هەبێت، زۆر کەس هەن کە دەتوانن مێژووی ئێمە بنووسنەوە. زۆرن ئەوانەی کە لە ڕێگای بەرهەمەکانیانەوە دەتوانن پەرە بە زمانی جوانی کوردی بدەن. بەڵام…