کاتی ئەوەیە کە ئیدی پەکەکەکەی دەوڵەتی تورک بناسن و بزانن کە بە ئامانجی چۆڵکردنی کوردستان و کوشتن و دەربەدەرکردنی کورد لە خاکی خۆیدا دامەزراوە.
✍️ بووبێ ئەسەر
وەک لە یەکەم ڕۆژەوە و تا ئێستا گوتمانە و نووسیمانە کە پەکەکە ڕێکخراوێکی دەوڵەتی قووڵی تورکیایە. ئامانج لە دامەزراندنی، بۆ تێکشکاندن و لەناوبردنی بزووتنەوە کوردییەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان بووە. خەریک بوو لەم ئامانجەدا سەرکەوتوو بێت کە باشووری کوردستان ئازاد کرا. ئازادی باشووری کوردستان، ئەو پڕۆژەیەی دەوڵەتی تورک کە دەیهەویست لە ڕێگەی پەکەکەوە جێبەجێی بکات، لە باشوور و ڕۆژهەڵات و ئێستاش لە ڕۆژئاوای کوردستان شکستی هێناوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کە دەوڵەت هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە ئەوی کرد بە سەرۆکی کورد تا هەرگیز نیقاشی لەسەر نەکرێت، بۆئەوەی لە ڕێگای ئەو سەرۆکە ناسەرۆکەوە، بناخەی هێژایی و هزری نەتەوەیی لە دڵی کورداندا تێکبدات و بیسڕێتەوە.
لەبەر ئەوەی کە دەوڵەت دەزانێت کە دەبێ لە سەر کێ و لەسەر چی مشتومڕ و موناقشە بکرێت، ئەوە دەزانرێت کە خزمەت بە کێ دەکات. هەر بۆیە نەیانویست و نەیانهێشت هیچ موناقشەیەک لەسەر سەرۆکایەتیی ئۆجەلان بکرێت. ئەوان تەنها دەیانویست وەک سەرۆکێکی کورد، بە تەواوی لە ڕۆژەڤی کورداندا بێت بۆ ئەوەی گەلی کورد لە قسەکانی لا نەدات.
قەدەغەکردنی مشتومڕ لەسەر عەبدوڵڵا، لەو ڕۆژەدا کرا کە بڕیاریان دا بیکەنە سەرۆکێک بۆ کورد. بڕیارەکە تەنها ئەمە نەبوو، بەڵکوو ئەوان دەیانویست بیکەن بە سەرۆکێکی نێودەوڵەتی گەلی کورد بۆ ئەوەی بتوانێت ئەرکی خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بە خراپەکاری گەورە بەناوی کوردەوە جێبەجێ بکات. جگە لەوەش بە ئاسانی بتوانێ بزاڤە نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییەکانی گەلی کورد لەناو ببات.
تاکە ئایدۆلۆژیایەک کە بۆ ئەم ئەرکە گونجاو بوو، سۆسیالیزم بوو. بۆیە عەودوڵڵایان لە هێڵی ئایینەوە بردە سەر هێڵی سۆسیالیزم تا بە ناوی ئەوەوە حیزبێک دابمەرزێنن و ئەو کارەشیان کرد. لەپێشدا ئاغا و عەشیرەتە نیشتمانپەروەرەکانیان بە کۆنەپەرست و دواکەوتوو دەستنیشان کرد و شەڕی چەکدارانەیان لە دژی ئەوان بەرپا کرد. بۆیە لە سایەی ئەو شەڕەی پەکەکەوە لە دژی ئەو خاوەن موڵک و سەرۆک هۆزە نیشتمانپەروەرانە و زۆر خانەدانی کوردانەوە، لەبەر پێویستی، واتە لەبەر پاراستنی زەوی و زار و گوندەکانیان، ناچار بوون پاڵ بە دەوڵەتەوە بدەن.
لە لایەکی ترەوە زۆرێک لە پیاوەکانی MİT (ئیستیخباراتی تورکیا) وەک ئەندامی پەکەکە بوون و لەناو پەکەکەدا سازمان دران و هەموو سەرچاوە و میدیاکانی پەکەکە ڕادەستی ئەوان کران. میدیاکانیان ڕادەست کران تا بە ئاسانی لە دژی کورد بەکاریان بهێنن بۆ ئەوەی تەنها پەکەکە لە بەر چاوی خەڵکدا بهێڵنەوە و ئەوانیش هەروایان کرد. ئەو پیاوانەی دەوڵەتی تورک بە کوشتنی نیشتمانپەروەرانی کورد، ئەرکی خۆیان وەک تورکی ڕەگەزپەرست جێبەجێ کرد. بەناوی تۆڵەسەندنەوە و کوشتاری بکوژنادیارەوە (!)، زۆربەی نیشتمانپەروەرە زیرەکەکانی کوردیان کوشت.
