دوای چوار ئەندامی “گرووپی ئەنقەرە”ی پەکەکە (جەمیل بایک، مستەفا قەرەسوو، عەلی حەیدەر قەیتان و دوران کاڵکان)، کاریگەرترین کەسایەتی ناو پەکەکەیە.
قەرەیڵان لە 5ی حوزەیرانی 1955 لە ناوچەی “بلەجیک”ی رووها لەدایک بووە. دەرچووی پەیمانگای ئەندازیاری میکانیکی لە شاری ڕووهایە. پێش ئەوەی بچێتە ناو پەکەکە، لە نێوان کۆبانی و پرسووسدا، قاچاخچێتی دەکرد. بەهۆی ئەم قاچاخچێتیەوە، لە بواری جوگرافی و ئەمنیدا، لێهاتوو بوو. لە ساڵی 1979 پەیوەندیی بە پەکەکەوە کرد و لە ساڵی 1980دا سنووری بەزاند و پەڕیەوە بۆ ناو لوبنان. لەبەر ئەوەی کە قاچاخچێتی سەر سنووری کردبوو، لە کۆبانێ مایەوە و بە سەرکردایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەسەر سنووردا کاری دەکرد.
قەرەیڵان هەم زیرەک بوو، هەمیش هاوشاری ئۆجەلان بووە. ئەمەش هۆکارێک بوو کە بەرجەستە بکرێت و متمانەی ئۆجەلان بەدەستبهێنێت. قەرەیڵان ئەرکی گرنگی لە سووریا و ئەوروپا ئەنجام دەدا.
بەڵام ئەوەی کە قەرەیڵانی کرد بەو قەرەیڵانەی ئێستا، ئەرکدار کردنی بوو لەلایەن ئۆجەلانەوە وەک سەرۆکی ARGK لە بەهاری 1992دا و مانەوەی لە هەرێمی حەفتەنین بوو. لە شەڕی پەکەکە لە دژی پەدەکە لە ساڵی 1992دا لە هەموو میحوەرەکانی دیکە کاریگەرتر بوو. لەو کاتەوە تا ئێستا بۆ ماوەی 33 ساڵە کە لە کاروباری سەربازیدا، کەسی یەکەمی پەکەکەیە.
گرووپی ئەنقەرە بوونە دوژمنی قەرەیڵان
چوار ئەندامی گرووپی ئەنقەرە لە توانای بەڕێوەبردنی شەڕ بەدوور بوون و قەد بەشداریی شەڕیان نەکردبوو. بەهۆی ئەوەی کە قەرەیڵان خۆی گەیاندبووە ئاستی ئەوان، قەڵس و توورە بوون.
دوژمنایەتیی ئەوان لە ساڵی 2004دا زیاتر بوو، ئۆجەلان لێپرسینەوەیەکی لەسەر “گرووپی ئەنقەرە” دەستپێکرد و موراد قەرەیڵانی وەک سەرۆکی کەجەکە ئەرکدار کرد. ئەندامانی پەکەکە بەسەر دوو گرووپدا دابەشبوون، لایەنگرانی جەمال و لایەنگرانی جەمیل. کەسایەتییەکانی وەک بەسێ هۆزات، ڕەزا ئاڵتون و سەبری ئۆک لەو ململنێیەدا لە پاڵ جەمیل بایکدا بوون.
سەرەڕای بەرخۆدانی بەرچاوی قەرەیڵان لەو ململانێیە ناوخۆییەدا، سەرئەنجام شکستی خوارد. لە ساڵی 2013دا ئۆجەلان قەرەیڵانی لە کارەکەی دوورخستەوە و جەمیل بایکی لە شوێنی دانا.
قەرەیڵان جارێکی تر ڕەوانەی ئەرکی سەربازی کرا و لە سیاسەت دوورخرایەوە. بەم هەنگاوەش جەمیل بایک لە دوای ئۆجەلان بوو بە کەسی دووەم لەناو پەکەکەدا.
فەرماندەی شکستخواردووی چیا: موراد قەرەیڵان
لە ڕوانگەی سەربازییەوە قەرەیڵان فەرماندەیەکی شکستخواردووە. پەکەکە لە ماوەی 33 ساڵ فەرماندەیی کردنەکەیدا، لە جێبەجێکردنی هیچ ستراتیژێکی سەربازیدا سەرکەوتوو نەبووە.
قەرەیڵان لە ساڵی 1992 هەتا 1998، بەرپرسی بۆتان بووە. لەژێر فەرماندەیی ئەودا زیاتر لە هەزار گوندی بۆتان چۆڵکران و سەدان هەزار کەسیش زێد و ماڵی خۆیان چۆل کرد و دەربەدەر بوون. بۆتان چۆڵکرا. گەریلاکان لە هێرشەکانیان بۆ سەر پێگەکانی دوژمندا زیانێکی زۆریان بەرکەوت. لە ساڵی 1998دا قەرەیڵان وەک فەرماندەیەکی شکستخواردوو، ناچار بوو بۆتان بەجێبهێڵێت.
