سەرۆکی هەرێمی کوردستان: یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد تاقه رێگهى مسۆگهركردنى مافهكانى كورده له سووريا.
نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی لەبارەی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت، “تاکە رێگهى مسۆگهركردنى مافهكانى كورده له سووريا.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا، ستایش و دەستخۆشی لە مەزڵووم عەبدی و ئەنەکەسە، هەموو ئەو کەسانە دەکات کە کاریان بۆ کۆنفرانسەکە کردووە و دەڵێت، “مايهى خۆشحاڵييهكى زۆره و دڵى گهلى كوردستانى له ههموو شوێنێك خۆش كرد”.
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت، “ههموو پشتگيرى و هاوكارييهكمان بۆ ئهو ههوڵه دڵسۆزانه و بۆ مافه رهواكانى كورد و ههموو پێكهاتهكان، ههروهها بۆ ئارامى و سهقامگيرى و ئاشتى له سووريا و ناوچهكه دووپات دهكهينهوه”.
رۆژی شەممە، 26ـی نیسانی 2025، لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، کۆنفرانسی ”یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد” لە رۆژئاوای کوردستان بە ئامادەبوونی نزیکەی 400 ئەندام و نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەچوو.
لە کۆنفرانسەکەدا پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی؛ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)؛ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان؛ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)؛ کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) و چەندین لایەنی دیکەی کوردستانی خوێندرانەوە.
لە وتارەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتبوو: “ئەم کۆنفرانسە هەنگاوێکی گرنگ و مێژووییە بۆ بنیاتنانی یەکڕیزیی کورد و دەستنیشانکردنی روانگەیەکی یەکگرتوو و هاوبەش بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ پرسی کورد، کە بەشداربوونی راستەقینەی گەلی کورد لە وڵاتەکەتاندا مسۆگەر بکات.”