ئەمڕۆ 42یەمین ساڵوەگەڕی ئەو کۆمەڵکوژیەیە
لە 19ی مانگی دیسەمبەری 1978دا، کوردە عەلەویەکانی شاری مەرەشی باکووری کوردستان بوونە ئارمانجی کوشتاری بێبەزەییانەی عەقڵییەتی فاشیستیی تورکەکان و زیاتر لە 500 کەس تەنیاو تەنیا بەتاوانی کوردبوون لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لێ ئەستێندراو کۆمەڵکوژ کران.
لەم بابەتەدا:
چیرۆکی ڕاستەقینەی 8 ڕۆژی ڕەش لە مێژووی پڕ چەرمەسەری کوردەکانی باکووری کوردستان دەخرێتەڕوو کە 42 ساڵ لەمەوپێش و لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا فاشیزمی تورک لە شاری مەرەشی ئەو بەشەی کوردستاندا زیاتر لە 500 کوردیان کۆمەلکوژ کرد کە ژنی دووگیان و منداڵی چەند مانگە گیانیان لێ ئەستێندراو لاوانی کورد پارچە پارچە کران. چۆنیەتی فەتوای مەلا تورکەکان ئاشکرا دەکرێن کە سەواب و جەزای خێری کوشتنی کوردەکانی مەرەشیان بە 5 حەج بەراورد کردبوو. هاوکات چۆنیەتی و کاتی ئەم کۆمەڵکوژیە تیشکی دەخرێتە سەر.
بڕیاری کۆمەلکوژیەکە لەلایەن دەوڵەتەوە دەرکرابوو بۆیە هیچ کەس لەسەر ئەو کوشتارە بێبەزییانە سزا نەدرا. کورد لە مەرەش وەدەرنران و دیموگرافیای شارەکە گۆڕدرا. تاوانی مەرەش رووی راستەقینەی سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن و کۆچاندنی زۆرەملێی دەوڵەتی تورکیایە. لە بەشێک لەشارەکانی باکووری کوردستان کەسانی سەر بە نەتەوی باڵادەستی تورکیش نیشتەجێن بەڵام هەردوو نەتەوەی کورد و تورک بە بی هیچ کێشەیەک پێکەوە دەژیان، ئەم دۆخە بەتایبەت لە شارە سنووریەکانی “مەرەش، ئادیامان، مالاتیا، سێواس، ئەرزینجان، ئۆرفاو ئەرزرووم” زۆر بەرچاو بوو. دەوڵەتی فاشیستی تورک بەمەبەستی وەدەرنانی کوردەکان و گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە، کۆمەڵێک پرۆژەی رەگەزپەرستانەی دەستپێکردن کە هەتا ئێستاش بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامن.
کوردەکانی مەرەش بە یاساکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لەلایەن دەوڵەتی تورکانەوە کۆمەڵکوژ کران
ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە سالی 1915دا بە ئامانجی “کۆمەڵکوژ کردنی ئەرمەنیەکان” یاسایەکی تایبەتی لەژێر ناوی “تەهجیر” بە فەرمی پەسند کردو بەهۆیەوە زیاتر لە یەک ملیۆن ئەرمەنی کۆمەلکوژ و ئەوانی دیکەشیان لە زیدی خۆیان دوور خرانەوەو ناچار بە کۆچی زۆرەملێ کران. دەوڵەتی تورکیا لە دەیەی حەفتاکاندا بەشێوەیەکی شاراوەو بە بێدەنگی ئەو یاسایەی لە دژی کوردەکان بەکار هێنا کە دەسپێکەکەی “کۆمەلکوژی مەرەش” بوو.
شاری مەرەش لە ناوچەیەکی شاخاوی هەڵکەوتووەو زۆربەی دانیشتووانەکەی لە کوردانی نیشتمانپەروەری عەلەوی پێکهاتبوو. کەمینەیەک لە دانیشتووانەکەشی لە تورکەکان پێکهاتبوو، بەهۆی پێکەوەژیانی کورد و تورک و هەروەها شۆڕشگێڕبوونی دانیشتووانەکەی وهەڵکەوتە جوگرافیەکەیەوە، بۆ دەوڵەتی تورکیا بە ناوچەیەکی ستراتژیک ئەژمار دەکرا، هەر بۆیە پرۆژەیەکی تایبەتی بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ئەو شارەو پاکتاوکردنی ڕەگەزی دانیشتوانەکەی دەست پێکرد کە هەتا ئێستاش بەردەوامیی هەیە. میدیای فاشیستی تورک بەمەبەستی پەردەپۆش کردنی پرۆژە رەگەزپەرەستانەکەیان هەوڵ دەدەن بەرگی مەزهەبی بە بەر کێشەی مەرەشدا بکەن و لە زەینی تاکەکاندا وەکوو کێشەی نێوان سوننە و عەلەویەکان جێی بخەن.
