عەلی حەیدەر قەیتانی ناسراو بە “فوئاد دێرسیم” لە ساڵی 1952 لە شاری دێرسیم لە دایکبووە. لە کاتی خوێندنی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئەنقەرە، عەبدوڵڵا ئۆجەلانی ناسیوە. لە ساڵی 1972دا نزیکایەتی باش لە نێوانیاندا پێکهات و پێکەوە لە یەک خانوودا دەژیان و گرووپی دەسپێکی پەکەکە لەوێ دامەزرا. قەیتان وەک قسەکەرێکی بەتوانا و کەسێک بە ڕۆحیاتی شاعیرییەوە سەیر دەکرا.
قەیتان لە ساڵی 1975دا، کچێکی ئەسمەری خەڵکی دێرسیمی هێنایە ناو گرووپی پەکەکە. قەیتان عاشقی ئەو کچە بوو و دەیویست لە نزیک خۆیەوە ڕایبگرێت. ئەم کچە ناوی “کەسیرە یڵدرم” بوو کە دواتر لەناو پەکەکەدا بە “فاتمە” ناسرا. ئۆجەلان دەیزانی کە قەیتان عاشقی کەسیرە بووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش داوای هاوسەرگیریی لێکرد. ئەمەش کەسیرەی ناچار کرد کە هاوسەرگیری لەگەڵ ئۆجەلاندا بکات. قەیتان لە لایەک دڵتەنگ بوو کە فاتمەیان لێوەرگرتووە، بەڵام لە لایەکی ترەوە ناچار بوو کە خۆی ئامادەکاری بۆ ئاهەنگەکەیان بکات. دوای ئەمە ئیدی عەلی حەیدەر قەیتان لە ناو پەکەکەدا هەمیشە دوودڵ و دووڕوو بوو. لە لایەک ڕێنماییەکانی ئۆجەلانی جێبەجێ کرد و لە لایەکی دیکەشەوە حیرسێکی گەورە لە هەمبەر ئۆجەلان لەدڵیدا بوو. هەرگیز نەیوێرا کەسایەتیی ڕاستەقینەی خۆی ئاشکرا بکات، هەربۆیە بوو بە گۆپاڵێک بەدەست عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە و ئۆجەلان هەرکات بیویستبا، قەیتانی هان دەدا کە پەلاماری دەوروبەرەکەی بدات.
لە سەرەتای ساڵانی 1970دا، قەیتان لە ژێر ناوی “بزووتنەوەی ئاپۆچییەکان”دا پەلاماری ڕێکخراوەکانی دیکەی دێرسیمی دا. قەیتان بە خیانەتی گەورەی خۆی، بزووتنەوەکانی وەک “ئایدنلک، ڕێیا ئازادی و هتد…”ی بە خائین ناساند. بە دەیان شۆڕشگێڕی دێرسیم بە دەستی قەیتان شەهید کران.
بۆ جاری دووەم، قەیتان لە لوبنان و لە لۆلانیش بوو بە دارەدەستی ئۆجەلان. قەیتان لەو هەڵوێستانەی ئۆجەلان کە دەیهەویست خۆی بکات بە کەسی یەکەمی ناو پەکەکە، قەڵس بوو و دەیهەویست لە پەکەکە جیا ببێتەوە، بەڵام نەیتوانی واز لە پەکەکە بهێنێت و دیسان تەسلیمی ئۆجەلان بوو و بوو بە گۆپاڵێک لە دەستی ئۆجەلاندا بۆ ئەوەی ڕەخنەگرەکانی پێ سەرکوت بکات.
ئۆجەلان لە “ملەکی”دا هانی قەیتان دەدات بۆ ئەوەی پەلاماری دژبەرەکانی بدات، هەروەها قەیتان ڕۆڵێکی کارای لەو کوشتارانەدا بینی کە لە کەمپی لۆلان و دۆڵی بێقاعدا بەڕێوەچوون. هاوکات بەو پێیەی کە قەیتان هەم دێرسیمی و هەمیش عەلەوی بوو، پەکەکە کوشتنی کادیرانی دێرسیمی لە ڕێگەی عەلی حەیدەر قەیتانەوە بە خەڵک دەدایە قبووڵکردن. کاتێک کەسانی وەک چەتین گۆنگۆر (سەمیر)، ئایتەن ئۆزدەمیر، دکتۆر باران (موسلیم دورگون)، عیسا (ئورهان ئیلبای) و کەمال زاپ (حەیدەر ئالپاسلان) کوژران، قەیتان پاساوی بۆ کوشتنیان هێنایەوە و ڕەوایەتیی پێدا. قەیتان تەنانەت بەرانبەر بە هاوڕێکانی خۆشی بێوەفا بوو. کاتێک ئەو کچەی کە لە ساڵی 1978دا هاوسەرگیریی لەگەڵدا کردبوو، واتە “جەمیلە مەرکیت” (سەحەر)، لەلایەن پەکەکەوە ئەشکەنجە دەدرا، قەیتان لە ئەشکەوتەکەیدا دانیشتبوو و هیچ هەڵوێستێکی پیشان نەدا. ئەو نەک هەر بەرانبەر بە هاورێیەکانی بێوەفا بوو، بەڵکوو تەنانەت بەرامبەر بە منداڵەکانی خۆیشی بێوەفا و بێبەزەیی و بێویژدان بوو، تا ئەو ڕادەیەی کە تەنها بۆ ئەوەی خۆی بۆ ئۆجەلان ئیسپات بکات، دڵی هات منداڵە ساواکەی خۆی بخاتە ناو ئاگر و بیسووتینێت. بەڵێ قەیتان منداڵەکەی خۆیشی سووتاندووە.
