لە بیرەوەریەکانی شۆڕش و بەرخۆدان، لە کتێبی “ل ژێر سیبەرا چیا” ـ بەرگی یەکەم
لە بەرگی یەکەمی کتێبی “لە ژیر سێبەری چیا”دا کە لەلایەن پێشمەرگە و هۆزانڤانی باشووری وڵات “رزگار کێستەیی”یەوە نووسراوە، باسی سەردەمی شۆڕش و بەرخۆدان دەکات. باس لەوە دەکات کە بە چ شێوەیەک رزگار کێستەیی لەگەڵ هونەرمەندی دیکەی باشووری کوردستان “حەسەن شەریف” لە ساڵی 1984دا “عەگیدی گەورە فەرماندەی پەکەکە” کە بە ماهسووم کۆرکماز دەناسرێت لەگەڵ هاوڕێیەکەیدا لە هەوڵێکی کوشتن رزگاردەکەن.
ساڵی 1984 بوو، لەو کاتەدا هێشتا بە دروستی هێڵی نێوان ناوچە رزگارکراوەکان (ناوچەکانی بن کۆنترۆڵی شۆڕش) و ناوچەکانی ژێردەستی دوژمن، دیاری نەکرابوون. هەرچەند هێندێک دەڤەر بە دروستی کەوتبوونە بن کۆنترۆڵی شۆڕش و دوژمن دەستی پێ نەدەگەیشت بەڵام هێندێک ناوچەی دیکەش جاروبار دوژمن لە رێگای ئاسمان و زەوینەوە پەلاماری دەدان و تۆپبارانی دەکردن، ئەگەرچی هاتووچۆ لەوناوچانەدا زۆر کەم ببوون بەلام دیسانیش هەر ناوە ناوە ئوتۆمبێل بۆ ناوچە رزگارکراوەکان دەڕۆیشتن.
رزگار کێستەیی لە کتێبەکەیدا دەنووسیت: “حەسەن شەریف هەرچەند لەو کاتەدا تەمەنی کەم بوو، بەڵام بە دزیەوە لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی موزیک ژەنی خۆی لە دهۆکەوە هاتبوون و خۆیان گەیاندبووە ناو شۆڕشگێڕەکان و ناوچەی شۆڕش، واتر لە ئاهەنگی یادکردنەوەی شۆڕشی گوڵانی ئەوساڵەدا بەشداریی کرد کە لە بارەگای لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان وکەرتی بادینانی حیزبی کومۆنیستی عێراق لە زێوا شکان، لەسەر رووباری زێی لە باکووری ئامێدی بەڕێوەچوو. ئەگەرچی ئەو نەیدەویست بگەڕێتەوەو حەزی دەکرد بمێنیتەوە، بەڵام پاش هەوڵێکی زۆر سەرەنجام رازیمان کرد کە بگەڕێتەوە دهۆک و درێژە بە خوێندنەکەی بدات. لەبەر ئەوەی تەمەنی کەم بوو و پێویست بوو درێژە بە خویندن بدات. پاش بەدواچوونێکی باش زانیمان کە دوژمن ئاگای لەوە نیە کە حەسەن شەریف هاتۆتە ناو شۆڕش و بۆیە بڕیارمان دا بگەڕێتەوە بۆ دهۆک. شایانی باسە نزیکەی 4 ساڵ دواتر و لە ساڵی 1987دا بەیەکجاری هاتەوە ناو شۆڕش و بە فەرمی بوو بە پێشمەرگە.”
رزگار کێستەی بەمشێوەیە بەردەوام دەبێت: “من و ئەو لە بارەگای لق و لەسەر زێی، بەڕێ کەوتین و لەناو ناوچەی بەرواری باڵا را (لە بەری مەتینێ) پاش شەوو رۆژێک ڕێ کردن، ئێمە خۆمانمان گەیاندە گوندی کانی بەلاڤێ، ئیدی لە کانی بەلاڤێ بۆ بامەڕنی ـ سەرسنگ و دهۆک رێگای ئوتۆمبێل هەبوو. ژمارەیەکی کەم ئوتۆمبێل لە دهۆکەوە دەهاتن، بەتایبەت تاکوو گوندی دهێ، هەروەها هێندیک تراکتۆریش لەو گوندانە هەبوون و لەنیوان ئەو گوندانەدا تاوەکوو بامەڕنی هاتووچۆیان دەکرد. ئەگەرچی هەموو کات تراکتۆر دەست نەدەکەوت کە مرۆڤ بتوانی سواری بێت، بەڵام ئەوجارە ئیمە شانسمان هەبوو، هەر لە گوندی کانی بەلاڤێ، تراکتۆرێکمان دەست کەوت و ئێمە سواری بووین و بەرەو گوندی دهێ بەڕێ کەوتین.”