مەلا تورکەکان لە فتوایەکدا گوتیان: “هەرکەس کوردێکی عەلەوی بکوژێت بەراورد بە 5 حەج پاداش لە خودا وەردەگریت.”
لە مەرەش چی ڕوویدا؟
هێزەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا لە مەرەش، بە پیلانێکی لەپێشدا داڕێژراو کوشتاری بێبەزەییانەی کوردەکانی شارەکەیان لە ڕۆژی 19/12/1978دا دەستپێکرد. بە پێی پیلانەکە لەو ڕۆژەدا تەقینەوەیەک لە ناو “سینەمای راستگەراکان”دا ڕوویداو کە ئەگەرچی بڕیارو جیبەجیکردنی تەقینەوەکە لە لایەن دەوڵەتەوە ئەنجام درابوو بەڵام هەر دەستوپێوەندییەکانی دەوڵەت و فاشیستەکان، کردیان بە بیانوویەک بۆ دنەدانی تورکەکانی شارەکە بۆ ئەوەی پەلاماری گەڕەکە کوردنشینەکان بدەن. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەداو لەیەکەم ڕۆژدا 3 هاووڵاتی کوردی عەلەوی گیانیان لەدەستداو تورکەکان رێگایان نەدا تەرمەکان ببرێنە مزگەوت و لە ئەنجامدا شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لەنێوان کوردەکان و تورکاندا دەستی پێکردو پەرەی ئەستاند. مەلا تورکەکان لە مزگەوتەکاندا فەتوایان بە دژی کوردان دەرکرد گوتیان: “هەرکەس کوردێکی عەلەوی بکوژێت بەراورد بە 5 حەج پاداش لە خودا وەردەگریت.” ئەم فتوایە کە بە پرۆژەیەکی فاشیستی – مەزهەبی تورکەکان دژ بە کوردان دێتە ئەژمار، کیشەکانی قووڵتر کردەوەو دەوڵەتی تورکیاش وەکوو هەنگاوی دووەمی پیلانەکەی هیزەکانی لە ناو شاری مەرەشدا کشاندەوە بۆ ئەوەی بڵێ هێزەکانی دەوڵەت لەو شەڕەدا بەشدار نین. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو کەسانەی رێکخەرو بەرێوەبەری شەڕەکە بوون کەسانی سەر بە دەوڵەت بوون و مەعاشیان وەردەگرت.
لە 23/12/1978 و 4 ڕۆژ پاش دەستپێکردنی شەڕەکە، هیرشی تورکە فاشیستەکان سەرجەم گەڕەکەکەنی کوردانی گرتەوەو هەرچەند لاوانی کورد جوامێرانە لەسەر کۆڵانەکانی خۆیاندا ساتەریان لێدابوو و سەنگەری بەرگرییان لە خاک و ماڵی خۆیان بەرنەدەدا، بەڵام بەهۆی نەبوونی چەک و پشتگیریەوە نەیاندەتوانی لەوە زیاتر بەرگری لەخۆیان بکەن و لە لایەکی دیکەوە تورکە فاشیستەکان چەک و چۆڵێکی زۆریان لەبەردەستدا بوو و بەو چەکانە دەستیان دایە کۆمەڵکوژییەکی گەورەو دڕندانەو وەحشیگەریەکانی دەورانی بەڕبەڕیەتیان بۆ جارێکی دیکە زیندوو کردەوە.
تورکە فاشیستەکان ژنی دووگیان و منداڵی ساوای 9 مانگەیان کوشت و لاوێکی کوردیان پارچەپارچە کردو لە قازاندا کوڵاندیان
ئەو بارودۆخە هەتا 26/12/1978 بەردەوام بوو، بەپێی ئامارە فەرمییەکان 150 کەس کوژرابوون بەڵام بەپێی وتەی شایەتحالەکان ژمارەی کوژراوەکانی ئەو هێرشانەی سەر کوردەکان لە 500 کەس زیاتر بووە کە ژنی دووگیان و کۆرپەلەی 9 مانگانەشیان تێدا بووە. 200 خانوو بەتەواوی خاپوور کران و 100 دوکان و شوێنی کارکردن لە لایەن تورکە فاشیستەکانەوە سووتێندران و بە سەدان کەسیش بریندار کران. بە کورتی زوڵمێک دەرحەق بە کوردان کرا کە نموونەی لە مێژوودا زۆر دەگمەنن.