ئۆجەلان: “ئەو زمانەی کە تورکیا دەکاتە ئامانج ئەرێنی نیە؛ لەمەودوا زمانی ئەرێنی لە دژی تورکیا بەکاردەهێنین”.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پێشهاتێکی سەرنجڕاکێش لە میدیای پەکەکەدا ڕوویداوە. دوو ماڵپەڕی سەرەکیی هەواڵی پەکەکە ڕایانگەیاند کە بڵاوکراوەکانیان بە زمانی تورکی ڕادەگرن.
لە ڕێکەوتی 25ی ئەیلولدا، ئاژانسی “ئانها”ی پەکەکە لە ڕۆژئاڤا و “ڕۆژنیوز”ی ئەو حیزبە لە سلێمانی ڕایانگەیاند کە بڵاوکراوەکانیان بە زمانی تورکی ڕادەگرن. لە هەمان کاتدا ڕۆژنامەی ئەوروپیی پەکەکە، “یەنی ئۆزگۆر پۆلیتیکا”، بە بیانووی پاککردنەوەی ماڵپەڕەکەی، بڵاوکراوەکانی خۆی ڕاگرت. سەرچاوەکانی نزیک لە پەکەکە ئیدیعای ئەوە دەکەن کە ئەم کارە “بە فەرمانی ئۆجالان” ئەنجامدراوە. بە واتایەکی تر بڕیارەکە بڕیارێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو بڕیارێکە کە پەیوەندی بە پارادایمی پەکەکەوە هەیە.
ناوی نوێی سیاسەتی تورکبوون: ئەنتەگراسیۆنی ئەرێنی
دوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجالانەوە لە 27ی شوباتدا، پەکەکە لە چوارچێوەی پێکهاتە تەشکیلاتیەکانیدا، بە تایبەت لە ئەوروپا و تورکیا، هەندێک گۆڕانکاری ئەنجام دەدات، بەبێ ئەوەی بە ئاشکرا دانیان پێدا بنرێت. چەمکی “تورکبوون” کە ئۆجەلان لە دوای ساڵی 1999 بەسەر پەکەکەیدا سەپاند، لە ئێستادا بۆ چەمکەکانی “ئەنتەگراسیۆنی ئەرێنی- ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک” گۆڕاوە، بۆ ئەوەی قبوڵکردنی ئاسانتر بێت.
لەم نێوەندەدا پەکەکە بڕیاری داوە سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە سەرجەم پڕوپاگەندە و ئەدەبیاتی نووسراوی خۆی بکاتەوە بۆ ئەوەی لەم پڕۆسە نوێیەدا، ڕوانگە و هەڵسەنگاندنی کوردانە و وشەی کوردستان لە ئەدەبیاتی خۆی دوور بخاتەوە. سەرچاوە نزیکەکانی پەکەکە ئاشکرایان کردووە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کۆبوونەوەیەکدا لە مانگی ئایاردا گوتوویەتی:
“ئەو زمانەی کە تورکیا دەکاتە ئامانج ئەرێنی نیە؛ ئێمە ئەم شێوازە دەگۆڕین، لەمەودوا زمانی ئەرێنی لە دژی تورکیا و کۆمەڵگاکەی بەکاردەهێنرێت، لەمەودوا بە کۆمەڵگەی کوردیەوە سەرقاڵ دەبین”.
هەروەها زانراوە کە ئۆجەلان لە کۆبوونەوەی 25ی ئایاردا کە لە میدیاکانەوە بڵاوکرایەوە گوتوویەتی: “لەمەودوا سەرنجمان لەسەر پرسە ناوخۆییەکان دەبێت”. هەروەها باس لەوەش کراوە کە دوای قسەکانی ئۆجەلان، پەکەکە چیتر لە بڵاوکراوەکانیدا وشەی وەک “کۆلۆنیالیست”، “خاکی کوردستان”، “ئاسمیلاسیۆن” و “جینۆساید” بەکارناهێنێت. پەکەکە لە مانگی حوزەیران یەکەم هەنگاوی خۆی بەم ئاراستەیە ناوە و کۆتایی بە بڵاوکردنەوەی گۆڤاری “سەرخوەبوون” هێنا. لە ڕاستیدا بڵاوکراوەی “سەرخوەبوون” هێڵی پەکەکەی دیاری دەکرد. لەگەڵ داخستنی گۆڤاری “سەرخوەبوون”دا، بڵاوکرانەوەی ئەو دەستەواژانەی کە بە ناوی “کوردستانی سەربەخۆ” بوو، ڕاگیران. دوای ئەوە سەردەمێکی نوێ دەستی پێکرد.
