قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و کەوتنی دەمامکی جاشەکانی عێراق

قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و کەوتنی دەمامکی جاشەکانی عێراق

مێژوو سەلماندوویەتی کە هیچ دەمامکێک ناتوانێت ڕووی ڕەشی جاشەکان بشارێتەوە و ئەمڕۆ یان سبەی گەلی کورد حیسابی خۆی لەو جاشانە وەردەگرێتەوە.

جاش یان جەحش بەو کوردانە دەگوترێ کە خۆیان و وڵاتەکەی خۆیان دەفرۆشن و دەچنە سەنگەری داگیرکەرانەوە و هاوکاری دوژمنانی نەتەوەکەیان دەکەن بۆ ئەوەی زیاتر وڵاتەکەیان داگیر بکەن. پێشتر جاشەکان وەک گرووپی چەکدار چالاکیان دەکرد و بە چەکەکانیان لە دژی هێزە شۆڕشگێڕەکانی نیشتمانەکەیاندا کە لە پێناو ڕزگارکردنی کوردستاندا خەباتیان دەکرد، چالاکییان ئەنجام دەدا، بەڵام ئێستا جاشەکان وەک گرووپی سیاسی کاردەکەن و لەژێر ناوی حزبی سیاسی یان ڕۆژنامەنووس یان چالاکی مەدەنیدا درێژە بە جاشایەتییەکەیان دەدەن. لە کولتوری کوردیدا ئەم وشەیە وەک سوکایەتییەک بەکاردێت و بەو کەسانە دەگوترێت کە لە پێناو بەرژەوەندییە شەخسیەکانیاندا، ئامادەن خۆیان و وڵاتەکەیان و هاووڵاتیانی خۆیان بە دوژمن بفرۆشن.

لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا ئەو کوردانەی هاوکاری حکومەتی عێراقیان دەکرد و بە جاش دەناسران، ژمارەیان کەم نەبوو. ئەم جاشانە بە ئاسانی دەناسرانەوە، چەکیان هەبوو و بە ئاشکرا هاوکاریی دەوڵەتیان دەکرد. ئەم جاشانە بێشەرمانە دانیان بە جاشایەتیەکەیاندا دەنا و بە ئاشکرا ئەنجامیان دەدا. بەڵام دوای ڕاپەڕینە بەشکۆکەی ساڵی 1991 لە باشووری کوردستان، دۆخەکە گۆڕا. ئیدی جاشەکانی باشوور بە هەموو شێوەیەک هەوڵیان دەدا تا جاشایەتیەکەیان لە ژێر دەمامکی جیاوازدا بشارنەوە. هەر ئەمەشیان کرد. ئەو کەسانەی کە هەنووکەش لە باشووری کوردستان بەردەوامن لە جاشایەتی کردن، هەوڵدەدەن خۆیان لەژێر دەمامکی حزبی سیاسی، ڕۆژنامەنووس، سیاسەتمەدارا، چالاکانی مەدەنی و پەرلەمانتاراندا بشارنەوە، بەڵام لە ئەنجامدا کار و کردەوەکانیان ڕووخساری جاشانەیان لەژێر ئەو دەمامکەدا ئاشکرا دەکات.

قەیرانی مووچە و ئاشکرابوونی ڕووخساری جاشەکان

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 2003، دەوڵەتی عێراق و ڕژێمی شیعە، هاوشێوەی ڕژێمی سەدام و ئەوانەی پێش سەدام، نەیانتوانی قبووڵی بکەن کە کورد نابێ لە عێراقدا ژێردەستە بن و نەیتوانی ئەمە هەزم بکات و بەردەوام ویستوویانە کە بێن و وەک داگیرکەرێک لەسەر خاکی کوردستان جێگیر ببن. ڕژێمی شیعەی عێراق لە ساڵی 2014 بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی باشووری کوردستانی بڕی، هەرچەندە دەوڵەتی ئێستای عێراقیش دەیهەویست کە بە ڕێگەی سەربازی کوردستان داگیر بکات، بەڵام بارودۆخی ئەم سەردەمە ڕێگەی پێنەدان وەک ڕژێمەکانی پێشوو بە چەک دژی کورد بوەستن، بۆیە ناچار بوون پەنا بۆ ڕێگەی سیاسی و ئابووری ببەن. دیارە لە ساڵی 2017دا هەوڵیان دا بە چەک باشوور داگیر بکەن، بەڵام نەیانتوانی و شکستیان هێنا.

