کاتێک کارەسات دەبێتە سەرمایەی سیاسی

خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە قسەکانی سۆزدار ئاڤێستا لەسەر شنگال
سمکۆ عەبدولعەزیز
بەشی یەکەم: مێژوو، ناسنامە
مەترسیدارترین لێدوانە سیاسییەکان ئەوانە نین کە خۆبەخۆ و بێ بنەما دەدرێن، بەڵکوو ئەوانەن کە لە بەشێکی دروستی مێژووەوە دەست پێدەکەن، پاشان ڕووداو و ناوەکان بە شێوەیەک ڕێکدەخەن کە تەنها خزمەت بە ئامانجی پڕۆژەیەکی حزبی دیاریکراو بکات.
لە کێبڕکێیە گەورەکاندا، هێزەکان تەنها کێبڕکێ لەسەر خاک و دەسەڵات ناکەن، بەڵکوو کێبڕکێ لەسەر بیرەوەری میللەتیش دەکەن:
کێ قوربانیی داوە؟
کێ بەرگریی کرد؟
کێ ڕزگاری کردووە؟
کێ شکستی هێنا؟
کێ مافی ئەوەی هەیە بەناوی کۆمەڵگەی زیانلێکەوتووەوە قسە بکات؟
کاتێک کارەسات دەبێتە سەرچاوەی ڕەوایەتی و قورسایی و هێژەموونی، قوربانییەکان مەترسی ئەوەیان لەسەرە مافی گێڕانەوەی ئەزموونەکانی خۆیان لەدەست بدەن. چونکە ڕەنگە هێزێکی سیاسی، بتوانێ قارەمانێتی خەڵکی دیکە بداتە پاڵ خۆی و ڕەنگە مێژوویەکی تەواوی پێش هاتنی خۆی، لەبیری خەڵک بباتەوە، ئینجا پرۆژەی خۆی وەک سەرەتای دەسپێکی هۆشیاری و پاراستن بخاتەڕوو.
لێرەدا بیرەوەریی مێژوویی نابێتە دڵسۆزی بۆ ڕابردوو، بەڵکوو دەبێتە سەرمایەیەکی سیاسی کە لە ئێستادا مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لەم ڕوانگەیەوە، ئەم بابەتە خوێندنەوەیەکی فیکری و فەلسەفی و ئەکادیمی دەخاتە ڕوو بۆ ئەو چاوپێکەوتنەی کە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) لەگەڵ سۆزدار ئاڤێستا ئەنجامی داوە و لە دوو بەشدا لە 2 و 3ی ئابدا بڵاوکراوەتەوە، بەبۆنەی 12هەمین ساڵوەگەڕی ئەو جینۆسایدەی کە داعش لە 3ی ئابی 2017دا دژ بە ئێزدییەکان لە شەنگال ئەنجامیدا.
ئەم توێژینەوەیە هەوڵی پشتگوێخستنی بەشداریی هیچ هێزێک نادات لە پاراستنی خەڵکی مەدەنی یان لە شەڕی داعشدا، هەروەها مەبەستیشی ئەوە نییە کە هیچ دامودەزگایەک لەو بەرپرسیارێتییە بێبەری بکات کە توێژینەوەکان سەلماندوویانە. بە پێچەوانەوە ئامانجی ئەوەیە کە جیاوازی نێوان سێ ئاستی جیاواز دەربخات:
1ـ ئەو ڕووداوانەی کە مرۆڤ دەتوانێ بە بێ کەس و بەڵگە تۆماریان بکات.
2ـ ئەو شرۆڤەکردنە سیاسییانەی کە مرۆڤ دەتوانێ گفتوگۆی لەسەر بکات.
3ـ ئەو تۆمەتانەی کە نابنە ڕاستی هەتا ئەوکاتەی کە بە بەڵگەی سەربەخۆ پشتگیری نەکرێن.
ئاڤێستا؛ لە چ شوێن و پێگەیەکەوە قسە دەکات؟
ئاژانسی هەواڵی فورات، سۆزدار ئاڤیستای وەک ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) پێشکەش کرد، کە هێزێکە بە بیروباوەڕی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)دا لە فکر و مەرجەعییەتی سیاسیدا، یەکێکە. بۆیە مرۆڤ ناتوانێت قسەکانی لە پێگە و دەسەڵاتە ڕێکخراوەییەکەیەوە جیابکاتەوە یان وەک توێژەرێکی سەربەخۆ، کە لە دەرەوەی هەموو لایەنەکانەوە ڕاوەستابێت، تەعاموڵی لەگەلدا بکات.
