ئۆپەراسیۆنی بافڵ تاڵەبانی بۆ سەر بنەماڵەی شێخ جەنگی تەنیا ململانێیەکی ناوخۆیی نییە؛ بەڵکوو ڕەهەندێکی ناوچەییشی هەیە.
لە ڕێکەوتی 21-22ی تەباخدا، شەڕێکی ناوخۆی هەرە خوێناوی لە مێژووی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە)دا لە سلێمانی ڕوویدا. دوای پێکدادانی چوار کاتژمێری نێوان ئامۆزاکاندا، لاهوور شێخ جەنگی و براکانی پۆڵات و ئاسۆ شێخ جەنگی دەستبەسەر کران. بەپێی هەندێک زانیاری، پۆلات شێخ جەنگی لە ملیەوە بریندار بووە و لە نەخۆشخانەیەکی سلێمانیدا خەوێنراوە باری تەندروستیی ناجێگیرە. تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی سەبارەت بە چارەنووسی براکانی شێخ جەنگی نەدراوە و هیچ پەیوەندییەکیان بە کەسوکار و پارێزەرەکانیانەوە نەکردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوە فەرمییەکان، لە ئەنجامی تێکهەڵچوونەکەدا پێنج کەس کوژراون کە 3 کەسیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی یەنەکە بوون لە سلێمانی و 2 کەسیشیان ئەندامی هێزەکانی سەر بە لاهوور شێخ جەنگی بوون. بەڵام هاوکات سەرچاوە نافەرمیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە 7 ئەندامی ئەو هێزەی سەر بە لاهوور جەنگی کوژراون و تەنانەت ئاراس جەنگی برای لاهوور جەنگی لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لانیکەم 12 کەس لە هێزەکانی سەر بە لاهووری برای کوژراون کە هێندێکیان تەرمەکانیان لە ناو ئاگردا سووتاوە.
چەقی پێکدادانەکان “هۆتێل لالەزار”ی لاهوور شێخ جەنگی بوو. لە تێکهەڵچوونەکاندا چەکی قورس بەکارهێنراوە و هۆتێلەکە بە تانک و هاوەن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تۆپباران کراوە. هەروەها دەگوترێ کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کراوەتە سەر ماڵی بافڵ تاڵەبانی. بەڵام سەرچاوە ناوخۆییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەلایەن خودی بافڵ تاڵەبانییەوە ئەنجامدراوە بۆ ئەوەی وەک پاساوێک بۆ ڕەوایەتیدان بە هێرشەکەی سەر لاهوور شێخ جەنگی بە تانک و تۆپخانە و درۆنی خۆتەقێن، بەکار بێت.
پاشخانی ڕووداوەکان زۆر ئاڵۆزە، بۆیە ئەم دۆخە بە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی بۆ یەنەکە دادەنرێت و دۆخێکی مەترسیدار بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکات.
مێژووی هاوپەیمانی و دوژمنایەتی نێوان لاهوور جەنگی تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی…
مێژووی ململانێ و ناکۆکییەکانی ئامۆزاکانی تاڵەبانی زۆر دوورودرێژە. لەبەر ئەوەی کە دوو کوڕەکەی جەلال تاڵەبانی بە ناوەکانی قوباد و بافڵ دوور بوون لە سیاسەت و بە گشتی لە دەرەوەی کوردستان دەژیان، لاهوور جەنگی برازای جەلال تاڵەبانی، لەناو یەکێتیدا و بەتایبەتی لە هێزەکانی دژە تیرۆردا، زۆر کاریگەر بوو.
