رزگار کێستەیی و حەسەن شەریف بە چ شیوەیەک عەگیدی گەورە فەرماندەی پەکەکەیان رزگار کرد؟ ـ 2

رزگار کێستەیی و حەسەن شەریف بە چ شیوەیەک عەگیدی گەورە فەرماندەی پەکەکەیان رزگار کرد؟ ـ 2

ساڵی 89 کۆمەڵێک شۆڕشگێڕی کورد کە ویستیان دەربازی باشوور ببن و دژی رێژیمی بەعس بجەنگن، لەلایەن PKK شەهید کران.

لە بەشی یەکەمی ئەم نووسراوەیەدا بەشیک بەسەرهاتێکی رزگار کێستەیی، پێشمەرگە و هۆزانڤانی باشووری کوردستانمان بڵاو کردەوە کە لە بەرگی یەکەمی کتێبی “لە ژیر سێبەری چیا”دا نووسراوە. بەسەرهاتەکە باس لەوە دەکات کە بە چ شێوەیەک رزگار کێستەیی لەگەڵ هونەرمەندی دیکەی باشووری کوردستان “حەسەن شەریف” لە ساڵی 1984دا “عەگیدی گەورە فەرماندەی پەکەکە” کە بە ماهسووم کۆرکماز دەناسرێت لەگەڵ هاوڕێیەکانیدا لە هەوڵێکی کوشتن رزگاردەکەن. لێرەدا بەشی دووەمی ئەو بەسەرهاتەتان پێشکەش دەکەین.

رزگار کێستەیی لە کتێبەکەیدا دەنووسێت: “چەکدارەکانی پەکەکە لەکاتێکدا زۆر ترسابوون، پرسیاریان لە من کرد و گوتیان ئەوانە کێن؟ منیش پێم گوتن: پێشمەرگەی حیزبی کومۆنیستن. داوایان لێکردم کە ئەوان بەجێ نەهڵێم لەبەر ئەوەی کە کومۆنیستەکان ریگا نادەن ئەوان وا بە ئاسانی و بە بێ زیان دەربازیان ببێت. منیش بەڵێنم پێدان کە بەجێیان نەهێڵم و رێگا نەدەم سەدمە ببینن.”

ئەو شوێنە دوا قۆناخی سەفەرەکەی من بوو، واتە من نەدەبوا لەوێ بەولاوەتر رۆیشتبام و لە رێگا بەوانیشم گوتبوو کە دەبێ  بچنە گۆفکی (نزیک باتووفا) و لەوێەوە دەربازی زاخۆ ببن و بڕۆنە گەلیی “هارینا” لە چیای سپی کە بارەگای (ل.ن. زاخۆی پارتی) لەوێ بوو. بەلام ئیدی وای لێهات منیش بڕیارم گۆڕی و لەگەڵیان مامەوە و لە تراکتۆرەکە دانەبەزیم. چوونکە ئەگەر من لە تراکتۆرەکە دابەزیبام، ئەوان دەبوونە ئارمانجێکی ئاسان بۆ پێشمەرگەکانی حیزبی کومۆنیست.

لەوکاتەدا بەرپرسێکی پێشمەرگەکانی حیزبی کومۆنیست کە کەسێکی عەرەب بوو بەڵام ناوەکەیم لەبیر نەماوە، لەگەل 4 پیشمەرگەی دیکە هاتنە پێشی ئێمەو سڵاویان کرد و داوایان لە من کرد کە ئێمە حەز دەکەین تۆ دابەزیت و بێیت پێکەوە گفتوگۆ بکەین. بەڵام من دەمزانی ئەوان دەیانەوێت من لە چەکدارەکانی پەکەکە دوور بخەنەوە. بۆیە من گوتم: ببوورن من بەپەلەم و پێویستە زوو دەرباز ببم. پاش ئەوەی کە زانیان من ئامادە نیم لە تراکتۆرەکە دابەزم.

