ئەو پەیامەی کە ئۆجەلان پێشکەشی کۆنگرەی 12ی پەکەکەی کرد، “پێرسپێکتیڤ”ـە یان جامێکی ژەهرە؟

ئەو بەڵگەنامەیەی کە ئۆجەلان پێشکەشی کۆنگرەی 12ی پەکەکەی کرد،"پێرسپێکتیڤ"ـە یان جامێکی ژەهرە؟

ئامانج لەم ژەهرە ئەوەیە کە کورد لە ناسنامەی نەتەوەیی و کوردایەتی دوور بخاتەوە و بیکاتە کۆیلەی داگیرکەرەکان.

ئەو پەیامەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێشکەشی کۆنگرەی دوازدەهەمی پەکەکەی کردبوو، بڵاوکرایەوە. بەڵام پێدەچێت قسەکانی ئۆجەلان لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە ڕێگەی ڤیدیۆوە بەشداریی کردبوو، تۆمارکرابێت و ناوی “پێرسپێکتیڤی کۆنگرەی 12″ی لەسەر دانرابێت. ئەم پەیامە، بەڵگەیەکە کە پێویستە ڕۆشنبیرانی کورد هەموو دێڕێکی بە وردی بخوێننەوە و وەڵامی بدەنەوە. چونکە ئۆجەلان لەو پەیامەیدا حەقیقەتی نەتەوە و میللەتی کوردی ڕەتکردۆتەوە و بێڕێزی بە کورد کردووە.

تێگەیشتنی دروستی ئەم پەیامە و ئاشکراکردنی لە ئاستێکی بەرزدا، ڕەتکردنەوەی ئەو ستراتیژە کۆلۆنیالیستیەیە کە هەوڵدەدرێت لە ڕێگەی ئۆجەلانەوە بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا بسەپێندرێت.

کورد کەوتووەتە دۆخی ئەو بۆقەوە کە ئاوەکەی بەرە بەرە گەرم دەکرێت

دەوترێت ئەگەر بۆقێک ڕاستەوخۆ فڕێ بدەیتە ناو ئاوی گەرمەوە تێدەگات کە دەکوڵێت بۆیە یەکسەر لە ئاوەکە باز دەداتە دەرەوە. بەڵام ئەگەر ئاوەکە بە هێواشی و بەرە بەرە گەرم بکرێت، بۆقەکە درک بەوە ناکات کە ئاوەکە گەرم دەکرێت و بەمشێوەیە لە ئاوەکە باز ناداتە دەرەوە و دەمرێت. بارودۆخی کورد لەو تەڵەیەی کە ئۆجەلان و پەکەکە بۆیان داناوەتەوە، ڕێک وەک دۆخی بۆقەکە وایە.

لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتی لەم 25 ساڵەی دواییدا، ئۆجەلان بەرە بەرە ئاوی کۆمەڵگەی کوردی گەرم دەکات. نەتەوەی کورد وردە وردە فڕێدرانە ناو قاپی چەمکەکانەوە و ئاوەکە وردە وردە گەرم کرا تا گەیشتە ئەو ئاستەی کە ئیدی گەلی کورد لە چاوی داگیرکەرانی خۆیەوە واقیعی کورد و کوردستان ببینێت.

هەقێقەت لە سەرەتاوە شاراوەیە

ئۆجەلان لە ساڵی 1999ـەوە کە گەڕاوەتەوە بۆ تورکیا، کوردەکانی خستۆتە ژێر بۆردومانێکی چەمک و ڕوانگەکان. “کۆماری دیموکراتیک، ا-دەوڵەت، کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک، شارستانیەتی دیموکراتیک، مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، سۆسیۆلۆژیی ئازادی، مۆدێرنیتەی کاپیتالیست، کۆمەڵگای خوداوەند، ژینەئۆلۆژی، ئیسلامی دیموکراتیک، دەوڵەتی دیموکراتیک، کۆمەڵگەی ئازادیخوازی ڕەگەزی، خۆپاراستن، بەرگری ڕەوا، ئافرۆدیتیبوون، شۆڕشی ویژدان، کولتوری خوداوەندی دایک، کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژیک و هتد…”، بەدەیان چەمک و پێناسەن کە ئامانجێکی گرنگیان لەپشتەوە بووە. کورد لە نێوان ئەو چەمکانەدا سڕ و بێهۆش کرا. بەڵام کورد کە لە سەدەی بیستەمدا وەک گەلێک ڕەتکرایەوە، پێویستی بە چەند چەمکێکی سادە و ڕوون بوو. ئەو چەمکانەش بریتین لە: “کورد نەتەوەیە، بۆ ئەوەی بەتەوەبوون پێویستە کەموکوڕیەکانی چارەسەر بکات، پێویستە یەکڕیزی و یەکیەتیی لە نێوان کورددا پێکبێت، پێویست بوو چەند چەمک-وشەیەک سەبارەت بە کۆمەڵگەی کوردی و مێژووی کورد لەدژی گوتارەکانی داگیرکەراندا پەرەیانپێبدرێت.” ئەوەی کە کورد پێویستی پێیەتی ئەمانەن. ئاپۆ بۆ ئەوەی کورد لەو ئامانجە بنەڕەتییە بەلاڕێدا ببات، هێندێ چەمک و تیۆریی کلێشەیی خوڵقاند. ئەگەر ئێمە لە سەرەتای ئەم پرۆسەیە تێنەگەین، تێناگەین کە ئێمە چۆن بەم قۆناغە گەیشتووین.

