بیبلۆگرافیای بێشکچی کە نزیکەی 36 کتێب و هەزاران وتار لەخۆدەگرێت، گەنجینەیەکی دەوڵەمەندە، 32 لەو بەرهەمانە لە تورکیا کۆکراونەتەوە و قەدەغەکراون.
✍️ شەیخمۆس ئۆزەنگین
ژیانێک لە پێی هەقێقەتدا ـ زانست، خەبات و هەقێقەتی نەتەوەی کورد.
هەقێقەت تاکە پێوەرە بۆ زانست؛ نەک ئایدۆلۆژیا، نەک تاکەکان، نە شانازی نەتەوەیی.
دکتۆر ئیسماعیل بێشکچی، لەسەر بنەمای زانستەکەی، پرینسیپێکی بۆ خۆی وەرگرت و کردی بە پێوەر بۆ ژیانی:
دکتۆر ئیسماعیل بێشکچی. لە ساڵی 1939دا لە شاری ئیسکیلیپ لە هەرێمی چۆروم لە خێزانێکی ئاسایی لەدایک بووە. بێشکچی بە هەڵبژاردنی بەشی کۆمەڵناسی پشتی بە حەقیقەتی بابەتیی زانست بەست. بەڵام چارەنووس بێشکچیی لەگەڵ “هەقێقەتی کورد” بەرەوڕوو کردەوە و لە ئەکادیمیستێکی ئاساییەوە گۆڕی بۆ ڕەمز و سیمبۆلێک، کەوا ڕووبەڕووی ڕەگەزپەرستی و بەربەریەتی دەوڵەتی تورک و ئایدۆلۆژیای فەرمی بووەتەوە.
ماوەی 17 ساڵ و 3 مانگی تەمەنی لە زینداندا بەسەر بردووە، 36 کتێب و هەزاران بابەتی نووسیوە. ئەم زانایە بوێرە، لە تەمەنی 86 ساڵیدا لە کاتی نمایشکردنی فیلمی دیکۆمێنتاریی “ئیسماعیلی ئێمە”دا بەهۆی خوێنبەربوونی مێشکەوە لە یەکەی چاودێری چڕ لە ئامەد خوێندرا و دۆخی تەندروستیی دژوار بوو.
میللەتی کورد و ڕای گشتی جیهان بە دڵتەنگییەوە دوعای بۆ دەکەن و هیوای چاکەبوونەوەی بۆ دەخوازن.
گەشتەکەی بێشکچی لە ساڵی 1962دا و بە دەرچوونی لە فاکەڵتی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ئەنقەرەوە دەست پێدەکات. دوای ماوەیەکی کەم وەک سەرباز لە شاری چۆروم، بۆ خزمەتی سەربازی دەچێتە بتلیس و جۆلەمێرگ، پاشان لە هۆزاتی دێرسیم دەمێنێتەوە.
لە ساڵی 1964دا لە بەشی کۆمەڵناسی زانکۆی ئەتاتورک لە ئەرزروم وەکوو موعیدی زانکۆ کار دەکات. تێزی دکتۆراکەی بریتییە لە “ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی هۆزێکی کۆچەری کە لە زستاندا لە دەشتی سێواس و لە هاوینیشدا لە چیای نەمروود دەمێنێتەوە.” ئەم بەرهەمە لە ساڵی 1969دا وەکوو کتێبێک لەژێرناوی گۆڕانکاری و کێشەی پێکهاتەیی لە ڕۆژهەڵات (خێڵی کۆچەریی عەلیکان) چاپ و بڵاوکراوەتەوە و لە ڕوانگەیەکی مۆدێرنیستییەوە لە خێڵە کۆچەریەکانی کورد دەکۆڵێتەوە – ئەو پێکهاتە فیۆداڵیەکان وەک بەربەستێک لە بەردەم دەوڵەتی نەتەوەییدا دەبینێت. بەڵام لە کاتی کاری مەیدانیدا بەرکەوتنی لەگەڵ گەلی کورد هۆشی دەکاتەوە. کورد چیتر “کێشە” نییە، بەڵکو نەتەوەیەکە کەوا هەبوونی ئینکار دەکرێت. خاڵی وەرچەرخان لە ساڵی 1969دا بە بڵاوبوونەوەی کتێبی ڕێکخستنی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ: بنەما کۆمەڵایەتی-ئابووری و نەتەوەییەکان (دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی E) دێت. چاپی دووەم و فراوانکراوی ئەم کتێبە لە ساڵی 1970دا دەبێتە هۆی ئەوە کە لە زانکۆ دەربکرێت.
