چیرۆکی خوێنی 22 هەزار کچ و کوڕی لاوی کورد لە کۆشکی دیمەشق کۆتایی پێهات

چیرۆکی خوێنی 22 هەزار کچ و کوڕی لاوی کورد لە کۆشکی دیمەشق کۆتایی هات

ئۆجەلان جگە لە هەڵوەشانەوەی پەکەکە، بەڵێنی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی ڕۆژئاڤاشی بە دەوڵەتی تورک دابوو و پێی گوتن: “ئێمە ناهێڵین سووریا دابەش ببێت”.

ئەو ئەنتەگراسیۆنەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەسەر ڕۆژئاوای کوردستانیدا سەپاند، شەوی ڕابردوو لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا لە کۆشکی سەرۆکایەتی سووریا لە دیمەشق کۆتایی هات. جەنەڕاڵ جەنەراڵەکان بە جلی ئەفەندییەکانەوە ڕۆیشتە سەر ستەیج و وتی: “ئێمە سووریایەکی ئارام و یەکگرتوو دەپارێزین” و بەم شێوەیە کۆتایی بە چیرۆکی ڕۆژئاڤا هێنا.

کاتێک شۆڕشی سووریا دژی ڕژێمی ئەسەد دەستیپێکرد، ڕۆژئاڤا کوردستان دەرفەتێکی زێڕینی بۆ ڕەخسا، بەڵام پەکەکە هەر زوو پەیوەندیی بە ڕێژیمەوە کرد و دژی کورد جووڵایەوە و ئەو شۆڕشەی سەرکوت کرد کە لە ڕۆژئاڤا دەستیپێکردبوو. ئەم ڕێکخراوە بەر لە ڕێژیمی ئەسەد و بە پشتیوانی دەوڵەتی ئێران ڕێگەی نەدا ڕۆژئاڤا چێژ لە شنەبای ئازادی وەربگرێت.

دیاریی ئۆجەلان بۆ پاراستنی یەکپارچەیی سووریا

دوای تێپەڕبوونی 3 ساڵ و سەرباری چەتەکانی بەرەی نوسرە و دواتریش تیرۆریستانی داعش، ڕۆژئاوای کوردستان بە خوێنی 22 هەزار ژن و پیاوی کورد پارێزرا. پەکەکە لە چوارچێوەی یەکە چەکدارەکاندا لە ژێر ناوی یەپەگە، یەپەژە و دواتریش هەسەدە ڕێکیخستبوون، ئەم لاوانەی ڕۆژئاڤا گیان و ڕۆحی خۆیان بەختی نیشتمانەکەیان کرد بۆ ئەوەی داگیر نەکرێت، بەڵام پەکەکە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆچوونێکی دیکەیان هەبوو.!

بە نەمانی ڕژێمی ئەسەد جارێکی تر دەرگای دەرفەتە مێژووییەکان لەبەردەم ڕۆژئاڤادا کرایەوە و دیسان ئەوانەی ئەو دەرفەتانەیان لە ڕۆژئاڤا وەرگرت، هەر پەکەکە و ئۆجەلان بوون.

ئۆجەلان هیواکانی سەربەخۆیی ڕۆژئاڤای لەناوبرد

ئۆجەلان بە بانگەوازەکەی 27ی شوباتی 2025، هەموو شتێکی بۆ تورکیا بەجێهێشت، جگە لەوەی بەڵێنی هەڵوەشانەوەی پەکەکەی دا، هاوکات بەڵێنی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی ڕۆژئاڤای کوردستانیشی بە ئەردۆغان و باخچەلی و دەوڵەتی تورکیا دا و پێی گوتن: “ئێمە ناهێڵین سووریا دابەش ببێت”.

سەرەڕای کاردانەوەی شەرمێونانەی مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد، بەڵام فەرمانەکانی ئۆجەلان لەو کاردانەوانە گەورەتر بوون و “ئەنتەگراسیۆن” واتە تێکەڵبوونی هەمەلایەنی هێزە کوردییەکان لەگەڵ سوپای عەرەبی سووریا و تواندنەوەی گەل لە ناو کۆمەڵگەی عەرەبیدا لەژێر ناوی “کۆمەڵگەی دیموکراتیک و سووریایەکی دیموکراتیک”دا سەپێندرا.

ئەم ئەنتەگراسیۆنە چی بەدەست هێنا؟ بەهەزاران کوڕ و کیژی لاوی کورد لەپێناو پارادایمی ئاپۆدا بوونە قوربانی، ژەنەڕاڵ مەزڵوومیش، ڕۆژئاوای کوردستانی بۆ کۆیلایەتی و ئەنتەگراسیۆن فرۆشت و شەوی ڕابردوو بە فەرمی کۆتایی بە چیرۆکی ئازادی و سەربەخۆیی ئەو بەشەی وڵات هێنا.

دڵتەنگی شاهین جیلۆ سەرنجی میدیای کوردی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە

بابەتی جێگای سەرنج و دڵتەزێن ئەوەیە کە لە دوێنێوە میدیای کوردی و هەروەها بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی و شرۆڤەکارانی سۆشیال میدیا، قسە و شرۆڤەکانیان بۆ لێکدانەوەی ڕوخساری مەزڵووم عەبدی تەرخان کردووە. ئەوان سەرنج و وتاری زۆریان لەسەر زمانی جەستەی ژەنەراڵ داوە و دەڵێن و دەنووسن: “حەیف و بەداخەوە چەندە دڵتەنگە”!!، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە مەزڵووم عەبدی، یان شاهین جیلۆ، بۆخۆی بەشێک بووە لەم پیلانە ئۆجالان و بە هیچ شێوەیەک نایهەوێت و ناتوانێت لە تەعلیمات و فەرمانەکانی ئۆجەلان دەرچێت.

پەکەکە ماوەی 48 ساڵە تەنها ماڵی کوردان کاول و تاڵان دەکات، تەنیا ڕۆڵەی کورد دەکووژێت و تەنیا لە سێدارەیان دەدات. ماوەی 48 ساڵە پەکەکە نەک هەر دەستکەوتێکی بۆ کورد و کوردستان دەستەبەر نەکردووە، بەڵکو ئەو دەستکەوتانەش کە هەبوون و ئەوانەی کە بەخوێنی هەزاران کچ و کوڕی لاوی کورد بەدەستهاتوون، لێی وەرگرتوونەتەوە و لەناوی بردوون.

Share