هۆشمەندیی حیکمەت و ئیرادەی بن یەهوودا دەریدەخات کە دەتوانێ بە ڕەنج و زەحمەت و خەباتێکی سیستماتیک، زمانێک زیندوو بکرێتەوە.
✍️ شەیخمۆس ئۆزەنگین
بووژێنەرەوەی زمانی عیبری و سەرچاوەی ئیلهام بۆ پاراستنی زمانی کوردی
“ئەلیزەر یتزاک پرلمن” ناسراو بە ئەلیزەر بن یەهودا، کەسایەتییەکی مێژووییە کە بە خەباتی خۆی بۆ بووژاندنەوەی زمانی عیبری وەک زمانێکی ڕۆژانە لە مێژووی مۆدێرندا، جێپەنجەی دیارە.
ژیان و خەباتی بن یەهودا نەک تەنیا بۆ نەتەوەی جولەکە (جووەکان)، بەڵکو بۆ هەموو ئەو نەتەوانەش بووەتە نموونەیەکی زیندوو، کە دەیانهەوێت زمانی ڕەسەنی خۆیان بپارێزن و بیبووژێننەوە.
ئەم نووسینە ئاوڕێکی کورتە لە ژیانی بن یەهودا و خەبات و تێکۆشانی لە پێناو زمانی عیبریدا و گرنگی ئەم تێکۆشانە بۆ پاراستنی زمانی کوردی هەڵدەسەنگێنێت.
ئەلیزەر بن یەهودا لە 7ی کانوونی دووەمی 1858 لە گوندی لوزهکی لە بیلاڕووس (ئەوکات بەشێک بوو لە ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا) لەدایک بووە. لە منداڵیدا وەک زۆرێک لە منداڵانی جوولەکە لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات، خوێندنی عیبری و تەورات و تەلمودی لە “هادەر” (قوتابخانەی ئایینی جولەکە) وەرگرتووە. بەڵام لە تەمەنی گەنجیدا، لە ژێر کاریگەریی هاسکالای (تەشویقی جوولەکەکان)، ڕووی لە خوێندنی زانستی و سیکۆلار کرد.
دوای خوێندنی لە زانکۆی سۆربۆن لە پاریس، بەو بڕوایە گەیشت کە زمانی عیبری دەتوانێ وەک ئامرازێک بۆ یەکخستنی نەتەوەی جوولەکە و دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بەکاربهێنرێت.
لە ساڵی 1881دا بن یەهودا ڕووی لە زێدی باوباپیرانی کرد کە ئەوکات لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بوو و لە قودسئۆرشەلیم نیشتەجێ بوو.
بن یەهودا خەباتی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی زمانی عیبری وەک زمانێکی ڕۆژانە دەستپێکرد، چوونکە لەو سەردەمەدا زمانی عیبری تەنها لە نووسینە ئایینییەکان و عیبادەتەکاندا بەکاردەهێنرا. خێزانەکەی خۆی وەک تاقیگە بۆ ئەم مەبەستە بەکار هێنا؛ “بن زۆن”ی کوڕی یەکەم کەس بوو لە سەردەمی مۆدێرن کە بە زمانی عیبری وەک زمانی دایکیی خۆی پەروەردە بوو.
بن یەهودا لە ڕێگەی خەباتی سیستماتیکی خۆیەوە، زمانی عیبریی زیندوو کردەوە. هەندێک لە خەبات و تێکۆشانە سەرەکییەکانی بریتین لە:
فەرهەنگی بن یەهودا: ئەو یەکەم فەرهەنگی عیبریی مۆدێرنی ئامادە کرد، کە وشەی عیبری کۆن و وشەی نوێی لە زمانە سامییەکان (وەک عەرەبی و ئارامی) لەخۆگرتبوو. ئەم فەرهەنگە بوو بە بنەمای ستانداردکردنی زمانی عیبری مۆدێرن.
دامەزراندنی کۆمیتەی زمانی عیبری: بن یەهودا کۆمیتەی زمانی عیبری (Vaad Halashon)ی دامەزراند، کە دواتر بوو بە ئەکادیمیای زمانی عیبری. ئەم دامەزراوەیە لە دروستکردنی وشەی نوێ و ستانداردکردنی زماندا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا.
بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە: بن یەهودا چەند ڕۆژنامەیەکی عیبریی وەک هازڤ و هائۆر بڵاوکردەوە، کە بوون بە پلاتفۆرمی گرنگ بۆ بڵاوکردنەوەی زمانی عیبری مۆدێرن. بەڵام هەندێک جار ئەم ڕۆژنامانە بەهۆی ناڕەزایی جولەکەکانی ئولتراـ ئۆرتۆدۆکسەوە داخران، کە زمانی عیبرییان بە زمانێکی پیرۆز دەزانی.
پەروەردەی عیبری: ئەو پەروەردەی بە زمانی عیبری لە قوتابخانەکاندا تەشویق کرد، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ جێخستنی زمانەکە لە ناو کۆمەڵگەدا.
هەرچەندە هەندێک لە وشەکانی وەک “بادورا” بۆ تەماتە، قبووڵ نەکران، بەڵام زۆرێک لەو وشە نوێیانەی کە دروستی کردوون، ئەمڕۆشی لەگەلدا بێت لە زمانی عیبریی مۆدێرندا بەکاردەهێنرێن. تێکۆشانی بن یەهودا لە ساڵی 1922دا کاتێک ئینگلیزەکان زمانی عیبرییان وەک زمانی فەرمی جولەکەکانی فەلەستین ناساند، سەرکەوت و پاداشتی هەوڵەکانی وەرگرت.
