لە لوولەی تفەنگەوە بۆ کۆمەڵگای دیموکراتیک؛ کاتێک شۆڕش فەلسەفەی خۆی دەگۆڕێت

لە لوولەی تفەنگەوە بۆ کۆمەڵگای دیموکراتیک؛ کاتێک شۆڕش فەلسەفەی خۆی دەگۆڕێت

ئەو پرسیارەی کە بۆ ساڵانێکی درێژ لەگەڵ هزری سیاسیی کوردیدا دەبێت، ئەوە نییە کە ئایا پەکەکە ستراتژییەکەی گۆڕیوە یان نا، بەڵکوو ئەوەیە کە ئایا دۆزی کورد خۆی چووەتە قۆناغێکی فەلسەفی نوێیەوە کە تێیدا ئازادی بە پێوەرەکانی جیاواز لە پێوەرەکانی نەوەی یەکەمی شۆڕشگێڕان دەپێورێت؟

سمکۆ عەبدولعەزیز

لە ئۆجەلانی شۆڕشگێڕەوە بۆ ئۆجەلانی فەیلەسوف… ئایا پڕۆژەکە گۆڕاوە یان ئامرازەکانی؟

هەموو شۆڕشەکان لە بەرەکانی شەڕدا شکست ناهێنن، هەندێکیان لە ڕووی سەربازییەوە سەردەکەون، بەڵام دواتر لە ڕووی فیکرییەوە دەگۆڕدرێن، هەندێکیشیان شەڕەکە دەدۆڕێن بەڵام بە فەلسەفەیەکی نوێیەوە دیسان خۆیان بنیات دەنێنەوە.

مەترسیدارترین وەرچەرخانەکان ئەوانەن کە نەک لە هاوسەنگی هێزدا بەڵکوو لە هاوسەنگی هزر و فەلسەفەدا ڕوودەدەن.

بزووتنەوە گەورەکان بە چەک دەست پێناکەن، بەڵکوو بە هزر دەست پێدەکەن و لە کاتی بێدەنگبوونی تفەنگەکاندا کۆتاییان پێ نایەت، بەڵکو کاتێک کۆتاییان پێدێت کە فەلسەفەی پشت ئەو چەکانە دەگۆڕێت.

ئەو گۆڕانکارییە فیکریانەی کە عەبدوڵا ئۆجەلان لە دوای زیندانیکرانیەوە، بەسەریدا هاتووە، تەنیا گۆڕانکارییەکی سیاسی نییە کە بارودۆخی زیندان یان هاوسەنگی هێز سەپاندبێتی، بەڵکوو وەرجەرخانێکە لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە بۆ ڕوانگەیەکی دیکە و لە فەلسەفەی ڕزگاریی نەتەوەییەوە بۆ فەلسەفەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک.

ئەو پرسیارەی ئەمڕۆ دێتە پێشەوە ئەمە نیە: ئایا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گۆڕاوە؟

بەڵکو ئەمەیە: ئایا ئەو پڕۆژەیەی کە حیزبەکەی لەسەر دامەزراوە، هێشتا هەمان پڕۆژەیە؟

گەڕانەوە بۆ ئەدەبیاتی پەکەکە لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هزری دامەزرێنەر ڕوون بوو: نەتەوەیەکی کوردی بێبەشبوو لە مافە مێژووییەکانی خۆی، دەوڵەتێکی نەتەوەیی کە نکۆڵیی لێدەکرێت و خەباتێکی چەکدارانە کە بەرەو ڕزگارکردنی وڵات دەچێت.

دەوڵەتی نەتەوەیی کورد ئاسۆی کۆتایی بوو و شۆڕشیش وەک زۆربەی بزووتنەوە ڕزگاریخوازە نەتەوەییەکانی سەدەی بیستەم، ئامرازە سروشتیەکەی بوو.

بەڵام ساڵانی دوای دەستبەسەرکردنی ئۆجەلان لە زیندانی ئیمرالیدا، دەرگایەکی گەورەی بۆ پێداچوونەوە لە ڕووی فیکرییەوە کردەوە. دەوڵەتی نەتەوەیی ئیتر وەک ئامانجێک باس نەکرا، بەڵکوو کۆمەڵگای دیموکراتیک وەک بەدیلێکی فەلسەفی باس دەکرا. سنوورە سیاسییەکان ئیتر ناوەندی پڕۆژەکە نەبوون، بەڵکوو ئازادی کۆمەڵایەتی، خۆسەری دیموکراتیک، دیموکراسی خۆجێی و پێکەوە ژیانی گەلان بوونە ئەو چەمکانەی کە لە سەرووی هەموو شتێکەوە ئامادە بوون.

پرسیارە جەوهەرییەکەی گۆڕی.

پێشتر پرسیارەکە ئەوە بوو: چۆن کوردستان ڕزگار دەکەین؟

بەڵام ئەمڕۆ پرسیارەکە بۆتە ئەمە: چۆن بتوانین کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی مەوجووددا بنیات بنێین؟

ئیدی لێرەوە خاڵی وەرچەرخانی ڕاستەقینە دێتە ئاراوە.

دوایین هەڤپەیڤینی موراد قەرەیلان وەک بەیاننامەیەکی سیاسی ناخوێندرێتەوە، بەڵکوو وەک ڕەنگدانەوەی ئەم گۆڕانکارییە فەلسەفییە دەبیندرێت.