پەکەکە هەر لەو ڕۆژەوەی کە دامەزرا، هەموو ئەمانە دەکات. واتە بە ناوی کوردەوە ڕێکخراوێکیان دامەزراند بەڵام بۆ ئەوەی کە کورد لەناوببات. عەبدوڵڵایان کردە سەرۆکی ئەو حیزبە، بۆ ئەوەی کە زۆر باسی بابی نەکرێت. بەڵام تورکبوونی دایکی هەمیشە بەرجەستە دەکرا. باسی باوکی کەمال ئەتاتورک، سەرۆکی تورکیاش زۆر نەدەکرا و ناشکرێت. بەڵام هەمیشە ناوی دایکی دەهێنرا و بەرجەستە دەکرا.
سەرنج بە قسەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بدەن، هەموویان هاتنە دی. چونکە وەک ئەو پڕۆژە دەوڵەتییە مامەڵەی کرد کە بۆیان نووسیوە و ئێستاش هەر بەو پێیە دەجووڵێتەوە. عەبدوڵڵایان کرد بە سەرۆکێکی وەها، کەوا گەنجانی کورد خۆیانیان بۆی سووتاند.
عەودەڵڵا یەکەم کەسە کە دەزانێت پیاوانی دەوڵەت لە ناو پەکەکەدا چۆن ڕێکخراون. هەر بۆیە هەر بانگەوازێک بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە بۆ تورکیا دەکات هەموو ئەو پیاوانەن کە لە سەرەوە باسم کرد.
ئێستاش عەبدوڵڵا داوا لە کەسانی ئەوروپا دەکات بگەڕێنەوە بۆ تورکیا، واتە بچنە ئیمرالی. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ئیدی شەوەزەنگ دڕی تێدەکەوێت و بەرە بەرە ڕوون دەبێتەوە، ئەوانەی لەو تاریکی و شەوەزەنگەدا نەدەناسرانەوە، ئێستا ئیدی خۆشاردنەوەیان ئەستەمە. بۆ ئەوەی ئەو کەسانە زەرەرمەند نەبن، عەبدوڵڵا ئۆجەلان داوایان لێدەکات و دەیهەوێت بڵێت: “ئێوە لە ئەوروپا کارێکی باشتان کرد، ئێمە پێکەوە سەرکەوتوو بووین، بۆ ئەوەی ئێوە تووشی زیان نەبن، بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆتان”.
من پێموایە ئەو کەسانەی کە کاریان کوشتنی کوردان بووە لە ئەورووپا، ئەو کەسانەی کە ئاژاوە و بشێوکەیان لە شارەکانی ئەورووپادا دروست دەکرد، هەموییان دەگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان واتە دەگەڕینەوە بۆ تورکیا یان ئیمرالی.
هۆکاری بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا کە دەیهەوێ کوردەکانی(!) ئەوروپا بگەڕێنەوە بۆ تورکیا ئەمەیە. باوەڕم وایە هەموو ئەو پیاوانەی دەوڵەتی تورک کەوا وەک ئەندام و سەرکردەی پەکەکە کاریان کردووە، دەگەڕێنەوە. چونکە هەموو ئەو پەردە ڕەشانەی کەوا کوردیان پێداپۆشرابوو، هەڵدەگیرێن و ڕوخساری پیاوانی دەوڵەتی تورک ئاشکرا دەبن. بۆ ئەوەی زیانیان پێ نەگات، بە بانگەوازی عەبدوڵڵا دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا پێکەوە دەبینین کە ئەم گەڕانەوەیە لەسەر داوای عەبدوڵڵا ڕوودەدات.
کوردینە!!!
ئیدی پێویستە ئێوەش بێنەوە سەر هۆشی خۆتان و ئاگاداری خۆتان بن. جموجۆڵ و کردەوە و ڕووداوەکانی پەکەکە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە بهێننەوە بیری خۆتان. جارێکی دیکە بە وردی بیر لەو کردەوە و ڕووداوانە بکەنەەوە کە پەکەکە هەر لە ڕۆژی ئەوەڵەوە ئەنجامی داون. بۆ ئەوەی ئێستا ئیدی ئێوە پەکەکەی دەوڵەت و ئەو کادیرانەی کە زەلامی MİT واتا ئیستیخباراتی دەوڵەتی تورکن بەرپرسایەتییان لە پەکەکەدا هەیە، بە باشی بناسن و لێیان تێبگەن و بیزانن.