ئەمڕۆکە ئیدی ئەو شتانەی کە کۆلۆنیالیستەکان نەیاندەوێرا بە کوردی بڵێن، ئۆجەلان دیڵێت

ئەو پەیامەی ئۆجەلان بۆ کۆنگرەی 12ی پەکەکەش، لە ڕاستیدا دەرئەنجام و لووتکەی ئەم پرۆسەیە. ئەمڕۆکە ئیدی ئەو شتانەی کە ئاقڵمەندانی کۆلۆنیالیستەکان نەیاندەوێرا بە کوردی بڵێن، ئۆجەلان بە کوردانی دەڵێت.

ئۆجەلان نەتەوەی کورد بە “پاشماوەی کلتووری” و “کۆمەڵگەی کاول و گۆڕستان” ناودەبات.

لەم جوگرافیایەدا لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، بە دەیان کلتوور لەناوچوون و گەلان ئاسمیلە کراون. بە تایبەت لە چوارچێوەی سنوورەکانی کۆماری تورکیادا، زۆر کۆمەڵگە لەناوبراون. بەڵام نەتەوەی کورد لە بەرامبەر دەیان کۆمەڵکوژی و جینۆساید کە لەلایەن داگیرکەرانەوە بەدژی بەڕێوەچووە، بەرگریی لە خۆی کردووە و زمانی خۆی هەیە. کورد ئەگەر مێژوویەکی کۆن و کلتوورێکی ڕەسەن و کۆمەڵگەیەکی بەهێزی نەبوایە، نەیدەتوانی بەرگری لە خۆی بکات و خۆی بپارێزێت. ئۆجەلان ئەوەندە بێ حورمەت و نەفام و بێهۆش بووە، کە ئەو کۆمەڵگەیەی کە ماوەی 40 ساڵە پەکەکەی لەسەر پشتی خۆی هەڵگرتووە و دەیگێڕێت، بە “کۆمەڵگەی گلێش” ناوی دەبات.

سەرەڕای زوڵم و سەد ساڵەش، بەشەکانی کوردستان لە دەرەوەی باکوور ژیانی ڕۆژانە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی-ئابوورییەکانیان بە زمانی ڕەسەنی کوردی بەڕێوە دەبەن. لە نێو زمانە دەوڵەمەندەکانی جیهان، زمانی کوردی لە پلەی هەشتەمدایە. بەڵام ئۆجەلان بەبێ هیچ شەرمێک، زمانی کوردی بە “زمانێکی پووچ” ناودەبات.

