عەبدوڵڵا ئۆجەلان خیانەتکار نییە!

عەبدوڵڵا ئۆجەلان خیانەتکار نییە!

هەڵەیە بڵێین ئۆجەلان خیانەتی لە کورد کردووە، چوونکە ئەو وەک تورکێک بۆ ئەوەی کە کورد لەناو ببات، هەرچی لە توانایدا بوو لەگەڵ خێڵ خاڵوانیدا کردوویەتی و گوتوویەتی.

بووبێ ئەسەر

ئێستا لە ناو کورداندا بە ئاشکرا و بە ڕوونی دەوترێت ئۆجەلان خیانەتی لە کورد کردووە! من بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەم قسەیەدا نیم. خیانەت!!! ئەوەیە کە کەسێک سەر بە نەتەوەیەک بێت و لەبەر بەرژەوەندیی شەخسیی و لە ڕقدا، خیانەت بە نەتەوەکەی خۆی بکات.

بە ئاسانی دەتوانین بڵێین لە مێژووی گەلی کورددا، هەندێ جار و بە دەستی هەندێ کەس، خیانەت لە نەتەوەی کورد کراوە و تا ئێستاش هەروا بەردەوامە. بۆیە پێویستە ئێمە خیانەت بە ڕوونی و بە ڕامان و مانای خۆی بەکار بهێنین، تا بتوانین ئەو کەسانە بە باشی بناسین کە هەتا ئێستا خیانەتیان لە نەتەوەکەی خۆیان کردووە.

هەر بۆیە هەرگیز ناڵێم و نابێت کوردیش بڵێن کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان خیانەتی لە گەلی کورد کردووە. ئەو بۆخۆی کوردێکی جێگای مشتومڕە، چونکە بۆخۆی دەڵێت: “دایکم تورکە”. هەروەها دەزانین کە باوکە کوردەکەی ئۆجەلان، زوڵم و زۆری لە دایکی کردوە.

کاتێک کە ئەویش گەورە دەبێت و دەزانێت باوکی ئازاری دایکە تورکەکەی داوە. ئیدی لە کەسایەتی باوکیدا دەبێتە دوژمنی نیژادی باوکی خۆی.

بەڵام دوای ئەوەی کە کارمەندانی دەوڵەتی قووڵی تورک، ئەو دەناسن، دەبینن کە ڕق و قینی ئەو بەرانبەر بە کوردان، لە دڵیدا وەک چیای ئاگری وایە. دەیبەن بۆ لای خۆیان، بەپێی ئەو ڕق و قینەی بەرامبەر بە کورد هەیەتی، پەروەردەی دەکەن. دوای پەروەردەکردنەکە، بۆ ئەوەی بتوانێت لە کەسایەتی باوکیدا بە ئاسانی تۆڵەی دایکی لە گەلی کورد بکاتەوە، داوا لە دەوڵەت دەکات تا دەرفەتی بۆ ڕەخسێنێت تا لە کەسایەتی باوکی خۆیدا بتوانێت هەموو کورد لەناو ببات.

هەر لەو ڕۆژەوە کە عەڤدلا دەستی بە کاری حیزبی کرد، ئامانج و هەدەفی ئەوە بووە کە لە ڕێگەی ئەو حزبەی کە دەوڵەت بۆی دامەزراندبوو، تۆڵەی دایکی لە نەتەوەی کورد بسێنێتەوە. نەک هەر ئەوەش، دواتر ئەو ڕق و قینە لە دڵیدا ئەوەندە گەشەی کرد کە ویستی هەموو کورد لەناو ببات.

خۆی لەخۆیدا، دەوڵەت بەدوای کەسێکی وەهادا دەگەڕا کە لە ڕێگەی مرۆڤێکی گۆیا کوردەوە، بزووتنەوەکانی کوردستان تێکبشکێنێت. دوای ئەوەی قەناعەتیان پێکرد کە ئیدی بە هیچ شێوەیەک زیان بە دەوڵەتی تورک ناگەیەنێت، بۆ ئەوەی بزووتنەوە کوردییەکان، عەشیرەت و بنەماڵە گەورەکانی کوردستان و ئاغاکانی کورد و سەرۆک عەشیرەتە کوردەکان لە ناو ببات، دەستیان بە ئامادەکردنی ئیمکانیات بۆی کرد تا ئەویش دەست بە کوشتنی کوردان بکات و بۆ ئەوەی کە بتوانێت دەست بە کوشتنی کوردان بکات، حیزبی پەکەکەیان بۆی دامەزراند. شۆڕشگێڕان و نیشتمانپەروەرانی ئەو سەردەمە (1965-1980) نەزان بوون. ئەوان بە چاوی خۆیان ئەو دڕندەیی و زوڵمەیان بینی کە چەکدارانی تورک بەسەر گوندنشینەکان و گەلی کورددا دەیانکرد. لە بەرامبەردا دەیانویست بزووتنەوە یان حزبی خۆیان دامەزرێنن و خەبات بۆ گەلەکەیان بکەن، بەڵام داگیرکەر بەر لەوان جووڵایەوە…

کاتێک داگیرکەرانی ئێمە و پیاوانی دەوڵەتی قووڵ ئۆجەلانیان بینی، خێرا و بەپەلە ڕێکیان خست و چەند پیاوێکی خۆشیان ڕەگەڵی خست. حیزبێکیان بۆ دروست کرد کە بتوانێت کورد لەناو ببات و کوردستانیش وێران بکات. هەر ئیمکانیات و پێداویستییەکی هەبوو، هەموویان بۆ دابین کرد تا بە ئاسانی بتوانێت لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی تورکدا، کار بۆ لەناوبردنی کوردان بکات.