پێم گوتن: هەتا ئەو کاتەی من ساغ بم کەسێک لە ئێوە ناتوانیت نزیکی ئەوان ببیتەوە

پێیان گوتم: ئەوانە کێن لەگەڵ تۆ؟ منیش گوتم: ئەمانە هەڤاڵی من و لەلای من ئەمانەتن. دواتر ئەوان پێێان گوتم: ئەمانە پەکەکەن و چەند رۆژ پێش ئێستا ژمارەیەک لە هەڤاڵەکانی ئێمەیان شەهید کردوون. بۆیە حەز دەکەین تۆ لەوان جودا بیتەوەو خۆت تێکەڵی کێشەی ئێمەو ئەوان نەکەیت، ئێمە کارمان بەمانە هەیە. منیش زۆر بە توندی پێم گوتن: هەتا ئەو کاتەی من ساغ بم کەسێک لە ئێوە ناتوانیت نزیکی ئەوان ببێتەوە و ئەگەر منیش نەمام ئەوکات ئێوەو ئەوان بۆخۆتان دەزانن چی دەکەن، پیمخۆشە باش بزانن کە بچووکترین دەستدرێژی بۆ سەر ئەوان، دەسترێژیە بۆ سەر منیش.

ئەوان زۆریان قسە کرد و بە منیان گوت: هەڤاڵۆ، ئیمەو ئێوە پێکەوە لە بەرەیەکداین (بەرەی جود) و بەپێی یاسای بەرەش هەر هێزێک دەسترێژی بکاتە سەر هەرکام لە ئەندامانی بەرە، پێویستە هێزەکانی دیکە بە هانایەوە بچن و بەرگریی لێ بکەن.  بەڵام ئەوەی تۆ دەیکەیت رێک پێچەوانەی ئەو بنەما ئەساسیەیە، هیزێکی بیانی هاتوون و هەڤاڵانی ئێمەیان شەهید کردوون، تۆ نەک هەر بەرگری لە ئێمە ناکەیت بەڵکوو تەنانەت بکوژەکانی پێشمەرگەکانیشمان دەپارێزیت. من پێم گوتن: پێویست ناکات زۆری لەسەر بڕۆین، لەسەر رێگاکەی ئێمە لاچن. بە شۆفیری تراکتۆرەکەشم گۆت: بڕۆ. ئێمە بەڕێ کەوتین و ئەوانیش لە دوورەوە هەر سەیریان دەکردین.”

کاتێک مەترسی نەما، چەکدارەکانی پەکەکە سەرلەنوێ گوتیان، پێشمەرگەکانی کومۆنیست ترسنۆکن، ئەگەر شەڕیش روویدابا ئێمە دەمانتوانی ئەوان بشکێنین.

رزگار کێستەیی دەلێ: “کاتیک ئیمە بەرەو لای رۆژهەڵات سووڕاینەوە، تازە خوین هاتەوە لەشی هەر 6 چەکدارەکەی پەکەکە و توانای قسە کردنیان وەبەر هاتەوە. سەرەتا هەروا بە سەرزارەکی سپاسێکی منیان کرد و دواتر دەستیان بە قسە کردن کردو گوتیان: پێشمەرگەی کومۆنیست ترسنۆکن و بە ئێمە ناوێرن، ئەگەر شەڕ روویدابا ئێمە دەمانتوانی تێکیان بشکێنین. منیش پێم گوتن: تەواو، مادام ئێوە ئاوا مێرچاکن، پێویست بەوە ناکات من لەگەڵتان بێم و لێرە دادەبەزم و دەگەڕێمەوە، ئیوەش بەسەر رێگای خۆتان بەردەوام بن. ئیدی دەنگەدەنگیان تێدا دروست بوو و گوتیان نە هەڤال تۆ نابێت ئیمە بەجێ بهێڵیت، ئێمە ئەمانەتی تۆین و ئێمە ریگاکە شارەزا نین. منیش پێم گوتن: باشە بەڵام بەمەرجێک ئیدی بێدەنگ بن.