هەڵوێستی سیاسی بەو مانایە نییە کە هەموو قسەکانی هەڵەن، چونکە سەرچاوەیەکی حزبی ڕەنگە ڕووداوی ڕاستەقینە و زانیاری گرنگیش بگوازێتەوە. بەڵام ئەرکی توێژەر ئەوەیە کە لێکۆڵینەوە لە شێوازی هەڵبژاردن و ڕیزبەندیکردنی ئەم ڕووداوانە بکات، هەروەها ئەو ناوانە دەستنیشان بکات کە فەزای گەورە داگیر دەکەن و نەخش و ڕۆڵەکانیان دەبات یان کەمیان دەکاتەوە. گێڕانەوەی سیاسی هەمیشە ڕۆڵی ڕاستەوخۆ ناگێڕێت. ڕەنگە مرۆڤ بەشێک لە ڕاستییەکان بڵێت و دواتر لەهەمبەر ئەو بەشانەی کە بەڵگە و دەرەنجامەکانی لاواز دەکەن، بێدەنگ بێت.
هەروەها لە چاوپێکەوتنەکەدا هیچ پرسیارێکی ڕەخنەیی ڕاستەقینە نەبوو کە داوا لە ئەڤیستا بکات تۆمەتەکانی خۆی بە بەڵگە پشتڕاست بکاتەوە یان ناتەباییەکانی گێڕانەوەکەی ڕوون بکاتەوە.
چاوپێکەوتنکار پرسیاری لەبارەی ئەو سەرچاوانە نەکردووە کە پیلانی یەکگرتووی ئیقلیمییان دژ بە شنگال هەبووە یان دەربارەی جیاوازی نێوان بەرپرسیارێتی کشانەوەی سەربازی و تۆمەتبارکردن بە خیانەت لە بەرامبەر گواستنەوەکە یان سەبارەت بە ڕۆڵی پێشمەرگە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و خودی ئێزدییەکان پرسیاری لێ نەکردووە. بۆیە چاوپێکەوتنەکە زیاتر لە سەکۆیەک دەچوو بۆ دەربڕینی هەڵوێستێکی سیاسی نەک دیالۆگێکی ڕۆژنامەوانیی لێکۆڵینەوە.
لە بەشدارییەوە بۆ قۆرخکردنی قارەمانێتی
سەرچاوە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بە بەشداری یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەن لە دۆزینەوەی ڕێڕەوێک بۆ پەڕاندنەوەی ئاوارەکان لە چیای شنگالەوە بەرەو سووریا تا پاشان بە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە بۆ عێراقیان بگەڕێننەوە. دانپێدانان بەم بەشدارییە فەرێکی ئەخلاقی و زانستییە، چونکە دروست نییە ڕۆڵی هیچ هێزێک ڕەت بکرێتەوە کە بە ڕاستی لە پاراستنی خەڵکی مەدەنیدا بەشداریی کردبێت.
بەڵێ، دانپێدانان بە بەشداریکردن بە مانای قبووڵکردنی چیرۆکی حیزب بە تەواوی نییە. جیاوازی هەیە لە نێوان ئەوەی بڵێین ڕێکخراوێک بەشداریی لە پرۆسەی ڕزگارکردندا کردووە، لەگەڵ ئەوەی کە بڵێین ئەو ڕێکخراوە بە تاقی تەنیا کۆمەڵگەی ئێزدیی ڕزگار کردووە یان بووەتە سەرچاوەی هۆشیاری و ئیرادە بۆ ئەو کۆمەڵگەیە. بەشداریکردن ڕووداوێکی دیاریکراوە، بەڵام قۆرخکردنی قارەمانێتی، دامەزراندنی ئایدیۆلۆژییە کە پێویستیی بە بەڵگە هەیە.
