ئەو پڕۆژەیەی ئێستا کە لەسەر داوای دەوڵەت و لەسەر دەستی پەکەکە بەڕێوە دەچێت، بۆ نەهێشتن و لەناوبردنی کوردە.
✍️ بووبێ ئەسەر
زۆربەی سیاسەتمەدار و نیشتمانپەروەرانی کورد هێشتا عەبدوڵڵایان نەناسیوە و ئەوانەش کە لە ناوەڕاستدا ماونەتەوە هیوادارن کە ڕۆژێک عەبدوڵڵا کوردستان ئازاد بکات. بەڵام ئەوەیان لەبیچووە کە عەبدوڵڵا قەد نەیگوتووە کوردستان ئازاد دەکەم و هەمیشە گوتوویەتی کوردستان “خەلاس” دەکەم. ڕزگارکردن و خەلاس کردن دوو شتی بەتەواوی پێچەوانەن. بە واتایەکی تر ماناکانیان بە پێی چۆنیەتی بەکارهێنانیان دەگۆڕێت.
بەڵام بەداخەوە ئەو ڕۆژەی کە عەبدوڵڵا وتی: “من کوردستان خەلاس دەکەم”. زۆربەیان لەوە تێنەگەیشتن کە ئەوە ئازادکردن نییە، بەڵکوو خەلاس کردنی تەواوەتی کوردان بوو. تا ئێستاش زۆربەی کورد وا لەو قسەیەی عەبدوڵڵا تێگەیشتوون وەک ئەوەی کە کوردستانیان بۆ ئازاد دەکات. هەر بۆیەش موڵک و ماڵ و سامان و ئاڵتون و پارە و منداڵ و لاوەکانی خۆیان پێشکەش بە پەکەکە کرد تا ڕۆژێک بتوانن بە ئازادی بگەن و وەک مرۆڤ لەسەر خاکی خۆیان بژین.
بەڵام زۆربەی کورد ئەوەیان بیر نەماوە کە عەبدوڵڵا دوای ئەو قسەیەی دیسان گوتبووی: “هەتا من و پەکەکە هەبین، بارزانی (واتە کورد) ناتوانێ دەولەتی کوردی دابمەرزێنێت”. بەڵام هەزارجار بەداخەوە حیزب و ڕێکخراوەکانی ئێمە هەر لە ڕۆژی ئەوەڵەوە لەمە تێنەگەیشتن، هەربۆیە لە دەوری پەکەکە کۆ دەبوونەوە و وا خۆیان پیشان دەدا کە لەگەڵ پەکەکەدان، واتە گۆڤەندی لەناوچووۆنی خۆیانیان دەگێڕا. بەهۆی ئەم تێنەگەیشتنەوە، هەتا ئەمڕۆ زۆربەی کاتەکانیان بە قسەی پووچ و ڕوانگە و بۆچوونی ترسنۆکانەوە، بەسەر بردووە.
بەهۆی ئەو ترسنۆکی و هەڵە تێگەیشتن و بێهەڵوێستییەوە، کوردە نیشتمانپەروەرەکان و حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان ناتوانن و نایانهەوێت سەیوانیکی نەتەوەیی دابمەرزینن کە نوێنەرایەتی هەموو کورد بکات. ئەفسووس!!! ڕۆژ بە ڕۆژ بە بەر چاوەکانمانەوە، هێژایەتی کورد لەکیس دەچێت. کورد و بیری نەتەوەیی خەریکە دەتوێتەوە. تەنانەت ئەو حزب و ڕێکخراوانەی کە دەڵێن کوردستانین، ئەم دۆخە نابینن. یان ڕاستییەکان دەبینن، بەڵام ئەوە بۆ ئەوان خۆشترە.
ئێمە زۆر جار گوتوومانە و دەڵێن: ئەو پڕۆژەیەی ئێستا کە لەسەر داوای دەوڵەت و لەسەر دەستی پەکەکە بەڕێوە دەچێت، نەهێشتن و لەناوبردنی کوردانە.
هۆکاری ئەمەش ئەو شەڕە چەکدارییەیە کە لە بەرژەوەندی کورددا نەبووە و زیاتر لە چل ساڵ بەردەوام بوو. لە سایەی ئەو شەڕەدا، پەکەکە بە پێی بەرژەوەندی داگیرکەران، وایکرد کورد تەسلیم بکات. زوڵم و زۆری لێکردن و ئەشکەنجەی دان، چاوترسێنی کردن، داب و نەریتی کوردی لە نێویاندا لابرد، زمانیانی لە زاریان دەرهێنا و زمانی تورکیی خستە دەمی کوردانەوە. چونکە دەیانزانی ئەگەر میللەتێک لەسەر ڕەگ و ڕیشەی خۆی گەشە نەکات و نۆرمە نەتەوەییەکانی بڕووخێن، ئەو میللەتە، ئەو خەڵکە وەکوو مەڕیان لیدێت و شوانەکە پێشەوەی ڕانە مەڕەکەی لە هەرکوێ بکات، مەڕەکانی دیکەش بەدوایدا دەڕۆن.
چونکە مەڕەکان تەنها ئەوە دەزانن کاتێک شوانەکە شمشاڵ لێدەدات یان دەیانباتە سەر ئاو یانیش دەیانباتە لەوەڕگەیەک تا ورگیان پڕ بکەن. ئێستا دۆخی باکووری کوردستانیش وایلێهاتووە. لە سایەی ئەو شەڕە درێژخایەنەوە عەبدوڵڵایان کردۆتە شوان و ئەویش چۆنی پێخۆش بێت، کۆمەڵگەکە بەو لایەدا ئاراستە دەکات.
