لە سەربەخۆیی کوردستانەوە بۆ تێکەڵبوون (ئەنتەگراسیۆن) لە ناو کۆماری تورکیادا ـ 4

لە سەربەخۆیی کوردستانەوە بۆ تێکەڵبوون (ئەنتەگراسیۆن) لە ناو کۆماری تورکیادا ـ

هیچ سەرکردەیەک، مافی ئەوەی نییە کە نەتەوەیەک بە تەواوی لە خەونی خۆبەڕێوەبەری و چارەیخۆنووسین سەروەرییەوە بگۆڕێت بۆ بژاردەی تێکەڵبوون (ئەنتەگراسیۆن).

سمکۆ عەبدولعەزیز

گۆڕانکارییەکانی ناو پەکەکە و ئەو پرسیارانەی کە لەسەر (خوێن، ناسنامە و بەرپرسیارێتی) دروست بوون

بەشی چوارەم: ئۆجەلان پێش ئیمرالی و دوای ئیمرالی… کاتێک ئامانج گۆڕاوە و سەرۆک هەر ماوە!

هیچ شەرمێک نییە کە هزرمەندێک پێداچوونەوە بە بیرۆکەکانی خۆیدا بکات، چونکە بیرۆکەیەک کە لە بەرانبەر گۆڕانکارییەکانی مێژوودا ڕابوەستێت، دەبێتە باوەڕێکی داخراو و مردوو. بەڵام پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەکە دەبێتە کێشەیەکی ئەخلاقی و سیاسی کاتێک کە بێتە سەر تێکدانی “پەیمانی بنەڕەتی”ی بیردۆزەکە و ئامانجەکەی و دواتر داوا لە خەڵک بکرێت پڕۆژە نوێیەکە وەک دەرئەنجامێکی سروشتی ببینن، بەبێ ئەوەی وەڵامی بوێرانە پێشکەش بکەن و بەبێ ئەوەی دەرگا بەڕووی لێپرسینەوە و لێپێچینەوە لەسەر تێچووە قورسە مرۆیی و سیاسیەکاندا بکەنەوە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان کاتێک پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی دامەزراند، بەو بۆچوونە دەستی پێکرد کە کوردستان وڵاتێکی دابەشکراو و داگیرکراوە و ڕزگارکردنی پێویستی بە خەباتێکی چەکدارانەی یەکلاکەرەوە هەیە کە بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بە ئەنجام بگات. خودی ئۆجەلان لە ساڵی 1999دا لەبەردەم دادگای تورکیا دانی بەوەدانا کە بیرۆکەی “دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان” ڕێبازی سەرەکیی یەکەم بەرنامەی پەکەکە بووە.

لەو سەردەمەدا سەربەخۆیی دروشمێکی لاوەکی نەبوو، بەڵکوو پەیمانێک بوو کە ڕەوایەتیی دابوو بە پەکەکە و بەهەزاران گەنج وەک تاکە پێوەر بۆ شۆڕشگێڕی و نیشتمانپەروەری، ڕوویان لە شاخ کرد و چەکیان هەڵگرت.

ڕەنگدانەوەی ئەم قۆناغە بە ڕوونی لە چاوپێکەوتنێکی ئۆجەلان لەگەڵ ڕۆشنبیر و سیاسەتمەداری کورد ئیبراهیم ئەحمەددا دەردەکەوێت کە لە گۆڤاری سەرخۆبون (ژمارە 185، ئایاری 1997، ل5)دا بڵاوکراوەتەوە. کاتێک ئیبراهیم ئەحمەد وتی داواکاری بزووتنەوەی کورد لە عێراق “خودموختاری بۆ کوردان و دیموکراسی بۆ عێراق” بوو، ئۆجەلان بە توندی وەڵامی دایەوە و وتی: “خودموختاری گەورەترین درۆیە” و وەک پڕۆژەیەکی تەسک وەسفی کرد کە لە خزمەت دەسەڵاتی بنەماڵە و کێبڕکێیە عەشایرییەکاندایە. کاتێک ئیبراهیم ئەحمەد وتی کێشەکە لە چەکدا نییە بەڵکوو لە لێکتێگەیشتندایە، ئۆجەلان بە پێداگرییەوە وەڵامی دایەوە: “کێشەی سەرەکی چەکە”.