من گەیاندیانمە گوندی گوفکی و لەوێ بە بەرپرسی بەرگری میللیم ناساندن و پێم گوتن: ئەوانە ئەمانەتی ئێوەن، چەند کەسێکی باشیان لەگەڵ بنێرن تاکوو دەگەنە گەلیی هارینا، بارەگای لژنا زاخۆ، منیش دەگەڕیمەوە”.

ئێمە عەگیدی گەورە فەرماندەی پەکەکەمان لە مردن رزگار کرد بە بێ ئەوەی بیناسین

رزگار کێستەیی بەسەرهاتەکە درێژە پێ دەدات و دەڵێت: “چەند ساڵیک گوزەرا و پاش ئەنفالە ڕەشەکە، ئێمە وەکوو پەنابەر لە کەمپی ئامەدی باکووری کوردستان جێگیر بووین. ئیدی ئێمە دۆست و هەڤاڵمان لەناو شاری ئامەد دا پەیدا کردبوون و تێکەڵاویمان لەگەڵیان زۆر بوو. رۆژێک من و حەسەن شەریف لەماڵ هەڤاڵێکمان لە ئامەد بووین. هاوڕێکەمان کاسێتێکی ڤیدیۆیی خستبووە سەر، کاسێتەکە لەسەر ژیان و بەسەرهاتی “عەگید” گەورە فەرماندەی سەربازیی پەکەکە، بوو. هێندێک وێنە و ڤیدیۆی جۆراوجۆری فەرماندە عەگید پیشان دران. حەسەن شەریف بە منی گوت: “باش تەماشا بکە، بزانە تۆ ئەو کەسەت پێشتر نەبینیوە؟ کاتێک من لێی ورد بوومەوە زانیم کە ئەو کەسە لای من غەریب نیە. بەڵام وەبیرم نەدەهاتەوە لە کوێ بینیبووم. کاتێک حەسەن بە منی گوت تۆ ئەو 6 چەکدارەی پەکەکەت وەبیر دێتەوە کە ئیمە لە کانی بەلاڤێ لەگەڵ خۆمان سوارمان کردن؟ یەکسەر هاتەوە پێش چاوم، کەسێک کە لۆگۆیەکانی بە وێنەی دەلیل دۆغان دا بە ئێمە و بەرپرسی گرووپەکەش بوو، ئەوە عەگید بووە. بەو شێوەیە ئیمە عەگیدی گەورە فەرماندەی پەکەکەمان لە مردن رزگار کرد، بە بێ ئەوەی کە بشیناسین.”

هێزی پێشمەرگە، یەکیک لە گەورە فەرماندەکانی پەکەکەی لە مردن رزگار کرد بەڵام مخابن پەکەکە کۆمەڵێک کادیر و رۆشنبیری پیشمەرگەی بەشێوەیەکی وەحشیانە شەهید کرد، کاتێک کە دەیانەویست دەربازی خاکی باشوور ببن بۆ ئەوەی خەبات بە دژی رێژیمی بەعس دەست پێ بکەنەوە.

ویژدانی من زۆر ئاسوودەیە، کە من رۆژک رێگریم لە رژانی خوێنی جەنگاوەرێکی کورد و هەڤاڵەکانی بەدەست هێزیکی دیکەی شۆڕشگێڕ کردووە.