بەڵام لەگەڵ نەخۆشکەوتنی مام جەلال تاڵەبانی لە ساڵی 2012دا ڕەوتی ڕووداوەکان گۆڕانی بەسەردا هات، یەکێتی ئاڵۆزییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی و لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستاندا بۆ پلەی سێهەم دابەزی. لە سلێمانی لە هەمەبر بزووتنەوەی گۆڕاندا شکستی هێنا و سەرکردایەتی خۆی لەدەستدا. یەکێتی کە وردە وردە دەسەڵاتی لەدەست دەدا، بۆ پاراستنی ئەو سیستەمەی دایمەزراندبووی ئیدارەیەکی هاوبەشی پێکهێنا، کە کەسایەتییە کاریگەرەکانی وەک مەلا بەختیار، کۆسرەت ڕەسوڵ، لاهوور شێخ جەنگی و شەهناز ئیبراهیمی لەخۆ دەگرت. ئێران بۆخۆی پێشەنگایەتی هەوڵەکانی پێشگرتن لە داڕمانی یەنەکەی کرد. قوباد و بافڵ، کوڕەکانی جەلال تاڵەبانی، ئیدی زیاتر لە گۆڕەپانی سیاسیدا پێشکەوتن.
لەگەڵ هێرشەکانی داعش و باباتە سەربازییەکان لە ساڵی 2014دا، لاهوور شێخ جەنگی زیاتر بەرجەستە بوو. لە ساڵی 2017دا لاهوور جەنگی و بافڵ تاڵەبانی کەرکووکیان ڕادەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران کرد و هاوپەیمانییەکی ستراتژیکیان لەگەڵ ئێران واژۆ کرد و هاوکات خۆیان وەک هێزێک بە زلهێزە ڕۆژئاواییەکانی دژبەری ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان پیشاندا کە دەتوانێت ڕێگری لە پەدەکە بکات. لە ئەنجامدا یەنەکە ئەو ئاڵۆزییانەی تێپەڕاند کە لە دوای جەلال تاڵەبانی ڕوویدابوو.
ململانێ و پێکدادان لە نێوان بنەماڵەی تاڵەبانی و بنەماڵەی ئیبراهیم ئەحمەددا…
بەڵام دوای تێپەڕبوونی مەترسییەکە، کاتی دابەشکردنی دەسەڵات بوو و قیامەتی ڕاستەقینە لەسەر شەڕی دەسەڵات دەستیپێکرد. کەسانی وەک شەهناز ئیبراهیم، کچی ئیبراهیم ئەحمەد، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە خاوەنی یەنەکەن و بافڵ تاڵەبانی کوڕی خۆیان بۆ نەهێشتنی بنەماڵەی تاڵەبانی ئامادە کرد.
لە کۆنگرەی یەکێتی لە 19ی شوباتی 2020دا، بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی وەک هاوسەرۆک هەڵبژێردران.
لە مانگی تەمموزی ساڵی 2021دا، یەکێتی دیسان تووشی گەردەلوولێکی دیکە بوو. گوایە کەسایەتییە پێشەنگەکانی یەکێتی، هێرۆ ئیبراهیم، مەلا بەختیار و کۆسرەت ڕەسوڵ، ژەهراوی کراون. لەم ئیدیعایەدا لاهوور جەنگی بە ژەهراویکردنیان تۆمەتبار کرا.
ئەم ڕووداوە وەک پێکدادانی 8ی تەمموز لە مێژووی یەنەکەدا تۆمار کرا
دوای ئەم ڕووداوە گرژییەکانی ناو یەنەکە کۆتاییان نەهات. بافڵ تاڵەبانی دەستپێشخەریی ئابوری و سیاسی و تیرۆریستی دەستپێکرد بۆ ئەوەی کە دەسەڵات و هێزی لاهوور شێخ جەنگی لەناو یەنەکەدا و بەتایبەت لەناو هێزەکانی دژە تیرۆردا لاواز و بنبڕ بکات. بەم ئامانجە دەستی بە تیرۆری ناوخۆیی کرد. کەسایەتییە سەرەکییەکانی نزیک لە لاهوور جەنگی؛ وەک نیاز دەرگەلەیی، هاوکار جاف، ئاکام عومەر و موراد کانی کوردەیی، کوژران و دەست بەسەر ماڵ و موڵکەکانیاندا گیرا.
دوای ئەوەی کە وەهاب هەڵەبجەیی لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە کرایە بەرپرسی دژە ـ تیرۆر، وێکڕا بەشێوەیەکی مافیایی یەنەکەیان بەڕێوەبرد.