قەیرانی مووچە چەکێکە لە دەستی عێراقدا کە دژی باشووری کوردستان بەکاری دەهێنێت، ئەگەرچی جاشەکانی عێراق دەزانن کە مووچە لە هەولێرەوە نایەت بەڵکوو لە بەغداوە دێت و بەغداش هەموو مانگێک ئەم بابەتە وەک شەڕێکی تایبەت و دەروونی لە دژی کورد بەکاردەهێنێت و دەیهەوێت ئەمە ببێتە ڕۆژەڤی کورد بۆ تەواوی مانگەکە کە ئایا مووچە دێت یان نا؟ بەم شێوەیەش هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە برسێتی سزا بدات و لە دژی حکوومەتی هەولێر هانیان بدات تا لە ئەنجامدا بتوانێت ئیرادەی سیاسی لە باشوور تەسلیم بکات، بەڵام جاشەکانی باشوور هیچ هەڵوێستێکیان بەرامبەر بە حکومەتی عێراق نییە، نەک هەر هەڵوێستیان نییە، بەڵکوو بە هەڵویست و لێدوانەکانیان بەردەوام بیانوو بۆ ئەم کارەی حکوومەتی شیعەی عێراق دەهێننەوە و بەرپرسانی کورد و حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک لایەنی تاوانبار دەستنیشان دەکەن.

زۆربەی ئەو سیاسەتمەدار و پەرلەمانتارانەی لە باشووری کوردستان خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەناسێنن، لە بنەڕەتدا جاشی دەوڵەتی داگیرکەری عێراقن. جاشایەتی ئەو کەسانە لە ڕێگای لێدوان و کردەوەی ڕۆژانەیانەوە بە ڕوونی بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بووە و هەمووان بە چاوی خۆیان دەیبینن، بەڵام دیسانیش ئەم جاشانە هەوڵ دەدەن کە جاشایەتیەکەیان لە ژێر دەمامکی جیاوازدا بشارنەوە.

ئەو جاشانە کاتێک کە لەگەڵ بەرپرسێکی حکومەتی عێراقدا کۆدەبنەوە، بە “بەڕێز” ناوی دەبەن، وەک کۆیلەیەک گوێ لە قسەکانی دەگرن، ملیان کەج دەکەن و ناتوانن یەک وشە بڵێن کە ئەو بەرپرسە حەزی لێی نەبێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئامادە نیەن کە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە. کاتێکیش کە لە میدیاکاندا باسی بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، بە شێوەیەکی زۆر بێ ئەدەبانە قسە دەکەن. ئەوانە ئامادە نین کە هیچ چاکەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ببینن، کەچی خراپەکانی حکومەتی عێراقی وەکوو چاکە دەبینن.

بانگەوازی پەدەکە بۆ کۆبوونەوەی لایەنە کوردستانیەکان و ئامادەنەبوونی جاشەکان بە بیانووی نابەجێ

ماوەیەک پێش ئێستا حکومەتی عێراق بە نوسراوێکی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە کە ناتوانن مووچەی مانگی ئایاری ئەمساڵ بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن، بە بیانووی ئەوەی پشکی حکومەتی هەرێم لە بوودجە کۆتایی هاتووە. حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش یەکسەر بە بەیاننامەیەک ئەو کارەی عێراقی ڕەتکردەوە و بە داتای فەرمی وەڵامی دایەوە. دواتر پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، داوای لە هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە خۆیان بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە بارەگای پەدەکە لە پیرمام ئامادە بکەن و ناڕەزایی خۆیان لە هەمەبەرعێراق دەرببڕن. بەڵام دیسان وەک هەمیشە جاشەکان بە بیانووی ئەوەی کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان لە پەرلەمانی کوردستان کۆببنەوە و بڕیار بدەن، بانگەوازەکەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان قبووڵ نەکرد و ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون.