کاتی ئەوەیە کە ئیدی پەکەکەکەی دەوڵەتی تورک بناسن، کەوا بە ئامانجی چۆڵکردنی کوردستان و کوشتن و ئاوارە و دەربەدەرکردنی کورد لە خاکی خۆیدا دامەزراوە. بەو پێیە هەڵسوکەوت بکەن کە پەکەکە گەورەترین دوژمنی گەلی کوردە و لەوەتێبگەن کە پەکەکە بۆ لەناوبردنی هێڵی نەتەوەیی و چۆڵکردنی کوردستان دامەزراوە. ئێوە هەتا زیاتر پەکەکە بناسن، بەو ڕادەیە زیاتر بۆ لای دۆزی خۆتان و بۆ نیشتمانپەروەریی خۆتان و بۆ کوردایەتی و کوردبوونی خۆتان دەگەڕێنەوە.
ئەمڕۆکە هەزاران پیاوی تورکی MİT بەناوی پەکەکە و پەکەکەییە شەرمێونەکانەوە، لە نێو کورد و بزووتنەوە نیشتمانپەروەرەکان و لە نێو ئێمەدا جێگەی خۆیان کردۆتەوە. ئەو زەلامانەی دەوڵەتی تورک بە ناوی پەکەکەوە لە ماڵەکانی ئێمەدان، لە شایی و شیوەنەکانی ئێمەدا بەشدارن، ئەوان لەگەڵ ئێمە و لەگەڵ نەتەوەکەی ئێمەن. ئاگاتان لەوانە هەبێت!!!
ئیدی ئەوانە بناسن. لە ڕابردوودا لە ڕێگەی چەکەوە هەوڵی لەناوبردنی کوردیان دەدا و ئێستاکەش لە ڕێگای بەناو دیموکراسییەوە کارەکانیان بۆ لەناوبردنی گەلی کورد درێژە پێدەدەن. ئەگەر تۆزێک بێلایەنانە بیربکەنەوە، ناسینەوەیان ئەستەم نییە. ڕابردوویان بخوێننەوە و بیزانن. لە خێرا ئازادکردنی زۆرێک لە کادیرەکانیان و هەندێک کوردی تر لە زیندان تێبگەن. کردار و قسەکانیان بەراورد بکەن. بەم شێوەیە ئەگەرچی درەنگیش بێت، بەڵام ئێوە دەیانناسنەوە.
بەشێک لەو پیاوە هەواڵگرییانەی تورکیا (میت) کە وەک ئەندام و سەرکردەی پەکەکە ناسراون، دەتوانن بگەڕێنەوە و لە ئیمرالی کۆببنەوە بۆ ئەوەی کە پرۆژەی لەناوبردنی کورد بە ڕێگەی دیموکراتیک(!) بە ئەنجام بگەیەنن.
بەڵام هەزارانجار بەداخەوە کە هێشتا لە باکووری نیشتماندا هیچ پلاتفۆرم و بەرە و هاوپەیمانییەک کە بتوانێت لەسەر ناوی کوردانی باکووری کوردستان ببێتە ئاڵترناتیڤ و وتەبێژی کوردانی باکوور بێت، سەریهەڵنەداوە و هەندێک هەن کە نایانهەوێ سەرهەڵبدات…
کارەساتی مەزن ئەوەیە کە دوای چەکدانانی پەکەکە، کوردانی نیشتمانپەروەر و وڵاتپارێزی باکوری کوردستان هێشتا بێدەنگ و بێ ئەڵتەرناتیڤن.
بەڕای من باشترین ئەڵتەرناتیڤ کە بە پێی هەلومەرجی ئەمڕۆکەی باکوری کوردستان بوونی هەیە، “هاک ـ پار”ـە. ئەگەر هەموو لایەنەکان و ڕۆشنبیران و زنایانی کورد لەسەر هاوپەیمانەتییەک ڕێکبکەون، دەتوانن بەهێز و بەرفراوانی بکەن و کەسانی زانا و زیرەک بەرجستە بکەن. ئەمەش دەتوانێ ببێتە وتەبێژ و ئەڵتەرناتیڤێکی گونجاو بۆ کوردانی باکوری کوردستان.