ئامادەکارییەکانی بافڵ تاڵەبانی بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق و لیستی تەسفیەکردنەکەی…
بە تایبەت لە دوای ساڵی 2012، یەنەکە خۆی وەک دژە پارتی جێخست و دەرگایەکی ڕانتی بۆ خۆی کردەوە و لەلایەن هەموو ئەو هێزانەوە پشتیوانیان لێدەکرا کە دوژمنی پەدەکە بوون، وەک ئێران و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و بەشێک لە هێزە ڕۆژئاواییەکان و پەکەکە بە پێی ئەم ڕێککەوتنە جووڵانەوە.
بافڵ تاڵەبانی چاوەروان بوو کە لە هەڵبژاردنەکەی 20ی تشرینی یەکەمی 2024ی پەرلەمانی کوردستاندا، سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بهێنێت. خۆی پابەند کردبوو بەوەی کە شکست بە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بهێنێت. بۆ ئەو مەبەستە میکرۆفۆنی فڕێ دەدا و کەفی دەچەراند و هەڕەشەی لە سەرکردەکانی پەدەکە دەکرد و بێحورمەتیی پێدەکردن. بەڵام سەرەڕای ئەوەش نەیتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
ئێستاش کە بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی مانگی مژداردا بەڕێوەبچێت، بافڵ تاڵەبانی هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە شیعەکان کردووە بۆ ئەوەی کە پەدەکە لاواز بکات. بۆ ئەم مەبەستەش دەیهەوێت هیچکام لەو هێزانە نەهێڵێت کە بە تایبەتی لە سلێمانی مەترسی بۆ سەر پێگەی یەنەکە دروست دەکەن. هەر لەم ڕاستایەدا شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی بزووتنەوەی نەوەی نوێ لە 12/8/2025دا دەستبەسەر کرا.
ئارام قادر، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی لە 10ی تەمموزدا دەستبەسەر کرا و تا ئێستا هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ئاشکرا نەکراوە و هێشتا ڕەوانەی دادگا نەکراوە. هاوپەیمانی نیشتمانی پارتێکە کە بەرهەم ساڵح دایمەزراندووە.
پێشبینی دەکرێ پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق، بافڵ تاڵەبانی سەرجەم لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سلێمانی ڕاماڵێت.
بەڵام ئەمە تەنها بەم کەسانە سنووردار نابێت. هەروەها لە پشت پەردەوە باس لەوە دەکرێت کە کەسایەتییەکانی وەک مەلا بەختیار و بەرهەم ساڵحیش وردە وردە لە سلێمانی دوور دەخرێنەوە و دەست بەسەر موڵکەکانیاندا دەگیردرێت. بە واتایەکی تر ئۆپەراسیۆنی بافڵ هێشتا کۆتایی نەهاتووە. سلێمانی دەبێتە شوێنێک کە ڕۆژانە تێیدا گرتن و کوشتنی گوماناوی و ڕووداوی ئاڵۆز ڕوودەدات.
بافڵ تاڵەبانی ئێستا لە هەموو کاتێک مەترسیدارترە
ئۆپەراسیۆنی بافڵ تاڵەبانی بۆ سەر بنەماڵەی شێخ جەنگی تەنیا ململانێیەکی ناوخۆیی نییە؛ بەڵکوو هاوکات ڕەهەندێکی ناوچەییشی هەیە.
نزیکەی 11 مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا حکومەت پێکنەهاتووە. ئەگەرچی زۆرجار هۆکاری ئەمە دەگەڕێنرێتەوە بۆ ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی، بەڵام ئەمە بەتەواوی ڕاست نییە. بافڵ تاڵەبانی بە ئەنقەست هەوڵی پێکهێنانی حکومەت بەپێی خواستی ئەو هێزانە دەدات کە دەیانهەوێت هەرێمی کوردستان تێکبدەن و حکوومەتی هەولێر بێباندۆر بکەن. واتە سەرەڕای نەدانی مووچە بۆ ماوەی 8 مانگ و بۆردومانکردنی بیرە نەوتەکان و ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت، یەنەکە بە ئەنقەست دەیهەوێت کوردستان بە بێ حکومەت بمێنێتەوە.
دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە بافڵ تاڵەبانی کە بە تانک و تۆپ و درۆن هێرشی کردە سەر سلێمانی، لەمەودوا مەترسیدارتر دەجووڵێتەوە. هەروەها دەتوانین بڵێین بافڵ تاڵەبانی لوولەی چەکەکانی بەرەو هەولێری پایتەخت دەگۆڕێت.
کێ گڵۆپی سەوزی بۆ تەسفیەکردنی لاهوور جەنگی هەڵکرد؟
ئێستا مشتومڕترین بابەت ئەوەیە کە کام هێز ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیەی بۆ بافڵ تاڵەبانی پەسەند کردووە. بەتایبەت هەندێک بازنە دەیانهەوێت کە لەم بابەتەدا ناوی پەدەکە بهێنرێتە ئاراوە، بەڵام کاتێک بە وردی سەیری دەکەیت، ئەوە بە ڕوونی دەبیندرێت کە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) پشتیوانیی لەم ئۆپەراسیۆنە نەکردووە.
چونکە نە تەسفیەکردنی بنەماڵەی شێخ جەنگی و نە چەسپاندنی دەسەڵاتی تاکڕەوانەی بافڵ تاڵەبانی، لە بەرژەوەندیی پەدەکەدا نییە.
ئەو بانگەشەیەی کە دەیانهەوێت لاهوور شێخ جەنگی لە بەرانبەر ئەدهەم بارزانیدا تەسفیە بکرێت، ڕاست نییە. چونکە ئەدهەم بارزانی لە کوردستاندا کەسایەتیەکی سیاسی نییە و تەنها کەسێکە کە لەلایەن میدیای پەکەکە و یەنەکەوە زەق دەکرێتەوە. بافڵ ئامانجی ئەوەیە کە بە تەسفیەکردنی دژبەرەکانی، دەسەڵاتی خۆی لە دژی پەدەکە بەهێز بکات.
گڵۆپی سەوز بۆ گرتنی لاهوور جەنگی لە لایەن بەرەی شیعەوە هەڵکراوە کە شەڕێکی نهێنی دژی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبات. بەرەی شیعە گڵۆپی سەوزی بۆ بافڵ هەڵکرد بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا ئەنجامێکی باشتر بۆ یەکێتی مسۆگەر بکات. ئەو زانیاریانەی کە گۆیا لاهوور جەنگی “کاریگەری ئەرێنی لە کوشتنی قاسم سولێمانیدا هەبووە”، بەرەی شیعە تووڕە و نیگەران دەکات.
ئەو کەسە سەرەکیانەی گڵۆپی سەوزیان بۆ ئۆپەراسیۆنی سڕینەوەی بنەماڵەی شێخ جەنگی تاڵەبانی هەڵکرد، عەبدوللـەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق و شەهناز ئیبراهیمی هاوسەری بوون. عەبدوللـەتیف ڕەشید سەرەڕای ئەوەی سەرۆک کۆمارە و خەڵکی شاری سلێمانییە، بەڵام تا ئێستا هیچ لێدوانێکی لەبارەی ڕووداوەکەوە نەداوە. شەهناز ئیبراهیم ئەحمەدی هاوسەریشی، بەهێزترین و قووڵترین هێزە کە لە پاکتاوکردنی بنەماڵەی شێخ جەنگیدا بەشدارە. بافڵ تاڵەبانی لە ژێردەستی شەهناز ئیبراهیم و عەبدوللـەتیف ڕەشید گەورە بووە. بافڵ وەک منداڵی ئەوان پەروەردە بووە و ئەوان بە منداڵی خۆیانی دەزانن. شەهناز ئیبراهیم وەک ڕۆحی شاراوەی بافڵ تاڵەبانی وایە.