کۆنفرانسی هاوبەشی کۆمیتەکانی چاپەمەنی و بڵاوکردنەوە و ڕووناکبیریی پەکەکە
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی نزیک لە پەکەکە، لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا، کۆنفرانسی هاوبەشی کۆمیتەکانی چاپەمەنی و بڵاوکردنەوە و ڕوناکبیریی پەکەکە بە بەشداری مستەفا قەرەسوو لە ڕۆژئاوا بەڕێوەچووە. لەم کۆنفرانسەدا بڕیار لەسەر ئەو ڕوانگە و چەمک و دەستەواژە و پێکهاتەکانەی پەکەکە دراوە کە بۆ سەردەمی نوێ گونجاون. باس لەوەش کراوە کە لە کۆنفرانسەکەدا بە پێی ڕێنماییەکانی ئۆجەلان بڕیاردراوە کە میدیای پەکەکە سەرلەنوێ ڕێکبخرێتەوە. بەم پێیە بڵاوکراوەکانی پەکەکە بە زمانی تورکی، بەو بیانوویەی کە “ئەرکی خۆیان بەجێگەیاندووە و پێویستیان نەماوە”، دادەخرێن. داخستنی ماڵپەڕە تورکییەکانی “ئانها” و “ڕۆژنیوز”یش دوای ڕێنماییەکانی دەوڵەتی تورک بوو بۆ ئۆجەلان بۆ ئەوەی “شێوازی میدیایی بگۆڕێت”.
سەرچاوەکانی نزیک لە پەکەکە دەڵێن، لە ئێستا بەولاوە، میدیای پەکەک بە زمانی تورکی، لە سەر بابەتەکانی وەک “دیموکراتیکبوونی گشتی، ئێکۆلۆژی و پرسی ژنان” چڕ دەبێتەوە.
بەگوێرەی بڕیاری کۆنفرانسەکە، پەکەکە نەک تەنها گۆڕانکاریی لە سیاسەتی ڕۆژنامەگەری خۆیدا دەکات و سیاسەتێکی نوێ ڕەچاو دەکات، بەڵکوو هەندێک هەموارکردنەوە لە بڵاوکراوەکانی پێشووشیدا دەکات. ئەمەش بەو مانایەیە کە هەندێک زنجیرە بابەت کە پێشتر دژی تورکیا بڵاوکراونەتەوە و ئەوانەی وشەی کوردستانیان تێدایە دەسڕدرێنەوە.
میدیای بەشی سۆرانی و بادینی پەرەیان پێدەدرێت
هاوکات لەمەودوا میدیای پەکەکە بە شێوەزارەکانی کرمانجیی ئارامی و سۆرانی وەشانی زیاتری دەبێت. پەکەکە ژمارەی ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیا بەو زمانانە زیاتر دەکات. ستافی ڕۆژنیوز و ئانها، دۆسیەکانی “بە بەڵگەنامەکردنی ژیان و بیرکردنەوەکانی ئۆجەلان” بۆ بڵاوکردنەوە بە زمانەکانی دیکە ئامادە دەکەن.
جگە لەوەش پەکەکە پەیامنێرانی زمانی تورکیی “ڕۆژنیوز”ی لە سلێمانی ڕاسپاردووە کە لەسەر سرڤێسی تورکیی کەناڵی تەلەفزیۆنی “کەناڵ 8″ی یەکێتی کار بکەن.
پێشبینی دەکرێت لەمەودوا میدیای پەکەکە زیاتر بڵاوکراوەکانی لەسەر ئۆجەلان و کوردانی دەرەوەی پەکەکە چڕ بکاتەوە.