خەڵک قوربانی زۆریان داوە و ساڵانێکە تەنها شوانێکیان بینیوە و هەرکاتێک شمشاڵەکەی لێدەدات، کۆمەڵگاکە کەوا جگە لە دەنگی ئەو شمشالە هیچ دەنگێکی دیکەیان نەبیستووە، ڕوو لەو شوێنە دەکات. ناتوانن بیر بکەنەوە کە ئەو دەنگە بەرەو کوێیان دەبات.
هەندێک جار دەنگ و مەقامی ئەو شمشاڵە، هزری نەتەوەیی ئەوان بەهێز دەکات و وا بیر دەکەنەوە کە ئەوە مەقامی ئازادی و سەربەخۆیی بوونیانە. میللەت بۆ ئەوەی گۆڤەند بگرێت، دەستی پاکی خۆیان دەخەنە ناو ئەو دەستانەی کە بە بە خوێنی ئەوان شۆردراوەتەوە. دوای ئەوەی دەستیان لێک گرێدرا، ئیدی ناتوانن دەستەکانیان لە ئەوانی دیکە دەربهێنن و خۆیان لە گۆڤەندەکە دوور بخەنەوە.
بۆیە هەرکەسێک دەستی بخاتە ناو ئەو دەستانەی کە بە خوێنی کوردان شۆراونەتەوە، ئیدی ئەستەمە خۆی لێ ڕزگار بکات.
حیزب و ڕێکخراوە کوردستانیەکانیش لە دوورەوە تەماشای ئەو گۆڤەندەیان دەکرد و دەیکەن. بینیان و دەبینن سەرچۆپیەکە، بە هەڵە شایی و گۆڤەندەکە دەگەڕێنێت، بەڵام دەنگیان نەکرد و ناشیکەن. بۆیە سەرچۆپیەکە بە ئەنقەست ئەو گۆڤەندەی دەشێواند و هەوڵیدا کە میللەت فێری گۆڤەندی هەڵە بکات. مەبەست لە شێواندنی گۆڤەندەکە ئەوە بوو کە میللەت لە بەها و هێژایەتییەکانی دووربخاتەوە. ئێمە ئەمڕۆ ئەمە ئەزموون دەکەین.
لە بارودۆخێکی وەهادا، تاک و کەسایەتیەکان چیتر ناتوانن گۆڤەندی ڕاستەقینە و نەتەوەیی بۆ گەلەکەیان ڕوون بکەنەوە و تێیانبگەیەنن کە ئەو گۆڤەند و هەڵپەڕکێیەی ئەوان دەیکەن، هەڵە و نادروستە. چیتر ناتوانی پێیان بڵێیت ئەم گۆڤەندە هی تۆ نییە.
وەک دەزانین هەر میللەتێک داب و نەریتی خۆی هەیە. سەما و هەڵپەڕکێ و گۆڤەندی تایبەتی خۆی هەیە، زمانی خۆی و هەبوونی خۆی هەیە. بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ لە باکووری کوردستان ئەمانە نەماون یان زۆر بە کەمی ماونەتەوە.
ڕێگاچارە:
سەرچۆپییەکی خاوەن هزر، بە بیروباوەڕی نەتەوەیی، ئازا و گەنج و خوێن گەرم پێویستە، کە بتوانێت بە پێی مەقامی کوردەواری هەڵپەڕکێ بکات و سەرچۆپی بگرێت. ڕەنگ و دەنگی گۆڤەندەکە پێشەنگایەتی ئەو دیاری دەکات. چونکە ئەمڕۆ زۆربەی سەرچۆپیکێشانی کورد لە باکوور، سەرچۆپیکێش نین. هەندێکیان کە پێشتر سەچۆپیکێش بوون، ئێستا ئیدی پیر و بەساڵاچوون، بۆیە ناتوانن ببنە سەرچۆپیکێش و ئەوانەشیان کە سەرچۆپی دەگرن، هەڵپەڕکێ و گۆڤەندەکە تێکدەدەن.
هەر لەبەر ئەمەشە تاکەکان و میللەت زۆرتر کەوتوونەتە حاڵەتێک کە تەنها لە گۆڤەندەکەدا جێگایان ببێتەوە. بەڵام سەرچۆپی گرنگە. ئەوانەی گۆڤەندی جوان و دەلال دەگێڕن، سەرچۆپیکێشی زیرەک و لێهاتوون. هەر بۆیەش پێویستە ئێمە سەرچۆپیکێشێکی ڕاستەقینە بۆ بزاڤی باکووری کوردستان بدۆزینەوە کە بەڕاستی بتوانێت بە پێی هەڵپەڕکێ و مەقامەکە، هەڵپەڕکێی کوردی ئەنجام بدات.
لەناو ئێمەی کورددا تاک و کەسایەتی لەو جۆرە زۆرن. بەڵام بەداخەوە ئێمە خاوەندارێتییان لێناکەین، بە هەموو توانایانەوە پشتگیرییان لێناکەن تا ببێتە سەرچۆپیکێش بۆ ئەوەی گۆڤەندێکی ڕاستەقینە بە پێی داب و نەریتی کوردان بگەڕێنێت…