بازدان و گۆڕان لە نەتەوەییبوونەوە بۆ دیموکراتیزەکردنی گەلان، لە سەربەخۆییەوە بۆ بەڕێوەبردنی شارەوانییەک و لە ڕزگاریییەوە بۆ پێکەوەژیان، نابێت بە پێشکەوتن، بەڵکوو دەبێتە پاشگەزبوونەوەی هزری و شێواندنی مێژوو.
✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز
با یەک دوو هەنگاو بگەڕێینەوە بۆ دواوە و بزانین ئۆجەلان لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکاندا چی گوتووە.
لەو ساڵانەدا زۆربەی لێدوان و وتار و گفتوگۆیەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی گەورەی کوردی بوو کە دەیگوت: “کوردستان کەوتۆتە ژێر دەستی چوار دەوڵەتی داگیرکەر و ئەرکی شۆڕش ئەوەیە کە میللەت لە ژێر چنگی ئەو دەوڵەتانە ڕزگار بکات”.
بەڵام ئەمڕۆ ئۆجەلان مێژووی کورد سەر لەنوێ دەنووسێتەوە. پێدەچێت لەم نووسینانەدا بیهەوێت بڵێت ئێمە لە ڕابردوودا دروست نەبووین، ئێمە دەوڵەتمان نەدەویست، بەڵکوو بەدوای دیموکراسییەکی ئەبستراکتدا دەگەڕاین.
ئەم گۆڕانکارییە فیکرییەی کە لە عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا ڕوویدا، پێی دەوترێت توندوتیژی فیکری یادەوەرییەکان، کە فەیلەسوفی جیهانی “بۆڵ ڕیکۆر” ناوی لێنابوو.
توندوتیژی یادەوەریەکان: ئەو هزرە کە وەها شرۆڤەکردنێک دەدات بە هزرێک کە لەبری ڕێزگرتن لە ڕاستی خزمەت بە ئێستا دەکات.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان دوای ئەوەی یادگارییەکانی نەتەوەیەکی بە خوێن دروستکرد، ئەمڕۆ دێت و بە زمانێکی نەرم شرۆڤەکردنەیەکی نوێ بەو یادگاریانە دەدات تا لەگەڵ ستراتیژی دەوڵەتی تورکدا بگونجێن. هەر وەک ئەوەی کە ئەو شۆڕشانە هەمووی ئەزموونێکی فەلسەفی بووبن.
لە ساڵی 1991 کورد لە باشووری کوردستان توانی حکومەتی کوردی پێکبهێنێت و فیدرالیزم لە دەستووری عێراقدا بچەسپێنن. ئەمەش نەک لەژێر دروشمی “دیموکراتیزەکردنی گەلان” نەکرا، بەڵکوو بە پێداگری نەتەوەیی لەسەر کیان و نوێنەرایەتی و دەسەڵاتی جێبەجێکردن ئەنجامدرا.
بۆسنە و هێرزەگۆڤین ڕگار نەبوون تا ئەو کاتەی کە سەرەڕای کۆمەڵکوژیی سربیا، کیانێکی نەتەوەیی سەربەخۆی ڕانەگەیاند.
فەلەستینییەکان تا ئەوکاتەی کە ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین دەوڵەتی فەلەستینی ڕانەگەیاند، نەیانتوانی دانپێدانانی سیاسی بەدەست بهێنن.
باشووری سوودان تا ئەو کاتەی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی ڕانەگەیاند، بە (کیانی هەڵوەشاوە) دەناسرا و وەک هاوتایەک مامەڵەی لەگەڵ نەدەکرا.
ئایا مەعقولە نەتەوەی کورد کە مێژوویەکی هەزار ساڵەی هەیە، دەستبەرداری دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی بێت، لەبەرامبەر ماددەیەکدا کە هیچ گەرەنتییەکی تێدا نەبێت و جگە لە پێکەوەژیانی مەرجدار لە ناو دەوڵەتێکدا، هیچ دانپێدانانێک بە گەلی کوردستاندا ناکات؟!.
لێرەدا چەند پرسیارێکی ئەخلاقی سەرهەڵدەدات:
ـ چارەنووسی ئەو سەدان هەزار خێزانەی کە ڕۆڵەکانیان لەدەستداوە چی دەبێت؟
ـ چارەنووسی ئەو شەهیدانە چی دەبێت کە لە چیاکانی کوردستان، دێرسیم، وان و هتد..دا سووتێنران؟
ـ ئایا وەڵامەکە ئەوە دەبێت کە بڵێن: “ئێمە گۆڕاوین و پێویستە ئێوەش خۆتان لە هزری نوێی ئێمەدا بگونجێنن”؟!
شایەنی باسە کاتێک هزر لە یادەوەرییەکان دادەبڕێت، دەبێتە لەدەستدان بۆ حورمەت، وەک فەیلەسوفی جیهانی “ئێریک فۆرم” ناوی لێناوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستی لە هزری فەلسەفەی نەتەوەیی بەردا بەبێ ئەوەی کە هیچ بەدیلێکی موقنیع بخاتەڕوو، بەڵکوو ئۆجەلان هیوای نەتەوەیەکی گۆڕی بۆ یۆتۆپیایەکی ئاڵۆز و مژاوی.
گوتاری نەتەوەیی تاوان نییە، بەڵکو بنەمای هەبوونی نەتەوەیەکە لە ژێر داگیرکاریی چوار دەوڵەتی داگیرکەردا و هەنووکەش ئەو نەتەوەیە بۆ ئازادی خۆی خەبات و گیانبازی دەکات.
بازدان و گۆڕان لە نەتەوەییبوونەوە بۆ دیموکراتیزەکردنی گەلان، لە سەربەخۆییەوە بۆ بەڕێوەبردنی شارەوانییەک و لە ڕزگاریییەوە بۆ پێکەوەژیان، نابێت بە پێشکەوتن، بەڵکوو دەبێتە پاشگەزبوونەوەی هزری و شێواندنی مێژوو کە ئەمەش قەد بە هێندێک قسەی سەرسەری سەبارەت بە مرۆڤایەتی تێپەڕ نابێت.