دەوڵەتی تورک کێشەی لەگەڵ مافە نەتەوەییەکانی میللەتی کورددا هەیە و کاتێک تەڤگەر دەستبەرداری ئەو مافانە ببێت، دەوڵەتی تورک فەرشی سوور بۆ سەرکردایەتی تەڤگەرەکە ڕادەخات.
سمکۆ عەبدولعەزیز
لە ئێستادا سێ ئیدیۆم لە تورکیا بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێی نێوان تورکیا و پارتی کرێکاران بەکاردەهێنرێت: تورکیا پێی دەڵێت هەنگاوەکانی نەهێشتنی تیرۆر لە تورکیا و پارتی کرێکارانیش بە هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی ناوی دەبات.
لە نێوان ئەم سێ بیرۆکەیەدا، شەڕەنیخ بەردەوامە و هەریەکەیان بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی شرۆڤەی دەکات. شرۆڤەکانی ئەو دوو لایەنە لە ناوەڕۆکدا زۆر لێکتر جیاوازن. هەربۆیە ئەم چەند پرسیارە لای مرۆڤ سەرهەڵدەدات:
ـ کێ مافی ئەوەی هەیە شەڕ بوەستێنێت؟
ـ خەباتی سیاسی کەی دەست پێدەکات؟
ـ پێوەر و مەرجەکان چین؟
لە گوتاری تورکیادا باس لەوە دەکرێت کە تەنها دەوڵەت خاوەنی ئەم پرۆسەیە، بڕیاری کۆتایی لە دەستی ئەودایە کە ئایا هەموو چەکەکان دانراون یان نا.
لە گوتاری دەم پارتیدا، کە نوێنەری سیاسی پارتی کرێکارانە، باس لەوە دەکرێت کە پەرلەمان و دەرکردنی یاسا و ڕاگەیاندنی مافەکان گەرەنتی بەردەوامبوونی پرۆسەی ئاشتی دەبن.
لە گوتاری سەرکردایەتی ڕاستەقینەی پەکەکەدا، چارەنووسی ئۆجەلان و ڕۆڵی سیاسی ڕاستەوخۆی ئەو، بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی گەرەنتی دەکات.
لەم سێ گوتارەدا سێگۆشەیەک دەردەکەوێت:
دەسەڵاتی دەوڵەت، ڕەوایەتیی پەرلەمان، لێڤەگەریی سەرکردایەتی لەناو تەڤگەردا، لە شرۆڤەکردنی ئەو هەڵویستە ڕاشکاوانەدا دەتوانین بەو ئەنجامە بگەین کە کۆبوونەوەکان بەردەوامن و ڕۆژ بەڕۆژ تۆمەتبارکردنی یەکتر دژوارتر دەبن و گەیشتن بە ڕێککەوتن زیاتر دەبێت، بەڵام خاڵەکانی ڕێککەوتن مژاویین و ناکۆکییەکی زۆر بەهێز لەسەر خاڵەکانی ڕێککەوتن هەیە.
دەکرێ خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی ڕیزبەندی بکرێت و ئەم لیستە بووەتە گرێ کوێرە بۆ هەر سێ گوتارەکە.
ـ دەوڵەت ئامادە نییە پێش چەکدانان، هیچ گەرەنتییەک بدات.
ـ تەڤگەر ئامادە نییە چەک دابنێت تا گەرەنتی نەدرێت.
ـ دەم پارتی ئامادە نییە بەبێ ئەوەی یاسا و مافەکان لە پەرلەمان پەسند بکرێن، پرۆسەکە بە سەرکەوتوو ڕابگەیەنێت.
لەم ڕیزبەندییەدا چاوەڕوانی بووەتە چەقی هەڵواسراوی پڕۆسەی دانوستاندا. ئەم هەڵواسراوییە بووەتە ئامرازێکی گەشەسەندوو و هەر سێ لایەنەکە دەیکەن بە بانگەشەی لەسەرحەقبوونی خۆیان بۆ لایەنگرەکانیان.
لێرەدا دەبینین تەنها کۆمەڵگەی کورد و مافە نەتەوەییەکانی ئامادە نین و چارەنووسی زمانەکەیان و خەباتی سیاسی خۆیان بۆ قۆناغی داهاتوو نازانن. بە واتایەکی تر کۆمەڵگەی کورد و مافە سروشتییەکانیان لە چارەنووسی گەڕانەوەی سەرکردایەتی سیاسیی تەڤگەر گرنگترە.
ئەم دەرئەنجامە ئەو گۆرانییەمان بیردەخاتەوە کە شڤان پەروەر گوتوویەتی، کاتێک دەڵێت: “هەر کەس چوو مالا خۆ و بژیت پێشمەرگە و بژیت کوردستان”. بەڵام بەداخەوە سەرکردایەتی سیاسیی تەڤگەر، دوو کۆپلەکەی ئاخریان نەکردۆتە چەقی دانوستانەکان، بەڵکوو تەنها کۆپلەی یەکەمی کردۆتە ستراتژیی دانوستانەکانی خۆی و دەوڵەتی تورکیش ئەمەی زۆر بەدڵە، چونکە ئەو کێشەکەی لەگەل سەلامەتیی سەرکردایەتی بزوتنەوەکە نییە، بەڵکوو کێشەی لەگەڵ مافە نەتەوەییەکانی میللەتی کورددا هەیە و کاتێک تەڤگەر دەستبەرداری ئەو مافانە ببێت، دەوڵەتی تورک فەرشی سوور بۆ سەرکردایەتی تەڤگەرەکە ڕادەخات.