قسەکانی ئاڤێستا بەردەوام لە کردەی سەربازی سنووردارەوە دەچێتە سەر ئیدیعایەکی سیاسی تەواو. ئەو “بزووتنەوەی ئازادی” تەنیا وەک یەکێک لە هێزە بەشداربووەکان پێشکەش ناکات، بەڵکوو دەیکات بە چەقی چیرۆکی شنگال: لەوەوە ڕزگاربوون هاتە ئاراوە، لەوەوە ڕێکخستن پێکهات و بە فکری سەرۆکەکەی بوو کە ئێزدییەکان وشیاری و ئیرادەیان وەرگرت و لەو ڕیگایەوە حیزبەکەی خۆی لە قۆناخێکی دیاریکراودا تەداخول دەکات و دەبێتە خوڵقێنەری هەموو مێژوو.
لە ڕووی فەلسەفییەوە مرۆڤ دەتوانێت ئەمە بە “گرتنەبەری جەڤەنگ بەرامبەر بە کارەسات” ناوببرێت. هێزی سیاسی بەشداریکردنی خۆی دەکاتە ڕەسیدێکی ئەخلاقی، پاشان ئەم ڕەسیدە بۆ ڕەوایەتیدان بە حزووری سیاسی و سەربازیی دواتری خۆی بەکاردەهێنێت.
پرسیارێک دێتە پێشەوە: ئایا ڕزگارکردنی خەڵکی سڤیل دەبێتە مۆڵەتێکی هەمیشەیی بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمەکەیان و قسەکردن بەناوی ئەوانەوە؟ یان کردەوەیەکی مرۆیی و سەربازی، دوای لابردنی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ، لەژێر فەرمانی ئیرادەی دانیشتوان و یاسا و دامەزراوە هەڵبژێردراوەکاندا دەمێنێتەوە؟
شنگال تەنها ئێزدی نین
لێکۆڵینەوەکە دەبێت سەرەتا کێشەی تێکەلکردنی چەمکەکان ڕوون بکاتەوە، کە بەردەوام لە گفتوگۆ سیاسییەکاندا دووبارە دەبێتەوە. ئەویش بە بەکارهێنانی دوو دەستەواژەی “خەڵکی شنگال” و “کۆمەڵگەی ئێزدی” وەک یک مانا. شنگال ناوی ناوچەیەکی جوگرافی و مێژووییە کە فرە ـ پێکهاتەیە، نەک ناوی پێکهاتەیەکی ئایینی بە تەنها.
ئێزدییەکان پێش ساڵی 2014 گەورەترین پێکهاتەی دانیشتووی ناوچەکە بوون و هەندێک لە خەمڵاندنەکان باس لەوە دەکەن کە نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتووانی ناوچەکە پێکدەهێنن. بەڵام لە شنگالدا عەرەب و کوردی موسڵمان و مەسیحی و تورکمانی شیعە و پێکهاتەکانی دیکەش هەبوون. ئەم گرووپانە لە ڕێگەی پەیوەندی گەڕەک و بازرگانی و دامەزراندن و میراتی کۆمەڵایەتییەوە بەیەکەوە گرێدراون، سەرەڕای ئەوەی کە تووشی ململانێ و سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافی بوون.
هەر ئێزدییەکی شنگالی خەڵکی ئەوێێە، بەڵام هەموو دانیشتووانی شنگال ئێزدی نین. ئەم جیاوازییە تەنیا زمانەوانی نییە، بەڵکوو لێکەوتەی سیاسی و یاسایی هەیە، چونکە ئەنجومەنێک کە نوێنەرایەتی یەک پێکهاتە ئایینی بکات، ئوتوماتیک ناتوانێ نوێنەرایەتی هەموو دانیشتوانی ناوچەکە بکات و ئەو دەسەڵاتەی کە پێکهاتەیەک بپارێزێت، مافی بەڕێوەبردنی پێکهاتەکانی دیکەی پێنابەخشرێت ئەگەر ئەوان بۆخۆیان ڕازی نەبن.