خەباتی ئەلیزەر بن یەهودا بۆ پاراستنی زمانی کوردی و چەندین زمانی دیکە کەوا مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە، سەرچاوەیەکی گەورەی ئیلهامبەخشە. وەک زمانی عیبری کە پێش خەباتی جوولەکەکان تەنیا لە چوارچێوەیەکی ئایینی یان نووسراوەیەکدا بە کار دەهێنرا. زمانی کوردیش لە زۆر ڕووەوە لە ژێر فشاردایە و پێویستیی بە خەباتی سیستماتیکە بۆ ئەوەی وەک زمانێکی مۆدێرن و ڕۆژانە بپارێزرێت. چەند وانەیەکی گرنگ لە خەباتی بن یەهودا کە دەکرێ بۆ پاراستنی زمانی کوردی وەریبگرین، بریتین لە:
ـ ستانداردیزاسیۆن و فەرهەنگسازی: گرنگە فەرهەنگی یەکگرتوو بۆ زمانی کوردی دروست بکرێت، کە تیایدا هەم وشەی کۆنی کوردی و هەم وشەی نوێ بۆ چەمکە مۆدێرنەکان دروست بکرێن. فەرهەنگەکانی کوردیش هاوشێوەی فەرهەنگی بن یەهودا دەتوانن ببنە بنەمای یەکگرتوویی زمانەوانی.
ـ بەکارهێنانی زمان لە ژیانی ڕۆژانەدا: بن یەهودا بە بەکارهێنانی زمانی عیبریی لە ناو خێزانەکەی خۆیدا دەستپێکرد. بەهەمان شێوە هاندانی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە ناو بنەماڵە و قوتابخانە و ژیانی ڕۆژانەدا، دەتوانێ بووژانەوەی زمانەکە بەهێزتر بکات.
ـ پەروەردە و چاپەمەنی: پەروەردە بە زمانی کوردی و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب بە زمانی کوردی دەتوانێت ئامرازێک بێت بۆ بڵاوکردنەوەی زمانەکە. ڕۆژنامەکانی بن یەهودا (هازڤ و هائۆر) نموونەی ئەوەن کە چۆن ڕۆژنامەگەری دەتوانێت زمانێکی نەتەوەیی بەرەوپێش ببات.
دامەزراندنی دامودەزگاکان: وەک کۆمیتەی زمانی عیبری، ئەو دامەزراوانەی کە کار لەسەر ستانداردیزاسیۆن و پەرەپێدانی زمانی کوردی کار دەکەن، دەتوانن ببنە بنەمای پاراستنی زمانەکە. ئەکادیمیای زمانی کوردی دەتوانێ لەو بوارەدا ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێ.
تێکۆشان لە دژی بەرهەڵستکارییەکان: بن یەهودا لە بەرامبەر بەرهەڵستکاریی جولەکەکانی ئولتراـئۆرتۆدۆکسدا ڕاوەستا. بەهەمان شێوە بۆ پاراستنی زمانی کوردی، پێویستە لە دژی فشارە سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان خەبات بکرێت.
ئەلیزەر بن یەهودا، لە ڕێگەی خەباتی ماندوونەناسانە و بێهاوتای خۆیەوە، زمانی عیبریی لە زمانێکی پیرۆز و کۆنەوە گۆڕی بۆ زمانێکی مۆدێرن و نەتەوەیی، کە ئەمڕۆ بە ملیۆنان کەس لە سەرانسەری جیهاندا قسەی پێدەکەن. ژیان و خەباتی بن یەهودا دەریدەخات کە زمان تەنها ئامرازێکی پەیوەندی نییە، بەڵکو هێمایەکی گرنگی ناسنامەی نەتەوەییە.
بۆ کوردان کە زمانەکەیان لە ژێر هەڕەشەدایە، خەبات و تێکۆشانی بن یەهودا نموونەیەکی زیندووە کە چۆن لە ڕێگەی ڕەنج و زەحمەت و بڕیاردان و ئیرادە و خەباتی سیستماتیکەوە، دەکرێ زمانێک سەرلەنوێ زیندوو بکرێتەوە و ببێتە هەوێنی یەکێتی نەتەوەیی.
لە ڕاستیدا خەبات و کارەکانی ئەلیزەر بن ـ یەهوودا نموونەیەکی بێ هاوتا و بەنرخن بۆ پاراستنی ئەو زمانانەی کە وەک زمانی کوردی لە ژێر هەڕەشە و مەترسیدان. هۆشمەندیی حیکمەت و ئیرادەی بن یەهوودا دەریدەخات کە دەتوانێ بە ڕەنج و زەحمەت و خەباتێکی سیستماتیک، زمانێک زیندوو بکرێتەوە.
بۆ پاراستنی زمانی کوردی، پێویستە ئیلهام لەم میراتەی بن یەهودا وەربگرین و بە هەمان ئیرادەوە کار بکەین.
ژێدەر:
Wikipedia, “Eliezer Ben-Yehuda”
My Jewish Learning, “Eliezer Ben-Yehuda and the Making of Modern Hebrew”
Hebrewversity, “Eliezer Ben-Yehuda and the Revival of the Hebrew Language”
JewAge, “Eliezer Ben-Yehuda – Biography”
NJOP, “Eliezer Ben Yehuda, the Father of Modern Hebrew