دەستووری بنەڕەتیی تورکیا: یەکگرتوویی کۆمارییە یان ئینکاری هەبوون؟

دەستووری بنەڕەتیی تورکیا: یەکگرتوویی کۆمارییە یان ئینکاری هەبوون؟

هەر بابەتێک کە لەژێر ناوی “سەردەمێکی نوێ”دا، پرسی نەتەوەیی کورد پشتگوێ بخات، هاوبەشی خراپکارییە.

✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز

لە ماددەی یەکەمی دەستووری تورکیادا هاتووە: دەوڵەتی تورکیا کۆمارێکی یەکانە و دابەشنەکراوە، پایتەختەکەشی ئەنقەرەیە.

ماددەی یەکەمی دەستووری تورکیا بەمشێوەیە دەست پێدەکات، کە یەکانەبوون وەک بنەمایەکی نەگۆڕ ڕادەگەیەنێت، نەک وەک چەمکێکی سیاسی بەڵکو وەک “پیرۆزیەتێکی نەتەوەیی” کە گومان و فرەنەتەوەیی و هەڵوەشاندنەوە قبووڵ ناکات.

بەڵام لێرەدا یەکیەتی مانای چییە؟

ئایا دەربڕینی سەروەرییە، یان فۆرمێکە لە داخستنی دەرگا بەڕووی هەموو جۆرە جیاوازییەکی کولتووری و نەتەوەییدا؟

ئایا کورد دەتوانێت هەست بە بەشێک لەو یەکبوونە بکات، یان تەنیا “هاوڵاتییەکی بەڕێکەوت”ـە کە داوای لێدەکرێت بێدەنگ بێت بۆ ئەوەی تۆمەتی جوداخوازیی نەخرێتە پاڵ؟

1ـ یەکێتی کۆماریی وەک ڕوانگەیەکی دەسەڵاتداری نەک چەمکێکی پەیمانی

یەکگرتوویی لە سیستەمە دیموکراتیکەکاندا لە “ڕێککەوتنی ئازاد” لە نێوان گەلە جیاوازەکاندا سەرهەڵدەدات کە کیانی دەوڵەت پێکدەهێنن، نەک لە ئاسمیلەکردنی زۆرەملێ لە ناو یەک نەتەوەدا.

بەڵام لە مادەی یەکەمی دەستووری تورکیادا دەوڵەت وەک قەوارەیەکی تەواو دەبینێت کە لە ئەزەلەوە بوونی هەبووە، وەک ئەوەی “هەبوونێکی ئیلاهی” بێت کە هیچ پێکهاتەیەک مافی ئەوەی نییە دەستکاریی بکات.

ئەم ماددەیە پێناسەی دەوڵەت نییە، بەڵکو نیشانەی تاکە دەسەڵاتێکە کە لە فرەچەشنی دەترسێت.

یەکیەتی لێرەدا ڕێککەوتنێکی خۆبەخشانە نییە، بەڵکو کۆت و بەندێکی زمانەوانی و دەستوورییە کە لە دوای شەڕە گەورەکانی شوناسەوە سەپێنراوە و لە سەردەمی دوای عوسمانیدا داڕێژراوە، کاتێک مستەفا کەمال هەوڵیدا نەتەوەیەکی پاک لە سەر وێرانەکانی ئیمپراتۆریی عوسمانی بنیات بنێت… هەربۆیە نەتەوەیەکی لە ڕێگەی ئینکارکردنەوە ئافراند، نەک لە ڕێگەی فرەچەشنییەوە.

2ـ کورد لە “یەک کۆماری”دا: هاووڵاتی نین

کوردێک دەبێت چۆن هەست بکات کاتێک داوای لێدەکرێت ببێتە ئەندامی دەوڵەتێک کە لە ماددەی یەکەمەوە خۆی بە “یەک” کۆمار ڕادەگەیەنێت؟

ئایا هەست دەکات ئەم یەکگرتووییە زمان و کولتوور و بیروباوەڕ و بەرخۆدان و نەخشەی مێژوویی ئەوی لەخۆ گرتووە؟

یان هەست دەکات ئەوە “یەکیەتیی ناسنامەی تورکی”یە، کە بەناوی مۆدێرنیتەوە بەسەریدا سەپێنراوە؟

لە دەوڵەتی تورکدا کورد بەشێک نییە لە ڕێککەوتنی کۆماری، بەڵکو قەوارەیەکی پەراوێزخراوە، بە مەرجێک کە بێدەنگ بێت یان وەک بیرمەندی ئەڵمانی کارل سمێث دەڵێت:

“هەرکەسێک لەلایەن دەوڵەتەوە بە دۆست نەزانرێت، بەدڵنیاییەوە بە دوژمن دادەنرێت”.

کورد دوژمن نییە، بەڵام ماددەی یەکەمی دەستوور دەیکاتە دوژمن، چونکە دەرگا بەڕووی هیچ ڕوانگەیەکی دیکە دەربارەی “وڵات”دا ناکاتەوە.