داننان بە فرەچەشنی، لە تایبەتمەندیی کارەساتی ئێزدییەکان کەم ناکاتەوە. چونکە داعش بەشێوەیەکی سیستماتیک ئێزدیەکانی لەبەر ناسنامە ئایینی و نەتەوەییەکەیان کردۆتە ئامانج، کە ئەمە پاراستنی هەبوونیان و مافەکانیان لە گەڕانەوە و دادپەروەریدا دەکاتە ئەولەویەتی ئەخلاقی و یاسایی. بەڵێ، بنیاتنانی ئایندەی شنگال، پێویستی بە داننان بەم تایبەتمەندییە و دەستەبەرکردنی بەشداریی یەکسانی موسڵمان، مەسیحی، عەرەب، کورد، تورکمان و ئەوانی دیکە هەیە.
فرەیی بە مانا فەلسەفییەکەی تەنها هەبوونی گرووپە جیاوازەکان لە شوێنێکدا نییە، بەڵکوو دانپێدانان بە مافی هاوڵاتیبوون، یادەوەری و نوێنەرایەتیی هەر گرووپێکە، لەلایەن گرووپەکانی دیکەوە. بۆیە ئایندەی شنگال نابێ پرۆژەی حزبێک یان پێکهاتەیەک بێت بەتەنها، بەڵکوو پێویستە ڕێککەوتنێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەنێوان هەموو دانیشتوانەکەیدا بێت.
مێژووی سیاسیی خەڵکی شنگال لە ساڵی 2014ـەوە دەستی پێنەکردووە
چیرۆکی ئاڤێستا وەها پیشان دەدات کە پێش هاتنی ئۆجەلان، کۆمەڵگەی ئێزدی ناڕێکخراو و بێ پارێز و بێ هۆشیاری سیاسی ڕاستەقینە بووە. بەڵام ئەم وێنەیە لەگەڵ مێژووی بەشداریی ئێزدییەکان و ڕۆڵەکانی شنگال لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستاندا یەکناگرێتەوە.
شنگالییەکان بەشدارییان لە شۆڕشی ئەیلوولدا کردووە کە لە 11ی ئەیلولی 1961 بە سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی بەڕێوەچوو. بەشداریی ئەوان تەنیا هەبوونی یەکە مرۆییەکان لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا نەبوو، بەڵکوو دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و کەرەستە و زانیاری و وەئەستۆگرتنی دەرئەنجامەکانی پاڵپشتیکردنی شۆڕش بوو لە دۆخە سەختە سیاسی و سەربازییەکاندا. لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت لە ڕۆڵی ئێزدییەکان لە سەردەمی شۆڕشدا دەریدەخات کە ناوچەکانیان پاڵپشتی لۆجستی و کۆمەڵایەتی پێشمەرگەیان کردووە.
شۆڕشی ئەیلوول، بزووتنەوەی تاکە ناوچە و عەشیرەت و ئایینێک نەبوو، بەڵکوو پێکهاتە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی کوردستان تێیدا بەشدار بوون. بەشێک لە ئێزدییەکان داکۆکیکردن لە مافە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانیان بەستراوە بە تێکۆشان بۆ مافە نەتەوەییەکانی کورد و دیموکراسی لە عێراقدا دەزانن. ئەمە بەو مانایە نییە کە هەموویان یەک هەڵوێستی سیاسییان هەبووە، بەڵکوو بەڵگەیە لەسەر هەبوونی بەشداریی ڕێکخراو کە پێش دروستبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بوونی هەبووە.
لە شکستی 1975ـەوە بۆ شۆڕشی گوڵان
ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە ئازاری 1975دا بوو بە هۆی شکستی شۆڕشی ئەیلوول و ڕێژیمی عێراق وایدەزانی ئیدی بزووتنەوەی کورد کۆتایی هاتووە. بەڵام دوای ماوەیەکی کەم کار بۆ بنیاتنانەوەی ڕێکخراوە سیاسی و سەربازییەکان دەستیپێکرد و لە 26ی ئایاری 1976دا، شۆڕشی گوڵان وەک درێژەپێدەری ئامانجەکانی شۆڕشی ئەیلوول دەستیپێکرد.
