ئێمە پشتیوان و لایەنگری دۆزی نەتەوەیی و ئازادیی خوشک و براکانمانین لە ڕۆژئاوای کوردستاندا.
پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) بە ڕاگەیەندراوێک بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کوردانی ڕۆژئاڤای کوردستانی پیرۆز کرد.
بەیاننامەکەی PWK بەم شێوەیەیە:
کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەلوێستیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕێکەوتی 26/4/2025دا، بە بەشداریی لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوەکانی گەنجان و ژنان، و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە شاری قامیشلۆ بەڕێوەچوو.
کۆنفرانسەکە لە کۆتاییدا، داخوازیی مافە نەتەوەیی و دیموکراتیکەکانی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان و سیستمێکی لامەرکەزیی دەربڕی و بڕیاردرا شاندێکی هاوبەش بۆ قسەکردن لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق پێکبهێندرێت.
هیوادارین ئەنجامی کۆنفرانسەکە ببێتە سەرەتایەک بۆ یەکڕیزی و هاوپەیمانییەکی سەقامگیری نەتەوەیی لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەدیهێنانی خواست و هیوای گەلەکەمان سەبارەت بە یەکڕیزی.
هیوادارین ئەنجامی کۆنفرانسەکە ببێتە سەرەتایەک بۆ قبوڵکردنی یەکتر و ڕێزگرتن لە نێوان هەموو لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، هەروەها سەرەتایەکیش بێت بۆ پرۆسەیەکی نوێ کە ئازادی و دیموکراسی و کولتووری فرەچەشنی تێیدا زاڵ بێت.
هیوادارین ئەنجامی کۆنفرانسەکە سەرەتایەک بێت بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەیی و دیموکراتیکەکان و هەروەها بۆ قەوارەیەکی نەتەوەیی و جوگرافی و سیاسی ببێتە دەسپێک.
هیوادارین دەرەنجامی ئەو کۆنفرانسە بوار خۆش بکات بۆ ئەوەی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر بنەمای یەکسانی، بە قەوارەیەکی فیدراڵی و هاوشانی هەموو ئەو گەلانەی کە لە سوریادا دەژین، لە دەوڵەت و بەڕێوەبەریی سوریادا هاوبەش و بەشدار بن.
ئێمە وەکو پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)، پیرۆزبایی لە سەرجەم پێکهاتەکانی ئەم کۆنفرانسە، ڕێزدار سەرۆک مەسعود بارزانی، ڕیزدار مەزڵووم عەبدی و هەموو ئەو کەسایەتی و لایەنانەی کە ڕۆڵیان هەبووە و ماندووبوون لە ڕێکخستنی کۆنفرانسەکەدا، بە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانەمان پیرۆز دەکەین.
ئێمە پشتیوان و لایەنگری دۆزی نەتەوەیی و ئازادیی خوشک و براکانمانین لە ڕۆژئاوای کوردستاندا.
26/4/2025
نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)