ئۆجەلان بێڕێزی بە مێژوو و سەرکردەکانی کورد دەکات

پەکەکە لە ساڵانی 1980 بەملاوە، بەردەوام هەوڵیداوە کە چەمکێکی مێژوویی لە مێشکی کورداندا بچەسپێنێت. بەپێی ئەم چەمکە: “بەر لە پەکەکە کورد بوونیان نەبووە و کورد لەگەڵ پەکەکەدا هاتۆتە سەر نەخشەی مێژووی جیهان”. لە سەرەتای ساڵانی 1980دا، پەکەکە ڕاپەڕینەکانی سەدەی نۆزدەهەمی کوردی بە “ڕاپەڕینی فیۆداڵی” ناوبرد. پەکەکە مێژووی سەرۆک و ڕووداوە مێژووییەکانی کوردی یان شێواند و چەواشەی کردن یان هەوڵیدا کە ئەو مێژووە بشارێتەوە. بۆ نموونە سەبارەت بە “شێخ سەعید ئەفەندی” سەرەتا بە “نەزان و بێئاگا” ناوی دەبرد و لە ساڵانی 2000یشدا دەیگوت کە “سیخوڕی بەریتانیا” بووە. بەڵام بەهۆی کاردانەوەی خەڵکەوە، ئێستا بە بێدەنگی و بە نهێنی دوژمنایەتیی دەکات. لە مێژووی پەکەکەدا “پێشەوا قازی محەممەد” بوونی نیە، سەید ڕەزاش گوندییەکی بێدەسەڵاتە و ناوەکانی وەک نووری دێرسیمی، کامەران بەدرخان، شێخ عوبەیدوڵا و کەسایەتییەکانی دیکەی هاوشێوەیان، لە مێژووی پەکەکەدا ئاماژەیان پێناکرێت.

ڕوانگەی پەکەکە لەهەمبەر شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کورد و سەرکردەکانیان، هاوشێوەی ڕوانگەی سیستەمی کۆلۆنیالیزمی تورکە و مێژووی کورد نکۆڵیی لێدەکرێت.

دوای ئەوەی ئۆجەلان چووە دورگەی ئیمرالی، لە تێڕوانینە مێژووییە نوێیەکانیدا گوتی: “کورد لە کۆمەڵگەی نیۆلیتیکدا بوونی هەبووە و دواتر ماوەی 10 هەزار ساڵ بێدەسەڵات بووە هەتا ئەو کاتەی کە ئۆجەلان سەریهەڵدا”.

ئەگەر لە مێژووی کورددا یەک “جودەنرات” هەبێت، ئەوە خودی ئۆجەلانە

لەم دوا وتارەیدا ئۆجەلان بێڕێزی بە سەرکردەکانی کورد و مێژووی کورد دەکات. بارزانیەکان و بەدرخانیەکان و شێخ سەعید و بنەماڵەی سەید ڕەزا بە “جودەنرات” ناودەبات. جودنراتەکان ئەو جووانە بوون کە هاوکاریان لەگەڵ ڕژێمی هیتلەردا کردووە. ئۆجەلان بنەماڵە ڕەسەن و کوردپەروەرەکان بە “خائین و هاوکارانی داگیرکەران” ناو دەبات.

ئەوەی جێگای سەرنجە، هەموو ئەو کەسانەی ئۆجەلان قسەی ناشرینیان لەسەر دەکات، مێژوویەکی سەربەرزانە و پیروپاک و شەرافەتمەندانەیان هەیە. شێخ سەعید بەبێ ترس چوو بە بەرەوپیری مەرگەوە، سەید ڕەزا لەکاتی لەسێدارەدانیدا خۆی کورسیەکەی ژێرپێی خۆی فڕێدا. ئەو کەسایەتییانەی کە ئۆجەلان پێی دەڵێ “خائین”، هەرگیز وەک ئۆجەلان لەگەڵ کچی سیخوڕێکدا هاوسەرگیرییان نەکردووە، کاتێک دەکەونە تەنگانەوە ناڵێن “من خزمەتکاری دەوڵەتی تورکم”. لەم سەدەی دواییەدا، تاکە کەسێک کە خۆی بە ڕێبەری شۆڕشێک دەزانێت، بەڵام دوای دەستگیرکردنی بە هەموو شێوەیەک خۆی تەسلیمی دوژمن دەکات، تەنها و تەنها ئۆجەلانە. بەڵام بەو پەڕی بێشەرمییەوە، هەموو کەسێک بە “سیخوڕ” دادەنێت و خۆشی وەک “سەرۆکێک کە قەد درکی پێناکرێت” دەخاتەڕوو.

ئۆجەلان پەکەکەی هەڵوەشاندەوە، بەڵام وازی لە دوژمنایەتیکردنی بارزانی و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان نەهێنا

لە بیرکردنەوە و قسەکانی ئۆجەلاندا هیچ بنەما و پرەنسیپێک نییە. دەتوانێت بە خێرایی فکری خۆی بگۆڕێت. بەڵام یەک شتی هەیە کە هەرگیز نەیگۆڕیوە ئەویش بریتییە لە دوژمنایەتیکردنی لەگەڵ نەتەوەپەروەریی کورد و ڕێبازی کوردایەتی. ئەمەش لەبەر ئەوەیە چونکە ئۆجەلان دوژمنی دەسکەوت و بەرژەوەندییەکانی شۆڕشی باشوور و سەرکردەکانیەتی کە بارزانیەکانن. لە دوا “پێرسپێکتیڤ”ی خۆیدا، هاوشێوەی عەرەبە شیعەکان، بە شێوەیەکی دوژمنکارانە لە دژی هەرێمی کوردستان قسەی کرد و وتی: “بە هاوکاری تورکیا لە دژی ئێمە بنیات نراوە”. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی یالچین کوچوکەوە بە ئۆجەلانی دەگوت: “دژایەتی باشووری کوردستان بکە و لە دژی بارزانیەکان شەڕ بکە”.