ڕۆڵەکانی شنگال لەم قۆناغەشدا لە ڕێگەی چالاکیی سیاسی، تەشکیلاتی و پێشمەرگایەتیەوە بەشداریان کرد. چیرۆکی لۆکال، ناوی فوئاد میران دێنێتە ناو ئەو یەکەم کەسانەی کە لە هەڵگیرسانەوەی دوبارەی خەباتی چەکدارانەدا لە دوای ساڵی 1975ـەوە، بەشدار بوون. بەڵێ، ئەمانەتی زانستی پێویستی بە خستنەڕووی ئەمە هەیە وەک چیرۆکێک کە پێویستی بە پشتڕاستکردنەوە هەیە، لە تۆمارەکانی پێشمەرگە و شاهیدیی بەشداربوواندا، بە تایبەت کە هەندێک سەرچاوەی گشتی ئاماژە بە کۆمەڵێک پێشمەرگە دەکات کە دەستپێشخەری چالاکییەکانیان کردووە، نەک کەسێک بە تاقی تەنها خۆی وەک “یەکەمین جووڵەکار”.
کەسایەتییە پێشەنگەکان
سامی عەبدولڕەحمان (شنگالی) نموونەی بەشداریی سەرکردایەتییە لە بزووتنەوەی کوردیدا. لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا بەرپرسیارێتی سیاسی و میدیایی و سەربازی و دیپلۆماسی لە ئەستۆ گرتووە و یەکێک لە ئەندامانی سەرکدایەتیی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بووە لەدوای شکستی ساڵی 1975 و بەشداریی لە ڕێکخستنەوەی حزبەکە و ئامادەکارییەکان بۆ قۆناغێکی نوێی بەرگری کردووە.
هەروەها فازڵ میرانی دەبیندرێت کە لەساڵی 1966دا پەیوەندیی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کرد و لە یەکەم کۆنگرەی پەدەکەدا بەشدار بووە و دواتر بووە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی، و سەرکردەیەکی دیار.
بەشداریی هەموو پێکهاتەکە لەم ناوانەدا کورت ناکرێنەوە، چوونکە پێشمەرگە و چالاکوان و بنەماڵە هەن کە پاڵپشتییان کردووە و قوربانییان داوە و ناویان لە کتێبە فەرمییەکاندا تۆمار نەکراوە.
ڕەخنە لە ئیدیعای “دروستکردنی هۆشیاری”
بوونی فیکریی ئەم چیرۆکە ئەو بانگەشەیە پووچەڵ دەکاتەوە کە هۆشیاری ئێزدییەکان دوای بەشداری کردن لە شۆڕشەکانی ئەیلول و گوڵان دەستی پێکردووە و کارەکانی نێوان پێشمەرگە و ڕێکخراوە سیاسییەکان نیشانەی هەبوونی ئەزمونێکی سیاسی بەکۆمەڵە کە دەگەڕێتەوە بۆ پێش دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان. بزووتنەوەیەکی سیاسی دەتوانێت کاریگەری لەسەر پێکهاتەیەک هەبێت و پشتیوانی بەدەستبهێنێت و دامەزراوەی نوێ دروست بکات، بەڵام لەڕووی زانستییەوە ناتوانێت خۆی وەک سەرەتای سەرجەم هۆشیارییەکانی ئەو پیشان بدات. چونکە هۆشیاریی بەکۆمەڵ بە بڕیارێکی حیزبی پێکنایەت، بەڵکوو لەناو مێژوو، ئایین، زمان، ئەزموونە کۆمەڵایەتییەکان، ململانێ و هەڵبژاردە جیاوازەکاندا پێکدێت.
کاتێک بزووتنەوەیەک ناسنامەی پێکهاتەیەک بە تەواوی بە سەرکردەکەیەوە دەبەستێتەوە، ئەوا لە هاوکاریکردنەوە دەگاتە سەرپەرشتیکردن. هاوکاری کۆمەڵگا یارمەتیی کۆمەڵگا دەدات بۆ دەربڕینی ئیرادەی خۆی، بەڵام سەرپەرشتیکردن وادەکات کە لەبری ئەو قسە بکات و دواتر پێی وایە کە کۆمەڵگەکە بەر لە هاتنی ئەو، هیچ دەنگێکی نەبووە.
درێژە لە بەشی دووەمدا: شنگال لە نێوان ساڵانی 2003 و جینۆسایدی 2014دا ـ هاوسەنگی سیاسی، بەرپرسیارەتی پاراستن، پاشەکشەکردن، ڕێڕەوی ڕزگارکردن و پێشوازیکردن لە ئاوارەکان.