بیانووی ئەو جاشانە دروست نییە، چونکە خۆیان زۆر باش دەزانن کە ناتوانن لە پەرلەمانی کوردستان بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدەن، چونکە ئەمە پرسێکی یاسایی نییە، بەڵکو پرسێکی سیاسییە و دەبێت بە ڕێگەی سیاسی چارەسەر بکرێت. ئەو بیانوویەشیان تەنها بۆ ئەوەیە کە شەرعیەت بە هەڵوێستی جاشانەی خۆیان بدەن. ئەگەر نا، تکایە ئەو هێزانە با لە دەرەوەی پەدەکە و یەنەکە، هەڵوێستی توند لە دژی داگیرکەران نیشان بدەن. بەڵام ئەمە هەرگیز ڕوونادات، ئەوان تەنها دەتوانن لە دژی کورد و کوردستان خۆیان نیشان بدەن و هەلوێستی توند بگرنەبەر و قسەی نەشیاو بکەن.

ئەم سیاسەتەی عێراق، سیاسەتێکی داگیرکەرانەیە و جاشەکانیش دەیانهەوێ ئەم سیاسەتە دژەکوردستانییە، پەردەپۆش بکەن

عێراق نەوتی کوردستان و سەرجەم سەروەت و سامانی کوردستان پێشکەش بە وڵات و کۆمپانیاکان دەکات، بەڵام لەبەرئەوەی کورد نەتوانێ مافە نەتەوەییەکانی خۆی بەکاربهێنێت، نەوتی کەرکووک بە کۆمپانیای “بریتیش پەترۆڵ”ت بەریتانی دەفرۆشێت و نەوتی خانەقینیاش بە کۆمپانیایەکی چینی دەفرۆشێت. ڕێگای لەبەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا گرت بەڵام هیچکام لەو لایەنە بەناو کورد و کوردستانیانەی کە گۆیا دەیانهەوێت هەموو شتێک بە پێی یاسا ئەنجام بدرێت، متقیان لیوە نەهات. ئەوانە نەک هەر هیچ لێدوانێکیان لە دژی عێراق نەدا، بەڵکوو بە پێچەوانەشەوە، ڕۆژانە لێدوان دژی حکومەتی هەرێم دەدەن و هەموو شتێک بە خەتای حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنێن. جاشەکانی ئێستاش، عەینەن هەر وەک جاشەکانی پێشوو، دەیانهەوێت ناسنامەی داگیرکاریی عێراق بشارنەوە.

میدیای ئەو لایەنە جاشانە کار بۆ شەرعیەتدان بە کردەوەکانی دەوڵەتی عێراق دەکەن، هەواڵی وەها دروست دەکەن کە حکومەتی هەولێر و هێزەکانی پێشمەرگە و بارزانیەکان بە بچووک پیشان بدەن. کاتێک کە عێراق مووچە بۆ کوردستان نانێرێت، میدیای ئەو جاشانە لە مانشێتی هەواڵەکانیاندا دەڵێن: “بارزانی مووچە نادات”، کاتێکیش کە مووچە دێت، دەڵێن “حکومەتی عێراق مووچەی بۆ کوردستان ڕەوانە کرد”. ئەمە وەفادارییەکە وەک وەفاداریی تووتکە سەگەکان. ئەرکی میدیای جاشەکان ئەوەیە کە یارمەتیی دەوڵەتی داگیرکەری عێراق بدەن بۆ ئەوەی بتوانێ لە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەسەر کورداندا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

بەکورتی هیچ جیاوازییەک لە نێوان جاشەکانی ڕابردوو و ئێستادا نییە، تەنیا جیاوازی ئەوەیە کە جاشەکانی ئێستا دەمامک دەبەستن و هەوڵدەدەن دەموچاویان بشارنەوە، بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە هیچ دەمامکێک ناتوانێت ڕووی ڕەشی جاشەکان بشارێتەوە و گومانی تێدا نییە کە ئەمڕۆ یان سبەی گەلی کورد حیسابی خۆی لەو جاشانە وەردەگرێتەوە.

پوستێن ھەمان بەش