لە ساڵی 1971دا لەلایەن فەرماندەیی سەربازی دیاربەکر-سێرتەوە دەستگیرکرا؛ نزیکەی چوار ساڵ لە زیندان مایەوە. ئەم پرۆسەیە لە کتێبەکانی وەک میتۆدی زانستی/ئۆتۆنۆمی زانکۆ و پرەنسیپەکانی کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیک لە لایەن دۆزی ئیسماعیل بێشکچی (دەزگای چاپ و پەخشی کۆمەڵ)دا بەڵگەدار کراوە. دوای ئازادکردنیشی، ستەمەکان ڕانەوەستان:
لە ساڵی 1979دا جارێکی تر دەستگیرکرایەوە و هەتا ساڵی 1987 لە زینداندا مایەوە. دوای کودەتاکەی 12ی ئەیلول، نامەکەی بۆ یەکێتی نووسەرانی سویسرا، کرانەوەی دۆسیەیەکی نوێی بۆ ئەو لێکەوتەوە. بەرهەمەکانی بێشکچی خەباتێکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا لە دژی ئایدۆلۆژیای فەرمی ـ بە تایبەت کەمالیزم دێنەئەژمار. کتێبی میتۆدی زانستی (کۆمەڵ، 1976) لە ڕوانگەی زانستییەوە لە پەیوەندی نێوان زانست و ئایدۆلۆژیا دەکۆڵێتەوە. زنجیرەی 7 بەرگی میتۆدی زانستی: سەپاندنەکان لە تورکیا (لەوانەش نیشتەجێکردنی زۆرەملێی کورد، 1977؛ تێزی مێژووی تورکیا، تیۆری زمانی مۆدێرن و پرسی کورد، 1978؛ بەرنامەی پارتی گەلی کۆماریخواز (1927) و پرسی نەتەوەی کورد، 1979)، تێز فەرمییەکان تێکدەدات. “تێزی مێژووی تورکیا” و “تیۆری زمانی مۆدێرن”ی ساڵانی 1930 وەک ئامرازێک کە بۆ مەبەستی سیاسی دروستکراون، ڕەخنەیان لێدەگیرێت.
بێشکچی بەم بەرهەمانە و دەیان نامیلکە، لە دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵ، ئاشکرای دەکات کە ئەمانە سیاسەتی ڕەگەزپەرستی و کۆلۆنیالیزمن کە بە ناوی زانستەوە بۆ ئاسمیلەکردنی گەلانی خۆسەر و ئەنجامدانی جینۆساید دروستکراون. بێشکچی، بە بەڵگەنامەی کۆنگرێس و بەڵگەنامە فەرمییەکان و سەرچاوە مێژووییەکان، دووری ئەم “تێزانە” لە زانستەوە نیشان دەدات؛ گومان و ڕەخنە وەک بناخەی میتۆدی زانستی دەبینێت.
ساڵانی 1990 و دواتریش بە دۆسیەی گراندا تێپەڕ دەبن. کتێبەکانی وەک یاسای تونجەلی (1935) و جینۆسایدی دێرسیم (بەڵگە، 1990)، ڕووداوی ژەنەڕاڵ مووگلال و سی و سێ گوللـە (بەڵگە، 1991)، خەبات بۆ دابەشکردنی ئیمپریالیزم لەسەر کوردستان 1915-1925 (یورت کیتاپ-یان، 1992)، کوردستانێکی ژێردەستەی نێودەوڵەتی (ئالان، 1990) مێژووی دابەشبوونی ئیمپریالیستیی کوردستان و تیرۆری دەوڵەت بەڵگە دەکات.