هەڵوێستەکەی بە بێ دوودڵی ڕوون بوو: خۆبەڕێوەبەری پڕۆژەیەکی فریودەرانە و سنووردارە، لە کاتێکدا پەکەکە نوێنەرایەتی شەڕێکی کوردستانیی کشتگیر دەکات کە چارەسەری نیوەچڵ قبووڵ ناکات.

بەڵام کاتێک ئۆجەلانیان بردە ئیمرالی، ئەو ئۆجەلانە نەبوو نەبوو کە سووریای بەجێهێشتبوو. لە بەرگریکردن لەخۆید لە ساڵی 1999دا نەک هەر سەربەخۆیی ڕەتکردەوە، بەڵکو خۆبەڕێوەبەری و یەکگرتوویی ناوچەیی وەک ئامانجی ناعەمەلی دانا و گەیشتن بە مافە سەرەتاییە ڕۆشنبیرییەکانی وەک بەرزترین ئاست بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە دەبینی. دواتر وتارەکانیشی گۆڕدران، بە کەڵک وەرگرتن لەو بیرۆکە نوێیانەی کە ناوەندگەرایی دەوڵەتی ڕەت دەکەنەوە، لە “کۆماری دیموکراتی”ـەوە بەرەو “نەتەوەی دیموکراتیک” و بەرەو “بنیاتنانی دیموکراتیک” هەنگاوی نا تا گەیشتە بانگەوازەکەی لە ساڵی 2025دا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانانی پەکەکە و ئەنتەگرەبوون لە ناو بونیاتی دەوڵەتی تورکیا و کۆمەڵگەی تورکدا. ئیدی لە مێشکی ئۆجەلاندا دەوڵەتی کوردی نەک هەر ئامانجێکی نەگونجاو بوو، بەڵکوو “دەوڵەت-نەتەوە”، بوونە یۆتۆپیا و چەمکی نەتەوەیی کۆن، کە پێویستیان بە گۆڕانکاری هەبوو.

بەمجۆرە پرۆژەکە بەتەواوی گۆڕاوە: لە ڕزگارکردنی کوردستانەوە بۆ دیموکراتیزەکردنی کۆماری تورکیا، لە مافی چارەی خۆنووسینەوە بۆ ئەنتەگراسیۆن، لە گوتنی “کێشەی سەرەکی چەکە”وە بۆ ڕاگەیاندنی کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکدارانە و شوبهاندنی درێژەدانەکەی بە گریانێکی بێسوود.

ئەم گۆڕانکارییە دەکرێت وەک گۆڕانێکی جیهانی دوای ڕووخانی ئۆردوگای سۆسیالیستی لێکبدرێتەوە، یان وەک نیشانەی ئەستەمبوونی چارەسەری سەربازی یان وەک هەوڵێک بۆ پاراستنی کۆمەڵگە لە شەڕێکی بێهودە شرۆڤە بکرێت. ئەمانە هەموو هۆکاری ڕاستەقینەی نەگونجانن بۆ گفتوگۆکردن. بەڵام ئەم بادانەوە توندە کە هاوکات دوای زیندانیکردنی ئۆجەلان لە ناو گۆشەگیریی ئیمرالیدا و لەلایەن دوژمنە دەسەڵاتدارەکەیەوە بە دیاریکراوی ڕوویدا، پرسیارێکی ڕەوای فیکری و ئەخلاقی دەوروژێنێت: ئایا ئەم گۆڕانکارییە گەشەسەندنێکی هزریی ئازادانەیە یان خۆگونجاندنێکی ناچارییە لەگەڵ هاوسەنگی هێز و بارودۆخی زینداندا؟

فەلسەفە و تیۆرییەکانی ئۆجەلان داوا لە کورد دەکات پێش ئەوەی بتوانێت دەسەڵات بەدەست بهێنێت، دەستبەرداری بیرۆکەی “دەوڵەت-نەتەوە” بێت، لە کاتێکدا دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکانی ناوچەکە، شەرعیەت و سوپا و سەروەری نەتەوەیی خۆیان دەپارێزن.