لە ساڵی 2004دا، کاتێک ئۆجەلان دەیویست سەرلەنوێ شەڕ دەستپێبکاتەوە، قەرەیڵان پێداگری لەسەر بڕیارەکەی ئۆجەلان کرد و لە کۆنگرەی دووەمدا بڕیاری شەڕکردنی 1ی حوزەیرانی مسۆگەر کرد. ئەگەرچی سەرۆکی کەجەکە بوو، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ هەپەگەی کۆنترۆڵ دەکرد.
بە زانینی ئەوەی کە ئەوان دەبنە قوربانی تاکتیکی هێزە چەکدارەکانی تورکیا، بەڵام هەزاران گەریلای ڕەوانەی چیاکانی باکوور کرد و هەموویان گیانیان لەدەستدا. گەریلاکانی وەک عادل بلک، ئاپێ حووس، ئاتاکان ماهر و بە هەزاران کەسی دیکەیان خستە ناو ئاگری دوژمن، تەنها بۆ ئەوەی کە بڵێن شەڕ بەردەوامە.
لە ساڵی 2015دا، کاتێک کە شەڕی خەندەقەکان باکووری کوردستانی وێران کرد و خەڵکی خستە ناو قەیرانێکی گەورەوە، دیسان هەر موراد قەرەیڵان فەرماندەی هەپەگە بوو. ئەوە بیرۆکەی ئەو بوو کە ڕێکخستنێک بە ناوی یەپەسە دابمەرزێنێت بۆ ئەوەی شەڕی خەندەقەکان جێبەجێ بکات. شەڕی خەندەقەکان باکوری کوردستانی کاول کرد.
قەرەیڵان زۆرجار لە شاشەی تەلەفزیۆنەکاندا پڕوپاگەندەی دەکرد و دەیگوت، “ئێمە تاکتیکی نوێمان داڕشتووە، ئێمە تونێلی جەنگمان دروستکردووە”، بەڵام ئۆجەلان لە بانگەوازەکەی 27ی شوباتیدا، دواجار شکستهێنانی سەربازیی پەکەکەی قبووڵ کرد و دانی پێدانا. قەرەیڵان هەم فەرماندەی شکحستخواردووی “ستراتیژی شەڕی درێژخایەنی گەلی و هەمیش ستراتژیی پاراستنی ڕەوا”ی پەکەکەیە.
قەرەیڵان لە هەموو ئەم شکستانەدا بەرپرسیارە
ئەگەرچی ئەو خۆشەویستییەکی ئزۆری بەدەستهێنا لەبەر ئەوەی کە تاقە کەسایەتیی ناو گرووپی ئەنقەردا بوو کە بە کوردی قسەی دەکرد و خەڵکی دەناسی، بەڵام ئەو نێچیرڤانی خەباتکارانی پەکەکە بوو. ئەو بە بێ دوودڵی مرۆڤەکانی لەو چالاکییانەدا بە کوشتن دەدا کە بۆ نیشاندانی دەسەڵاتی خۆی، ئۆرگانیزەی کردبوون. هەزاران گەریلا بە فەرمانەکانی ئەو گیانیان لەدەستدا.
لە هەمان کاتدا ئەو کوژەری ئینفازەکانی ناوخۆی پەکەکش بوو. کەسایەتییەکانی وەک محەممەد شەنەر و ناسر (فاروق بۆزکورت) بە فەرمان و ئۆرگانیزەی ئەو کوژران.
قەرەیڵان دۆستایەتیی بارزانییەکانی ئیستیسمار کرد
قەرەیڵان لە ساڵانی 2000دا بینی کە بایک لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت. بۆ ئەوەی لە بەرەنگاربوونەوەی بایکدا کاریگەری پەیدا بکات، خۆی لە بزاڤی بارزانیەکان نزیک کردەوە. هەوڵیدا لەلای خەڵکی باشووری کوردستن، خۆی وەک مرۆڤێکی کوردپەروەر پیشان بدات. لەگەڵ ئەوەشدا بەنهێنی پیلانی دژی باشووری کوردستان دانا و دۆستایەتیی بزووتنەوەی بارزانیەکانی ئیستیسمار کرد. دوای ساڵی 2015، لوولەی چەکی گەریلاکانی بەرەو رووی پێشمەرگەکانی کوردستان سووڕاند. دژایەتییەکانی خۆی گەیاندە ئاستێکی وەها کە وتی “من لەگەڵ ئەندامانی ئاپۆچیدا لە هەموو شوێنیکی جیهان، هێرش دەکەمە سەر بارزانیەکان”. قەرەیڵان بۆخۆی فەرمانی بە گەریلاکان کرد کە 12 پێشمەرگەی کوردستان کە غازی ساڵح ئالیخان و محەممەد میرزا سندیشیان لەناودا بوون، شەهید بکەن.
بەشداری چالاکانەی قەرەیڵان لە دوژمنایەتیکردنی پەدەکە، ئەوی لە بەرامبەر جەمیل بایکیشدا لاواز کرد.
قەرەیڵان تا ئێستاش کەسایەتییەکی گرنگی ناو پەکەکەیە. لەمەودواش جارێکی تر چارەنووسی لەلایەن ئۆجەلانەوە دەستنیشان دەکرێت.