فرۆکە جەنگیەکانی تورکیا ناوچەکانی “زاپ” و “حەفتەنین”یان کردۆتە ئامانج، هێڕشەکان زیانی گیان و ماددییان بەدواوە بووە.
فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا ئەمڕۆ لە هێرشێکدا ناوچەی بەناو “زاپ” لە باشووری کوردستانیان کردۆتە ئامانج و لە ئەنجامدا فەرماندەیەکەی پەکەکە بەناوی “فازڵ ئەکینجی” گیانی لەدەستداوە.
سەرچاوەکانی “دارکا مازی” لە باشووری کوردستان ئاشکرایان کردووە، فڕۆکە جەنگیەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 8/4/2020، لە چەند هێرشیکی جیاجیادا ناوچەکانی “زاپ” و “حەفتەنین”یان کردۆتە ئامانج و بە گوێرەی زانیاریەکان، هێڕشەکان زیانی گیان و ماددییان بەدواوە بووە.
لە هێرشەکانی ناوچەی “زاپ”دا فەرماندەیەکی پەکەکە بە ناوی “فازڵ ئەکینجی” بە کۆدی رێکخراوەیی “زینار” کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەستداوە.
میدیاکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا رایانگەیاندووە کە “فازل ئەکینجی” لە لیستی شینی داواکراوانی دەوڵەتی ئەنقەرەدا بووە و ئەمڕۆ چوارشەممە بۆتە ئامانجی هێرشە ئاسمانیەکانی تورکیا و گیانی لەدەستداوە.
سەرچاوەکانی “دارکا مازی” ئاشکرایان کردووە، لە ناوچەی “حەفتەنین”یش فرۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا هێرشیان کردۆتە سەر گریلا و بنکەکانی پەکەکە و لە ئەنجامدا 2 گریلا گیانیان لەدەستداوە.