سەرەتا بە دروشمی گەورە کە هەر چوار پارچەی کوردستان ئازاد دەکات، پڕوپاگەندەی کرد. بەڵام لێرەدا سەرنجی بەو تاک و لایەنە نیشتمانپەروەرانە نەدا کە بڕوایان بە ڕزگاریی هەر چوارپارچەی کوردستان هەبوو. ئەمە ڕزگاری نەبوو، بەڵکو لەناوبردنی کورد بوو لە ڕەگ و ڕیشەوە.

بەڵام دوای ئەوەی کە باشووری کوردستان لە سایەی خەبات و تێکۆشانی سەد ساڵەی بارزانیەکانەوە، ئازاد کرا. پلانی دەوڵەت بۆ لەناوبردنی کوردستان لە سەر دەستی ئۆجەلان، شکستی هێنا. واتە باشووری کوردستان لە دەستی پەکەکە و دەوڵەتی تورک دەرچوو. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا دەسەڵات و هێز نەبوون. بۆیە هەموو هەوڵەکانیان بۆ چۆڵکردنی خاکی کوردستان و ئاوارەبوون و لەناوبردنی کوردیان لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان چڕکردەوە.

ئەو وێرانکاری و دەربەدەریانەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان دروستیان کرد، لەوەی باکووری کوردستان کەمتر نەبوو. بەڵام دیسانیش ئەو پڕۆژەیەی کە دەوڵەت بۆ وێرانکردنی کوردستان لە ڕێگەی ئۆجەلانەوە پێشکەشیان کردبوو، بەو شێوەیەی کە ئەوان دەیانویست، بەدی نەهات. بۆیە جارێکی دیکە گەڕانەوە بۆ باکوری کوردستان بۆ ئەوەی بەتەواوی لەناوی ببەن.

بەم پێیە دەوڵەت و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پێکەوە حزبێکی لەگال (بەپێی یاسای ڕاست و دروست)یان دامەزراند بۆ ئەوەی دوای شەڕی چەکدارانە، کورد لە نێو ئەم حیزبەدا بتوێننەوە، واتە کورد وەکوو کورد نەهێڵن. بۆیە کەمالیزمی لە بەرچاوی کوردەکانی خۆی شیرین کرد. وردە وردە ژەهری کەمالیزمی لە نێو ئەندامەکانیدا بڵاوکردەوە و وای لێکردن قبووڵی بکەن. سەرۆکایەتیی حیزبەکەش درا بە دەستی کەمالیستەکانی کورد و تورکەوە.

ئەوەی کە ئەمڕۆ دەگوزەرێت لەسەر دەستی کەسێک ڕوودەدات کە دایکی تورکە و خۆیشی بە تورکی ڕاستەقینە دەزانێت. بۆیە نابێ بڵێین عەبدوڵڵا ئۆجەلان خائینە یان خیانەتی لە کورد کردووە. چونکە دوژمنی میللەتەکەت نابێت بە خائین، ئەو دوژمنە و کار بۆ لەناوبردنی ئێوە دەکات.

من باوەڕم وایە کە عەڤدولا لە هەموو ئەندام و سەرکردەکان (کادرەکانی) خۆی ڕاستگۆترە. چونکە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە خۆشی لە کورد نەهاتووە. گاڵتە و جەفەنگی بە کورد و سەرکردەکانی کردووە. کوردی بە کەم بینیوە و دەبینێت. بەڵام وەک خۆی دەڵێت کورد لەو تێنەگەیشتبوون.

بەڵام ئەگەر بڵێین ئۆجەلان خیانەتی لە کورد کردووە، ئەوە هەڵەیە. جامێر وەک تورکێک بۆ ئەوەی کە کورد لەناو ببات، هەرچی لە توانایدا بوو لەگەڵ خێڵ خاڵوانیدا کردوویەتی و گوتوویەتی. لە قسەکانی ورد ببنەوە، دەبینن کە لە هەموویاندا لەناوبردنی کوردان هەیە. بۆ تاقە یەک ڕۆژیش کوردی خۆش نەویستووە. بەڵام بەداخەوە هەندێک لە کوردەکان هەمیشە وەک ئەویان وەک سەرۆک و ڕێبەری خۆیان بینیوە…

عەڤدولا ئۆجەلان وەک تورکێک کاری خۆی کردووە و ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە. سەیری سەرکردایەتی هەموو ئەو پارتانە بکەن کە سەر بە پەکەکەن، لە هەموویاندا تورک وەک بەرپرسی یەکەم دەبینن. سەیری ئێستای “دەم پارتی” (DEM) بکەن دەبینن ئەوانە کێن کە ئەو حیزبەیان بەڕێوە بردووە و بەڕێوەی دەبەن…

بۆیە دەڵێم: ئۆجەلان خائین نییە و خیانەتی لە کورد نەکردووە. جامێر ئەرکدار بووە کە کورد لەناو ببات. بەڵام کورد لێی تێنەگەیشتوون. لەخۆیدا ئەو هەمیشە گوتوویەتی و دەڵێت: “کورد لێم تێناگات”. ئەرێ ئەمە مانای چییە؟ بۆیە من دەڵێم دەبێ ئیدی لەو تێبگەن و بزانن کە کورد نییەم بەڵکوو تورکێکی دوژمنی نەتەوەی کوردە.

تێبینی: ئەگەر دەتهەوێت زیاتر دەربارەی عەڤدولا ئۆجەلان و بنەماڵەکەی بزانیت، ڕۆمانەکەی من بە ناوی “ساپۆ”، بخوێنەرەوە. زانیاریی بەرفراوانی تێدایە…

پوستێن ھەمان بەش