رزگار لە کۆتاییدا دەڵێت: “بەڵام بەداخەوە پەکەکە ئەوەی لەبەرچاو نەبوو، زۆر نان کوێر (سپڵە) دەرکەوتن. پاش ئەنفالی ڕەش و لە نەورۆزی ساڵی 1989دا کۆمەڵێک لە کادیرە رۆشنبیر و بژاردەکانی ئێمە بەناوەکانی ئیدریس جەرجیس، “احمد کادر”، سەعدوڵڵا ئاڤدەل، محەممەد حەمدی، نزار محەممەد سلێمان، خالید وەرمێلی و نەزمی وەرمێلی، کاتێک دەیانەویست بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکەی باشووری کوردستان و خەباتێکی رزگاریخوازانە دژ بە بەعسییەکان دەست پێ بکەنەوە، پەکەکە لەسەر داخواز و بە هاوکاریی دەزگا ئەمنیەکانی رێژیمی بەعس، بەشێوەیەکی بێڕەحمانە و خیانەتکارانە لە گوندی “شیڤ رەزان”ی سەر سنووری باکوور و باشووری گرتیانن و بە شێوەیەکی وەحشیانەو دڕندانە شەهیدیان کردن. بەڵام ویژدانی من ئاسوودەیە، کە ئەو ڕۆژە رێگام نەدا خوێنی جەنگاوەرێکی کورد و هەڤاڵەکانی بەدەست هێزیکی دیکەی شۆڕشگێڕ برێژێت. ئەگەرچی 2 سال پاش ئەو رووداوە، عەگید، گەورە فەرماندەی پەکەکە، بەشیوەیەکی گوماناوی لەلایەن یەکێک لە پاسەوانەکانیەوە لە هەرێمی بۆتان شەهید کرا.”

هێندێک زانیاری لەسەر ئەو ناوانەی کە لەم بەسەرهاتەدا هاتبوون:

  • ماهسوم کۆرکماز (عەگید)، لە ساڵی 1956 لە سلیڤانای سەر بە شاری “ئامەد”ی باکووری کوردستان لەدایکبووە. سەرلەشكر و گەورە فەرماندەی گریلاکانی پەکەکە بووە. لە رۆژی 28/3/1986 لە هەرێمی شەرناخ لەلایەن یەکێک لە پاسەوانەکانی خۆیەوە کوژرا.

  • دەلیل دۆغان لە ساڵی 1957دا لە گوندی تامان سەر بە خارپێت لە باکووری کوردستان لەدایکبووە، یەکێک لە کادیرەکانی سەرەتای دامەزرانی پەکەکە بووە. لە ساڵی 1981دا هەر لە نزیکی گوندی تامان کوژرا.

  • هەفتەنین، دەکەوێتە باکووری گوندی کەشانی ناوچەی باتیف، لە نزیک سنووری باکووری کوردستان و گوندەکانی ئەو ناوچەیە. هەر لەسەرەتای شۆڕشی گوڵان وەکوو بنکەی پێشمەرگەکان بەکارهاتووە. پاش ئەنفالەکانی 1988 و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، چەکدارەکانی پەکەکە بەردەوام ئەوێ وەکوو بنکەیەکی سەرەکی خۆیان لە باشووری کوردستان بەکار دینن.

  • ئیدریس جەرجیس ئیبراهیم، ناسراو بە “ئەحمەد کادر” لە ساڵی 1953 لە گوندی بەربیری ژوور لە ناوچەی شێخان هاتۆتە دونیا و لە ساڵەکانی 1974-1975 بۆتە پێشمەرگە. لە 26/5/1976 جارێکی دیکە پەیوەندیی بە رێکخستنەکانی پارتیەوە گرتووە و پاش شکستەکەی 1975 درێژەی بە خوێندن داوە لە موسل تاوەکوو گەیشتۆتە قۆناخی سێهەمی لە بەشی ماتماتیکی کۆلیژی زانستی زانکۆی مووسڵ، دواتر بەعسیەکان فەرمانی گرتنیان داوەو ئەویش ناچار هەڵاتووەو توانیبووی لە 10/12/1979دا خۆی بگەیەنیتە ناو بنکەکانی شۆڕش و دیسان ببوەوە پیشمەرگە و دواتر بوو بە کادیر. لە ساڵی 1984دا بوو بە کارگێری لێژنەی ناوچەی دهۆک و دواتر چەند بەرپرسایەتییەکی دیکەی وەرگرتووە. لە ئەنفالەکەی 1988دا لە سەر سنوورە دەسکردەکانی نێوان باشوور و باکووری کوردستان لە ناوچەی چەلی بووە. بۆ بەردەوامیدان بە ئەرکی پێشمەرگایەتی لە رۆژی 29/3/1989 لە نزیک گوندی “شێڤ رەزان” لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە هاوڕێ لەگەڵ 5 هەڤاڵی دیکەی، بە غەدر شەهید کران. ناوبراو کەسێکی رۆشنبیر بوو، بەردەوام هەوڵی دەدا زانیاری نوێ بە هاوڕێیەکانی بگەیەنێت.