سەرەڕای ئەم کردارانەشی، بەڵام ئۆجەلان هەرگیز بەگشتی لێی ڕازی نەبوو. قەیتان ساڵی 1988 لە پەکەکە دەرکرا و چوو بۆ ئەڵمانیا و لەوێ زیندانی کرا. دوای ئازادکردنی لە ساڵی 1995دا، ئۆجەلان پێی گوت کە دەرفەتێکی دیکەی پێدەدەم تا خۆی ئیسپات بکەیت و ڕەوانەی “زاپ”ی کرد و فەرمانی پێکرد تا لە هێرشکردنە سەر دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان و قۆناغی دووەمی هێرشی 15ی تەباخدا وەک فەرماندەیەک ڕۆڵ بگێڕێت. قەیتان لە پەلاماردانی 35 خاڵی پێشمەرگەکانی کوردستان لە یەک شەودا، بەرپرسیار بوو. لەسەر ڕێنمایی قەیتان هێرش کرایە سەر گوندی سیدا لە ڕێکان و 9 گوندی وەلاتژێری و لەژێر بەرپرسایەتی ئەودا گوندەکانی تێلێ، شینگەر، بابسێڤا، داوودکا و سێلکێ ئاگریان تێبەردرا. بەڵام ئەوە کردەوانەش بەس نەبوون بۆ ئەوەی قەیتان خۆی بە ئۆجەلان ئیسپات بکات و دیسان بە کەسێکی شکستخواردوو دانرا و دادگایی کرا. لەدوای ئەم بڕگەیە ئیدی قەیتان هەرگیز هیچ پێگەیەکی گرنگی لە پەکەکەدا نەبوو، تەنها ئەرکی قەیتان ئەوە بوو کە بە توانای لێدواندەرییە بەهێزەکەی، قسەکانی ئۆجەلان بڕازێنێتەوە و وا لە خەڵک بکات کە بڕوای پێبکەن. قەیتان ئەوەندە تووشی شکست هاتبوو کە بۆخۆی جارێک گوتبووی: “پێش ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ بناسم، وەکوو “زۆڵ” (بێژی)یەک بووم کە لە بەر دەرکەی مزگەوت فڕێدرابم”. قەیتان کە کەسایەتی خۆی لەدەستدابوو و هیچ پرەنسیپ و هاوڕێیەتییەکی لا نەمابوو، دەیگوت: “دەمهەوێت سەگێکی بەر دەرکەی پەکەکە بم”. کردەوە تاریکەکانیوایانکردبوو کە تەنانەت دەوروبەرەکەشی لێی بترسن، قەیتان هەرگیز نەبووە کەسێک کە خەڵک خۆشیان بوێت و هەمووان خۆیان لێی دەپاراست، چونکە دیار نەبوو کە ئەو لە کوێ و پەلاماری کێ دەدات.
ئەم دیوە تاریکە و کوشتن و ئەشکەنجە و خیانەت، بوونە هۆی ئەوەی کە بوومەلەرزەیەکی گەورە لە دەروون و شەخسییەتی قەیتاندا ڕووبدات. لە ساڵی 2014 بەملاوە، سەرەتای کۆتاییەکەی دەستیپێکرد. لە ساڵی 2018دا ئیدی لەبەر خۆیەوە قسەی دەکرد و بە وتەی هاوڕێکانی وەکوو کەسێکی نیوە زیندانی لە ئەشکەوتێکدا دەمایەوە. ئیدی ئەو هەڤاڵانەی قەیتان کە بە دەستی ئەو کوژرابوون، دەهاتنە سەر زمانی قەیتان و جنێوی بە خۆی دەدا. دۆخی قەیتان ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبوو، جەمیل باییک بڕیاری دا کە بیکووژن و کوشتنەکەی لەژێر بەرپرسایەتی قەرەیلاندا جێبەجێ کرا. پەکەکە بۆ ماوەی 7ساڵ کوشتنەکەی شاردەوە و دوای بانگەوازەکەی 27ی شوباتی ئۆجەلان و کاتێک پێوست بوو ە دەنگی ناڕەزایی خەڵک کپ بکەن، مردنەکەی قەیتانیان ئاشکرا کرد.
لە ئێستاشدا وەک ئەوەی کە قەیتان شەخسییەتێکی کامڵی هەبووبێت، بانگەشەی بۆ دەکرێت و دەڵێن وەک دەروێشێک بوو، وەک پیرێک بوو، بەڵام هۆکاری مردنەکەی و چۆنیەتی کوژرانەکەی ئاشکرا ناکەن. کورتەی چیرۆکی ژیانی قەیتان ئەوەیە کە شاعیرێک چۆن دەتوانێت ببێتە بکوژێکی بێبەزەیی، ئەویش هەر بەوشێوە بێ بەزەییانە کوژرا. قەیتان هاوکار و پێشەنگی هاوڕێکانی بوو، پێویستە لە کەسایەتی عەلی حەیدەر قەیتاندا، پەکەکە و لە کەسایەتی پەکەکەشدا، قەیتان دادگایی بکرێت.