هەرکەسێک گرنگی بە زمانی ئەم چاوپێکەوتنە بدات بۆی دەردەکەوێت کە ئەو دەستەواژانەی کەوا ستوونی سەرەکیی گوتاری نەریتییان پێکدەهێنا، وەک (سەربەخۆیی، دەوڵەتێکی کوردی، ڕزگاری نەتەوەیی) ون بوون.

لە بەرنبەردا ئامادەییەکی چڕی چەمکەکانی وەک (کۆمەڵگەی دیموکراتیک، کۆماری دیموکراتیک، سیاسەتی دیموکراتیک، دیالۆگ، هاوکاری کورد-تورک) بوونی هەیە.

ئەمە تەنها گۆڕانێکی زمانەوانی نییە، بەڵکو پێناسەکردنێکی نوێیە بۆ خودی دۆزەکە.

سەنتەری پڕۆژەکەی لە ڕزگارکردنی خاکەوە گواستۆتەوە بۆ چاکسازی دەوڵەت و لە بنیاتنانێ قەوارەیەکی نەتەوەییەوە گۆڕا بۆ داڕشتنی پەیوەندی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا.

جگە لەوەش، هەڤپەیڤین ئەو پێکناکۆکی و پارادۆکسە هێندە بەهێز و ئاشکرایەیە، کە مرۆڤ ناتوانێت پشتگوێی بخات یان خۆی لێی قوتار بکات، بەڵکوو دەبێ ڕووبەڕووی ببێتەوە.

قەرەیلان جەختی لەوە کردەوە کە قۆناغی خەباتی چەکدارانە کۆتایی پێهاتووە، هاوکات پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە بزووتنەوەکە هێشتا هیزی سەربازی خۆی پاراستووە و ئەگەر شەڕی بەسەردا بسەپێنرێت دەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات.

لێرەدا هاوکێشەیەکی نوێ سەرهەڵدەدات کە لە وتارە کۆنەکەدا ئامادە نەبوو؛ چەک ئیتر ئامرازێک نییە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ بەرگریکردن لە پڕۆژە سیاسییەکە.

ئەمە فەلسەفەی شۆڕشی چەکدارانە نییە وەک چۆن لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا هەبوو، فەلسەفەی ئاشتیی ڕەهاش نییە، بەڵکوو فەلسەفەی پاشەکشە و دەسەڵاتی بەرگرییە لە پێناو سیاسەتدا.

لێرە بەدواوە مەسەلەکە ئیتر تەنیا مشتومڕێک نییە لەسەر سەرکەوتن یان شکستی ئەزموونێکی سیاسی، بەڵکوو پرسیارێکی فەلسەفییە سەبارەت بە سروشتی خودی پڕۆژەکە.

ئایا ئەمە پەرەسەندنێکی سروشتییە کە گۆڕانی جیهانی سەپاندوویەتی، یان گواستنەوەیە لە پرۆژەیەکی نەتەوەییەوە بۆ پڕۆژەیەکی دیکە کە لە پێناسەی بۆ ئازادی، دەوڵەت و دۆزی کورددا جیاوازە؟

لایەنگرانی ئەم گۆڕانکارییە وەک واقیعێکی سیاسی دەیبینن کە وەڵامی هاوسەنگی هێز و گۆڕانکارییە ناوچەییەکان دەداتەوە، لە کاتێکدا ڕەخنەگران وەک لادان لە جەوهەری پڕۆژەی نەتەوەیی بۆ پڕۆژەی چاکسازی لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیادا دەیبینن.

بەڵام دوور لە بەرەکانی شەڕی سیاسی تەنیا ڕاستییەک دەمێنێت کە ئینکارکردنی ئەستەمە:

ئەو پڕۆژەیەی کە لە ساڵی 1978دا لەدایک بووە، چیتر خۆی بەو زاراوانە پێناسە ناکات کە پێی لەدایک ببوو.

زمان گۆڕاوە، سەرکردایەتی گۆڕاوە، ئامانجەکان ڕیزبەندی کران و ڕەنگە خودی دۆزەکەش سەراوبن پێناسە کرابێت.

ئەو پرسیارەی کە بۆ ساڵانێکی درێژ لەگەڵ هزری سیاسیی کوردیدا دەبێت، ئەوە نییە کە ئایا پەکەکە ستراتژییەکەی گۆڕیوە یان نا، بەڵکوو ئەوەیە کە ئایا دۆزی کورد خۆی چووەتە قۆناغێکی فەلسەفی نوێیەوە کە تێیدا ئازادی بە پێوەرەکانی جیاواز لە پێوەرەکانی نەوەی یەکەمی شۆڕشگێڕان دەپێورێت؟

مێژوو فێرمان دەکات کە میللەتەکان دەتوانن ئامرازەکانیان بگۆڕن و دەتوانن سەرکردەکانیشیان بگۆڕن، بەڵام کاتێک فەلسەفەکەی خۆیان دەگۆڕن، وەک ئەوە وایە دەستیان بە نووسینی لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی خۆیاندا کردبێت.

ئەم پرسیارەش بەکراوەیی دەمێنێتەوە: ئایا ئەم هاوبەشکردنە درێژەپێدەری پڕۆژەی یەکەم دەبێت، یان لە جەوهەری خۆیدا سەرەتای پڕۆژەیەکی جیاواز دەبێت؟ تەنها کات دەتوانێت وەڵام بداتەوە نەک دروشم.

Share