بە پێی فکری ئۆجەلان، قەوارەی هەرێمی کوردستان بێ مانا و ناپێویستە

ئۆجەلان دیسانەوە باسی لە “میساقی میللی” کرد

هەموو قسەکانی ئۆجەلان بۆ کۆنگرەی 12ی پەکەکە، تاقە یەک وشەی لەبارەی چارەسەری پرسی کورد و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد یان مافە دەستوورییەکانی کوردەوە تێدا نییە. لە سەرەتای هەر دێڕێکدا باسی “دیموکراسی” دەکات، بەڵام بۆ تاقە یەک وشەشی دەربارەی “ئەو 50 هەزار کوردە تێدا نیە کە لە شەڕی پەکەکەدا گیانیان لەدەستداوە، بە بێ ئەوەی کە کورد لە بەرانبەریدا هیچ دەسکەوتێکی بەدەست هێنابێت؟” بەپێی قسەکانی ئۆجەلان، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە کیسی بابی خۆیان چوون.

ئۆجەلان دوو خەمی سەرەکیی هەیە: یەکەم ئەوە کە کورد نەبێ بە دەوڵەت، دووەمیش دەوڵەتی تورک چۆن بەهێز ببێت.

لە ڕاستیدا ئۆجەلان تەنها دەڵێت: “دەرفەت هەیە بۆ ئەوەی تورکیا ببێتە پێشەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” و “ئەم پرۆسەیە کاریگەری لەسەر عێراق و سووریاش دەبێت”.

لە ساڵی 1999 ئۆجەلان بە چەکدارێکی تورک بە ناوی “حەسەن ئاتیلا ئوغور”ی گوتبوو: “من دەمهەوێت ببمە بەڵێندەر (تاشەرۆن)ی ئێوە، دەمهەوێت ڕێگا بۆ تورکیا خۆش بکەم”. بەڵێ بێگومان ئۆجەلان ئەم ئەرکەی لە ئەستۆ گرتووە.

بەپێی پلانی ئۆجەلان، ڕۆژئاڤا دەبێ بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی دیمەشقەوە، بەبێ ئەوەی هیچ بەرژەوەندییەک بۆ ناسنامەی کورد دەستەبەر بکات. ئەمە پلانی دەوڵەتی تورکە و ئۆجەلان جێبەجێی دەکات. دەوڵەتانی داگیرکەر بۆ دڵنیابوون لەوەی کە سنوورەکان بەپێی بەرژەوەندیی کورد نەگۆڕدرێن، ئۆجەلان وەک ئامراز بەکاردەهێنن. لە ڕاستیدا ئۆجەلان بووەتە پارێزەری سنوورەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر. هەروەها ئۆجەلان لە عێراقیشدا بەکاردەهێنرێت. دەوڵەتی تورکیش ئۆجەلان لە دژی باشووری کوردستان بەکار دەهێنێت، چونکە ناوەندی بەدەوڵەتبوونی کوردە.

هێشتا زۆر شت ماوە کە دەبێ بگوترێ و ئەم پەیامەی ئاپۆ دەبێ خاڵ بە خاڵ و ڕیز بە ڕیز شرۆڤە بکرێت.

ئەو بەڵگەنامەیەی ئۆجەلان لە ژێر ناوی “پێرشێکتیڤ”دا بڵاوی کردۆتەوە، لە ڕاستیدا کووپێک ژەهرە کە لە سەر سینییەکی زیودا پێشکەش بە کورد کراوە. ئامانج لەم ژەهرە ئەوەیە کە کورد بکاتە مانکورت، کورد لە ناسنامەی نەتەوەیی و میللی و کوردایەتی خۆی دوور بخاتەوە و بیکاتە کۆیلەی دەوڵەتە داگیرکەرەکان.

پوستێن ھەمان بەش