لێرەدا پارادۆکسێکی گەورەی مێژوویی دێتەئاراوە: ئۆجەلان پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەریی باشووری کوردستانی بە “گەورەترین درۆ” ناوبرد، کە ئەنجامەکەی بوو بە ئەنتەگرەبوون لەناو کۆماری تورکیادا، بەبێ هیچ ناوچەیەک کوردستانیی دیاریکراو، بێ خودموختاری و خۆبەڕێوەی و بەبێ هیچ گەرەنتییەکی دەستووری بۆ مافی بڕیاردان لەسەر چارنووس. لەکاتێکدا کە پرۆژەی بارزانی بە لاواز و بەرتەسک تۆمەتبار دەکرا، سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و ئاڵۆزییەکان، لە خودموختارییەوە دەرباز بوو بۆ هەرێمێکی ئازادی خاوەن دامەزراوە و پەرلەمان و حکومەت و لە ساڵی 2017دا گەیشتە مومارەسە کردنی مافی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی.

کێشەی فەلسەفی و سیاسی لە مافی ئۆجەلاندا نییە بۆ پێداچوونەوە، پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن مافێکی فکری ڕەسەنە. کێشەکە لە سەلماندنی کەسایەتی ڕەهای ڕێبەردایە، لەبەرامبەر گۆڕانکاری بەردەوام بە ناوی دۆز و ئامانجی خەبات و ئامرازەکان و ناسنامەی نەتەوەیی و بەهای قوربانییەکانەوە. لە هەر قۆناغێکدا داوا لە جەماوەر و لایەنگران دەکرا کە هەڵوێستی نوێ وەک ڕاستییەکی سەرکەوتوو و پیرۆز ببینن، هەروەک چۆن داوایان لێدەکرا بە هەمان ئیمانی نەگۆڕەوە باوەڕ بە پێچەوانەکەشی بکەن.

پێداچوونەوەیەکی دڵسۆزانە بە پێوەرێکی ئەخلاقی بەرپرسیارانە، نەک تەنها دەڵێت جیهان گۆڕاوە، بەڵکوو بوێرانە وەڵامی پرسیارە قورسەکانیش دەداتەوە:

ـ ئێمە لە کوێدا هەڵەمان کرد؟

ـ بۆچی شەڕەکە ئەوەندە ساڵ بەردەوام بوو؟

ـ کێ تێچووی ئەم خوێن و وێرانکارییەی داوە؟

ـ میللەت بە گواستنەوەی ئامانج لە ئاسۆی دەوڵەتی سەربەخۆوە بۆ ئاسۆی ئەنتەگراسیۆن لەناو کۆماری تورکیادا چی دەستکەوت؟

ئۆجەلان مافی ئەوەی هەیە لە شەڕەوە بگەڕێتەوە بۆ ئاشتی، بەڵام هیچ سەرکردەیەک، تەنانەت ئەگەر کەسایەتییەکەی زۆریش بەرز بێت، مافی ئەوەی نییە نەتەوەیەک بە تەواوی لە خەونی خۆبەڕێوەبەری و چارەیخۆنووسین سەروەرییەوە بگۆڕێت بۆ بژاردەی تێکەڵبوون (ئەنتەگراسیۆن)، بەبێ ئەوەی کە سپاردنێکی دیموکراتیکی ڕوون هەبێت. چونکە ئایندەی کوردستان و مافی سەروەری هی ئەو کەسە نییە کە بیرۆکەی یەکەمی داڕشتووە، نە هی ئەو کەسەشە کە گۆڕیویەتی و بیرۆکەیەکی دیکەی لە شوێنی داناوە. سەرۆک دەتوانێ پێداچوونەوە بە هزر و پڕۆژەکانی خۆیدا بکات، بەڵام بڕیاردان لە باتی نەتەوەیەک، زۆردارییە، لەکاتێکدا کە مافە بنەڕەتییەکەی ئەوەیە کە بۆخۆی خاوەن بڕیار و دەسەڵاتی خۆی بێت لە ناو نیشتمان و وڵاتەکەی خۆیدا.

Share