لە شێرناخ بۆ ماوەی 15 ڕۆژ قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندرا

لەمڕۆوە تا 11/5/2025، چەند ناوچەیەکی پارێزگاکە لەلایەن تورکیاوە بە ناوچەی ئەمنی تایبەت دیاری کراون.

لەمڕۆوە تا 11/5/2025، چەند ناوچەیەکی پارێزگاکە لەلایەن تورکیاوە بە ناوچەی ئەمنی تایبەت دیاری کراون.

پارێزگاری شێرناخی باکووری کوردستان ڕایگەیاند، بۆ ماوەی 15 ڕۆژ لە نێو شار و ناوچە شاخاوییەکاندا بەهۆی ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و کێوماڵکردنی ناوچەکان، هاتوچۆ قەدەغەیە و هاووڵاتیان بۆ چوونە بەشێک لە ناوچەکان، دەبێت مۆڵەتی فەرمی وەرگرن، ئەگەرنا ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

بە گوێرەی بڕیارەکەی پارێزگاری شێرناخ، لە ئەمڕۆ یەکشەممە 27ی نیسان تاوەکوو 11ی ئایاری 2025 ، چەند ناوچەیەکی پارێزگاکە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە ناوچەی تایبەتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی ئەمنی دیاری کراون، ئەو ناوچانە دەکەونە ناوەندی پارێزگای شرنەخ، شارۆچکەکانی سلۆپی و چەند شارۆچکە و گوندێک لەگەڵ ناوچە شاخاوییەکانی گابار.

پارێزگاری شرنەخ بێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەک لە بارەی بڕیارەکە و ئۆپەراسیۆنی ئەمنی بدات، ڕایگەیاندووە لەو 15 ڕۆژەی قەدە‌غەدا، خەڵک و دانیشتووانی ناوچەکە دەبێت پابەندی بڕیارە یاساییەکان بن و نەچنە ئەو ناوچانە، کە بە شوێنی تایبەت بە ئۆپەراسیۆن و کێوماڵکی ئەمنی دەستنیشان کراون.

هۆشداریشی بە خەڵکی ناوچەکان داوە، هیچ کەسێک بۆی نییە لە 27ی نیسانی تا 11ی ئایاری 2025 بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی بچێتە ناوچە قەدەغەکراوەکان و هەر کەسێک بەبێ مۆڵەتی فەرمی، بچێتە ئەو ناوچانە، دەستگیر دەکرێت و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

پوستێن ھەمان بەش