زانست- ئایدۆلۆژیای فەرمی ، دەوڵەت-دیموکراسی و پرسی کورد (ئالان، ١٩٩٠) کۆنترۆڵی ئایدیۆلۆژیای بەرهەمهێنانی زانستی لە تورکیادا ئاشکرا دەکات. بەرهەمەکانی کە لەلایەن یورت کیتاپ-یانەوە چاپکرابوون، بووە هۆی ئەوەی کە داوای یاسایی دووەم و سێیەمیان لەسەر تۆمار بکرێت؛ هەروەها بڵاوکەرەوەکانی وەک ئایشە زاراکۆلو و ئوونسال ئۆزتوورک ڕووبەڕووی سزای زیندانیکردن و غەرامە بوونەتەوە. بیبلۆگرافیای بێشکچی کە نزیکەی 36 کتێب و هەزاران وتار لەخۆدەگرێت، گەنجینەیەکی دەوڵەمەندە. 32 لەو بەرهەمانە لە تورکیا کۆکراونەتەوە و قەدەغەکراون.
بێشکچی سزای زیاتر لە 100 ساڵ زیندانی و غەرامەکردنی بە ملیارەها لیرە بەسەردا سەپێنراوە. بەڵام هەرگیز سازشی نەکرد: بە کوردستاندا دەسوڕایەوە، ئەرشیفەکەی لە زیندانەکاندا کۆدەکردەوە و دادگاکانی کردە سەکۆیەک بۆ خەبات. بەرگری لە ناسیۆنالیزمی کوردی و گرنگی پاراستنی زمان و کولتووری کوردی و یەکڕیزی نەتەوەیی گەلی کورد کرد؛ بە شانازییەوە دژی ئاسمیلاسیۆن و تەجریدی نەتەوەی کورد وەستایەوە.
لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، وەک ئەندامێکی فەخری PEN، لە ساڵی 2012دا خەڵاتی نێودەوڵەتی هرانت دینک و دکتۆرای فەخری لە زانکۆی بۆگازیچی لە ساڵی 2013دا وەرگرتووە، بەڵام گەورەترین قەرزی ئەو ڕاستییەیە کە لە هۆشمەندیی گەلی کورددا دروستی کردووە. بێشکچی “ئایدۆلۆژیای فەرمی کەمالیستی” بە ئولگووەکانەوە خستە ژێر پرسیار و ئاستەنگەکانی بەردەم بەرهەمهێنانی زانستیی نیشان دا. وەک کۆمەڵناسێکی تورک بوو بە دۆستی کورد؛ بە “مامۆستا ساری هۆجا” ناسرابوو.
ئێستا لە یەکەی چاودێری چڕ لە زانکۆی دیجلە، بە عەقڵێکی کراوە بەڵام بە حاڵەتێکی مەترسیدار بۆ سەر ژیانی شەڕێکی سەخت دەکات. هەزاران دوعا لە سۆشیال میدیادا دەڕژێنە خوارەوە: “خوای گەورە شیفای پێببەخشێت”، “چاکبوونەوەی خێرا بۆ مامۆستاکەمان”.
ئێمە قەرزاری ئەوین؛ جیهانی زانست قەرزاری ئەوە. چونکە بێشکچی بە هێزی ڕاستییەکان، دڕی بە شەوەزەنگ برد و تاریکیی کەم کردەوە. بە ڕێزەوە سەرمان لەپێناو کارەکانیدا دادەوێنین و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ دەخوازین.
سڵاوێکی دۆستانە لە ئیسماعیل بێشکچی!
27/9/2025