ئۆجەلان جارێکی دیکە پاکانەی بۆ خۆی کرد و ئەمجارە تاوانەکەی خستە ئەستۆی دەمیرتاش

ئۆجەلان جارێکی دیکە پاکانەی بۆ خۆی کرد و ئەمجارە تاوانەکەی خستە ئەستۆی سەلاحەدین دەمیرتاش

ئۆجەلان مێگالۆمانە و هەموو کەسێک و هەموو بیروباوەڕ و ڕێکخستنەکەی خۆی، لەپێناو خۆیدا دەفرۆشێت.

وەک ڕاگەیەندراوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی پەکەکەی هەڵوەشاوە، لەسەر ئەو قسەیەی کە ئەوان بە ئەردۆغانیان گوتووە “ئێمە ناهێڵین تۆ ببی بە سەرۆک”، هەریرک لە دەمیرتاش و سری سورەیا ئۆندەری بە تاوانابار لەقەڵەم داوە. لە ئیدیعایەکدا کەوا لەلایەن “ئایتونچ ئەرکین”، نووسەری ڕۆژنامەی “Dozcu” ـەوە واژۆ کراوە، باس لەوە کراوە کە گوایە ئۆجەلان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندی ئیمرالیی “دەم پارتی”دا گوتوویەتی: “لە کاتی خۆیدا سەلاحەدین دەمیرتاش بە ئەردۆغانی گوتبوو: ‘ئێمە ناهێڵین ببیتە سەرۆک’. ئەمە دروست نەبوو… بابەتی ‘ئێمە ناهێڵین ببیتە سەرۆک’ خەتای سەڵاحەددین و سری سورەییا بوو”.

دروشمی “ئێمە ناهێڵین ببیتە سەرۆک” و شەڕی خەندەقەکان…

ئێمە چەندین جار نووسیومانە کەوا چۆناوچۆن لە ساڵی 2015دا، کاتێک کە دەمیرتاش بە گوێی سری سورەیا ئۆندەریدا دابوو کەوا دروشمی “ئێمە ناهێڵین تۆ ببیتە سەرۆک” بەرز بکرێتەوە، ئێمە گوتمان کە ئەمە پیلانێکە دژ بە کورد. بەڵام هەم ئێمە و هەم هەموو ئەو کەسانەی کە دەیانگوت ئەم دروشمە هەڵەیە، لەلایەن چەپگرا تورکەکان و بەتایبەتیش لەلایەن پەکەکەوە ڕەخنەیان لێدەگیرا.

بەڵێ، لە ڕاستیدا ئەو دروشمە هەڵە بوو. ئەم پڕۆسەیە کە کورد لەدژی ئەردۆغان دەستی پێکرد و دواتر هاوپەیمانی باخچەلی و ئەردۆغانی لێکەوتەوە، ماڵوێرانییەکی گەورەی بەسەر کورداندا هێنا. هەڵکەندنی خەندەقەکان هاوتەریب لەگەڵ ئەم دروشمە، دەرئەنجامی هاوکاریی ئەو لایەنانە بوو کە دەیانگوت “ئێمە ناهێڵین ئێوە ببەن بە سەرۆک”، لەگەڵ پەکەکەدا.

بە واتایەکی تر کێشەکە تەنیا ئەم دروشمە نەبوو؛ بەڵکوو ئەوە تێوەگلانی بە ئەنقەستی کورد بوو لە گۆڕینێکی بەرەیی خەبات و تێکۆشاندا و هەروەها بەفیڕۆدانی وزەی کورد لە دەیەی نێوان 2015 بۆ 2025 بوو. لەو ماوەیەدا کورد وای لێکرا کە تەنها دەبێ سیستمی فاشیزمی مەهەپە ـ ئاکەپە لەناوببات. لە ئەنجامدا 12 شار لە باکووری کوردستان وێران بوون و ملیۆنان کەس ئاوارە بوون و نزیکەی سێ هەزار گەنجی کورد لە خەندەقەکاندا گیانیان لەدەستدا.

ڕاکێشانی کورد بۆ ناو شەڕێک کە سەنتەرەکەی ڕژێمی ئەردۆغان بوو و هەڵکەندنی خەندەقەکان، هەڵەیەکی تاکتیکی نەبوو؛ بەڵکوو پلانێکی تاریک و بە ئەنقەست بوو. عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە بەرپرسن لەم پرۆسەیە.

سەلاحەدین دەمیرتاش، ڕۆڵی کەرێکی گێڕاوە کە بەردەدرێتە ناو کێڵگەیەکی مین

لەو کاتەی کە دەمیرتاش ڕایگەیاند، “ئێمە تۆ ناکەین بە سەرۆک”، ڕۆژانە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دانوستان دەکرا. لەو کاتەدا ئۆجەلان خۆی دیاری کرد کە “کێ لەناو پەکەکە دەبێتە هاوسەرۆکی کەجەکە، کێ دەبێ لە بەرێوەبەریی ڕۆژئاڤا دانبرێت و کێ دەبێتە سەرۆکی شارەوانی ئامەد و کێ بۆ کام ناوچە دەبێتە کاندیدی پەرلەمان”.