  • سەعدوڵڵا ئاڤدەل سەعدۆ، لە ساڵی 1954دا لە گوندی غلبیش لە ناوچەی بامەڕنی لەدایکبووە، لەساڵانی 1970دا یەکێک لە کادیرە چالاکەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بووە. لە 21ی شوباتی 1980بۆتە پێشمەرگە و دواتر بۆتە کادیری بێتەل و دواتر بۆتە کارگێڕی لێژنەی ناوچەی زاخۆ. هەڵبەستوانێکی بەتوانا بووە، 2 دیوانی بە ناوەکانی “خوێن و ئازادی” و “سەمفۆنیا خەون و خەیاڵان” چاپ و بڵاو کراوەتەوە. لە رۆژی 29/3/1989 هاوڕێ لەگەڵ 5 هەڤاڵی دیکەیدا بەشێوەیەکی وەحشیانە لەلایەن چەکدارەکانی پارتی کریکارانی کوردستان “پەکەکە” لە نزیک گوندی “شێڤ رەزان” لە سەرسنووری باکوور و باشووری کوردستان شەهید کران.

  • محەممەد حەمدی لە ساڵی 1949 لە گوندی وەرمێلێ لە ناوچەی بامەڕنی لەدایکبووە. لە 1975-1976 پێشمەرگە بووە. لە دەسپێکی شۆڕشی گوڵان بۆتەوە پێشمەرگە و دواتر بۆتە کادیری سەربازی و تا ساڵی 1988 بەرپرسی ریکخستنێکی پێشمەرگەکان بووە. لەسەردەمی ئەنفالدا خۆیان لە چیاکانی نێوان باکوور و باشووری کوردستان راگرت. بەمەبەستی یارمەتیدان بە هەڤاڵەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی شۆڕش لە رۆژی 29/3/1989، لە گوندی “شێڤ رەزان”ی هەڵکەوتووە لە ناوچە سنووریەکانی نێوان باکوور و باشووری کوردستان لە لایەن چەکدارەکانی پەکەکەوە هاوڕێ لەگەڵ 5 هەڤاڵی دیکەی، ناجوامێرانە شەهید کران.

  • نزار محەممەد سلیمان، لە ساڵی 1966 لە گوندی خرابیا لە ناوچەی زاویتە لەدایکبووە، سالی 1979 بۆتە ئەندامی ریکخستنە نهێنیەکانی پارتی لە ناوچەی دهۆک، لە 29/8/1982 بۆتە پێشمەرگە و دواتر بۆتە کادیر، لە رۆژی 19/3/1989 لە گوندی “شیڤ رەزان” لەلایەن چەکدارەکانی پەکەکەوە لەگەڵ 5 هەڤاڵی دیکەی بێ بەزەییانە شەهید کران.

  • خالید ئادەم حوسێن، لە ساڵی 1966 لە گوندی وەرمێلێ لە ناوچەی بامەڕنی لەدایکبووە، سالی 1988 بۆتە پێشمەرگە. لە رێکەوتی 29/3/1989 لە گوندی “شیڤ رەزان” لەلایەن چەکدارەکانی پەکەکەوە هاوڕێ لەگەل 5 هەڤاڵی دیکەیدا شەهید کران.

  • نەزمی ئەحمەد چۆلی، لە ساڵی 1969 لە گوندی وەرمێلێ لە ناوچەی بەمەڕنی لەدایکبووە، ساڵی 1986 بۆتە پێشمەرگە و لە رۆژی 29/3/1989دا هاوڕێ لەگەڵ 5 هەڤاڵی دیکەی لە لایەن چەکدارەکانی پەکەکەوە لە گوندی “شیڤ رەزان” شەهید کراون.

پوستێن ھەمان بەش