رزگار کێستەی دەڵێت: “پاش ئەوەی کە ئێمە لە گوندی کەلاشخۆ نزیک بووینەوە، بینیمان کە 6 چەکدار لەسەر رێگاکە راوەەستاون. بە جموجووڵیاندا زانیمان کە پێشمەرگەی باشووری کوردستان نین. لەو کاتەدا پارتی رزگاریی نەتەوەیی کوردستان (کۆک)ی باکووری کوردستان، هێزێکی باشی پێشمەرگەی هەبوو. کە هەم بۆ چالاکییەکانیان دەچوونە باکووری کوردستان و هەمیش لە ناو خاکی باشووری کوردستاندا بنکەو بارەگایان هەبوو. پەکەکەش تازە ساڵێک بوو کە هێندی گرووپی کەمیان لە سووریا و لوبنانەوە هاتبوون بۆ ئەم ناوچانە، بەڵام زۆر بێ سەروبەر بوون. زۆربەی جل و بەرگ و خواردن و هاوکارییەکانی هاتووچۆیان ئێمە پێمان دەدان.”
پەکەکە بە بێ هیچ هۆکارێک و لەناخەڵاف، شەوێک لەکاێیکدا کە پێشمەرگەکانی حیزبی کۆمۆنیست لەخەودا بوون، داویاننەتە بەر دەستڕیژی گوللـەو چەند پێشمەرگەیەکیان شەهید و بریندار کردبوون
رزگار کێستەی لە درێژەدا ئاوا باس دەکات: “لە راستیدا ئیمە پێمان وابوو کە ئەو چەکدارانە سەر بە یەکێک لەو هێزانەی باکوورن. ئێمە گەیشتینە لای ئەوان و ئەوانیش داوایان لێکردین کە لەگەڵل خۆمان سواریان بکەین. ئیمەش بە خۆشحاڵیەوە ئەوانمان سوار کرد و بەخێرهاتنمان کردن. لەبەر ئەوەی ئەوان کوردی پارچەیەکی دیکەی کوردستان بوون و لای ئیمە میوان بوون، ئێمە بە ئەرکی خۆمانمان دەزانی کە خزمەت و هاوکارییان بکەین.”
“دواتر هەر 6 کەس لە تراکتۆرەکە سوار بوون. دەستمان بە گفتوگۆ کرد و دواتر یەکێک لەوان دەستی بە باخەڵی چاکەتەکەیدا کرد و هێندێک ئارمی بە وێنەی “دەلیل دۆغان”، کە لەو سەردەمەدا سیمبۆلی سەربازیی پەکەکە بوو، دەرهێنا و دایان بە ئیمە، من یەکێک لەوانم بە بەر سینگی خۆمدا کرد. ئێمە گەیشتینە گەلیی دهێ، بینیمان نزیکەی 40 تا 50 پێشمەرگەی حیزبی کۆمۆنیستی عێراق، لە گەلی و ناو گوندی دهێ لەسەر جادەکەن. کاتێک من ئەوانم بینی، هەستم بە مەترسی کرد. چونکوو ماوەیەک بەر لە ئێستا لە هەفتەنینێ، لەکاتیکدا حیزبی کومونیستی عێراق لەناو بارەگاکانی خۆیاندا حەوابوونەوە، پەکەکە بە بێ هیچ هۆکارێک و لەناخەڵاف، شەوێک لەکاتێکدا کە پێشمەرگەکانی حیزبی کۆمۆنیست لەخەودا بوون، داویاننەتە بەر دەستڕیژی گوللـەو چەند پێشمەرگەیەکیان شەهید و بریندار کردبوون. من وام هەست کرد کە ئێستا شەڕێکی گەورە روو دەدات و زۆر زەحمەتە بتوانم ئەو 6 پێشمەرگەی پەکەکە لە دەست پێشمەرگەکانی حیزبی کومۆنیست رزگار بکەم. من دەبوا بەر لە هەر شتێک حەسەن شەریف لەو شوێنە دوور بخەمەوە، چوونکە هێشتا بچووک بوو و ئەگەر شتێک روویدا با نەدەبوو ئەو تووش بێت. باش لەبیرم نایەت کە من حەسەنم هەناردە ماڵیک یان بە شوفێرەکەم سپارد، بەڵام دەزانم کە من ئەوم لە شوێنەکە دوور خستەوە بە بێ ئەوەی کە هەست بە هیچ شتێک بکات. لەو بڕوایەدام کە ئەو گەڕایەوە دهۆک و هێشتا نەیزانیبوو کە چی لەنێوان من و ئەو دوو هێزەدا رووی دابوو.”
بە وتەی کێستەیی کاتیک ئەو 6 چەکدارەی پەکەکە پێشمەرگەکانی حیزبی کۆمونیستیان بینیوە زۆر ترساون و داوایان لە ئەو کردووە کە بەجێیان نەهێڵێت. لە بەشی داهاتوودا ئاماژە بە بەسەرهاتی ئەو پێشمەرگانە دەکەین.
درێژەی هەیە…