رۆژهەڵاتی کوردستان دیسان بێکارترین ناوچەی ئێران

رۆژهەڵاتی کوردستان دیسان بێکارترین ناوچەی ئێران

ئەگەرچی رۆژهەڵاتی کوردستان ناوچەیەکی بەپیت و دەوڵەمەندە بەڵام 3 پارێزگای لەڕیزی 5 بێکارترین پارێزگاکانی ئێراندایە

بەپێی نوێترین ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران، پارێزگای ” لوڕستان” لە رۆژهەلاتی کوردستان بێکارترین پارێزگای ئەو وڵاتەیە و هەرکام لە پارێزگاکانی “کرماشان” و “سنە”ش لە رۆژهەڵات لە ریزی پێشەوەی پاریزگا بێکارەکانی ئیراندان.

ناوەندی ئاماری ئێران ئەمساڵیش وەکوو هەموو ساڵێک ئاماری بێکاری وڵاتەکەی بڵاو کردەوەو بەپێی ئامارەکە دیسان رۆژهەڵاتی کوردستان لە بێکارترین ناوچەکانی ئێرانەو لە بەهاری ئەمساڵدا ڕێژەی بێکاری لە پارێزگای “لوڕستان” بەراورد بە بەهاری ساڵی ڕابردوو، 21٪ زیادی کردووە و ئەو پارێزگایە لە ئاستی ئێراندا زۆرترین بێکاری هەیە.

لە دوای “لوڕستان”، هەرکام لە پارێزگاکانی “چوار مەحاڵ و بەختیاری” بە ڕیژەی 19.1٪، پارێزگای “کرماشان” بە ڕێژەی 13.8٪، سیستان و بەلووچستان بە 13.1٪ و پارێزگای “سنە” 12.9٪، بێکارترین پارێزگاکانی ئێرانن.

بە واتایەکی دیکە 3 پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان لە ریزی 5 بێکارترین پارێزگاکانی ئێراندایە، ئەمە لەحاڵێکدایە کە رۆژهەڵاتی کوردستان لە بواری سەرچاوە سروشتییەکان و کشت و کاڵ و دەرفەتەکانی دیکەی ئابووریەوە ناوچەیەکی دەوڵەمەند و بە پیتەو پڕبەهرەیە و بەهۆی سیاسەتی جیاوازیدانانی ریژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەردەوام ئاماری بێکاری تێیدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

چاودیرانی ئابووری لە ئامارە حکومیەکانی ئێران گومانیان هەیە و پێیان وایە ڕێژەی بێکاری لە ئێران و رۆژهەلاتی کوردستاندا زۆر لەو رێژەیە زیاترە کە ناوەندی ئاماری ئێران بڵاویان دەکاتەوە.

Share