لە لایەک تورکبوون و لە لایەکی ترەوە ناتەبایی

لە لایەک تورکبوون و لە لایەکی ترەوە ناتەبایی

دەوڵەتی تورک پارتێکیان بەناوی کوردەوە دامەزراند و لەسەر دەستی ئەو حیزبە بەناو کوردییەوە، دەستیان بە کوشتن و لەناوبردنی نەتەوەی کورد و کاولکردنی وڵاتەکەیان [کوردستان] کرد.

✍️ بووبێ ئەسەر

ئێمە وەک ئەو کوردانەی کە وڵاتەکەی خۆمان خۆشدەوێت و دەمانهەوێت لەپێناو ئازادی و ئارامی نیشتمانەکەماندا بەردێک لەسەر بەردێک دابنێن، هەمیشە باسی لۆزان دووهەم دەکەین. ئەمەش شتێکی لە جێی خۆیدایە، لەبەر ئەوەی کە نابێت ڕێگا بدرێت تا لۆزانێکی تر بەسەر کورددا بێت.

بەڵام ئەوەندەی من بزانم و تێدەگەم، ئێمە وەک نەتەوەی کورد، ڕۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی کوردیش هێشتا بە باشی لە پەیمانی لۆزان تێنەگەیشتوین. بۆیە بۆ ئەوەی لۆزانێکی دووەم بەسەر کورددا نەسەپێت، سەرەتا دەبێت بە باشی لە لۆزانی یەکەم تێبگەین.

ئەگەر ئێمە لە لۆزانی یەکەم بە باشی تێگەیشتباین، لە ماوەی ئەم سەد ساڵەدا، کورد یەکگرتوویی خۆی ئامادە دەکرد بۆ ئەوەی وەک دیوارێکی پۆڵایین بەرامبەر لۆزان دووەم بوەستێت. بەڵام بەداخەوە ئەمە لە نێو کورددا بوونی نییە.

من دەڵێم بوونی نیە چونکە میللەتان و لایەنە سیاسیەکان دەتوانن بە هێز و تواناکانی خۆیان بەرامبەر ئەو مەترسیانە بوەستنەوە کە لە سەر ڕێگای خۆیان و گەلەکەیاندا پەیدا دەبن. ئەگەر مرۆڤ بەهێز و توانا نەبێت، ئەوا لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە هەڵدەلووشرێت.

داگیرکەرانی ئێمە بە هەموو شێوەیەک کار دەکەن و هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی کە لەناو ئەو نەتەوەیەی کە داگیری کردووە، زەلام و بەکرێگیراوانی خۆیان دروست بکەن، بۆ ئەوەی هەرکات پێویستیان پێیان هەبوو، بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، لە دژی نەتەوەکەیان بەکاریان بهێنن.

پێش ئیمزاکردنی پەیمانی لۆزان، ئەتاتورک و ئاقڵمەندانی تورک چوونە ناو شار و شەقامەکانی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن بەشێک لە ئاغا و شێخە گەورەکان لەژێر ناوی ئەوەی کە کورد و تورک موسڵمانن و برای ئایینیی یەکترین، بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و بەو فێڵە فریویان بدەن کە دەبێت پێکەوە دژی غەیرە موسڵمانەکان شەڕ بکەن و ناموسڵمانەکان لە وڵاتەکەیان وەدەر بنێن و هتد… .

بەمەش سەرکەوتوو بوون و بەشێک لە ئاغا و بەگ و شێخە گەورەکانی کوردیان کردە لایەنگرانی خۆیان. وایان فێر کردن و پێیان لەبەر ئەزبەر کردن کە تورک و کورد برای موسڵمانی یەکترین، بۆیە خەباتی هاوبەشیان دژ بە خاچپەرستان لە بەرژەوەندی ئەواندایە.

کورد زۆرجار نموونەی سەلاحەددین ئەیوبی دەهێنایەوە کە وەک کوردێک لە پێناو فراوانکردن و پاراستنی جیهانی ئیسلامی لە دژی خاچپەرستەکاندا وەستایەوە. بەم کار و فرت و فێلە لە سەپاندنی پەیمانی لۆزاندا سەرکەوتوو بوون و کوردستان دابەش کرا. دوای ئەوە ئاغا و شێخەکانی کورد لە سێدارە دران و ماڵوێرانی و دەربەدەریی گەورەیان بەسەر گەلی کوردستاندا هێنا.

