پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان هێرشە ڕەگەزپەرستانەکەی زۆنگولداک ئیدانە دەکات

PWK ئەم ڕووداوە وەک دەرئەنجامی سیاسەتی شۆڤیانە دژ بە نەتەوەی کورد پێناسە دەکات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا هێرشی ڕەگەزپەرستانەی سەر کرێکارانی کورد لە ناوچەی ئالاپلیێی سەر بە شاری زۆنگولداکی بە توندی شەرمەزار کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەی PWKدا هاتووە، زیاتر لە 70 کرێکاری وەرزی و خێزانەکانیان کە لە ناحیەی جزیرێ و سلۆپی سەر بە شێرناخەوە بۆ چنینەوەی فندق ڕوویان لە گوندی بەکتاشلی کردبوو، تووشی ئەم هێرشە بوون. لە کاتی ڕووداوەکەدا، وێنەی منداڵان کە لە پشتی ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاپدا لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەگرین، کاردانەوەی گەورەی لەناو خەڵک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدوای خۆیدا هێنا.
PWK ئەم ڕووداوە وەک دەرئەنجامی سیاسەتی شۆڤیانە دژ بە نەتەوەی کورد پێناسە دەکات و نووسینگەی ڕاگەیاندنی PWK لە ڕاگەیاندراوەکەیدا دەستنیشانی کردووە کە ئەم هێرشە دەرئەنجامی پەروەردەی شۆڤێنیستی و چەواشەکاری و فشاری کۆمەڵایەتیی شۆڤیانەیە کە دەیان ساڵە لە هۆشمەندیی کۆمەڵگەدا بنیات دەنرێت.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا داواکراوە کە ئەم ڕووداوە پشتگوێ نەخرێت. پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان داوای لە سەندیکاکانی پارێزەران لە کوردستان کرد دەستپێشخەری یاسایی پێویست دەستپێبکەن و داوای لە دەزگا ئەمنییەکان کرد کە ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە دەستنیشان بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بە توندترین سزای یاسایی سزا بدرێن.
لە کۆتاییدا PWK داوای لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و سەرکردەکانی کورد کردووە کە هەڵوێستی هاوبەش لە دژی ئەم هێرشە ڕەگەزپەرستانەیە نیشان بدەن. هەروەها داوای لەو لایەنانەی تورکیا کرد کە خۆیان بە لایەنگری مافی مرۆڤ و دیموکراسی و ئازادی دەزانن، تا لە دژی ئەم هێرشە شۆڤێنیستییە و دژە مرۆییە دەنگی خۆیان هەڵببڕن.