کاتێک سەیری بارودۆخی ئەمڕۆی سلێمانی و یەکێتی دەکەین، گرینگیی هەنگاوی 31ی ئابمان زیاتر بۆ دەردەکەوێت.
ڕۆژی یەکشەممە 31/8/2025، ڕێک 29 ساڵ بەسەر بەرخۆدانی هەولێر بەرامبەر بە پیلانی هاوبەشی ئێران بە سەرکردایەتی یەنەکە بە مەبەستی داگیرکردنی هەولێر تێپەڕبوو.
ئۆپراسیۆنی 31ی ئابی هەولێر کە ئەگەرچی بە درێژایی مێژوو چەواشەش کراوە، بەڵام لە ڕاستیدا ڕێگەی بۆ پێکهێنانی ستاتۆی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان و گەشەسەندنی هەولێر بۆ ئاستی ناوەندێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خۆش کرد. چونکە ئۆپەراسیۆنی هەولێر هەم پیلانەکانی ئێران و هەمیش هێزی ناوخۆیی جاش و مافیاکانی لەناوبرد.
گرنگی و ڕۆڵی ئۆپەراسیۆنی هەولێر لە مێژووی نزیکی کوردستاندا، کاریگەرییەکانی زیاتر لەسەر میللەتی کورد دەردەکەوێ، بەتایبەتی کاتێک بارودۆخی سیاسی ئێستای سلێمانی لەبەرچاو بگیرێت. پێکدادانی نێوان ئامۆزاکانی تاڵەبانی لە هۆتێل لالەزار لە سلێمانی لە 21-22ی ئاب، لەگەڵ شەڕی ناوخۆیی مافیائاسا لە نێوان ئامۆزاکان لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا و ڕاکێشانی سلێمانی بۆ ناو ئەم تاریکستانە، ئەم خاڵە زیاتر ڕوون دەکاتەوە. هەنگاوی 31ی ئاب نەیهێشت هەولێر هاوشێوەی سلێمانی ببێتە ناوەندێکی مافیای سیاسی.
هێرشەکانی ڕژێمی عێراق بۆ سەر کوردستان لە سەر هێڵی 36، ڕێگرییان لێکرا. دوای شەڕ ڕێژەی هەژاری زۆر زیادی کردبوو، ئاوارەکان دەگەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی ژیان بە سەختی پێکدەهات. لە هەموو شارێکدا خەڵک تێدەکۆشان و کاریان دەکرد بۆ ئەوەی کە لە نێو کاولکارییەکانی ڕژێمی سەددامدا، ژیانێکی ئازاد بنیات بنێن.
هەولێر لەگەڵ گەورەترین سەختی و دژواری بەرەوروو بوو. دزی و مافیا و ڕفاندن و گەندەڵی لە هەولێر بەربڵاو ببوو. گەیشتبووە ئەو ئاستەی کە خەڵک پارچەی ئۆتۆمبێلەکانیان لێدەکردنەوە و دەیانبردە ماڵەوە بۆ ئەوەی ندزرێن. لە ئەرشیفی ئەو سەردەمەدا زۆر وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەبیندرێن کە لە سەربانی ماڵەکان ڕاگیراون. بەرپرسیاری سەرەکی ئەم تاریکییەی کە هەولێری داپۆشیبوو، یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە) بوو، چوونکە سەرجەم دامودەزگا ئەمنییەکان لە ژێر دەسەڵاتی یەنەکەدا بوون.
یەکێتی نەک هەر سەقامگیری هەولێری تێکدا، بەڵکوو هاوکات پیلانێکی خیانەتکارانەشی بۆ داگیرکردنی هەولێر لەلایەن ئێرانەوە ئامادەکرد. یەکێتی بڕیاریدا ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش بۆ لەناوبردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێبکات و لەهەمانکاتدا ڕێگە بە هێزەکانی ئێران بدات بچنە ناو هەولێرەوە. سوپای ئێران بە جلوبەرگی پێشمەرگەی یەنەکەوە، جووڵاندنی یەکەی چەکە قورسەکانیان لە شاری “سلێمانی”یەوە بەرەو شاری “کۆیە”، دەستپێکردبوو.
بە واتایەکی تر یەکێتی و ئێران شانبەشانی یەک ئۆپەراسیۆنی دژە کوردیان دەستپێکردبوو.
ئێستا هەندێک بازنە (بەتایبەت میدیاکانی پەکەکە، بەتایبەتی لە بڵاوکراوە تورکییەکانیاندا) ئەم ڕاستییە دەشارنەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پەدەکە لەگەڵ سەدام چووەتە ناو هەولێرەوە. ئەوان دەیانهەوێت وا لە خەڵک بکەن کە باوەڕ بەم درۆیە بکەن. بەڵام پەدەکە بە تاکتیکی شەڕی بە باندۆری “قەرز کردنی قەڵەم لە دوژمنێک بۆ شکستپێهێنانی دوژمنێکی دیکە” کەڵکی وەرگرتووە. ئەمە هەم هەنگاوێکی سیاسی و هەمیش تاکتیکێک بوو.
بەڕاستی کاتێک سەیری بارودۆخی ئەمڕۆی سلێمانی و یەکێتی دەکەین، دەبینین ئەم کارە چەندە بۆ کوردستان و کورد گرنگ بووە. کورد بە هەنگاوی 31ی ئاب، پیلانێکی تاریکی تێکشکاند.
بەداخەوە لەمڕۆدا، یەنەکە هێشتا سیاسەتی هاوشێوەی ئەو سەردەمەی هەیە. یەکێتی تا ئێستاش هاوکارە لەگەڵ ئێران، هاوپەیمانی حەشدی شەعبییە و ئەو شارەی کە بەڕێوەی دەبەن وەک ناوەندێکی مافیا وایە، ئێستاکەش لە دوژمنایەتی خۆیان بەرامبەر هەولێر بەردەوامن. لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێراندا بۆ سەر هەولێر، یەکێتی ڕۆڵی هەبوو. یەکێتی لە پێنەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستاندا ڕۆڵی هەبوو. یەکێتی لە داگیرکردنەوەی کەرکووک و شنگال لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە ڕۆڵی هەبوو. یەکێتی لە ژێر دەسەڵاتی بافڵ تاڵەبانیدا وەکوو مافیایەکی سیاسیی لێهاتووە.
بە واتایەکی تر یەکێتی دۆخێکی مەترسیدار ئەزموون دەکات. میدیای یەنەکە، میدیای پەکەکە، عەرەبە شیعەکان و ڕێژیمی ئێران هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی کە بافڵ تاڵەبانی وەکوو سەرۆک بخەنەڕوو. ئەم بەرە دژە کوردە لەم دواییانەدا بافڵیان وەک سەرۆکی “یەکێتی سۆسیال دیموکراتەکانی جیهانی عەرەبی” دەستنیشان کرد. لە پێناو پیلانەکانی داهاتوویانە کە هێندێ بەها بە بافڵ تاڵەبانی دەدەن. بافڵ دەبێتە ئامرازێکی پیلانگێڕی وەک داگیرکردنی هەولێر لە ساڵی 1996دا و پێویستە کورد وریا بێت. پێویستە کورد بە ڕۆحی هەنگاوی 31ی ئابەوە دژی ئەم پیلانە خیانەتکارانەیە بجووڵێتەوە.