وتیان: ئەم وڵاتە، ئەم خاکە هی تورکە. ئەوانەی لەسەر ئەم خاکە دەژین تورکن. هەر کەسێک خۆی بە تورک نەزانێت دەکوژرێت و ماڵەکەی بەسەریدا خاپوور دەکرێت. لەم وڵاتە تورکەدا ئەوانەی خۆیان بە کورد دەزانن تەنها یەک ئەرکیان هەیە و ئەویش ئەوەیە کە نۆکەرایەتی تورکان بکەن. ئەوانەی ئەمە قبووڵ ناکەن لەناو دەبرێن.

زیاتر لە سەد ساڵە خەباتی کورد لە دژی ئەم چەوساندنەوە کەمالیستییە نەوەستاوە. بەڵام کاتێک کەمالیستەکان درکیان بەوە کرد کە بە کوشتن و لەناوبردنی کورد ناتوانن کۆتایی پێبهێنن. وەک ئەو وتە بەناوبانگەکەی کورد جووڵانەوە کە دەڵێت: “دار ئەگەر کرمی لە خۆی نەبێت، ناقەڵشێت”.

هەروەها لە دوای ساڵی 1965ـەوە ماندوو نەناسانە کاریان کرد بۆ ئەوەی ئەو قسە نەستەقەی کورد جێبەجێ بکەن. کەسێکیان دۆزیەوە کە دایکی تورک و باوکی کورد بوو، باوکە کوردەکەی ستەمی لە دایکە تورکەکەی دەکرد و دەیچەوساندەوە و ئەشکەنجەی دەدا. ئەو هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە لە کەسایەتی باوکیدا دەستی بە دوژمنایەتی کوردان کرد.

کاتێک دەوڵەت ئەو کەسەی دۆزیەوە، زۆر خۆشحاڵ بوون کە کەسێکیان دۆزیوەتەوە دایکی تورکە و باوکیشی کورد بووە و دایکی چەوساندۆتەوە، ئەویش بە هۆی زوڵمی باوکیەوە بوو بە دوژمنی گەلی کورد. بەڵێنی بە بەرپرسانی دەوڵەتی تورک دا کە بۆ ئەوەی کوردان یۆخ و دۆخ بکات، ئەوەی لەدەستی بێت درێخیی نەکات.

ئەمە چیرۆکێکی دورودرێژی هەیە. ئەمە لە ڕۆمانەکەمدا بە ناوی ساپۆ بە وردی نووسراوە و ڕوون کراوەتەوە. ئەو کەسەی دایکی تورک و باوکی کورد بوو و بە هۆی زوڵمی باوکیەوە کە دایکی دەچەوساندەوە، بوو بە دوژمنی گەلی کورد و نییەتەکانی لە نییەتی دەوڵەتیش ترسناکتر بوون.

دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی کە وەک سەرۆک بەسەر کوردانیدا بسەپێنێت، ئەوەی لە دەستی هات درێخیی نەکرد هەر لە پارە وهێز و قەووەتەوە بگرە، خستیانە ئیختیاری. بەرپرسانی دەوڵەتی تورک بۆ ماوەی 30 ساڵ لە سەر دەستی زانا و بیرمەند و دەروونناسەکانی خۆیەوە هەوڵیدا و کاری کرد. لە ئەنجامدا پارتێکیان بەناوی کوردەوە دامەزراند و لەسەر دەستی ئەو حیزبە بەناو کوردییەوە، دەستیان بە کوشتن و لەناوبردنی نەتەوەی کورد و کاولکردنی وڵاتەکەیان [کوردستان] کرد.

ئەمڕۆکەش ئەو کارە هێشتا بەردەوامە، بەڵام بە شێوەیەکی جیاواز و بە تاکتیکێکی جیاواز. واتە دوای کوشتن و وێرانکردنی کورد و کوردستان، ئەمڕۆ دەڵێن تورک و کورد بران. ئەوەی کە دیار نەبوو باوکی کێیە و لە دایکێکی تورک ببوو و تورکەکان کردیان بە سەرۆکی کوردان، هیچ داخوازییەکی نیە.

دەیانهەوێ بەمشیوەیە کۆتایی بە پرۆژە سەد سالەکەیان بهێنن. ئەگەر یەکڕیزی و یەکیەتی و هاوکاریی نێوان کورد و پارتەکانی لە باکوری کوردستان لەژێر چەترێکی نەتەوەییدا بەدی نەهێنرێت، ئەوا پرۆژەکەی دەوڵەتی تورک لەسەر دەستی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئەو حزبەی کەوا لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا وێکڕا دایانمەزراندووە، واتە (دەم پارتی) سەرکەوتو دەبێت و لەژێر ناوی برایەتی نێوان کورد و تورکدا، نەتەوەی کورد لەناو دەبەن.

پوستێن ھەمان بەش