ئۆجەلان لە یادداشتەکانی خۆی لە کۆبوونەوە هەفتانەکانیدا، چەپ و ڕاست ڕێنمایی و تەعلیماتی دەدا. بەڵام ئۆجەلان نەیگوت نابێ بڵێن کە ئێمە تۆ ناکەین بە سەرۆک و دەستوەردان لە شەڕی خەندەقەکاندا مەکەن. ئەم پرۆسەیە بە فەرمان و پلانەکانی ئەو دەستیپێکرد.

سەرۆکایەتی ئەوکاتی پەکەکە، وەک “بایک و قەرەسوو و کاڵکان و هۆزات و قەرەیڵان”یش پشتیوانی ئەم دروشمەیان دەکرد و بۆخۆیان شەڕی خەندەقەکانیان ئۆرگانیزە کرد. ئەوان پرسی کوردیان بۆ بابەتی “ڕوخاندنی حکوومەتەکەی ئەردۆغان”، گۆڕی.

ئێستا، زەمەن گۆڕاوە و دەبێت بۆ ئەو خوێنڕشتنە کەسێک بە بەرپرسیار دابنرێت و بکرێتە بەرخی قوربانی، ئەویش دەرکەوت کە “سەلاحەدین دەمیرتاش”ـە.

ئامانجمان بەرگریکردن لە سەلاحەدین دەمیرتاش نییە. جگە لەوە، ئەویش لە سووڕاندنی ئەو چەرخە هەڵەیەدا بەشدار بووە و ئێستا لە زینداندایە. ئۆجەلان و حکومەت و پەکەکە هەموویان زۆر دڵخۆشن کە لە زینداندایە. لە کۆتاییدا ئەوە ئۆجەلانە کە بڕیار دەدات ئایا دەمیرتاش ئازاد بکرێت یان نا.

لە ڕاستیدا سەڵاحەدین دەمیرتاش ڕۆڵی کەرێکی گێڕاوە لە بەردراوەتە ناو کێڵگەیەکی مین. برایانی ئەرگەنەکۆنی سری سورەیا ئۆندەر، سەرمایەدارە تورکەکان کە لە ئەردۆغان قەڵس بوون و هەروەها پۆپۆلیزمی میدیایی، بەرەو ئەم ڕێگایە پاڵیان پێوەنا. بێگومان ئەم پرۆسەیە بە پاڵپشتی ئۆجەلان و پەکەکە بەرەوپێش دەچێت.

میتۆلۆژی “خودایەتی ڕەها”ی ئۆجالان

دیوی تاریکی دانوستانەکانی ئۆجەلان و پەکەکە و دەوڵەت تەوەرێکی دوور و درێژە و لایەنی زۆری هەیە. بێگومان پەیوەندیی بە دۆخی دەروونی ئۆجەلان خۆیەوە هەیە کە میسیۆنێکی “خوداوەندی” بەخۆی دەدات.

ئۆجەلان کەسێکی مەگالۆمانییە

جگە لە پرسیارگەلێکی وەک ئەوەی کە ئایا ئیدیعای ئۆجەلان کە دەمیرتاش دژی ئەردۆغانە، ڕاستە یان چۆن ڕۆژنامەنووس ئایتونچ ئەرکین ئەم زانیارییەی دەستکەوتووە، هەرکەسێک ئاشنای شێوازی سیاسی و باری دەروونی ئۆجالان بێت، دەزانێت کە قسەکانی ئۆجەلان ئەگەری زۆرە ڕاست بێت. چونکە ئۆجەلان هەرگیز لە بەرانبەر هیچ شتێکدا بەرپرسیار نییە و هەمیشە ڕاستیەکان دەڵێت و هەرگیز هەڵەی نەکردووە، بەڵام هێشتا کەس لێی تێناگات. واتە ماوەی 50 ساڵە کە تاقە کەسیش لە ئۆجەلان تێنەگەیشتووە.

ئۆجەلان کەسێکە کەوا لە دیمەشقدا لەناو ڤێللادا دەژیا و بەو گەریلایانەی کە لە وڵاتدا گیانیان بەخت دەکرد دەیگوت: “ئەوان لەپێناوی پاروە نانێکدا دەمرن”، بۆ ئەوەی زیانم پێبگەیەنن، دەمرن.

ئایا ئۆجالان “بێ کەموکووڕی”یە…!؟ ئایا ئۆجەلان بوونەوەرێکی ئیلاهییە…!؟ لە ڕاستیدا ئۆجەلان پراگماتیست و مێگالۆمانە کە هەموو کەسێک و هەموو شتێک و هەموو بیروباوەڕ و ڕێکخستنەکەی خۆی، لەپێناو خۆیدا دەفرۆشێت.

هیچکەسێک نەماوە کە ئۆجەلان وەک “خائین، ئاژانێکی ئۆبژەکتیڤ و ئاژانێکی سوبژەکتیڤ”، ناوی نەبردبێت.

ئەمە ڕاستیی ئۆجەلانە. سەرەڕای ئەوە، هەرکەسێک کە لەپاڵ ئۆجەلاندا کار دەکات و شانبەشانی ئۆجەلان دەڕوات، دەبێ کاتێک لەلایەن ئۆجەلانەوە شەرمەزار و تاوانبار دەکرێ، وەڵامی بۆی هەبێت و نابێت ڕەحمی پێبکرێت.

پوستێن ھەمان بەش