ڕەخنەی فەلسەفی: “یەکیەتی” شەرعیەتی خۆی لە کوێوە وەردەگرێت؟

لە ڕووی فەلسەفییەوە شەرعیەت لەسەر بنەمای دەسەڵات نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای دانپێدانانە، وەک هێگل دەڵێت.

یەکگرتوویی لە خۆیدا پیرۆز نییە، بەڵکو لە توانای خۆیدا کە فرەچەشنی بەبێ ئینکار قبووڵ بکات، پیرۆزە.

بەڵام کاتێک یەکیەتی دەگۆڕێت بۆ باوەڕێکی نەتەوەپەرستی، دەبێتە ئامرازی چەوساندنەوە، نەک فۆرمێک لە ئاشتەوایی.

مادەی یەکەمی دەستووری تورکیا دەوڵەت دەگۆڕێت بۆ بۆتێکی ناسنامەیی نەک ڕێککەوتنێکی مەدەنی.

کوردێک کە بەشداری ئەم ڕێککەوتنە نەکات، داوای لێدەکرێت کە سوێند بۆ دەوڵەت بخوات… واتە ئینکاری خۆی بکات، ئەگینا بە خیانەت تۆمەتبار دەکرێت.

3ـ ئۆجالان و خەونی تێپەراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی

عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەوڵدەدات کە ئەو هاوکێشەیە لە ڕێگەی تێزی “نەتەوەی دیموکراتیک”ـەوە تێپەڕ بکات. ئەو خودی دەوڵەتی نەتەوەیی وەک بیرۆکەیەکی شکستخواردوو دەبینێت کە دەبێت لەناوببرێت.

بەڵام ڕەخنە لێرەدا پێویستە:

چۆن دەتوانین نەتەوەپەرستی لە دەوڵەتێکی نەتەوەییدا لەناو دەبەین، کە خۆی وەک دەستورێک دەسەپێنێت؟

هەروەها چۆن دەتوانین داوای ئەوە بکەین کە کورد دەستبەرداری پرۆژە نەتەوەییەکەی بێت لە کاتێکدا دەوڵەت هێشتا بە هێزی ماددەی یەکەم بەڕێوە دەچێت کە کۆمارێکی “یەکانە”یە و ناتوانێت فرەچەشنی قبووڵ بکات؟

پێشنیازەکەی ئۆجەلان ئەو ڕاستییە پشتگوێ دەخات کە کورد هێشتا بە پڕۆژەی نەتەوەیی خۆی نەگەیشتووە و تەنانەت وەک نەتەوەش نەناسراوە. کەواتە چۆن داوایان لێبکرێت کە لە ناسیونالیزم تێپەڕن لە کاتێکدا کە هێشتا هیچ مافێکی نەتەوەیییان پێ نەدراوە؟

ئەمە هەنگاوێکی فەلسەفی بێئەخلاقانەیە کە سەرلەنوێ ئینکارکردن بەرهەم دەهێنێتەوە، لەبری ئەوەی کە چارەسەری بکات.

4ـ بەرەو یەکێتییەک بە ڕێککەوتن نەک ئایدیۆلۆژی

بۆ ئەوەی کورد خۆی بە بەشێک لە دەوڵەت بزانێت، دەبێت “یەکێتی کۆمار” لە دانپێدانانەوە سەرهەڵبدات نەک لە فەرمانێکی سەپێنراوەوە.

ئەمەش پێویستی بە:

ـ دووبارە پێناسەکردنەوەی یەکێتییە وەک “مەیدانێکی سیاسی مەدەنی”.

ـ دانپێدانان بە کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن ماف.

ـ داڕشتنەوەی دەستوور لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی لۆژیکی، نەک ئایدۆلۆژی یان نەتەوەپەرستی.

یەکێتی ڕاستەقینە لەسەر دەستبەسەرداگرتن بنیات نانرێت، بەڵکو لەسەر فرەچەشنی دادەمەرزێت.

دەرەنجام: یەکیەتییەک کە دانتان پێدا نەنێت، یەکیەتییەکە لە دژی ئێوە.

ماددەی یەکەم، بەم شێوەی ئێستای، بانگەوازێک نییە بۆ یەکیەتی، بەڵکو درێژەپێدانە بە ئینکارکردن.

هەر بابەتێک کە لەژێر ناوی “سەردەمێکی نوێ”دا، پرسی نەتەوەیی پشتگوێ بخات، هاوبەشی خراپکارییە.

کورد کاتێک داوای چارەسەری فرەچەشنی لە دەوڵەت دەکات، جوداخواز نییە.

بەڵام دەستوور جوداخوازانەیە، چونکە بیرۆکەی فرەچەشنی لە یەکێتیدا ڕەتدەکاتەوە.

پوستێن ھەمان بەش